چاوەڕێ چاوەڕوانە. نەسرین یوسف‌زادە

تۆ وەرە لێرە نییە با بچین بزانین لەولاوەیە؟
ڕاوەستە با ئەوە بخوێنمەوە…
وەرە خۆ تۆ چاک نازانی بیخوێنیەوە من خوێندمەوە.

با دەزانم
نازانی
نەخێر دەزانم
وەرە با بچین بزانین دایکم لەوێ نییە لەو دەپرسین
باشە با بچین
دایە دایە
دایە گیان
ڕاوەستە من پێی دەڵێم؛ دایە، دایە گیان مەگە ئێرە گۆڕستانی شەهیدان نییە؟
با ڕۆڵە گیان ئێرە گۆڕستانی شەهیدانە…
ئەی کوا گۆڕی بابم؟ ئەی بۆ هەرچی لەگەڵ چاوەڕێ دەگەڕێین نایبینینەوە؟
ئەوە گفتوگۆی نێوان چاوەڕێ و ڤانیلا لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە دابوو.
ئەوساڵ ٩ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێ ئەو کاتیش لە گۆڕستانی شەهیدان بووین ئەو ڕۆژە تەرمی کەسێکی دیکە هەر لە بنەماڵەکانی پێشمەرگە (کە بە رووداوی هاتوچۆ لە جادەی هەوڵیر گیانی لە دەست دابوو) و بەداخەوە من لە یادم نییە کێ بوو، تەسلیم بە خاکمان دەکرد.
خەڵک هەر یەکەی لە لایەک بێدەنگ فرمێسکی دەڕشت، کەس نەیدەوێرا قسە لەگەڵ تەنیشتەکەی خۆی بکا، کەس نەیدەویست بڕوا بکا، ئاخر چۆن شتی وا دەبێ، هەر مانگێک دەبێ هەواڵی شەهید بوونی شێخ غەریب و گیرانی کاک کەماڵ شەریفیمان بۆ هاتووە. ئێستا چۆن بە کچەکانی کاک هەمزە بڵێین چاوەڕوانی بابیان نەبن تا لە شایی و شادی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژدا بێتەوە و بەو کەواو پاتۆڵەی تۆز و خۆڵی ناوچە و چەکی و ڕەختی شانییەوە بێتەوەو دەسرەی سەرچۆپیان لێ وەرگرێ و تا دەتوانێ مەستانە شایی سەرکەوتنی بگێڕێ.
ئاخ هاوار چۆن دەتوانن بچن بە منیر بڵێن بەسە ئەوەندە ڤانیلای یەک ساڵ و دوو مانگەت مەبە بۆ سەر جادەی زەویەسپی و چاوت لە ڕێگا نەبێ ئیتر شۆڕەسوارەکەت ناگەڕێتەوە لاتان.
هاوار کە ڕۆژێکی ناخۆش بوو، لە گۆڕستان گەڕاینەوە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ بوو خەڵک هەموو چووبوونەوە ماڵی خۆیان کەس نەیدەوێرا بێتە دەرێ کە نەوەک چاوی بە کچەکانی کاک هەمزە بکەوێ و خۆی بۆ ڕانەگیرێ. حیزب بڕیاری دابوو کە رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ بەڕێوەبچێ هەر بۆیە نابێ ئەو هەواڵە تا شەو بە بنەماڵەی شەهیدەکان ڕابگەیەندرێ.
سەعات ٢ی دوانیوەڕۆ خەڵکەکە سواری پاسەکە بوون و بەرەو قەڵا وەڕێ کەوتن. ژاڵە و ژیما و ژینۆ هەر کامەی بە جوانترین شێوە خۆیان ڕازاندبۆوە و لە دڵدا ڕقەبەرایەتیان بوو کە کاتێک بابیان دەگاتەوە کامیان زووتر باوەشی پێداکا و تێرتێر بۆن بە سینگ و بەرۆکییەوە کات و … . بەڵام هەزاران مەخابن کە بابیان هەرگیز نەگەڕاوە و ئاواتەکەیان بوو بە بابەڕۆ بابەڕۆ.
لە ماڵی کاک قادر چی ڕادەبرد؟ دەڵێن ژن کە دوو گیان بوو ئیتر هەموو هەستەکانی بەهێزتر دەبن بەڵام منیر هەموو هەستەکانی ببوو بە هەستی غەم و چاوەڕوانی و گریان و هاوار.
