ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران. کاونسڵ ئان فارین ریلەیشنس – ئێلیۆت ئابرامس. وەرگێران: کەماڵ حەسەنپوور
لە ئامریکا باس و خواسەکان لەبارەی ئێران لەو چەند ساڵەی ڕابردوو دا زۆرتر لەبارەی بەرجام، ڕێککەوتننامەکەی ناوەکیی سەردەمی ئۆباما، بووە. لە خۆرهەڵاتی ناوین، شتەکان جیاوازن.
هۆیەکەی ئەوەیە کە لە کاتێکدا کە ئێمە مشتومڕمان بووە، ئێران چالاک بووە و ئیسڕائیل بەرپەرچی داوەتەوە. ئیسڕائیل لە پێنج ساڵی ڕابردوو دا ١٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر بنکەی جۆراجۆر لە سورییە، کاتێک کە زانیویەتی ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ حیزبوڵڵا لە لوبنان بنێرن بۆمبارانی کردوون. مانگی ڕابردوو ئیسڕائیل ناوەندی بە ناو توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیی لە مەسیاف، شارێک لە ناوەندی سورییە، کە بنکەیەکی سەربازیی بوو و دەوترا لەوێ چەکی شیمیایی و بۆمبی دەقیق بەرهەم دەهێندرا بۆمباران کرد. ئێستا ڕاپۆرتەکان (وەک ئەوەی کە ئالێکس فیشمەن لە رۆژنامەی یێدیوت ئاخرۆنۆت دا بڵاوی کردەوە) باس لەوە دەکەن کە ئێران بەتەمای دروست کردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی لە نزیکی دیمەشقە، شوێنێک بۆ سۆپای پاسداران کە بتوانێ لەوێ جێگیر و چالاک بێ. هەروەها باس لەوە دەکرێ کە ئێران و ڕێژیمی ئەسەد خەریکی دانوستان لە بارەی دابین کردنی بنکەیەکی هێزی دەریایی لە ڕۆخی تارتوسن و ئەوەی کە ئێران لەوانەیە لەشکرێک سەرباز لە سورییە جێگیر بکا.
ئیسڕائیل ناتوانێ ئەو شتانە قبووڵ بکا و ئەو پەیامە دەگەیەنێتە ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان. وەزیری بەرگریی ڕوسیا بەمزووانە سەردانی ئیسڕائیل دەکا، دوای ئەو وەزیری بەرگریی ئیشرائیل سەردانی واشینگتۆن دەکا. هەوڵەکانی پێشووی ئیسڕائیل بۆ ئەوەی کە لە ڕێگای پوتین پێش بە ئێران بگرێ (لە ماوەی چوار سەردانی ناتانیاهو بۆ موسکۆ لە ساڵی ڕابردوو) شکستیان هێناوە، ئەوە نیشانی دەدا کە پێویستە ئیسڕائیل بۆخۆی ئەوکارە بە تەنیا بکا، مەگەر سیاسەتی نوێ بەرامبەر ئێران کە لە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ باسی لێوە دەکرێ پێش بە بڵاوبوونەوەی حزووری سەربازیی و نفوزی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێ.
جارێ ماویەتی تا ئاکامەکەی ببینین. دەنگۆیەکان باس لەوە دەکەن کە بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ لەوانەیە سوپای پاسداران وەک گروپێکی تێرۆریستی پێناسە بکا، ئەوە دەتوانێ ڕێگا بۆ دامودەزگاکانی دژی تێرۆریزم خۆش بکا کە پێش بە پەرە ئەستاندنی بگرێ. گفتۆگان لەسەر بەرجام بە هەر کوێیەک بگەن، وێدەچێ لێک تێگەیشتنێکی بەربڵاوتر لە ناو بەڕێوەبەرایەتی لەبارەی بەربەرەکانی لەگەڵ دەوری سەربازیی پەرەئەستێنی ئێران لە عێراق، سورییە، لوبنان و شوێنی تر لە ناوچە هەبێ.
بڕیاری ئامریکا هەرچی بێ، ئەگەر ئێران بەکردەوە حزووری سەربازیی گەورە و هەمیشەیی لە سورییە هەبێ، کە بە بنکەی هەمیشەیی هێزی دەریایی و پێگەی هێزی ئاسمانیی و هێزێکی بەرچاوی وشکانیی تەکمیلی بکرێ، ئیسڕائیل دەبێ بڕیاری چارەنوس ساز بدا. حزوورێکی ئەوتۆی ئێران لە مەدیتەرانە و لە سەر سنووری ئیسڕائیل هاوسەنگیی سەربازیی لە ناوچە دەگۆڕێ و دۆخی ئاسایشی ئیسڕائیل لە بنەڕەت دەگۆڕێ. دەبێ لەبیرمان بێ کە بە پێی رێککەتننامەی بەرجام کە ئۆباما ڕەزامەندی لەسەر دا، بەربەستەکانی سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ٨ ساڵی تر کۆتاییان پێ دێ و ئێران لەوانەیە ئێستا بەرنامەی موشەکی بالیستیکی خۆی تەکمیل بکا و هیچ پشکنینێک لە بنکە سەربازییەکان ناکرێ کە لەوانەیە توێژینەوە لەسەر چەکیی ئەتۆمی لە ئارا دابێ. هەر وەک لەو دواییانە دا سێناتۆر تام کاتن باسی کرد، ” ئەگەر ئێران ئەمڕۆ بەرنامەیەکی نهێنی ئەتۆمیی نەبێ، ئەوە یەکەم جارە لە ماوەی جیلێک دا.” ئیسڕائیل لەوانەیە ١٠ ساڵ لە دۆخێک دوور بێ کە لەو دا ئێران چەکی ناوەکیی و بنکەی سەربازیی لە سورییە هەبێ و دەتوانێ تەنانەت چەکی ئەتۆمیی لە سورییە، تەنیا چەند مایل دوور لە سنووری ئیسڕائیل جێگیر بکا.
فیشمەن، سەرتۆپی هەواڵنێرانی سەربازیی ئیسڕائیل دەنووسێ ” ئەگەر هەوڵە سیاسییەکانی ئیسڕائیل بێ بەر بێ، ئێمە [ئیسڕائیل] بەرەو ناکۆکیی لەگەڵ ئێران دەڕۆین. ئەو ئاکامە و هەوڵەکانی ئێران بۆ وەڕاست گێڕانی، دەبێ لە بیری کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، لە کاتی فکر کردنەوە لە سیاسەتی تازە بەرامبەر بە هەوڵە بێ کۆتاییەکانی ئێران بۆ دەسەڵات لە خۆرهەڵاتی ناوین، بێ.