ژنان وردە وردە دەچوون بۆ ماڵی منیر، منیر شتێک حاڵی ببوو خۆی پێنەدەوەستا و بەردەوام دەگریا ئەو بێ ئەوەی کە دڵنیا بێ دەگریا و خەڵک لەوەی کە ئەویان ئاوا دەدی دەگریان، خەڵک خەبەریان بوو و دەیانزانی منیری بووکی ساڵ و هەشت مانگە ئیتر تا هەتایە دەبێ چاوەڕوانی ژیان بێ، چونکە بۆ هەتاهەتایە مەرگ و غەم میوانی ماڵەکەی دەبێ.
تا ئێوارێ خەڵک هەر دەهاتن و دەچوون، منیر کە ئەوکات دووگیان بوو و وەک ئەوەی کە هەستی بە هەواڵێکی ناخۆش کردبێ، هێزی جووڵانی لێ‌بڕابوو لەسەر عەرز دانیشتبوو و بێ ئەوەی ئاگادار بێ کە تا چ ڕادەیەک بەختی ڕەشە دەگریا و دەلۆراوە.
ژنان یەک و دوان و سیان دەچوونە لای و ئەوەندەی بۆیان دەکرا دڵیان دەداوە، بەڵام ئەوانیش خۆیان پێ نەدەوەستا و هەر یەکەی لە چوار پێنج دەقە زیاتر لەوێ نەدەبوون و هەر کام بن دیوار و سووچیکی دیبۆوە و ئارام ئارام فرمیسکی هەڵدەوەراند ئاخر ئەوە غەمێکی کەم نییە حیزب سێ شەهیدی داوە سێ شۆڕەسواری گیانبەختکردووی ڕێگەی ئازادیی، خەسارێکی کەم نەبوو؛ لە پێکەوتنی هەمزە سارتکەیی، فەرماندە بەوەجەکەی هێزی زمزیران و، دوو هاوڕێ و هاوسەنگەری دیکە.
وردە وردە ئێوارێ داهات، خەڵک دووبارە چوونەوە ماڵی خۆیان کەس نەیدەوێرا خۆی دەرخا هەموو چاوەڕوانی ئەوە بوون لە لایەن حیزبەوە بێن و ئەو هەواڵە ناخۆشە بە بنەماڵەکان بدەن.
سەعات ٨ی شەو بوو هاوکات لەگەڵ هەواڵی کورد کاناڵ کە ڕایگەیاند بەداخەوە تیمی ڕەبەت کە بۆ جەولەیەکی سیاسی و نیزامی چووبوونەوە ناوچە، لە کاتی گەڕانەوە دا دەکەونە بەر کەمینی جاش و خۆفرۆشەکان و سێ کەس لە باشترین پێشمەرگەکانمان بە نێوەکانی هەمزە عەبدوڵایی (سارتکەیی) قادر نەزمی و قادر قادری شەهید دەبن.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوە هەواڵ ماشێنێک لە بەر درگای ماڵی کاک هەمزە ڕایدەگرێ، ژیما کچی چکۆلەی کاک هەمزە لە کتێبەکەی کاک ئەحمەد مەکڵاوایی (بابە گیان کەی دەگەڕێیەوە) باس دەکا و دەڵێ: لە بەر درگا دانیشتبووم و چاوەڕێی بابم بووم کە پاترۆڵێک هات و لەبەر درگای ئێمە ڕایگرت. وامزانی بابم هاتەوە بەڵام هەرچی چاوم گێڕا بابمم نەدی، پرسیارم کرد کە بابم لە کوێیە بۆ نەهاتەوە؟ و لەوێ پێیان گوتین کە بابم شەهید بووە و هەرگیز نایەتەوە.
ماڵی کاک هەمزە لە خەڵک جمەی دەهات، ئێستا ئیتر منیریش زانیبووی و عەرز و عەرش گوێی لە هاواری بابەڕۆ بابەڕۆی چوار کچەکەی کاک هەمزە و لە سینگ دان و قادر گیان بگڕێوەی منێرە بوو، ڤانیلا چاوەڕێتە و … .
شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژ لە بیر هیچ کەس لە خۆشەویستانی دێموکڕات ناچێ. نزیک بە دە ڕۆژ پرسە و سەرەخۆشی درێژەی بوو و بە هیچ شێوەیەک نە منیر و نە مەلەک و نە کچەکانی ئۆقرەیان نەدەگرت. چوار ڕۆژ دوای بیستنی ئەو هەواڵە بوو کە بەیانییەک تیمی ڕەبەت هەڵبەت بەبێ فەرماندە و دوو لە هاوسەنگەرانیان گەیشتەوە زەوێ سپی و هەر بەو جل و بەرگەی ڕێگایان بەرەو ساڵۆنی زەوێسپی چوون کە لەو کاتەدا ژاڵە و ژیما بە هەڵاتن خۆیان بە باوەشی شەهید ڕەسووڵ لیلانەیی داکرد و گوتیان ئەی کاک ڕەسووڵ کوا بابی ئێمە؟ مەگەر قەرار نەبوو پێکەوە بگەڕێنەوە؟
کاک ڕەسووڵ و هەموو پێشمەرگەکان و هەموو خەڵک کە ئەوەیان بینی لە بانگی گریانیاندا، ئاخر تازە بابیان لە کوێ دەگەڕێتەوە خۆ ئێستا کەس نازانێ گۆڕەکەشیان لە کوێیە و چۆنیش نێژراون؟ ئێستا چۆن چاوەڕوانی ئەوان بەسەر دەچێ.
ڕۆژەکان بە دوای یەک دا تێدەپەڕین و هەر زۆر زوو چل ڕۆژ تەواو بوو و لە ڕێوڕەسمی چلەیاندا ئاسۆ خەباتی شاعیر پڕ بە گەرووی گوتی:
“ئه‌ی فه‌رمانده‌ی قاره‌مان کۆچه‌که‌ت گه‌لێ زوو بوو
تۆ که‌ دڵی خوێنینت پڕ هیواو ئاره‌زوو بوو
چوار کیژی دڵ به‌ هیوات ده‌ڵێن بابه‌ دێته‌وه‌
بڕوا ناکه‌ن که‌ باوکیان تازه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
نه‌مامی شلک و خاون خه‌مت ڕه‌شی پێ پۆشین
تۆ ماڵت لێ چۆڵ کردن ژانی مه‌رگت پێ نۆشین
شه‌هیدی برا شه‌هید، زۆرت دی چه‌رمه‌سه‌ری
که‌ کۆرپه‌ت له‌ دایک بوو، بڵێم له‌ کام سه‌فه‌ری
چ وه‌ڵامێکم هه‌بێ، که‌ هات و داوای کردی
پێی ده‌ڵێم تۆ ژیان بووی، ئەوین له‌ گه‌ڵ خۆی بردی
لاوه‌ جوانه‌مه‌رگه‌که‌م دیاری چ بده‌م به‌ یارت؟
وێنه‌یه‌کی پێده‌ده‌م له‌ ڕوخساری زامارت
ده‌ڵێم ئه‌و لاوه‌ کورده‌ وه‌کوو خۆی تۆی خۆش ده‌ویست.
برینەکان ئەو ڕۆژە زیاتر سەری کردەوە و غەمەکان زیاتر دڵانیان داگرت. دروست سێ ڕۆژ دوای چلەی شەهیدبوونیان منیر کچێکی دیکەی بوو و منیری چاوەڕوان و چاو لە درگا نێوی چاوەڕێی لێنا و ئێستا ئەوە نۆ ساڵ ڕادەبرێ و چاوەڕێ و دایکی و خوشکی (ڤانیلا) هەر چاوەڕوانی گەڕانەوەی بابیانن و ئێستا کە ٢٣ی گەلاوێژ نۆهەمین ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ڕچەشکێنانی خەباتی نوێی دێموکڕات تێدەپەرێ چاوەڕێ و ڤانیلا گەورە بوون و لە قوتابخانە ئەلف‌وبێ فێر بوون، دەتوانن شت بخوێننەوە، گۆڕ بە گۆڕی ئەو گۆڕستانە دەگەڕێن تا بەشکوو یەک لەو گۆڕانە گۆڕی بابیان بێ.
تێبینی: ئەوە بیرەوەری دەی خاکەلێوەی ١٣٩٥ بوو و چاوەڕێ و ڤانیلا لە نێو گۆڕەکاندا بە شوێن گۆڕی بابیان دا دەگەڕان و من بە پیویستم زانی بۆ نۆهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونیان بینوسم.
پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزیان…