تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. پەرتەوازەبوونی خێزان و نەتەوەیەک . بەشی سێهەم: نووسینی: عەزیز شێخانی

کەماڵ و هاوڕێکانی بە هاتنی زستان و ئەهوەنبوونەوەی شەڕ بە نیازن بگەڕێنەوە بنکەکانی خۆیان لە ناوچەی سەردەشت، بەڵام چاوەڕێی هێزی جێگرەوە دەکەن.

هێزێکی پێشمەرگە سەر بە ناوچەکانی رەبەت و بۆکان دەگوازرێنەوە بۆ هێڵەکانی پێشەوی شەڕ و دەستە تایبەتیەکەی سەردەشت دەگەڕێتەوە. پەرویز پاش ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانەی شۆڕش بە دەستێکی هەڵبەستراو و سەرێکی بریندارەوە رەوانەی بنکەی هێزەکانی سەردەشت دەکرێتەوە. پاش ماوەیەک لە گەڵ کەماڵ، وەستا مستەفا و هەروەها حوسێنی ئازیزێ یەکدەگرنەوە. سەرەتا لە بنکەی مارەغانی جێگیر دەبن، بەڵام دڵیان ئۆقرە ناگرێ. هاتوچۆی شار و گوندەکان زۆر دەگمەنە و بێجگە لە زستانێکی سارد خەڵک بە ئاسانی لە گوندەوە بۆ شار و لە شارەوە بۆ گوند ناچن. وەک باوە لەو ناوچە شاخاویانە زستان وەرزی پشوودان و پێکەوە بوونە. خەڵکی گوندەکانیش زۆر بە کەمی سەردانی گوندەکانی دیکە دەکەن و تەنیا بۆ سەردانی پێویست وەک شایی، شین و هەروەها رووداوی نەخوازراو گوندییەکان هاتوچۆی یەکتر دەکەن. رێگاکان زستانان دەبەسترێن و گوندەکان زۆر بە کەمی رێگای هاتوچۆیان بۆ کێشراوە. گوندەکان لە ئاوی بۆڕی و هەروەها کارەبا و وزەی بەرق بێبەشن و باشترین ئامێری رووناکی شەوانی گوند چراتۆڕە، کە خاوەنەکەی هەتا درەنگانی شەو بە پەمپدان شەکەت و ماندوو دەکات. زۆرجاران تۆڕی چراکە دەوەرێ و ماوەیەک دەخایەنێ هەتا تۆرێکی دیکەی دەخەنە سەر بە ئەڵکۆڵ و پەمپدان وەکاری دەخەنەوە. چرای ناسراو بە دیوارکۆ، فانۆس و فتیلە لە زۆربەی ماڵەکان هەن، بەڵام کۆڵانی ماڵانی گوند زۆر تاریکن. گوندەکان لە شەوانی زستاندا و پاش خەوتن بە تەواوەتی دەکوژێنەوە و کەمتر چرا و رووناکاییەک بەرچاودەکەوێ. مارەغانی یەکێک لەو گوندانەیە، کە بە جادەیەکی چەوڕێژ بە شارەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام ئەو رێگایە کەڵکی لێوەرناگیرێ.

کەماڵ کاتێک دێتە مارەغانی لە رێگای دۆست و ناسیاوەکانی ئاگاداری دۆخی ماڵ دەبێ. خەمی گیرانی مام کەریم و نەبوونی ئاگاداری لە دایک، خوشک و براکەی دەستبەردار نین و رۆژانە نوێدەبنەوە. کەماڵ چەند جارێک لە گەڵ بەرپرسی دەستە دادەنیشێ و داوادەکات، لەو زستانەدا سەردانی ماڵ بکاتەوە. بەرپرسانی پێشمەرگە زۆر لە بارودۆخەکە دڵنیا نین و بە کەماڵ دەڵێن، کە رەنگە ئەو بەهارە رێژیم پەلاماری ئێمە بدات. گرینگە، کە خۆمان بۆ شەڕی بەهار ئامادە بکەین و لە بیری چۆنیەتی سەنگەرلێدان و هەروەها کۆکردنەوەی هێزی زۆرتری چەکداردا بین. ئەو روونکردنەوە و شیکردنەوانە بیری کەماڵ ناقرتێنن و ئەو گوێ بەو وشە و رستانە نادات. چەند رۆژێک دواتر ناوبراو لە گەڵ هاوڕێ کۆنەکانی وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و هەروەها پەرویز کۆدەبنەوە و بیر لە چوونەوە بۆ شار دەکەن. ئەوان ناتوانن بە ئاشکرا بڕۆن و نیگەرانن، کە ئەگەر بە ئاشکرا و بە بەرچاوی پێشمەرگەکان خۆیان بۆ چوونەوە ئامادە بکەن، رەنگە راپۆرتیان لێبدرێ و بەجۆرێک رێژیم شوێن پێیان هەڵبگرێ و لە داویان بخات. لە ئاکامدا ئەوان ساغدەبنەوە، کە پێکەوە لە گەڵ بەرپرسەکەیان قسە بکەن و دواتر بۆ شوێنە ونکردن بڵێن، سەرێکی ناوچەی ئالانی دەدەین. بەرپرسەکەیان سەرتا دژایەتی خۆی بۆ چوونەوەیان دەردەبڕێ، بەڵام کەماڵ و هاوڕیکانی بە کوردی دەڵێن، رازی بن یان نا دەچینەوە، بەڵام باشترە لە یەکتر تێبگەین. ئێمە چەند مانگە لە ماڵ دوورین و ئەندامانی ماڵەوە لە دۆخیکی دژواردا دەژین. ئێمە لەوە تێدەگەین، کە زستانە و رەنگە راپۆرتمان لێبدرێ و ئاشکرا بین و زبری گەورەتر بە خوشک و براکانمان بکەوێ، بەڵام هەموو ئەو مەترسیانە قبوڵ دەکەین و بۆ ماوەی حەوت رۆژێک دەچینەوە. ئێمە پرسیارمان کردوە و دەتوانین بە رێگای گۆراناندا بچینەوە، کە خەڵکی کاروانچی و کۆڵبەر هاتوچۆی پێدا دەکەن و بۆ چوونە نێوشار ئاسانترە. بەرپرسی دەستەکەیان بە ناچاری رازی دەبێ و رێنوێنیان دەکات، کە ئەگەر چوونەوە شار و دۆست و خزمێکیان دیت سەبری خۆیان نەدۆڕێنن. ناوبرا ئاماژەدەکات، کە یەکەم هەڵە لەو دۆخەدا بە دوا هەڵە پێناسەدەکرێ. قسە ئەگەر کەوتە زارێک دەکەوێتە شارێک، بۆیە ئێوە دەبێ بە تەواوەتی نهێنی پارێز بن و زۆر بە وردی ئاگاداری خۆتان و چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە گەڵ دەوروبەر بن. رێژیم لەو ماوەیەدا هاوکار و چەکداری خۆماڵی زیاتر کردوون و رەنگە سیخوڕەکان لە جوڵە و گەڕانی بەردەوامدا بن و بە دوای پارووی چەوردا بگەڕێن. ئێوە تەنیا بە رێگای کەسانی نیزیک وەک دایک و باب پێوەندیتان بە یەکەوە بێ و زۆر قوتە قوتەی مەکەن. لە ماوەی هاوینی رابردوودا چەند پێشمەرگەیەک لە شارەکانی دیکە لە رێگای سیخوڕەکان و لە ئاکامی کەمترخەمی خۆیان گیانیان لەدەست داوە. ئێوە دەبێ ئاگاتان لە پەرویز بێ و بەهیچ جۆر تەنیا نەبێ. حوسینی ئازیزێ دەڵێ، ئەگەر پەرویز پێیخۆشە با لە گەڵ من بێ و ئەو حەوتوویە لە ماڵی ئێمە دەبین. ئەمن تەنیا لە گەڵ دایکم دەژیم و برا و خوشکەکانم ژیانی خۆیان هەیە و هەر کەسەو لە ماڵی خۆیەتی.

هەموویان لە سەر ئەوە ساغدەبنەوە، کە باس لەو دیدارە نەکەن و بۆ شوێنە ونکە بە کورتی باس لە سەفەر بۆ ناوچەی ئالان یان بێوران بکەن. ئێوارەی رۆژی داهاتوو، چەک و رەخت لە خۆ دەبەستن و لە مارەغانی دەچنەدەر. ئەوان بە شوێنی نەدیودا دەڕۆن و چاوەڕوان دەکەن، کە تاریکی باڵ بە سەر دنیادا بکێشێ و دواتر خۆیان بگەیەننە خڕێ گۆرانان. پەرویز، مستەفا، حوسێن و کەماڵ دڵخۆشن، کە پاش ماوەیەکی دوور و درێژ دەچنەوە ماڵ، بەڵام هەر کام لەوان بە رێژەیەک لە ئاشکرابوون نیگەرانن. هێشتا خەڵک و پێشمەرگەکان عادەتیان بە کاری نهێنی نەگرتوە، بۆیە خۆحەشاردان بۆ ماوەی حەوتوویەک لە ماڵی خۆیاندا بە کارێکی دژوار مەزەندە دەکەن. وەستا مستەفا دەڵێ، باشە کوڕینە ئەگەر ئێمە لە ماڵ بین و شەو میوانێکی خۆشەویست هات، چۆن دەکرێ و دەگونجێ خۆمان ئاشکرا نەکەین؟ ئەمن خۆناگرم و کە خزمێکی نیزیک هات لە گەڵ ئەوانی دیکە بەخێرهاتنی دەکەم. حوسێنی ئازیزێ بە پێکەنینەوە دەڵێ، ئەو برادەرە ئاخری تووشی دەردەسەریەکمان دەکات. کاکە، ئەگەر خزم هێندە خۆشەویست و نیزیکە، بۆچی چەند مانگە یەکێکیان لەو شاخ و کێوانە سەردانیان نەکردیی و سڵاوێکیان بۆ نەناردی؟ ئەمن ساغبوومەوە و ئەگەر خزم هاتن، باشتر خۆم تاقەت دەکەم و حەز ناکەم سۆراغم بزانن. کەماڵ و هاوڕێکانی بە قسەکردنەوە گەیشتبوونە سەر سوێی شاریی و بە ئاسانی چراخانی نێوەڕاستی شاریان دەدیت. ئەوان لە سەر رێگای ژاژۆکە ژمارەیەک کۆڵبەریان دیت، کە لە ترسان لاقیان عەرزی نەدەگرت و ئامادەی هەڵاتن و کۆڵ فڕێدان بوون. کەماڵ و پێشمەرگەکانی دیکە، چەکەکانیان خستبوو ژێر باڵتۆکانیان و لە شەودا بە کەسی چەکدار نەدەچوون. ئەوان بە کۆڵبەرەکانینان گوت، کە بۆ هێنانی کۆڵ دەچنە شار و هەر ئەو شەو دەگەڕێنەوە.

peshmerge11.jpgئەوان بانگی خەوتنان گەیشتنە گۆڕستانی گچکەی شار، کە لە تەنیشت شیرکەتی نەوتە و بە هێواشی خۆیان گەیاندە مزگەوتی قیبلە. لە بەر ئاسایش و هێمنایەتی بڕیاریاندا، کە هەموویان بچنە ماڵی کەماڵ و بۆ شەوی دواتر هەر کەسە بە هێمنی بچێتەوە ماڵی خۆی. کەماڵ و هاوڕێکانی کاتێکی گونجاو گەیشتنە بەردەرگای ماڵی مام کەریم، چوونکە پورە زارا لە بەر دەرگای ماڵەکەی بە بێڵە بەفرە باریوەکەی رادەماشت. ئەو هەرگیز بیری لەوە نەدەکردوە، کە لە شەوێکی زستانەدا و لەو کاتەدا کوڕەکەی لە گەڵ چەند کەسی دیکە لە بەر دەرگای ماڵ شین ببنەوە. بۆ ئەوەی پورە زارا ئارامی خۆی بپارێزێ، یەکێک لە پێشمەرگەکان سڵاوی لێدەکات و دەڵێ، پورێ زەحمەت نەبێ با بچینە حەوشەی ماڵ، چوونکە پەیامێکی خزمێکی تۆم پێیە. زارا لەو کاتەی شەودا زۆر گرینگی بە پەیامەکە نادات، بەڵام چەند کەسەکە دەبینێ، کە لەو کۆڵانەکەدا بێدەنگ راوەستاون. حوسێنی ئازیزێ لە دایکی کەماڵ زیاتر نیزیک دەبێتەوە و لە بە ئەسپایی دەڵێت، پورە زارا پەیامی کوڕەکەتم پێیە. پورە زارا بە بیستنی ئەو سرتەیە کەمێک دەشڵەژێ و سەرەتا ئەو کەسە بە چەکداری رێژیم تێدەگا، کە رەنگە بە فێڵ و بۆ کاری چڵکاوخۆرانە ئەو کارە بکات. پورە زارا لە پڕ دەڵێ، بە خودای بۆنی کەماڵی کوڕم دەکەم و بۆیە بە روخسارێکی کراوە بە حوسێنی دەڵێ، رۆڵە فەرمو بۆ ژوورەوە. حوسێن کە دەگاتە حەوشەی ماڵی مام کەریم، بە کورتەی پەیامەکە بە گوێی پورە زارادا دەچرپێنێ. پورە زارا بە بیستنی هاتنەوەی کەماڵ و کوڕەکان شاد دەبێ و داوادەکات، کە با کوڕەکان بێنە ژوور. پورە زارا ئەوەندە دڵخۆشە، کە بە پەلەپڕووزە دەچێتەژوورێ و بە منداڵەکان دەڵێ، میوانمان دێن و تەنیا گۆڕ ئەو خەبەرەتان لێدەبیستێ. لەیلا، شیرین و کاوە سەرسوڕماو لە دەرگاکە دەڕوانن، بەڵام هێشتا روخساری میوانەکان دەرنەکەوتوە. منداڵەکانی مام کەریم خەیاڵی جۆراوجۆریان بە تونێلەکانی مێشکدا گوزەر دەکات. یەکێک مەزەندە دەکات، بابی بگەڕێتەوە و ئەوەی دیکەیان گەڕانەوەی براکەیان. پاش تێپەڕینی خولەکێک چاویان بە چوار پیاو دەکەوێ، کە سەر و چاوی خۆیان پێچاوە و باڵتۆی هەتا سەرچۆکانیان بە سەر چەکەکانیاندا بەرداوەتەوە. هەموویان دەشڵەژێن، بەڵام کەماڵ بۆ دڵنیاکردنەوەی دایک، خوشکەکان و کاوەی برای یەکەم کەس دەچێتەژوور و سڵاو دەکات. لە گەڵ دایکی یەکتر ماچ دەکەن و دواتر خوشکەکانی ماچ دەکات و پاشان کاوە لە ئامێز دەگرێ. بەخێرهاتنی وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و پەرویز دەکەن. دەرگای حەوشەکەیان بە پەلە داناخەنەوە و پورە زارا بە میوانەکان دەڵێ، بۆ ماوەیەکی کورت دەچێتەوە بەردەرگا و سەرقاڵی ماڵینی بەفرەکە دەبێ. مەبەستی ناوبراو چاوەدێری کردنی دۆخەکەیە و بە تایبەت جیرانەکان، کە ئایا ئاگاداری هاتنی میوانەکانن یان نا. دوای نیو کاتژمێرێک پورە زارا کۆتایی بە کاری بەفرراماڵین دێنێت و دەرگای حەوشەکە دادەخات و تێکەڵ بە کۆڕی میوانەکان دەبێ. لەیلا لەو ماوە کورتەدا سەماوەرەکەی پێکردوە و سەرقاڵی ئامادەکردنی برینج، شلەی تەماتە و لەپەیە. کەماڵ و هاوڕێکانی پاش خواردنەوەی چایەکی سەیلان، پرسیار لە چۆنیەتی ژیانی ماڵی مام کەریم، خاڵە مینە، پورە ئازیز و هەروەها ماڵی وەستا مستەفا دەکەن. پورە زارا چەند جارێک شوکری خودای دەکات و دەڵێ، رۆڵە هەموویان چاکن و خوا دەکات ئێوە راوەستاو و پارێزراو دەبن. خاڵە مینە و براژنە ئاڵتون ماوەیەکی زۆرە نیگەرانن و زۆر جاران دێنە ئێرە و پێکەوە باس لە خەم و ژانەکانی ژیان دەکەین. براژنە ئازیزم لە سەر رێگای بازاڕ و لە دوو سەرەخۆشیان دیتوە و زۆر دڵ قایم و خۆڕاگرە. براژنە بەس دایکی وەستا مستەفام لە نەخۆشخانەی جارێک دیوە و ئەویش زۆر باشە. رۆڵە، زستانان و پاییزان خەڵک لە ماڵی خۆی کەمتر دەچێتەدەر و ئێمەش ناوێرین زۆر هاموشۆی یەکتری بکەین. بە غەوسی گەیلانی سیخوڕ و بەسیجی وەک خیز و خۆڵ زیادبوون و ژن و پیاو لە سێبەری خۆیان دەترسن. ئەو سەردەمەی دنیا گۆڕاوە و ئاخری زەمانە، چونکە زۆر کەس خەتی سمێڵانی نەداوە، کەچی دەبێتە بەسیجی و چەکی حکومەتی لە شانە. لە کۆتایی قسەکاندا پورە زارا کز و بێدەنگ دەبێ و ناوی مام کەریم دێنێ. کەریم، گوتی زارا لە رێگای وەڵاخدارییەوە پارەیەکی باش پەیدا دەکەم و ژیانتان بە پشتیوانی خودا باشتر دەکەم. با کەماڵ پێشمەرگایەتی خۆی بکات و نیگەرانی ماڵ نەبێ و ئەمن کاسبی حەڵاڵ دەکەم و خوداش دەلیلی داماوانە. کە باسی گیرانی مام کەریم و چیرۆکی گیرانەکەی کرا، کەماڵ پرسی، کە بابم لە گەڵ چەند کەس گیراوە؟ رۆڵە، کەریمی فەقیر لە گەڵ خدری پیرۆتی، برایمی مەلا، رەحمان، عەبدوڵڵا و رەسوڵی گیراون. ئەو جاشە خوا نەناسانەی دیوی گەرمێنێ رەسوڵیان لە گەڵ وەڵاخەکان ناردبۆوە و کەسمان سەر لەو رووداوانە دەرناکەین. رەسوڵ تەنیا زانیاریەکی کەمی هەیە و نازانێ، کە ناوی ئەو چەکدارانە و سەرۆک جاشەکان چییە. باس لەوە دەکات، کە لە ئۆردوگای بەستەستێن ماوەیەک لە ژووری ماڵێکدا بەندیان کردوون، بەڵام دواتر ئەو ئازاد دەکرێ و ئاگاداری چارەنووسی بابت و ئەوانی دیکە نابێ. رۆڵە زۆر کەسمان راسپاردوە و تەنانەت بنکەی حیزب لە قەڵادزێ پرسیاری چارەنووسی کەریم و کاروانچیەکانیان لە حکومەت کردوە، کەس نازانێ بۆ کوێیان بردوون. مریەمی هاوسەری خدری پیرۆتی زۆر جاران دێت و خەونەکانی دەگێڕێتەوە و هەموو جارێ سوێند دەخوات، کە خدر و کەریم و ئەوانی دیکە وەک ئێمە زویندوون و هەر دەگەڕێنەوە.

لەیلا و شیرین لە گەڵ کاوە سفرە گوڵگوڵیەکەی لە سەر فەڕشەکە رادەخەن و لە ماوەیەکی کورتدا برینج و تەماتەی ویشکراو لە گەڵ لەپە دادەنێن. میوانە درەنگهاتوەکان لە سەر سفرەکە دادەنیشن. خەمەکانی پورە زارا ئەوانی تاساندوە و هەموویان بۆ پورە زارا و مام کەریم نیگەرانن. پورە زارا دەڵێ، رۆڵە فەرموون خوا دەکات ئێوە ساغ و سڵامەت دەبن، خودا بۆ ئێمە دەرگایەک دەکاتەوە و بە کەریمی شاد دەبینەوە. تەماتەکانم بۆ خۆم ویشک کردوە و لەپەکانم لەو حەوشەیەی لە دەستاڕی داوە و برینجەکەش دەڵێن ئەمریکاییە. ئەمن نازانم رێژیمی ئێران شەو و ڕۆژ مەرگ بۆ ئەمریکای دەڵێ، بەڵام برینجەکەی لە هەموو برینجەکان خۆشترە. ئەو مەلا ریش پان و مەندیل رەشە وڵاتیان وێران کرد و هەموو ماڵیان داغدار و لە یەکتر پەرتەوازە کرد. ئاخر ئەگەر، ئەو مام تڕکەنە (خومەینی) نەدەهاتەوە بۆ ئێرانێ، ئێمە و خەڵکی دیکە بۆچی تووشی ئەو رۆژە رەشانە دەبووین. بۆنی تەماتە خۆماڵییەکان و لەپەکانی دەشتی رەبەت تاموچێژی تایبەت بە خواردنەکە دەدەن. دوای نانخواردن جارێکی دیکە ئیستیکانە قەد باریکەکان دەبنە یار و یاوەری دەستەکان. قۆریە تۆقکراوە شیشەکەی سەر سەماوەرەکە هەڵگری چیرۆکی زیاتر لە هەشت ساڵانە و بۆ هەمووان ئاشنایە. کەماڵ کە چاوی بە قۆرییەکە دەکەوێ روخساری بابی دێتە بەرچاو، کە چەندە بە دڵخۆشیەوە بەیانیان لە دەوری سەماوەرەکە دادەنیشت و چاوەڕوانی دەمکێشانی چای دەکرد. ئەو باس و گێڕانەوەکانی بابی لە گوێدان، کە چەندە بە جوانی دەریدەبڕین. مام کەریم، ئەگەرچی مرۆڤێکی نەخوێندەوار بو، بەڵام لێکدانەوە و دەربڕینەکانی لە سەر بارودۆخەکە و بە تایبەت لە سەر کوردان زۆر تیژ و رەوا بوون. ئەو بە مانای وشە، لە لاوازی کوردەکان تێگەیشتبوو، بۆیە کەماڵی رێنوێنی دەکرد، کە چنگ لە کاسبیەک گیرکات و لە داوی سیاسەت نەکەوێ.

پێشمەرگەکان لە گەڵ کاوە، لەیلا و شیرین ئاگادار دەکەنەوە، کە لە لای هیچ کەسێک باس لە سەردان و دیداری ئەوان نەکرێ، چوونکە رەنگە کوژران و برینداربوونی خەڵک و ئەندامانی ماڵەوەی بەدوادا بێ. هەموویان بەڵێن دەدەن، کە ئەو دیدارە وەک نهێنی دەپارێزن و بە زۆریش ئامادە نین زەبر لە خۆیان و براکەیان بدەن. کاتیک هەموو لایەک لە بارودۆخەکە دڵنیا دەبنەوە، میوانەکان بە مەبەستی خەوتن دەچنە ژووری میوانان. پەرویز لە بەر ژانی برینەکەی بە درەنگەوە خەوی لێدەکەوێ. باڕەشی زستان و گژەبای شەوی رابردوو برینەکانی کولاندۆتەوە و دووبارە لە ژان چوونەوە. کۆتاییەکانی مانگی رێبەندانە و بۆ رێژیم ئەو رۆژانە بە رۆژانی سەرکەوتنی شۆڕش پێناسە دەکرێن. بەفر ئەو رۆژانە لە هەموو پەیامەکان رەواتر و راستگۆیانەترە، چوونکە رێگاکان کوێر دەکاتەوە و شەقامەکانی شار و جادەکان دەگرێ. ئەو رۆژگارە بۆ مانەوەی پێشمەرگە گونجاوە و بە وتەی پیرەکان لە بەر کزی سەرما و سەختبوونی زستان سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە.

کاوە بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستێ و بە نیازە بچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام کۆڵان و سەربانەکان پڕ لە بەفرەکان ئاماژەیەکن، کە قوتابخانە ئەمڕۆ ناکرێنەوە. دایکی لە خەو راستدەبێتەوە و کاوە رادەسپێرێ، کە رێگای ئاودەستی حەوشە و هەروەها بەردەرگا خاوێن کاتەوە و بەفرەکە رابماڵێ. کاوە لە ماوەی کاتژمێرێکدا کارەکە تەواو دەکات و لە خۆشی نەبوونی قوتابخانە ماندوویەتی ناناسێ. پیاو و کوڕانی گەنجی جیرانەکان لە سەر بانەکان ئامادەن و بە وەروەرە و بێڵی بەفرماڵین سەرقاڵی راماڵینی بەفرە باریوەکەن. پورە زارا کە پیاو و کوڕی خەڵکی بە سەربانانەوە دەبینێ، یادی مام کەریم دەکاتەوە، کە چەندە بۆ ئەو رۆژانە قالب سووک و لە سەر لاقان بوو. ئەو نە تەنیا بەفری سەربانی خۆیانی رادەماڵی، بەڵکو ژمارەیەک لە سەربان و حەوشەی ماڵەکانی شاری خاوێن دەکردەوە. کاوە و لەیلا دەچنە سەر بانی و پێکەوە بەفرەکە رادەماڵن. کاتێک جیرانەکان لە ماڵینی بەفری سەربانەکان تەواو دەبن، حەوشە نەدیتوەکەی ماڵی مام کەریم بۆ کەماڵ و هاوڕێکانی دەکەوێتە سەر پشت. ئەوان یەکەیەکە دەست و روخساریان دەشۆن و لە دەوری سۆبەی داران کۆدەبنەوە. هەموویان دڵخۆشن و ئامادەی دیداری ئازیزانیانن. پورە زارا ئەرکی ئاگادارکردنەوەی ماڵەکان بە ئەستۆ دەگرێت. دوا نیوەڕۆیە کە رێگاکان دەکرێنەوە و هاتوچۆ ئاسانتر دەبێ، ناوبراو دەتوانێ بچێتە ماڵی وەستا مستەفا، پەرویز و هەروەها حوسێنی ئازیزێ و لە دۆخەکە ئاگاداریان کاتەوە.

پێش بانگی نیوەڕۆیە پورە ئاڵتون لە دەرگای ماڵی مام کەریم دەدات. کەماڵ و هاوڕێکانی بە تەقەی دەرگا دەشڵەژێن، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت کە دەرگا دەکرێتەوە ئاڵتون، دایکی پەرویز دەبینن. لەیلا نازانێ چۆن بارودۆخەکە تێپەڕێنێ. بەخێرهاتنی پورە ئاڵتون دەکات و دەپرسێ، پورێ خۆ هیچ نەبوە؟ ئاڵتون دەڵێ، رۆڵە بە کەلامی خودای قەسەم لە خەونمدا کەماڵ و پەرویز هاتبوونەوە شار و تەنیا بۆ لای دایکت هاتووم، بزانم خەبرێکی تازە نییە؟ پەرویز لە پەنجەرەی ژوورەوە و لە پشت پەردە دادراوەکە چاوی بە دایکی دەکەوێ. پورە زارا دەڵێ، پەرویز رۆڵە دایکت با بێتە ژوور و ئەو کاری دوانیوەڕۆی منی سووک کرد. لەیلا لە بەردەرگا چاوەڕوانە، کە دایک و براکەی بڕیار بدەن، ئاخۆ پورە ئاڵتون دەچێتە ژوور یان بە بیانووی بوونی میوانی غەریب رەوانەی ماڵ دەکرێتەوە. پورە زارا لە دەربیجەوە بانگی ئاڵتون دەکات، کە بچێتە ژوور و نیوەڕۆیە میوانیان بێ. کەماڵ، وەستا مستەفا، پەرویز و حوسێنی ئازیزی خۆیان لە ژوورێکدا تاقەت دەکەن و وارێکدەکەون، کە باسەکە بە هێمنی بکەنەوە. ئاڵتون لە کاتی چوونەژووردا چەند جووت پێڵاوی پیاون لە بەر شیپانەی دەرگای داڵانەکە دەبینێ، بۆیە لە لەیلا دەپرسێ کە ئەو هەموو پێڵاوەی پیاوان چ دەکەن لێرە؟ رۆژانی دیکە، تەنیا پێڵاوە کۆنەکانی مام کەریم لەوێ دانرابوون. لەیلا خۆی لە پرسیارەکە دەدزێتەوە و دەڵێ پورە ئاڵتون فەرموو بۆ ژوورێ و خەریکی ئامادەکردنی نانی نیوەڕۆم. ئاڵتون دەچێتەژوور و لە گەڵ زارا ئەحواڵی یەکتر دەپرسن و لە تەنیشت سۆبەکەی دادەنیشن. ئاڵتون دەڵێ، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت هاتووم و خاڵە مینە لە ماڵ چاوەڕوانم دەکات و ئەگەر نەچمەوە وڵاتی وێران دەکات. بە ناشکوری نەبێ، پیاوی کورد هەر دەبێ لە پێشی دابنێی و نازانێ هێلکەیەک لە رۆنی بکات و پەتاتەیک بکوڵێنێ. پورە زارا قسەکەی ئاڵتون بە راست دادەنێ، بەڵام بە کێشەیەکی تێپەڕی دادەنێ. ئاڵتون بە پەلە دەپرسێ، ئەرێ خوشکی من ئەو پێڵاوەی پیاوانە چن؟ خۆ میوانتان نین؟ ئەمن خەونم دیوە و ئەوجارە قەناعەتم هەیە، کە خەونەکەم راستە. ئەگەر کەماڵ و پەرویز هاتوونەوە مزگێنیت دەکەوێ. زارا وەپێش ئاڵتونێ دەکەوێ و دەپرسێ، باشە ئەگەر رۆژی هاتنەوەیان بڵێم مزگێنیەکەت چییە؟ ئاڵتون دەست بۆ قوماشی کەراسە کوردییەکەی رادەدێری و بە ئاماژە پەیامەکەی خۆی دەگەیەنێ. زارا بە سووکی دەڵێ، براژنە ئاڵتون مزگێنیم دەکەوێ و ئەو ئێوارەیە بە هومێدی خودای پەرویز دەگاتەوە ماڵ، بەڵام دیواریش ئەو هەواڵ و خەبەرەت لێنەبیستێ. ئاڵتون بەڵێن دەدات و دەستەکانی بە نیشانەی پاڕانەوە بەرز دەکات و هاواری خوا و پێغەمبەر دەکات و دواتر خواحافیزی دەکات.

پاش ئەوەی ئاڵتون ماڵی مام کەریمی جێهێشت، کەماڵ و هاوڕێکانی نانی نیوەڕۆیە دەخۆن و چاوەڕوانی ئێوارە دەکەن، تاکو بە دایک و بابیان شاد ببنەوە. پورە زارا دوای نانخواردن سەردانی ماڵی وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزی دەکات. ناوبراو، سەرەتا بەرەو ماڵی حوسێنی ئازیزێ دەچێ، کە لە تەنیشت شەقامی کەمەربەندی هەڵکەوتوە. پاش چارگە سەعاتێک دەگاتە بەر دەرگای ماڵی دایکی حوسێن و لە دەرگا ئاسنەکەیان دەدات. ئازیز بە تەنیا دەژیت و لە پەنجەرەی قاتی دووهەمی خانوەکەیان چاوی لە ژنێکە، کە لە دەرگا دەدات، هەرچەندە دەرگاکە دانەخراوە. ئازیز لە بەر بەفر و بۆ خۆپاراستن لە هەڵخلیسکان لە سەر بەفر، لە سەر پەنجەرەکە فەرمووی دەکاتە ژوورێ. ئازیز بە دیتنی زارا نیگەران دەبێت و پاش کورتە بەخێرهێنانێک لە زارا دەپرسێت، ئەوە چۆنە بەو رۆژە سەردانی ئازیزێ دەکەی؟ زارا ئەگەر راز و نهێنیەک هەیە بە راشکاوی بیڵێ. بە غەوسی گەیلانی، ئێستا وەک بە پێی رووتی لە سەر خەڵووزی گەشاوە و پۆلوان بم. زارا دڵنیای دەکاتەوە، کە تەنیا خەبەری خۆش هەیە و پەنا بە خودا قەت خەبەری ناخۆش و جەرگبڕ نابیستن. زارا چیرۆکی گەڕانەوەی کوڕەکان بۆ ئازیزێ دەگێڕێتەوە و ئاگاداری دەکات، کە ئێوارە لە ماڵ بێ، چوونکە حوسێن بە نهێنی سەردانی دەکات و بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەمێنێتەوە. ئەو رۆژانە دەبێ وەک پشیلە و مشک وریا و لە سەر هەست بین، چونکە خوانەخواستە کەسێک راپۆرتمان لێدا سەر و ماڵمان دەفەوتێ. ئازیز بە بیستنی ئەو خەبەرە و گەیاندنی مزگێنی دەستخۆشی و دەمخۆشی لە زارا دەکات. زارا لە ترسی ماڵ و هەروەها روونەدانی کارەساتی ناخۆش ئارام و قەراری نییە و خواحافیزی لە ئازیزێ دەکات و بەرەو ماڵی وەستا مستەفا دەڕوا. ماڵی بابی وەستا مستەفا لە خوار بڵواری شارن و رێگاکە بۆ زارا دژوارە، بەڵام ئەو هەواڵ و مزگێنیانە دەبێ بە کەسی باوەڕپێکراو و دڵقایم رابگوازرێن. زارا پاش ماوەیەک رێگابڕین دەگاتە ماڵی وەستا مستەفا. خاتوو بەس لە بەر دەرگای حەوشەیە و خەریکە دەرگاکە دابخات. ناوبراو، کە زارا دەبینێ، هەڵوێستەیەک دەکات و دێتە بەردەم دەرگاکە و سڵاوی لێدەکات و دەپرسێ، براژنە زارا بەو رۆژگاری زستانە بۆ کوێ دەچی؟ منداڵەکانت چۆنن و خەبەری مام کەریمی؟ توخوا کەس خەبەری کوڕەکانی بۆ نەناردووی؟ بەخوا رۆژگار و زەمانەیەکی پڕ لە چەرمەسەرییە، ئاخر ئەمن و براژنە زارا و ئەو دایکانەی دیکە بە چ شەرعێک دەبێ دڵیان لە سەر بەری دەست بێ؟ ئێمە چ گوناهێکمان کردوە، کە کوڕەکانمان پەڕیوەی ئەو گوند و شاخانە بوون و لە یەکتر دابڕاوین؟ زارا بە بیستنی پرسیارەکان چەند جارێک بە خاتوو بەس دەڵێ، خودا ئەو کەسە بگرێ، کە ئەو ئینقلابە پیسەی سازکرد. پێغەمبەر و قورئان جەرگی ئەو کەسانە کونکون کەن، کە کوڕی خەڵکیان لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەرپەڕاند. خاتو بەس، باوەر بکە خەریکە ئەسڵی مەسەلەکەم لە بیر دەچێتەوە. ئەمن راسپاردەم و بۆ لای تۆ هاتووم، پێمخۆشە لە ژوورەوە خەبەرەکەت بدەمێ و بگەڕێمەوە ماڵێ. بەس و زارا دەچنە ژووری میوانەکان و دوور لە چاوی ئەوانی دیکە، چیرۆکی گەڕانەوەی کوڕەکەیان باس دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە، کە ئێوارە پاش تاریک داهاتن کوڕەکەیان دەگاتەوە ماڵێ، بەڵام نابێ دیواریش ئەو خەبەرەیان لێ ببیستێ. بێجگە لەوە، ئەو رۆژانەی کە مستەفا لێرەیە ناکرێ هیچ خزم و جیرانێک ئاگادار بکرێتەوە، چوونکە خەڵکی قسەهێن و قسەبەر زۆرن و با تووشی ماڵوێرانی نەبین. خاتوو بەس بە تەواوەتی زارا دڵنیا دەکاتەوە و زۆر دەگەشێتەوە، بۆیە پڕ بە دڵ سپاسی زارا دەکات. زارا دەگەڕێتەوە ماڵ و بە کزەی سەرما و گفەی بای زستانی سەروچاوی سڕ دەبن و دەستەکانی لە گۆ دەچن. مستەفا، حوسێن و پەرویز لە گەڵ کەماڵی بەخێرهاتنەوەی دایکی کەماڵ دەکەن و زۆر سپاسی زەحمەت و ماندوویەتی دەکەن.

پەرویز، وەستا مستەفا و حوسینی ئازیزێ چاوەڕێی ئێوارەی دیدار دەکەن. ئەوان پێکەوە بۆ پارێزگاری لە خۆیان و سڵامەتیان لە سەر چەند خاڵێک رێکدەکەون و بڕیاردەدەن، کە شەش رۆژی دیکە ئەگەر هیچ مەقەدەر نەبێت لێرە کۆدەبنەوە و دواتر لە شار دەردەچن. پەرویز زۆر رێنوێنی دەکەن، کە ئاگاداری خۆی بێت و ئەگەر کێشەیەکی هەبێ لە ریگای دایکی، ئاگاداریان بکاتەوە. ئەوان وشەیەک بۆ نهێنی خۆیان دادەنێن، کە لە ئەگەری هەڵاتن و هەروەها پەنابردن بۆ لای یەکتر لە درەنگانی شەودا بەکاری بێنن. وشەکە بۆ هەموان پڕە لە بیرەوەری و لە تەنیشت پۆلە سپیدارێکی خڕێ دۆڵتانچک هەڵکەوتوە و ناوی کانی فەقێیانە. سەردەمی خوێندن و هەروەها چۆلەکەکوژی زۆربەی لاوەکان سەریان لەو پۆلە سپیدارە داوە، کە دۆڵتانچک و هەروەها کانی فەقێیان دەڕازاندەوە . ئێوارەی دوارۆژەکانی مانگی رێبەندانە و ئاسمان پڕ بە دڵە گەورەکەی بەفر بە چیا و دۆڵەکان دەبەخشێ. زستان ناوی خۆی بەخۆیەوە و لە لوتکەی چلە گەورە و چلە چووکەدا نێوچاوانی گرژ دەکات و تەوژمی سەرماکەی گیانلەبەر تەزێنە. وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و پەرویز خۆیان ئامادە کردوە و بڕیاریان داوە، سەرەتا پەرویز، دواتر حوسێن و لە کۆتاییدا وەستا مستەفا بچێتەوە ماڵ. کۆڵانەکان چۆڵ و شەقامەکان پڕن لە بێدەنگی. پێشمەرگەکان لە ماڵی مام کەریم هاتوونەدەر و بە کۆڵانەکاندا تێدەپەڕن. کلوە بەرفرەکان لە ناخی توڕەیی رێبەنداندا بەرەو زەوی شۆڕدەبنەوە و تێکەڵ لشکری بەفری سەر زەوی دەبن.

خاڵە مینە و ئاڵتونی هاوسەری ئۆقرەیان لێهەڵگیراوە و شاییان لە دەڵدا دەگەڕێ. خاڵە مینە بە بیانووی خاوێنکردنەوەی کۆڵان بە پێمەڕە و بێڵی بەفرماڵین هەتا سەر سیلەی کۆڵانەکە دەچێ و دەگەڕێتەوە. ناوبراو چەند جارێک لە هاوسەرەکەی دەپرسێ، باشە نەگوترا کاتژمێر چەند دێن؟ چاوم خێل بوون هێندەی بڕوانم و دەستم خەریکە شلوکوت دەبن. ئاڵتون لە خۆشیان زۆر گوێ بە گلەیی و قسەکانی خاڵە مینە نادات و خەریکی سازکردنی خواردنە. جیرانەکانیان دەرگاکانیان داخستوون و زیندەوەر لە دەرەوە نەماوە. لەو کاتەدا پەرویز بە پارێزەوە لە گەڵ دوو هاوڕێکەی لە کۆڵانی ماڵەوەیان نزیک دەبێتەوە و لە دوورەوە چاوی بە بابی دەکەوێ، کە لە بەر دەرگا راوەستاوە. وەستا مستەفا، کەریمی ئازیزێ هاوڕێیەتی پەرویز دەکەن و پاش تۆقەکردن لە گەڵ باوکی رێگای خۆیان دەگرن و ماڵئاوایی لە پەرویز دەکەن. خاڵە مینە بە پارێزەوە و بە دەنگێکی کز بەخێرهاتنی کوڕەکەی دەکات و پاش دەرگا داخستن لە ژوورەوە یەکتر لە ئامێز دەگرن. ئاڵتونی دایکی چینێک دەگری و بەخێرهاتنی پەرویز دەکات و سەری ماچ دەکات. خوشک و برا چووکەکەی پەرویز بە دیتنی براکەیان و گریانی دایکیان و هەروەها بارودۆخەکە سەرسوڕماو دەبن. ئەوان لەو تەمەنەدا زۆر لە سیاسەت و پێشمەرگایەتی تێناگەن و ئاگاداری هەوراز و نشێوەکانی ژیان نین. خەجیج تەمەنی ٧ ساڵە و محەممەدیش ٨ ساڵ، بۆیە زیاتر رواڵەتی مەسەلەکان دەبینن. منداڵەکان جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەوان لە ئامێزی زەمان و کاتدا دەژین و هاوشێوەی گەورە ساڵەکان لە رابردوو یان داهاتوودا ون نابن. پەرویز بۆ لای خەجیج و محەممەد دەچێ و لە ئامێزیان دەگرێت. پەرویز ئاگادارە، کە دایک و بابی لە گەڵ چەکدا نێوانیان خۆش نییە، بۆیە دەچێتەژوور و چەک و رەختەکەی تاقەت دەکات و لەبەر چاوانی دەشارێتەوە. ئاڵتون و خاڵە مینە زۆر بە حەسرەتەوە لە ژوورەکە دادەنیشن و خەجیج و محەممەد لە تەنیشت خۆیاندا دادەنێن. پەرویز لە تەنیشت بابی دادەنیشێ و ئەحواڵی خزم و جیرانەکان دەپرسێ. ناوبراو ئەندامانی ماڵ ئاگادار دەکاتەوە، کە زۆربەی رۆژەکان یادیان دەکات. زۆر یادی خوشک و براکەی کردوە و لە لوتکەی ماندوویەتی، ئارەقەڕشتن و شەڕدا وشە و وتەکانی بابی لە گوێدا دەزرینگێنەوە. لە گەڵ ئەو وردە گێڕانەوانە باس لە برینداربوونی خۆی دەکات، کە لە شەڕی سەر جادەی بانە ـ سەردەشتدا چوار مانگ لەوە پێش پێکراوە. ئاڵتون و خاڵە مینە بە دیتنی برینی دەست و پاشەسەری کوڕەکەیان زۆر تێکدەچن، بەڵام هەموویان دەزانن کە چارەنووس رەنگە لەوەش دژوارتر و تاڵتر بۆ مرۆڤ بەدیاری بێنێ. ئاڵتون و خاڵە مینە لەو کاتەدا دەپاڕێنەوە و داوا لە یەزدان دەکەن، کە کوڕەکەیان وێڕای هەموو خەڵکی دیکە لە رووداوی دڵتەزێن بپارێزێ. خاڵە مینە بەڕماڵەکە هەڵدەگرێ و نوێژی شوکرانە دەکات و پاش تەواوبوونی نوێژ بۆ خۆیان و کوڕەکەیان بە لێشاو دوعا دەکات. پاش ئارام و ئەهوەن بوونەوەی دۆخەکە، نانی ئێوارە پێکەوە دەخۆن. خاڵە مینە وەک دڵی خەبەری دابێ، داوا دەکات نانەکەیان بە پەلە بخۆن و هیچ سەیر نییە، ئەو شەو جیرانێک یان خزمێک بۆ دیدار یان کار لە دەرگا نەدات. پەرویز لە دۆخەکە نیگەرانە و بیر لەوە دەکاتەوە، ئەگەر میوانێک هات چۆن خۆی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پەنا بدات و کەس گوێی لە دەنگی نەبێ. ئەو هەتا ئەو شەو ئەو دۆخە تازەیەی تاقی نەکردۆتەوە، بۆیە داوا دەکات زوو پێڵاوەکانی لە ریزی پێڵاوەکانی خۆیان دەرکەن و لە ژوورەوە پەنایان بدەن. لەو قسانەدا دەبن، کە دەنگی دەرگا دێت و خاڵە مینە بە بەپەلە بە منداڵەکانی دەڵێ، کە ئەگەر میوان هاتن هیچ شتێک نەدرکێنن و منداڵی خەڵکی نەبەنە ئەو ژووری براکەتان. پەرویز زوو خۆی تاقەت دەکات و لە ژوورەکەدا لە پشت جاجمە نوێنەکان رادەکشێ. خاڵە مینە دەرگای حەوشە دەکاتەوە و دەبینێ ماڵی وەستا جەلالی تەنەکەساز بۆ شەونشینی هاتوون. وەستا جەلال لە بەر دەرگاکە لە دەستی زستان داد و فیغانەیتی و دەڵێ، ئەگەر ئەو شەونشینیانە نەبن بە ناوی هەموو پێغەمبەرەکان شێت دەبین و چنگ لە شاخی دەدەین. بە بیستنی ئەو قسانە، خاڵە مینە دڵێ ئارام دەبێ و دەزانی، کە ئەوان هیچ جێگای مەترسی نین و دڵساف و پاکن، بۆیە بە پێکەنینەوە بەخێرهاتنیان دەکەن. وەستا جەلال کوڕ و کچە گەورەکەی لە گەڵ خۆی نەهێناون و تەنیا دوو کچە چووکەکەی لە گەڵن، کە هاوتەمەنی محەممەد و خەجیجی خاڵە مینەن . هاوسەری وەستا جەلال ئایشێ خەڵکی رەبەتە و بنەماڵەکەیان لە گەڵ حیزبی دێموکڕاتن. رەبەت هێشتا لە ژێر دەستی پێشمەرگەدایە و بە ناوچەیەکی ئازادکراو دەژمێردرێ. پاش بەخێرهێنان و تێکردنی چا و دانانی میوە ژنەکان پێکەوە و پیاوەکان لە گەڵ یەکتر باسی ژیان، دوکان، سیاسەت و هەروەها منداڵەکان دەکەن. وەستا جەلال ئەحواڵی پەرویزی کوڕەکەیان دەپرسێ و خۆزگە دەخوازێت، کە ئەویش لەو سیاسەتە پیسە دوورە پەرێز دەبوو. کاکە بە بانگی محەممەدی سوێند بێ، کورد لەو شەڕەدا دەدۆڕێ. کاکە دەوڵەت جیاوازە و بە هەموو رێگایەک دەتوانێ سەربازگیری بکات، سەرانە وەرگرێ، نەوت و وڵات دەفرۆشێ، بەڵام ئێمە چیمان هەیە. بە زات و سیفەتی خودای، کوردایەتی خۆشە، بەڵام بە تەنیا ناکرێ. خاڵە مینە تۆ خۆت باش شارەزای حیزبایەتی و شۆڕشی کوردانی، بزانە قەت شۆڕشێک سەرکەوتوە! ئەوەتا هەین هەر دارەدارەی دەکەین و دواتر دەکەوینەوە و ساڵانێکی زۆری دەوێ هەتا تووشی گاگۆڵکەکردن دەبینەوە. بە سەری منداڵە خۆشەویستەکانم، بە قوەتی شانان نییە و ئەگەر خودا نەیکرد و خەڵک نەجوڵا هیچ کارێک سەرناگرێ. ئایشێ بە ئاڵتونێ دەڵێ، بە خوای خوشکێ ئەگەر دڵت خۆشکردبا و ژنت بۆ هێنابا قەت تووشی پێشمەرگایەتی نەدەبو. ئەوەتا ماڵی ئێمە لە رەبەت هەموو تێوەگلاون، بەڵام کەسیان لە دوارۆژ دڵنیا نییە. برایەکمان هەیە، کە زۆرجار باس لە رزگارکردنی کوردستان و ژنهێنان دەکات. خاڵە مینە و ئاڵتون کە باسی کوڕەکەیان کرا زۆر کپ و بێدەنگ بوون و بە هێواشی گوتیان، بە سەری خۆشەویستان ئێمە زۆرمان هەوڵدا، کە واز لەو فێعلانە بنێ. گەنج و جحێڵی ئەو سەردەمەی گوێ لە کەس ناگرن و زەمانە گۆڕاوە. کوڕ و کچی ئەو سەردەمە بە کەیفی خۆیان دەکەن و هەر خوا ئاگاداریان بێ. پاش شەونشینیەکی خۆش و بەسەربردنی کاتێکی شاد وەستا جەلال و هاوسەرەکەی خواحافیزی دەکەن. خاڵە مینە بە دیتنی ئاسمان و کڕێوە توڕە دەبێ و بە تەوسەوە دەڵێ، ئەو ساڵ ئاسمان یەکپارچە بۆتە چاڵە بەفر و لە هەموو کونان دەبارێ. ئاڵتون بە وتەکانی مێردەکەی تووڕەیە و نزا دەکات، کە لە سەر رێگای راست و رەوا راوەستاو بن و خوا گوێ لە بەندەی گوناهبار رانەگری، کە بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان توڕەیە.

پەرویز لە پشت جاجمەکان رزگاری دەبێت، بەڵام شەو درەنگە و لە بەر پاراستنی خۆیان بە باشی دەزانن، کە گڵۆپەکان وەکوژێنن و لە تاریکیدا هەتا خەویان لێدەکەوێ درێژە بە قسە و باسەکان بدەن. ئەو ماوەیە چەند کەسێک لە سەر هەڵکردنی چراتۆڕ و هەروەها گڵۆپ و نەکێشانی پەردەی پەنجەرەکانیان لە لایەن کوردە چەکدارەکانی رێژیم هەڕەشەیان لێکراوە. ئەو بنەماڵانەی هەتا درەنگانی شەو چراکانیان هەڵکراوە شک و گومانی ئەوەیان لێدەکرێ، کە میوانداری پێشمەرگە بکەن. لە ترسی ئەو دەنگۆ و هەروەها هەڕەشەی جاشەکان چراکانی ماڵ زوو دەکوژێنەوە و لە سەر جێگاکانیان درێژ دەبن. خاڵە مینە دڵەڕاوکەی زۆرە و لە ئێوارەوە لە ترسی ئاشکرابوون و هەروەها پەلاماری چەکدارەکانی رێژیم بۆ سەر ماڵیان تووشی زگچوون بوە و رێگای ئاودەست و تەوالیت بەرنادات. لە چاوی خاڵە مینە هەموو دونیا بۆتە گوندێکی بچکۆڵە و بە تێکڕا چاویان لە سەر ماڵ و بنەماڵەکەی ئەوە. شەو زۆر تین لە خۆی دەکات سەرە خەوێک بشکێنێ، بەڵام سوودی نابێ. ئاڵتون و پەرویز بە هێواشی قسە دەکەن و پاش خەوتنی خەجیج و محەممەد مەیدانی قسەکردن کراوەترە و باس لە رووداوەکان زۆرتر دەکەن. خاڵە مینە لە سەر دۆشەکەکەی ئارام ناگرێ و بە شێواز و فۆڕمی جیاواز رادەکشێ. ناوبراو دەچێتە سەر زگ و پشت و باوەشکێکی قوڵ دەدات و جنێوێک بە زەمانە دەدات. ئەو لە سەر جێگاکەی دادەنیشێ و پاش ماوەیەک بیرکردنەوە بە کوڕەکەی دەڵێ، رۆڵە زۆر بیر لەو چەند رۆژە دەکەمەوە، بۆیە ئەگەر خوانەخواستە ئاشکرا بووی یەکسەر خۆت تەسلیم بکە و ئاشکرای بکە، کە بۆ خۆت وازت لە دژە شۆڕش هێناوە و بۆ خۆرادەستکردنەوە هاتویتەوە. ئاڵتون کە شارەزای مێردەکەیەتی و دەزانێ چەندە تەنگەتاوە، بە ئارامی هانی مێردەکەی دەدات، کە بخەوێت و نیگەران نەبێ. سەرئەنجام لشکری خەو بە سەر سەربازە پەرتەوازەکانی خەیاڵ و زیندەخەونەکاندا سەردەکەوێ و ئەندامانی ماڵ بە تێکڕا دەچنە ئامێزی خەویکی شیرین. بەیانی رۆژی هەینییە و قوتابخانەکان داخراون، بۆیە نیگەرانی منداڵەکانیان نین و دەرفەتی پێکەوەبوونیان هەیە. ئەو شەوە سۆبەی داران گڕفەیەتی و گەرمایەکی تایبەت بە هەموو لایەک دەبەخشێ. سۆبەی نەوتێ تەنیا لە ژووری میوانان دانراوە، کە بە رێکەوت کەڵکی لێوەردەگرن و سەماوەر لە هەموو ماڵان ئەو ئامێرە خۆشەویستەیە کە نەوتی لێنابڕێ، چوونکە خەڵک ئۆگریەکی تایبەتیان بۆ خواردنەوەی چا هەیە.

مستەفا و حوسێن شەوی رابردوو لە ماڵەوە شەوێکی پڕ رووداویان بە سەر برد. مستەفا لە ترسی میوانان دوو جار بە زۆرەملی لە ژوورەوە خۆی پەنا داوە. ئەو بە ئاشکرا دەڵێ بۆ دیتن و دیداری ماڵ و خزمان هاتوومەوە و لەو خۆشاردنەوەی لە میوان و تەنانەت جیرانەکان بێزارم. بابی وەستا مستەفا جگەرە بە جگەرە دادەگریسێنێ و جاروبار ئاوڕێک لە وەستا مستەفا دەداتەوە و دەپرسێ، باشە ئەتۆ بۆ وازت لە وەستایەتی هێنا؟ لەو گوند و بەندەنانە کاری وەستایەتی پەیدا نابێ؟ کوڕم بۆ حیزبیش بەپارە کاری وەستایەتی بکە. ئەگەر ئەمن ئەو کارەی تۆم دەزانی، بە فەخری عالەم حیزبیان لەسەر تاپۆ کردبام، هەتا خڕێ دۆڵتانچکی نەدەچووم و لە شار نەدەچوومە دەر. لە درێژەدا مام دەروێش لە مستەفا رادەگەیەنێ، کە بەخودای ئەو رێژیمە پیسە و بەهارێ لەو گوندانەش دوورتان دەخاتەوە. باشە، دوکتۆر قاسملو چۆن لەو زەمانەی تێدەگات و چەندە بە دوارۆژ دڵخۆشە؟ مستەفا بە قسەی بابی خۆت دەکەی بۆ بەهارێ لەو گوندانە دەست بە کاری وەستایەتی بکە و پاش هاوینێکی دیکە وەرەوە شاری. هێشتا بە تەواوەتی هەوداکان نەپساون و تازە سەرەتایە و کەس بە کەسە، بۆیە پاش گەڕانەوە بۆ بنکەکەتان بیرێکی لێبکەوە. بەو زەوادەی لە سەر سەفرەیە و هەموو رۆژێ تامی دەکەین هیچ شتێک لە کوردایەتی خۆشتر نییە، بەڵام رۆڵە کوردایەتی بە هەموان سەردەکەوێ. پێشمەرگە بە کەڵاشیکۆف و دوو نارنجۆک و ژێ سێ یەک بەرگەی ئەرتەش ناگرێ. شەڕی دەوڵەتان بە دەستی بەتاڵ ناکرێ و خۆ ناشکوری نەبێ، لەو هەموو حەشیمەتە ژمارەیەکی کەم چەکیان هەڵگرتوە. ئەگەرلە هەموو شارە کوردییەکان بە هەزاران کەس چەکی هەڵگرتبا، ئەمن شەرمم دەکرد بە تۆ بڵێم بگەڕێوە و چەک دابنێ، بەڵام خۆ ئەو شۆڕشەش هەر بە تۆ، کوڕی مام کەریم، خاڵە مینە و پور ئازیزێ ناکرێ. شۆڕش تۆپ و تەیارەی دەوێ و دەبێ دەوڵەتی گەورە گەورە لە پشتت بن. کوردە بۆر بۆ خۆشی نازانێ چی دەوێ؟ وەستا مستەفا سپاسی بابی دەکات بۆ قسەکانی و دواتر لە سەر ژیانی رۆژانە پرسیاری لێدەکات. مام دەروێش دەڵێ، رۆڵە بازاڕ بە گشتی راوەستاوە، بەڵام خودا هەتا سەر هەبێ، بێگومان نان و ئاوی دەداتێ. ئێمە بەو دوکانەی هەمانە وردە پارەیەک پەیدا دەکەین و شوکور بۆ خوا موحتاجی دەستی کەس نین. منداڵەکان باشن و کوڕەکان لە دوکان و لە کاری هاوینەدا باشن. ئێمە بە قەناعەتەوە دەژین و لە سەر سفرەی بە خۆشی کاتەکان تێپەڕ دەکەین و ماڵێکی ئارام و پڕ لە بەرەکەتمان هەیە. کوڕەکان و شوکری خوشکت گەورە دەبن و دواتر حاڵمان باشتر دەبێ. ئەمن ئەوەتا هەم لە بەیانی نەترساوم و رۆژ و شەو باوەڕم بە خوڵقێنەری یەکتا و تاقانەیە. ئێمە بەندەی خوداین و لەو دونیایەدا چەند رۆژێک دەژین، بۆیە باشترە چاک و ئەهلی خێر و پیاوەتی بین.

حوسێنی ئازیزێ پاش گەیشتنە ماڵێ زۆر دڵخۆشە و لە گەڵ دایکی پێکەوە شەو بە باس و قسەکردن لە سەر جیران و خزمان تێپەڕ دەکەن. ئازیز خەمی ئەوەیەتی، کە هەموو کوڕ و کچەکانی دامەزراون، بەڵام حوسێن بە تەنیا ماوەتەوە. بابی حوسێن هەشت ساڵ لەوە پێش لە کاتی هەڵقەندنی کارێزدا دەمرێ. ئەو پاش هەڵقەندنی کارێزەکە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی کانیاوە تەقیوەکان دەبێ، کە بەشێک لە کارێزەکە دەڕوخێ و کۆتایی بە ژیانی مام حەمزە دێنێ. ئازیز لەو ماوەیەدا زۆرترین کاتەکانی لە گەڵ حوسێنی تێپەڕ کردوە و لە هەموو منداڵەکانی دیکە لە یەکتر نیزیکترن. ئازیز پێشنیار بە حوسێنی کوڕی دەکات، کە ئەگەر نیازی ژنهێنانی هەیە چەند کچێکی باش لەو گەڕەکە هەن و کاریک دەکات، کە بۆ یەکتر بینین بانگیان بکات. حوسێن دایکی تێدەگەیەنێ، کە پێشمەرگایەتی و ژنهێنان کارێکی دژوارە. پیاو کە ژنی هێنا و بوونە خاوەنی منداڵ، ناکرێ و ناگونجێ وەک سەردەمی سەڵتی هەڵسووڕ بێ. دایە، لە کوردەواریدا دەڵێن، ئەوەی لە سەر سەبرانە لە سەر خێرانە. با ئێمەش لە سەر سەبران بین و بە پشتیوانی خوا لە داهاتوودا خوازبێنی کچێک دەکەین، کە بە دڵی تۆ بێت. ئازیز قەناعەت بە قسەکانی کوڕەکەی دەکات و رادەگەیەنێ، کە دنیا پڕە لە ژن و ساڵیش نەبڕاون و سەرئەنجام ئەویش دەبێ.

کەماڵ و زارا لە گەڵ خوشکەکانی و کاوە پاش رۆیشتنی مستەفا، حوسێن و پەرویز دەرفەتێکی کراوەیان بۆ قسەکردن دەبێ. ئەوان بە کراوەیی باس لە خەم و کێشەکانی خۆیان دەکەن. پاش گیرانی مام کەریم دوو کێشەی گەورە لە ماڵدا سەریان هەڵداوە. یەکەم، کاوە مەیلی بۆ خوێندن نەماوە و نیازی هەیە ببێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. دووهەم، شیرین دەخوازێ مێرد بکات و ئەو کەسەی کە داوای دەکات، ناوبانگی باشی نییە و لە گەڵ پاسداڕ و بەسیجیان بینراوە و دەبیندرێ. زارا و لەیلا پێکەوە کێشەیان نییە و ئەوان بڕیاریان داوە، کە بەرگەی ئەو کێشانە بگرن و تەسلیمی رۆژگاری زاڵم نەبن. لەیلا لە بەر دژواری زەمان و ژیان چەند خوازبێنیەکی رەت کردۆتەوە و نیازی مێردکردنی نیە. ئەوان بە هاوکاری کەماڵ هەوڵی کردنەوەی گرێ کوێرەی کاوە و شیرین دەدەن. کەماڵ گوێ لە کاوە دەگرێ و رێنوێنی دەکات، کە کارێکی گونجاو نییە کە دایک و خوشکەکانی بە تەنیا بێڵێتەوە و تێکەڵ بە حیزبێک بێ. ناوبرا بە برایەکەی دەڵێ، کە هەر ماڵەو یەک کەسی بەردەکەوێ و ئەگەر لە هەموو کوردستان ئەو خەڵکە بەشداری لە شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا بکردایە، بێگومان ئەمڕۆ کارمان لە شوێنێکی دیکە بو. کاوە بیری لای شۆڕشی کرێکارانی جیهانە و زۆر بیر لە بیری نەتەوەیی ناکاتەوە. ئەو لە کتێب و بڵاوکراوەی کۆمۆنیست و کۆمەڵەدا خوێندیەتیەوە، کە دوا چارەسەر شۆڕشی کرێکارانە و هەتا ئەو ڕۆژە زوڵم و بێدادی کۆتایی نایەت. کەماڵ و حیزبەکەی زۆر دڵیان بەو کۆمۆنیستە ئاگرینانە خۆش نییە و دەزانن، کە سەرئەنجام کێشەیەک بۆ خەڵکی کورد لە کوردستان دەنێنەوە. کاوە باس لە چین و تەبەقەی کارگەر دەکات، کە خاوەنی بەرهەمن و سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان بە زۆر دەستیان بەسەردا گرتوە. کەماڵ لە کاوە توڕەیە و دەپرسێ، باشە مامە ریشنە مارکسەکەی تۆ چۆن چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتەدا دەکات؟ شۆڕشی کرێکاران چۆن ئەنجام دەدرێ و رێبەرایەتی ئەو شۆڕشە کێ دەیکات، ئاغا یان سەرمایەدا؟ ئەو پرسیارانە بۆ کاوە قورسن و ئەو هێشتا بە تەواوەتی نەچۆتە بنج و بناوانی کۆمۆنیزم و بیروباوەڕەکانی مارکس و لێنین. کەماڵ پاش تووڕەبوون لە کاوە و سووربوونەوەی لە خەیاڵ و قسەکانی براکەی، لە گەڵ شیرین قسە دەکات. ناوبراو وەبیر شیرین دێنێتەوە، کە ئەو خوشکی چووکە و لە کوردەواریدا خوشکی گەورە سەرەتا دەڕوات و دواتر خوشکی چووک مێردی دەکات. شیرین بەرگری لە خۆی ناکات، بەڵام دەیدرکێنێ، کە خوشکە لەیلا حەزی لە مێرکردن نییە و بڕیاری داوە مێرد نەکات. کەماڵ بە بیستنی ئەو قسەیە دەزانێ، کە شیرین خەونی مێردکردنی گەورەیە و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێ، بۆیە رێنوینی دەکات، کە کچ و کوڕ لە هەڵبژاردنی هاوسەردا پێویستە ورد و ژیر بن و فریوی قسە و رووکار نەخۆن. رۆژگار گۆڕاوە و مرۆڤەکان وەک جاران لە ماڵ نین و جوڵەی خەڵک لە جاران زیاترە، بۆیە هەتا بۆت دەکرێ لە گەڵ کەسێکی کارکەر و خاوەن فکری بەرپرسیارەتی ژیانی هاوبەش پێکبێنە. شیرین لە کاکی دەپرسێ، باشە ئەو بۆ ژن ناهێنێ و ناگەڕێتەوە ماڵ؟ کەماڵ وڵام ناداتەوە و دواتر بە بێدەنگی لە ژوورەکە دادەنیشێ و لە پەنجەرەی ماڵەوە چاو لە روخساری زستان دەکات. دارە توەکەی ماڵیان و هەروەها هێندێک پاشماوەی خواردنەکان باڵندەکان و بە تایبەت چوێلەکەکان لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە. ئەوان لە جوڵەدان و بە فڕینی بە پۆل لە حەوشەی ماڵان و سەربانان موژدەی نیزیک بوونەوەی بەهار دەگەیەنن. لەیلا لە تەنیشت کاکی دادەنیشێ و دەخوازێ، کە خەمی کاوە و شیرین نەخوات و لە گەڵ دایکی زیاتر لە جاران قسەیان لە گەڵ دەکەن و هیوادارە، کە ئەو برا و خوشکە سەرچاوەی ئارامی ماڵ بن. ئەندامانی ماڵ سەبارەت بە چارەنووسی بابیان زۆر خەمبارن، بەڵام لە گەڵ چارەنووسدا هیچ ناکرێ. لەیلا وەبیر ئەندامانی ماڵ دێنێتەوە، کە بابیان لە پێناوی بەختەوەری ئەواندا خۆی هاویشتە نێو ئاور و ئێمە نابێ بێوەفابین. بە وتەی لەیلا، بابیان پاش ئازادبوون دەبێ بە ئێمە و ناوبانگمان سەربەرز بێ. ئێمە پێویستە کوڕ و کچی باش و خاوەن کەسایەتی بین و ناکرێ وەک پووشکە و گیا وشکەی هاوین بە ئاسانی بە هەموو بایەک ببزوین و هەر رۆژەی لە کۆڵان و قوژبنێک بسووڕینەوە. دایکمان بەرگەی خەم و خەفەتی زیاتر ناگرێ و با هەر کەس لەبەر خۆیەوە یارمەتیدەر بێ. شیرین زۆر بە قسەکانی لەیلا دڵخۆش نییە و هەموو وشەیەکی خوشکەکەی بە بەربەستێک بۆ خۆی پێناسەدەکات. کاوەش هەوای داس و کوچکەکە لە سەری داوە. لە خەیاڵی ناوبراودا، بەیانی چینی کرێکار، رەفیق مارکس و لێنین وێڕای هاوڕێ مائۆ کلیل و رەمزی سەرکەوتن دەدەنە کرێکارانی قوربەسەری بێکاری کوردستان و وەرزێڕە دەست قەڵشیوەکان.

زارا دەزانێ ئەو رۆژانە بەنرخن و گوێ بە دمەتەقەی خوشک و براکان نادات و لە دەوری ژووری چێشت لێنان گورجوگۆڵ دێت و دەچی. ئەو بە نیازە ئەمڕۆ خواردنێکی خۆش بۆ کوڕەکەی ئامادە بکات، کە ساڵان گەورە پیاو و کوێخا و هەروەها ئاغاوەتیان پێ داوەت دەکردن. دۆکڵیو بە رۆنی خۆماڵی، کە زیاتر بە رۆنی کوردی دەناسرێ. دۆشاوی ترێی کۆڵەسەی هاوار دەکات و وێکڕا ئەندامانی ماڵ بۆ رێزگرتن لە دایک و باوکیان باسی مێردکردن و بوونە کۆمەڵە کۆتایی پێدێنن. جیرانەکان و گەڕەک لە هەناوی زستاندا کڕ و بێدەنگە و خەڵک سەرقاڵی کاروباری خۆیانن. رۆژی هەینی لە مزگەوتی سووری شار نوێژی هەینی دەکرێ و ماوەیەکە بە زۆر ئیمامی جومعە ناچارە باس لە شەڕی عێڕاق و رەوایەتی نیزامی ئیسلامی و هەروەها لاڕێبوونی دێموکڕات و باقی هێزە کوردییەکان بکات. خەڵک هێشتا بە تەواوەتی لە قاڵب نەدراون و تەوژمی خۆڕاگری کوردان دانەمرکاوەتەوە، بۆیە زۆر کەسی ئیماندار لە چوون بۆ نوێژی هەینی خۆدەپارێزن. بەشێک لە خەڵک دەچن و تەنیا لە نوێژەکەدا بەشدار دەبن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن. مەلا بۆ ئەوەی دڵی خەڵک و هەروەها خوا لە خۆی رازی بکات، هەموو رۆژێکی هەینی باس لە زۆرداری دەکات و خۆڕاگری خەڵک و موسڵمانان دژ بە کافر و زاڵمان بە ئەرکیکی ئایینی ناودەبات. ئەو ناوێرێ زۆر خۆی لە قەرەی سیاسەت و کوردایەتی بدات و بە خێرایی لە پرسەکانی تایبەت بە کورد و کوردستان تێدەپەڕێ و زۆر جاران بۆ خۆشاردنەوە لە هەڵوێست پەنا بە حەدیسێکی نەبوی دەبات، کە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام لە مەککە و مەدینە روویان داوە. بەشێکی زۆر لە نوێژکەران دەزانن، کە ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان لە گەڵ دینی ئیسلام ناتەبان و بە ناوی دین زۆر کاری قێزەون دەکەن و کوردەکان دەکوژن و بەندیان دەکەن. ئەوان ئاگاداری کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی گوندی قاڕنێ و قەڵاتانن. مەلاکانی کوردستان دەزانن، کە مەلا مەحمودی مەستورزادە مەلای گوندی قاڕنێ کاتێک قورئان لە سەر دەست لە پاسداڕەکان دەپاڕێتەوە، کە خەڵک نەکوژن و پێشمەرگە لەو گوندەدا نیە، چۆن وڵامی دەدەنەوە. پاسداڕەکان بە چەکی زاڵمانە دەستڕێژ لە مەلا مەحمود دەکەن و لە سەر خاکی کوردستان درێژدەکرێ. ژمارەیەک لە خەڵکی نیشتمانپەروەر رەخنە لە مەلا کوردەکان دەگرن و باوەڕیان وایە، کە نوێژکردن لە پشت ئەو ئیمام و مەلایانە رەواو و دروست نییە. ئەوان چاوەڕوانیان لە مەلا و ئیمام جومعەکانە، کە کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵک و لە سێدارەدانی رمەکی لاوەکان قبوڵ نەکەن. مەلاکان دەتوانن قورئان و حەدیس بکەنە پاڵپشتی داواکارییەکانیان و بەرگری لە گەلێکی مەزڵوم بکەن. مەلا کوردەکان زۆربەیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ئامادە نین لە پێناوی حەق و راستیدا سەر و ماڵی خۆیان فێدا بکەن. تەنانەت بەشێک لەوان لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیدا بە ناوی جیاواز و بۆ مەرامی خۆیان زۆر ناڕەوایانە دژ بە بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان وەستانەوە و چەکداری حیزبە سیاسییەکانیان بە کافر و لادەر لە رێبازی ئیسلام دەناساند.

خاڵە مینە لە جوڵە نەکەوتوە و بەو سەرمایە لە شەقامی سەرەکی شاردا وەک پیاوی قەرزدار توند تێدەپەڕێ. بە نیازە بۆ نوێژ بچێتە مزگەوتی سوور و یەک و دوو گەورە جاش ببینێ. ناوبراو کاتەکان بە دژواری تێپەڕدەکات و وەک لە سەر ئاور و ئاسن بێ. هەرچەندە هێزەکانی رێژیم زیاتر لە بنکەکانی خۆیاندان و لە دۆخی بەرگریدان، بەڵام ترس ئەوە نازانێ. سرووشت و چاوەکانی خاڵە مینە، سەرباز و پاسداڕی رێژیم لە سەر زەویی و ئاسمان دەبینن. کاتێک ناوبراو دەگاتە مزگەوت، ئیمام و خەتیب لە سەرەتای خوتبەکەیدایە و سڵاو بۆ پێشەوایان ئیسلام و ئیمامانی ئەهل سوننە و جەماعەت دەنێرێ. خاڵە مینە بە پەلە خۆی b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_nwej.jpgدەخزێنێتە ریزی دووهەمی نوێژکەران و ئاگاداری ئەوە نییە، کە چەندە نوێژکەرەکان بەو جوڵە کوتوپڕانە ئازار دەدات. حاجی رەحمان چاوێک لە خاڵە مینە دەکات و بە کورتی ئەحواڵی دەپرسێ. خاڵە مینە بۆ دۆزینەوەی جاشە بە ناوبانگەکان شار، کە لە ریزی یەکەمی نوێژکەراندا دانیشتوون خۆی بەرز و نەزم دەکات. پاش تەواوبوونی نوێژی هەینی ناوبراو بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە یەکێک لەو جاشانە و تۆقەیەکی گەرمی لە گەڵ دەکات. جاشەکە تێدەگات، کە خاڵە مینە رەنگە داواکاری یان کارێکی هەبێ. خاڵە مینە بە گوێی جاشەکەدا دەچرپێنی، کە پرسیارێکی هەیە و ئایا ئێستا گونجاوە بۆ قسەکردن؟. جاشەکە دەڵێ، خاڵە مینە ئەگەر پرسیارەکەت زۆر قوڵ و سیاسی نییە، بەڵێ ئێستا ئامادەم. خاڵە مینە دەپرسێ، ئەگەر پێشمەرگەیەک بگەڕێتەوە سەر ژیان و ماڵی خۆی، ئایا بەرپرسانی رێژیم لە ئیتلاعات و سپای پاسداران زیندانی دەکەن؟ چەکدارەکەی رێژیم دەڵێ، ئیسلام دینی بەخشین و عەفوکردنە و ئەگەر چەکداری سەر بە زیدی ئینقلاب تۆبە بکەن، بە فەرمانی ئیمام دەبەخشرێن. خاڵە مینە، بەو زستانە و لە نێوەڕاستی مزگەوتێ لە پرسیارکردن بەردەوامە و دەخوازێت، لە چۆنیەتی تۆبەکردنەکە تێبگات. چەکدارە کوردەکەی سەر بە رێژیم بە کورتی روونی دەکاتەوە، کە تۆبەی سیاسی بەو مانایەیە، کە ئەو چەکدارە لە کردەوە سیاسیەکانی پەشیمانە و داوای لێبوردن لە رەهبەری نیزام دەکات و قەت پاڵپشتی دوژمنانی شۆڕشی ئسیلامی و ئیمام ناکات. خاڵە مینە بە پێکەنینێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکە دەڵێ، بە خوا شەپکە توندە و باشترە پیاو لە ماڵی خۆی نەچێتەدەر. جاشەکە پرسیاری پەرویزی لێدەکات، کە لە کوێ چەکدارە و بۆچی ناگەڕێتەوە؟ خاڵە مینە هەڵوێستەیەک دەکات و دەپرسێ، کاکی من ئەوڕۆژانە کێ ئاگای لە کێیە؟ بە ماڵی خوای سوێند دەخۆم، کە رۆژگارەکە لە ئاخیر زەمان دەچێ و کوڕ بە قسەی بابی ناکات. سەردەمی ئێمە باب و دایک دەسەڵاتیان بە سەر کوڕ و کچی خۆیاندا دەشکا. ئەو سەردەمە هەموو لایەک لە دەوری یەکتر بووین و چ باسی شۆڕش و ئینقلاب نەدەکرا و ژیان یەکجار خۆش و پڕ لە جوانی بو. کاکە باوەڕت بێ، رەنگە ئێوە زۆرتر ئاگاتان لێبێ. ئێمە خۆت دەزانی دوکاندارین و ناتوانین بەدوای کوڕەکەمدا شاخ و دۆڵان بکەم. پاش ماوەیەکی دیکە مزگەوتەکە چۆڵ دەکرێ و چەند نوێژکەرێک بە دوای پێڵاوەکانیاندا دەگەڕێن. خاڵە مینە بەو نوێژکەرانە دەڵێ، ئەی ئەهلی مزگەوت و جەماعەت وەک من بکەن، ماوەیەکی زۆرە بە پێڵاوێکی زۆر کۆن و دڕاوەوە بۆ مزگەوت دێم و دەزانم کەس ئەو پێڵاوانەی ناوین. زۆر کەس بە ناوی نوێژکردن بۆ گۆڕینەوە پێڵاوەکان دێتە مزگەوت. ساڵان، کە ئینقلاب نەکرابو، پێڵاودزین زۆر کەم و دەگمەن بو، بەڵام ماوەیەکە پیاو دەبێ ئاگاداری سەر و ماڵی بێ. رۆژگارە و دنیا گۆڕاوە و تەنیا بە خوای چاک دەکرێ و ئیمان لاواز بوە. چەکدارەکەی رێژیم پێڵاوەکانی لە کیسە نایلۆنێک ناوە و مجێوری مزگەوت بۆی لە شوێنێک تاقەت کردوون. خاڵە مینە دەچێتە ماڵ و چیرۆکەکە بە تەواوەتی بۆ هاوسەر و کوڕەکەی دەگێڕێتەوە. ئاڵتون تووڕە دەبێ و داوای لێدەکات، کە ئەو چەند رۆژانە بەڵایەکیان بەسەر نەیەنێ. پەرویز لە کاری بابی دڵگرانە، بەڵام بێدەنگی هەڵدەبژێرێ و دەزانێ، کە خەمی منداڵ گەرانە. بۆ ئەوەی خاڵە مینە سەرگەرم بکات، داوای لێدەکات کە چەند بۆ خۆیی و هاوڕێکانی سەر و قاتێکی کوردی بدروێ و هەر کەس پارەی خۆی دەدات. خاڵە مینە لە بەرزی باڵ و پانی شانان دەپرسێ، بەڵام پەرویز پێشنیار دەکات بۆ زانینی ئەندازەی تەواوی ئەو هاوڕێیانە سەردانیان بکات و ئەوڕۆ باشترین کاتە. پاش نیوەڕۆیە، خاڵە مینە ماڵەکان دەگەڕێ و بە دیداری هاوڕێی کوڕەکەی شاد دەبێ. ئەندازەی پێویست بۆ دروینی قاتی کوردی لە مستەفا، حوسێن و کەماڵ دەگری و لە سەر رەنگی قوماشی خۆڵەمێشی یان خاکی ساغدەبنەوە. کاتێک خاڵە مینە ئەو کوڕانە و ماڵەکانیان دەبینێ غیرەتی دەچێتەسەر و بە خۆی دەڵێ، ئەو ترسە ترسەی ناوێ و مرۆڤ هەر جارێک دەمرێ. ئەو لە ماڵی وەستا مستەفا زیاتر دەمێنێتەوە و لە گەڵ مام دەروێش زۆر باسی رۆژگار دەکەن. وتەکانی مام دەروێش مرۆڤ ئارام دەکەنەوە و ناوبراو زۆر بە رووداوەکان تووڕە نابێ و هەڵەی مرۆڤ بە گوناە نازانێ. ناوبراو بۆ خاڵە مینە باس دەکات، کە مرۆڤ بۆ فێربوون هاتۆتە سەر گۆی زەوی و لە رێگای هەڵە و خەتاوە فێر دەبێ. مام دەروێش ترسی خۆی لە شەڕی نێوان کوردان ناشارێتەوە و ئەو شەڕەش بە گوناهێکی نەبەخشراوە دەزانی. بە گوێری تێگەیشتنی مام دەروێش ئەو هەموو حیزبە چەکدارە چۆن لە گەڵ یەکتر دەحەوێنەوە؟ ناوبراو رەخنەی زۆری لە کوڕانی مەلا مستەفا هەیە، کە بوونە هاوسەنگەری پاسداڕەکان و شەڕی سەنگەر بە سەنگەر لە گەڵ پێشمەرگەی کورستانی کوێستان دەکەن. خاڵە مینە بۆ مام دەروێشی دەستێنێتەوە و دەڵێ بەو دەستەی لە سەر قورئانم داناوە، ئەوانە بە ئەندازەی یەک سەرە دەرزی خێریان بۆ کورد نەبوە و نابێ. ئەوانە لە رابردوو و ئەمڕۆ و تەنانەت لە داهاتووشدا بە ناوی کوردایەتی خزمەتی دەوڵەتە خوانەناسەکان دەکەن. مام دەروێش باوەڕی وایە، کە گیا لە سەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە و باس لەوە دەکات، کە مەلا مستەفا و کوڕەکانی وەک یەکتر سیاسەت دەکەن، بەڵام لە دوو سەردەمی جیاوازدا. فەرقی باب و کوڕان نییە و کورد لە مێژە گوتویەتی، گەورە ئاوێ دەڕێژێ و بچووک پێی تێدەخات. سەردەمی مەلا مستەفا کوردی ئێمە لەودیو دەکوژران، دەگیران و رادەستی ئێران دەکرانەوە و ئەمڕۆ کوڕەکانی زیاتر لە باوکیان دەکەن. ئەوان لە وڵاتی خۆیان هەڵاتوون و غیرەتی گەڕانەوەیان نییە و سەرقاڵی یارمەتیدانی ئاخوندەکانن و وەک چەکداری بەکرێگیراو خەیانەت لە کوردی ئێرە دەکەن. خاڵە مینە بە پێکەنینەوە خواحافیزی لە مام دەروێش دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، کە چیرۆکی کوردان زۆر شپڕێوە و سەر و بنی ناچێتەوە سەر یەک، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە تووشی ئەو کێشە و گرفتانە بووین.

رۆژەکان بە پەلە تێدەپەڕن و حەوتووی دیدار خەریکە بەرەو کۆتایی دەڕوات. خاڵە مینە قاتە کوردییەکانی تەواو نەکردوە وبڕیارە بۆ پێنج شەممە تەواویان کات. کەماڵ، مستەفا، حوسێن و پەرویز لە رێگای دایک و بابیان یەکتر ئاگادار دەکەنەوە، کە پاش ئەوەی قاتەکان تەواو بوون لە شار دەچینەدەر. کەماڵ دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و لەو ماوەیەدا دوو جار بە نهێنی لە بنکەی رێژیم لە شێخ مەولانا، شیرکەتی نەوت، خانووی مەلا وەسیمی و پایەگای کانی بۆگەن نیزیک دەبێتەوە. ناوبرا مەبەستیەتی، وردە زانیاری لە سەر مۆڵگەکانی رێژیم کۆکاتەوە و ئەگەر گونجا لە کاتی گەڕانەوەدا بە چەکی سووک زەبرێک لە بنکەیەکی ریژیم بدەن. ئەو ئاگاداری ویستی هاوڕێکانی نییە و نازانێ، کە پەرویز چەندە بەرگەی ئەو کارە دەگرێ، چوونکە هێشتا برینی دەست و سەری بە تەواوەتی چاک نەبۆتەوە. کەماڵ ساغدەبێتەوە، کە شەوی چوونەدەر و پێش ئەوەی لە ماڵی ئەوان بچنەدەر دەتوانن پێکەوە کورتە کۆبوونەوەیەک بکەن و لە سەر ئەو بابەتە بیروڕا بگۆڕنەوە. لە هەڵسەنگاندنی یەکەمدا، باشترین شوێن بۆ زەبرلێدان بنکەی شێخ مەولانا یان شیرکەتی نەوتە. ئەوان پاش زەبرلێدان لەو بنکانە بە ئاسانی دەتوانن دەرچن و بەو زستانە هێزەکانی رێژیم تەنیا چەند رووناکی پەژێن هەڵدەدەن و بە چەکی نیوەقورس رێگاکانی دەوروبەری شار ئاورباران دەکەن. چەکدارەکانی رێژیم ئازایەتی و ئامادەیی چۆنەدەر لەبنکەکانیان نییە و ئەو پەڕی تەقە لە ئاسمان و رێگاکان دەکەن. رۆژی پێنج شەممە قاتەکان تەواو کراون و شەوانی دیدار گەیشتنە کۆتایی. وەستا مستەفا لە مام دەروێش و ماڵەوە ماڵئاوایی دەکات و بەرەو ماڵی حوسێن دەچێت. ئەوان پاش خواحافیزی لە پورە ئازیز، پێکەوە بۆ ماڵی پەرویز دەڕۆن و ماوەیەکی کورت لەوێ دەمێنەوە و پارەی قاتەکان دەدەنە خاڵە مینە. پاشان بە تێکڕا بۆ ماڵی مام کەریم دەچن و لەوێ کاتژمێرێک دەمێننەوە. کەماڵ لە بەر ئەندامانی ماڵەوە دەرفەتی قسەکردن لە گەڵ هاوڕێکانی بۆ زەبرلێدان لە بنکەیەکی رێژیمی نییە. کەماڵ لە هاوڕێکانی دەپرسێ، کە چەندە پارەتان داوە بۆ قاتەکان با دایکم بەیانی بیداتە خاتوو ئاڵتون. وەستا مستەفا دەڵێ، کاکە پارەکەی تۆ دراوە و دواتر حیساب دەکەین. چەکدارەکان وەک رۆژانی هاتن چەک و رەختەکانیان دەبەستن و باڵتۆ دریژەکانیان بەسەردا بەردەدەنەوە و بە جەمەدانەکانیان بەشێک لە روخساریان دادەپۆشن. شەوێکی ساردە و ئەستێرەکان بە جوانی دەدرەوێشنەوە. کۆڵان و شەقامەکانی شار کز و بێدەنگن و لە حەژەمەتی داگیرکاریی روخساریان دەرناخەن.

کەماڵ و هاوڕێکانی لە ماڵ دەردەکەون و خەمێکی گەورە بۆ ماڵەکانیان جێدێڵن. ئەوان لە گەڕانەوەدا زۆر خەمی تێکهەڵچوونیان نییە و دەزانن، کە ئەگەر لە سەر شەقامی شار هێزەکانی رێژیم بکوژرێن هەتا بەیانی کەس بە هاواریانەوە ناچێ، بۆیە زۆر ئاسایی یەکەم کۆڵانی گەڕەکەیان تێپەڕ دەکەن و دواتر b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_toyota.jpgدەکەونە سەر شەقام. کەماڵ لەو دەرفەتەدا باس لە بیرۆکەی زەبرلێدان لە بنکەیەکی رێژیم دەکات، بەڵام هاوڕیکانی بە گونجاوی نازانن. مستەفا و حوسێن وەرزی وشکانی بۆ ئەو چالاکیانە بە گونجاو دەزانن و پەرویز دەرفەتی قسەکردنی نابێ، چوونکە لەو کاتەدا تویوتایەکی نیزامی بە بەردەمی ئەواندا تێپەڕی. ئەوان کەمێک دەشڵەژێن، بەڵام لە پڕ دەڵێن ئەگەر بگەڕێتەوە راوی چاکە و سەرو دەستڕێژێکی لێدەکەین و دواتر بەو رێگایەدا سەردەکەوین. بۆ ئەو مەبەستە پەرویز دەنێرنە کۆڵانی بەرامبەریان و پێشنیاری پێدەکەن، کە هەتا تەنیشت چاڵە بەفرەکەی گۆڕستانەکە بڕوا، بەڵام کە تەقە دەستی پێکرد، لە شوێنی خۆی هەڵنەستێ. وەستا مستەفا، حوسێن و کەماڵ لە دوو شوێنی جیاواز و بە دووری ١٠ میتر لە یەکتر خۆیان مات دەکەن، بەڵام خەبەری گەڕانەوەی ئوتۆمبیلە نیزامیەکە نییە. ئەوان خەریکە چەکەکانیان بە شاندا بکەنەوە، بەڵام دەنگی ئوتۆمبیلەکە دۆخەکە دەگۆڕێ. سێ چەکی کەڵاشینکۆف لەو شەوە ساردەی زستاندا خەریکە بیرۆکەکان دەکەنە کردە و لە بیر و وشەکان رووداو دەخوڵقێنن. قامکەکان لە سەر پەلاپیتکەی چەکەکان سڕ و دڵەکان لە بەردەم دەستڕێژی چەکەکان خێراتر لێدەدەن. لە ماوەی کەمتر لە خولەکێکدا چاوەکان پێویستە تیژ بن و هەڵە نەکەن و تەنیا لە هێز و کەلوپەلی نیزامی بدەن. ئوتۆمبیلە نیزامیەکە بە خێراییەکی زۆر خەریکە لە چەکدارەکان تێپەڕێ، بەڵام ئاگری چەکەکان لە سەر سینگی شەقام شۆفیر و سەرنشینەکانی وێڕای ماشێنەکە لە کار دەخەن. شۆفیرەکە و چوار بەسیجی لە کۆتایی ساتەکانی تەمەنیان هاواری ئەڵڵاهوئەکبەر و یا حوسێن سەرهەڵدەدەن. پێشمەرگەکان بۆ دڵنیابوون بە پەلە لە ماشێنەکە نیزیک دەبنەوە سەر و دەستڕێژی لێدەکەن و دەڕۆن. ئەوان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و لە بەر دۆخی تایبەتی پەرویز لە چوونە سەر کوژراوەکان خۆ دەبوێرن و ئەو دەسکەوتە بۆ خۆیان بە تەواو دەزانن. ئەوان بە پەلە دەگەنە شوێنی دیاریکراو و پاش یەکگرتنەوە لە گەڵ پەرویز بەرەو پشت گەڕەکی دۆڵتانچک دەڕۆن. هێزەکانی رێژیم لە چەند مۆڵگەیەکەوە بە چەکی جیاواز رێگاکانی دەوروبەری شار ئاورباران دەکەن. بۆ دیتنی زیاتری ناوچەکە لە شەودا مۆڵگەکانی رێژم چەند رووناکی پژێنێک هەڵدەدەن و لە ژێر تیشکی ئەواندا درێژە بە ئاوربارانی کوێرانە دەدەن.

رێگای دەرچوون لە شار بە داوینی گردە سووردا تێدەپەڕێ. ئەو رێگایە بۆ چەکدارەکانی بە رێگای رەش ناسراوە، بۆیە لە کاتی سازبوونی تێکهەڵچوونی چەکداری هێزەکانی رێژیم لە درستڕێژی چەکەکانیان بێبەشی ناکەن. چەکدارە کوردەکان لە ماوەی نیو کاتژمێرێکدا لە بازنەی دیتنی مۆڵگەکانی رێژم دەردەچن و دەگەنە گۆڕانان. ئەوان لە رێگادا تووشی چەند کۆڵبەرێک دەبن، کە لە بەر دەستڕێژی کوێرانەی دوژمن و هەروەها تەقینەوەی چەند خۆمپارەیەک (هاوەن) خۆیان لە بەفردا تەخت کردوە و کۆڵەکانیان بۆ پارێزگاری لە جەستەی خۆیان لە سەر شان هەڵناوە. پێشمەرگەکان سڵاوێکی ئارام لە کۆڵبەرە درێژبوەکان سەر سینگی بەرفر دەکەن و دەڕۆن. کۆڵبەرەکان بە غیرەتی ئەو چەکدارانە راست دەبنەوە و خۆیان لە ترسی مردن رزگار دەکەن و کۆڵەکانیان بەرەو گوندی ژاژۆکە دەبەن. بەشێک لە کۆڵبەرەکان شەوان دوو کۆڵ کاڵایانە دەگوازتەوە. رۆژانە چەکدارەکانی رێژیم و کوردە بەسیجەکان لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شار و لە سەر رێگا گشتییەکان رادەوەستن و سەرقاڵی گرتنی کەلوپەلی خەڵکن. لە ئاکامدا، خاوەن بار و کەلوپەلەکان ناچارن شەوانە کاڵاکانیان بۆ دەرەوەی شار بگوازنەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge4.jpgپاش کاتژمێرێک کەماڵ و هاوڕێکانی دەگەنەوە بنکەی دێموکڕات لە مارەغانی. پێشمەرگەکان و خەڵک لە تەقەی شار نیگەران بوون و هەر کەسە و لێکدانەوەیەکی بۆ کردوە. بەرپرسی دەستەی کاوە مارەغانی زۆر ئاگاداری چوونەوەی ئەو پێشمەرگانەیە بۆیە، لە چارەنووسی ئەوان نیگەرانە. بە تایبەت، کە ئەوان بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە بگەڕێنەوە و رۆژێک وەدرەنگ کەوتوون. هەواڵی ئەو رووداوە بۆ رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران رەوانە دەکرێ و دوای چەند رۆژێک وەک چالاکیەکی چەکداری دەخوێندرێتەوە. خەڵکی شار بۆ رۆژی دواتر بە ترسەوە پرسیار لە یەکتر دەکەن و ئەوان تامەزرۆی بیستنی هەواڵی رووداوی شەوی رابردوون. بەشێک لە خەڵکی سەر ئەو شەقامە و نیزیک رووداوەکە، لە پەنجەرەی ماڵەکان بە ئاگاداری دوادەستڕێژی چەکدارەکان لە تویوتا نیزامیەکەن. رێژیم بەرەبەیانی زوو، هێزەکانی بە شاردا بڵاو دەکاتەوە، کە لە سێبەری خۆیان دەپرینگێنەوە و هەر هەنگاوێک بە ئەڵڵاهوئەکبەڕێک دەچنەپێش. بەشێک لەو پاسداڕ و بەسیجیانە دەگەنە سەر ماشینە بە گوللە دابێژراوەکە و تەرمی چوار چەکداری رێژیم دەدۆزنەوە، کە شەوی رابردوو کوژراون. ئەوان بۆ شاردنەوەی رووداوەکە تێدەکۆشن خوێنە رژاوەکە بە ئاو بشۆنەوە، بەڵام لەو کارەدا زۆر سەرکەوتوو نابن، چوونکە ژمارەیەک لە جیرانەکان لە کەلێنی پەردە کێشراوەکانیان شاهیدی ئەو رووداوەن و دەزانن چی قەوماوە. هێزەکانی رێژیم بە زەحمەتێکی زۆر ماشێن و کوژراوەکان لە شوێنی رووداوەکە دەگوازنەوە. ئیتلاعاتی سپا چەند چەکداریکی کورد کۆدەکاتەوە و شەنوکەوی ئەو رووداوەیان لە گەڵ دەکات. بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخەکە ژمارەیەک چەکدار بۆ پشکنینی چەند ماڵێک لە شوێنی رووداوەکە و هەروەها ٤ گەڕەکی شار دەنێرن، کە دەروازەی هاتوچۆی شار و گوندەکان بە ئەژماردێن. زۆربەی خەڵک لەو رووداوە شادن و کەمتر دەترسن، چوونکە ئەوان بە هیچ جۆر ئاگاداری ئەو رووداوە نین و هیچ چەکدارێک خۆی لە ماڵەکانیاندا حەشار نەداوە. بۆ پشکنینی ماڵەکان کوردە چەکدارەکانی رێژیم وەک شارەزا لە ریزی پێشەوەن و ئەوان لە بەرچاوی پاسداڕ و بەسیجیەکان لە هیچ کردەوەیەکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە هاوشارییەکانیان خۆنابوێرن. لە جنێو و شکاندن و تەنانەت لێدانی ژمارەیەک گەنج و لاو تەنەخی ناکەن و بە چەکدارەکانی رێژیم دەیسەلمێنن، کە ئەوان خۆفرۆشێکی راستەقینەن و پڕ بە دڵ ئامادەی خەیانەتن.

ماڵی مام کەریم، خاڵە مینە، پورە ئازیز و مام دەروێش پاش دەرکەوتنی کوڕەکانیان هەتا بەیانی چاویان لە سەر یەک دانەناوە. ئەوان شەو هەتا بەیانی دەست بە دوعا بوون و بۆ سڵامەتی کوڕەکانیان پاڕانەوە. بەیانی هەموو ئەو بنەماڵانە پێش خەڵکی دیکە لە ماڵ دەچنەدەر و بە دوای هەواڵەکاندا دەگەڕێن. بە رێکەوت مام دەروێش، خاڵە مینە و هاوسەرەکەی، زارای مام کەریم و هەروەها ئازیزی دایکی حوسێنی لە دەوروبەری سەرچاوی شار لە یەکتر هەڵدەنگون. ئەوان لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانن و بە پارێزەوە سڵاو لە یەکتر دەکەن و بە کورتی دەپرسن، ئایا هیچتان بیستوە؟ مام دەروێش دەڵێ نیگەران مەبن، ماوەیەک لەوە پێش پێشمەرگەیەکی موسڵمان تەنیا باسی کوژرانی چوار چەکداری رێژیمی کردوە، کە لە ماشێنەکەیاندا کوژراون. ئاگاداری خۆتان بن و بچنەوە ماڵ و کوڕەکان بە هیممەتی خوا سڵامەتن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_besij.jpgچەکدارەکانی رێژیم وەک ژەنگە سوورە هاروژێندراون و بەو زستانە لە سەر شەقام و کۆڵانی تەنیشت بنکەکانیان خەڵک چاوترسێن دەکەن. ئەوان پاش پشکنینی ماڵەکان بە دەستی بەتاڵ گەراونەوە و بەرپرسانی سپا لە شار نیگەرانن. ترسی ئەوان لە دووپاتبوونەوەی ئەو هێرشە کوتوپڕانەیە، بۆیە داوادەکەن و هەوڵدەدەن سەرە داوێک لەو رووداوە پەیدابکەن. بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوەکان ئەوانیش گوێ لە رادیۆی هێزە کوردییەکان دەگرن، بۆیە ئاشکرابوونی ئەکتەرەکانی پشت ئەو رووداوە بە رادیۆ دەسپێرن. پاش خوێندرانەوەی خەبەرەکە لە رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بەرپرسانی سپا و ئیتلاعاتی دڵنیا بوونەوە، کە ئەوانە دەرچوون و لە شاردا خۆیان پەنانەداوە. بەرپرسی سپا جاشەکان رادەسپێرێ، کە زانیاری لە سەر ئەو ماڵانە کۆبکەنەوە، کە کوڕەکانیان لە گەڵ حیزبە هەڵوەشاوەکان و دژە شۆڕشن. لە ماوەی چەند رۆژێکدا ناوی زۆربەی ئەو بنەماڵانە دەدرێتە بەرپرسانی سپا و ئیتلاعات و بەمجۆرە سیخوڕە کوردەکان وەک کەو بۆ لەداوخستنی کەوەکانی دیکە دەخوێنن و دەبنە داردەستی نوێنەرانی وێرانی و ئاژاوە.

شیرین لە پێناوی دڵداری و گەیشتن بە کەسێکی نیزیک لە رێژیم خەریکە هێڵە سوورەکان دەبەزێنێ. ئەو لە گەڵ تازە بەسیجییەک ئاشنا بوە و لە پێناوی گەیشتن بە یەکتر دژ بە بیری کوردایەتی دەوەستێتەوە. ناوبراو، بە سرووشت و کردەوەکانی بە کچکێکی سەنگین و گران نەدەبیندرا و تەنیا لە سەر بناخەی هەست و پێکەنین رووداوە چووک و گەورەکانی دەدیت. لە کاروباری ماڵدا مرۆڤێکی قالبگران و لە تێگەیشتن لە نەخشی دایک و خوشکەکەی سەرگران و لاسار. هەر مرۆڤەی جۆرە سرووشتێکی هەیە و بە شێوازێک لە گەڵ دەوروبەردا هەڵسوکەوت دەکات. بەشێک لە شارەزایانی پەروەردە لە رادەبەدەر باس لە کاریگەرییەکانی پەروەردە لە سەر منداڵ دەکەن، بەڵام ئەوان کەمتر بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆنە ئەندامانی یەک بنەماڵە لە گەڵ یەکتر جیاوازن. لەیلا و شیرین دوو کچی یەک بنەماڵەن. لەیلا خەمی ماڵ و ئەندامانی خێزانەکەی هەڵگرتوە. ئەو وێنە گشتییەکە دەبینێ و لە پێناوی گەیشتن بە پیاوێکدا ئامادە نییە هەموو شتێک فیدا بکات. شیرین لە دەریای دڵداریدا خنکاوە و بەرامبەرەکەشی لە پێناو تێرکردنی کفوکوڵی تێپەڕ و هەروەها دەستگیرکردنی لە پارووی چەوری ئینقلاب لە گەڵ رێژیم و بە تایبەت ئیتلاعاتی سپا تێکەڵ دەبێ. ئەو لە کاری گەیاندنی خەبەری نێو خەڵک و هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکان چالاکە، بەڵام شیرین ئەو روخسارە دزێوەی دۆستەکەی نابینێ. لەیلا و دایکی رۆژانە رێنوێنی شیرین دەکەن، کە وریا بێت و ژیانی خۆی نەفەوتێنێ. پورە زارای دایکی، کاتێک لە دووپاتکردنەوەی راستیەکان ماندوو دەبێ، باس لە پەندێکی کوردی دەکات، کە چۆنیەتی هەڵبژاردنی هاوسەر بە جوانی شیدەکاتەوە، کە بریتییە لە “ئەوەڵ تەخت و ئەوەڵ بەخت”. شیرین لە بەر بیرکردنەوەی کورت و خوار و خێچ، تانە و تەشەر لە لەیلای خوشکی دەدات، کە تەنیا لە بەر ئەوەی پێش ئەو مێردی دەکات، دژایەتی دۆستەکەی دەکات.

کاوە لە بەر جیهانی کرێکاران و چەکوچ و داسی سەر ئاڵا سوورەکان زۆر تێکەڵی ئەو رووداوانە نابێ. رەنگە بە باوەڕی ئەو سەرکەوتنی چینی کرێکاران کۆتایی بەو هەموو خەم و چەوسانەوە بێنێ، بۆیە خەبات بۆ سەرخستنی سۆسیالیزم بە ئەرکی یەکەم و پێویست دادەنێ. ناوبراو لەو ماوەیەدا بە تەواوەتی گۆراوە و چەند جارێک بە گوێی دایک و خوشکەکەی هەڵێناوە، کە دوای خوێندنی ئەوساڵ چەکی بەرابەری دەکاتە شان. پورە زارا لە کاتی توڕەبوون و شەکەتیدا چەند جنێویکی کوردانە و لەبار بە شوعاری حیزبەکان و بە تایبەت داس و چەکچوکە دەدات. ئەو زۆر لە مەسەلەی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم نازانێ و زیاتر پاچ، داس، تەورداس و بیور دەبینێت، بۆیە زۆر جاران رادەگەیەنێ، کە ئەوانە هەموو ژەنگێ دەێنن. بە باوەڕی ناوبراو، تەنیا خوا، دایک و باب و چاکە ژەنگ ناهێنن.

شیرین لەو ماوەیەدا دەچێتە بازاڕ و لە دوکانی نەریمانی هێندێک پێداویستی ماڵ دەکڕێ، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا لە بەرامبەر پادگانی شار تووشی دۆستەکەی، خالید دەبێ. خالید دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و ماوەیەک لە گەڵی رادەوەستێ و پرسیاری لێدەکات، ئاخۆ بۆ داخوازی خەڵکی ناسراو بنێرێ یان نا؟ شیرین سەردادەخا و دواتر دەڵێ، ئەدی چاوەڕێی چی دەکەی؟ شیرین وردبین نییە و لە کاتی قسەکردندا ئاشکرای دەکات، کە برا گەورەکەی، دایک و خوشکی دژایەتی ئەو کارە دەکەن، بەڵام ئەو خۆی شەرتە. خالید بە مەبەستی تایبەت و سیخوڕی لە شیرین دەپرسێ، کە چۆن و کەی ئەو باسەتان لە گەڵ کەماڵ کردوە؟ شیرین بە ساویلکەیی باس لە دیداری کەماڵ و هاوڕیکانی دەکات، کە ماوەیەک لەوەپێش سەردانی شاریان کردوە و چەند رۆژێک لە ماڵ ماونەوە. خالید بە وەرگرتنی ئەو خەبەرە شاگەشکە دەبێ! پاش ئەوەی چەند پرسیاریکی دیکەی لێدەکات، بە شیرین دەڵێ، بە دایکت بڵێ سەرەتا چەند ژنێک دەنێرین و با ئەوان رێگاکە خۆش کەن و دواتر پیاوەکان بۆ خوازبێنی دەنێرم. خالید کە سەرمەستی خەیانەت و خۆفرۆشییە، خەیانەت لە دۆستەکەی دەکات. ئەو وەک مرۆڤیکی شکاو و نیشتمانفرۆش هەتا ناوەندی ئیتلاعاتی سپا راناوەستێ و یەکسەر داوای بینینی بەرپرسی یەکەم دەکات. پاش ماوەیەک چاوەڕوانی، پاسدار رفیعی بانگی دەکات و وەک کوردان پرسیاری لێدەکات، کە رێویت یان شێڕ؟

خالید، بە فارسیەکی تێکشکاو و تێکەڵ لە گەڵ کوردی بەمجۆرە وڵامی پاسداڕەکە دەداتەوە:”قوربان خبر خیلی بزورگ برای شوما دارم. من شنیدم، کە پسران مام کریم، مام درویش، آزیز و خال مینە تقریبا هفت شب و روز در شهر خوابیدە و خوردە و گفتەاند. فکر من زیاد می رود، کە این کافران لامسب چهار برادر b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_pol.jpgاسلام را شهید کردند” (بەڕێز هەواڵێکی گرینگم بۆ ئێوە هێناوە. بیستوومە، کە کوڕی مام کەریم، مام دەروێش، ئازیز و خاڵە مینە حەوت شەو و ڕۆژان لە شاردا ماونەوە. بە باوەڕی من ئەو کافر و بێ دینانە دەستیان لە شەهیدکردنی چوار برای موسوڵماندا هەیە). پاسداڕ رەفیعی، کە پەیامەکە دەبیستی زۆر ناچێتە قوڵایی باسەکە و دەستخۆشی لە خالید دەکات و بە سەربازی ئیمامی زەمانی ناودەبات. ناوبراو لە مێزەکەی بەردەمی چەپکێک پارە دەردێنێ و وەک شیرینی دەیداتە خالید. خالید دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێ و لە پاسداڕەکە دەپرسێ، ئەگەر سەربازێکی ئیمامی زەمان زەماوەند بکات، برادەرانی سوپا چەندە یارمەتی دەکەن. رەفیعی بە پێکەنینەوە دەڵێ، خالید سەربازی ئیمامی زەمان ژن ناهێنن و بە گومناوی سەردەنێنەوە. ئایا تۆ کەسی دڵخوازی خۆت دیتەوە؟ کەی نیازت هەیە و چەندە لە سەر ئەو مەسەلەیە پێداگر و مکوڕیت؟ خالید بە فارسیەکی خۆش روونی دەکاتەوە، کە گیرڤانی بەتاڵن و پێویستی بە یارمەتی بەپەلەیە، چوونکە نیازی هەیە لەو رۆژانەدا خەڵک بۆ خوازبێنیی بنێرێ. رەفیعی بەڵێنی پێدانی چەند هەزار تمەنێکی پێدەدات و لە یەکتر جیادەبنەوە. پاش رۆیشتنی خالید، رەفیعی بیر لە قسە و وتەکانی خالید دەکاتەوە، کە لە دوو بابەت پێکهاتبوون، یەکەم بابەتی بوونی چەند چەکدارێکی دژە شۆڕش لە شار و دووهەم پرسی ژنهێنان. ئەگەر خالید بابەتەکانی تێکەڵ نەکردبان رەنگە پرسی بوونی کوڕانی مام کەریم و ئەوانی دیکە زۆر بە جیددی وەرگیرابا. ئەگەر خالید باسی کچی مام کەریمی کردبا، کە بەنیازە بیخوازێ، رەنگە سەرەداوێک بکەوتایە دەستی ئیتلاعات و دواتر بە شێوازی خۆیان ئەو هەواڵەیان ساغکردبایەوە. خالید پاش چوونەوە ماڵ و بیرکردنەوە سیخوڕیەکەی تێدەگات، کە چ دەستەگوڵێکی بە ئاو داداوە و گەڕانەوەش دژوارە. ئەو بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخی شیرین ئێوارە بە نهێنی سەردانێکی کۆڵانەکەیان دەکات. شیرین کە هەموو خەم و ئەرکەکانی بریتین لە دڵداری و مێردکردن لە ماوەیەکی کەمدا خالید دەبینێ، کە لە سەری کۆڵانەکە راوەستاوە. بۆ دیتنی خالید، شیرین تاو دەداتە تەنەکەی زبڵەکە و لە حەوشە دەچێتەدەر و لە پەنا ئەو کارەدا ناوبراو لە گەڵ خالید چەند قسەیەک دەگۆڕێتەوە. خالید دەڵێ تازە لە ئیتلاعات دێمەوە و ئەو هەواڵەی تۆم بەوان راگەیاندوە و پارەیەکم وەرگرتوە، بەڵام باسی ئەوەم نەکردوە کە لە چ کەسێکەوە ئەو خەبەرەم بەدەست گەیشتوە. خالید داوا لە شیرین دەکات، کە ئەو کارە لێکەوتەی خەراپی دەبێ و دوژمنایەتی لە نێوان ئێمە و ئەو خەڵکەدا ساز دەکات، بۆیە باشترە کە تۆ بڵێی، کە خەبەرەکە راست نییە و تەنیا بۆ ئەوەی دایک و خوشکەکەت لە گەڵت خەراپن ئەو هەواڵەت سازکردوە، دەنا کەماڵ و هاوڕێکانیت نەدیوە. خالید چەند جارێک داوای لێدەکات، کە لەوە زیاتر ئەو باسە نەکاتەوە و رەنگە ئەویش لە لای سپا و بەرپرسانی ئیتلاعات بەدناو و درۆزن دەرچێ. شیرین لە نێوان دوو بەرداشدا گیری خواردوە و نازانێ چ بکات. ئەویش بیری لەوە نەکردۆتەوە، کە ئەگەر ئیتلاعات و بەرپرسانی سپا بزانن کەماڵ و هاوڕیکانی لە شار بوون، تاوانی کوشتنی ئەو چوار کەسە دەخرێتە ئەستۆی ئەوان و زۆر کەس بەند دەکرێن. شیرین لە پێناوی گەیشتن بە خالید هەڵەی کوشەندەی کردوە و هەڵسوکەوتی ناوبراو و بەتایبەت خالید بۆ زۆر کەس پڕن لە گومان. پورە زارا و لەیلا کە شیرین دەبینن تەنەکە زبڵەکە هەڵدەگرێ و ماوەیەک ناگەڕێتەوە کەمێک شک و گومان دەکەن. بۆ ئاگاداربوون لە شیرین چەند هەنگاوێک هەتا سەری کۆڵانەکە دەڕۆن و شیرین و خالید پێکەوە دەبینن. پورە زارا لەو زستانەدا دادێتە بەفرەکە و دوو لەتکە سەهۆڵ بە خالیدی دادەدات و بە جنێودان لەو ناوە راوی دەنێ. پورە زارا یەک پارچە تووڕەیە و هەتا دەگاتە ژوورێ چەند مستەکۆڵەیەک لە شیرین دەدات و چەند جارێک دەڵێ، سەرت لە قوڕێ دەنێم، کەس نەماوە بە دوای جاش و سیخوڕان نەکەوی. تۆ برات پێشمەرگەیە و بابت هەتا ئێستا خەبەری نییە. ئەمن و لەیلا چۆن دەتوانین پارێزگاری لە تۆ بکەین. هەموو کچێک مێردی دەکات، بەڵام خۆ مێردکردن گەمە و خانوچکەی منداڵان نییە، کە هەموو رۆژێ سەرلەنوێ سازی کەیەوە و دواتر بیڕوخێنیەوە. هەر کچێک کە مێردی دەکات، ئەگەر وریا نەبێ دواڕۆژی دەدۆرێنێ. ئەوەتا خەڵکی ئێرانی فریوی پیاوێکی فێڵبازیان خوارد و ئەمڕۆ هەموو لایەک پەشیمانن. مێردکردن کارێکی گەورەیە و کوردان لە کۆنەوە پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن، کە چەند جار دەبێ بیپێوی و یەکجار بیبڕی. شیرین ناوێرێ باسەکە بە تەواوەتی بکاتەوە و تەنیا ئەوەندە دەگێڕێتەوە، کە ئەو کوڕە بە نیازە چەند کەسێک بنێرێ بۆ دیتن و خوازبێنی. لەیلا و پورە زارا هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەن و نازانن چەندە و چۆن ئەو پرسە چارەسەر بکەن.

کاوە لە سەر پشت راکشاوە و خەریکی خوێندنەوەیە و کاری بەسەر ئەو کێشە و گرفتانە نییە. ئەو وەنازانێ مێشێک میوانیەتی و ئەگەر پرسیاری چۆنیەتی چارەسەرکردنی دار و بەردی لێبکەی، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ مارکس و دیکتاتۆری پرۆلێتاریا بە چارەسەری هەموو کێشەیەک دەزانێ. ئەو لەو تەمەنەدا دڵی بە وشە و رستە جوانەکان دەگەشێتەوە و ئاگاداری ئەزموونی گەلانی دیکە لە سەر دەرسەکانی مارکس و سۆسیالیزم نییە. بە واتایەکی دیکە، کاوە بە جۆرێکی دیکە ئاشقی بیرۆکەیەک بوە و لە پێناوی گەیشتن بە شاری خەیاڵی کۆمۆنیزم ئامادەی هەنگاو هەڵگرتنە. ئەو لە قوتابخانەش قوتابیەکی بێدەنگە و کەمتر خۆی تێکەڵ بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی رۆژانە دەکات. لە گەڵ دین و قورئان پێوەندییەکی پتەوی نییە و تەنیا بۆ خۆرزگار کردن و دەرچوون لە دەرسی تایبەت بە دین وانەکانی دەخوێنێ. لە گەڵ دایکی لە سەر شوێنی جێگریبوونی خوا کێشەیان هەیە و پورە زارا بە دوو جنێو و قسەی سووک کاوە بێدەنگ دەکات. کاوە دایکی بەوە توڕە دەکات، کە ئەگەر ئیسلام و نیزامی ئیسلامیتان دەوێ، فەرموو مامە ریش پەشمەک وەک دیاری بۆ ئێرانیەکانی هێناوە. دایکی کاوە بە بیستنی ئەو قسانە زمانی هەر ئاورانە دێنێ و دەڵێ، هەی چوارپێ بە ریشی ئەو ریش پەشمەکە هەڵمیزی و خودا بیباتەوە.

رەفیعی رۆژی دواتر بە سواری تویوتا رەنگ خاکیەکە دەچێتە ماڵی خالیدی، بەڵام خالید لە ماڵ نابێ. ناوبراو پاش ماوەیەک چاوەڕوانی کردن بە ماڵی خالید رادەگەیەنێ، کە ئەگەر کوڕەکەتان هاتەوە کارمان پێیە و دەتوانێ بێتە شوێنی کارەکەم. بەشێک لە منداڵانی گەڕەک دڵیان بەو ماشێنە دەکرێتەوە و خۆزگە دەخوازن، کە گەورە بوون ببنە خاوەنی ئوتۆمبیلێکی ئاوا جوان و رازاوە. تۆفیقی برای خالید لە گەڵ منداڵەکان لە دەوربەری ماشێنەکە هەڵبەزدابەزیانە و بەشێک لە منداڵەکان دەپرسن، کە ئەو عەجەمە بۆچی سەردانی ماڵی تۆفیق دەکەن؟ ژمارەیەک لە منداڵەکان لە گەورەکانی ماڵەوە بیستوویانە، کە خالید چەکداری رێژیمە و بە جاش ناسراوە. لە سەر چوونی ئەو پاسداڕانە بۆ ماڵی تۆفیق، یەکێک لە منداڵەکان دەڵێ، چوونکە خالیدی برای تۆفیقی جاشە، بۆیە هاتوچۆیان دەکەن. تۆفیقی برای خالید تووڕە دەبێ و لە گەڵ منداڵەکە دەیکەنە شەڕ. دایکی تۆفیق لە ژوورەوە گوێی لێیە، کە منداڵێک لە دەرەوە لە گەڵ تۆفیق شەڕیانە و خالیدی کوڕی بە جاشەکەر بانگ دەکەن. رەفیعی پاسدار لەو کاتەدا لە ماڵی خالید دێتەدەر و بەسەر شەڕی منداڵەکاندا دەدەکەوێ. ناوبراو منداڵەکان لێکدەکاتەوە و بە فارسی پێیان دەڵێ، کە شەڕ و دەعوا باش نییە و ئێوە سەربازانی داهاتووی ئیمامی زەمانن. بۆ هەڵخڕاندنی سەرنجی منداڵان و گەورەساڵەکان، رەفیعی دەست بۆ جانتاکەی دەبات و هەر منداڵەی دەتمەنیان دەداتێ و دەڕوا.

خالید کاتژمێرێک دواتر دەگاتەوە ماڵ و دوای ئەوەی کە ئاگاداری هاتنی رەفیعی دەبێ، قامکی خۆی دەگەزێ. ئەو دەزانێ، کە قسەکانی دوێنێ رەنگە ئاسەواری خەراپ لە سەر پێوەندییەکانی ئەو و رەفیعی سازبکەن. خالید بە ناچاری دەچێتە ئیتلاعات و چاوەڕێی دیداری رەفیعی دەکات. رەفیعی هێشتا نەگەڕاوەتەوە و نیگابانی بنکەی ئیتلاعات دەڵێن تازە لێرە دیتومانە و رەنگە بۆ کارێکی بەپەلە چووبێتەدەر و بێتەوە. سەرئەنجام رەفیعی دێتەوە و لە گەڵ خالید تۆقەیەک دەکەن و دەچنە ژووری کارەکەی. لە خالید دەپرسێ، کە ئەو هەواڵەی دوێنێی گێڕاتەوە، لە چ کەسێک بیستوە و چەندە جێگای باوەڕە. خالید بە شێوازی خۆی بۆ رەفیعی باس دەکات، کە زۆر باوەڕم بەو خەبەرە نییە، چوونکە دوێنێ دووبارە دیتمەوە و گوتی، کە تەنیا بۆ تاقیکردنەوەی من ئەو خەبەرەی سازکردوە، بۆیە باشترە فەرامۆشی کەین و جاری دیکە، ئەمن پێویستە وەک سەربازێکی عاقڵ و ژیری ئیمامی زەمان کار بکەم. قوربان داوای لێبوردنت لێدەکەم و هەمیشە لە خزمەتی تۆ و ئینقلابدام. پاسداڕەکە چاو لە چاوی خالید دەکات و سەرنجی جوڵەی دەست و جەستەی دەدات و هەست دەکات، کە نیگەرانیەکی قوڵ لە ناخی خالیددا پەنگی خواردوە. لە کۆتاییدا لە خالید دەپرسێ، تۆ کەمێک نائارام دیاریت و مەسەلە چییە و چۆن دەتوانین یارمەتیدەر بین؟ خالید بە دەست ئاماژەیەک بە سەر دڵی دەکات و رەفیعی لە پەیامەکە تێدەگات و بە شۆخی دەڵێ، ئاغا خالید دەبێ ئێمە هەموو ئاشقی ئیمامی زەمان بین، کە هیممەت بکات و بگەڕێتەوە و ئێمە لە کێشەکانی سەردەم رزگار بکات، بەڵام مادام ئاشقی ژنهێنانی کەمێک یارمەتیت دەکەین. خالید سپاسی پاسداڕ رەفیعی دەکات و لە بنکەی رێژیم دچێتەدەر و دەگەڕێتەوە ماڵ.

خالید کوڕە کوردێکی هەژارە، کە لە بەر نەبوونی و دەستکورتی و هەروەها بۆ تێرکردنی کەفوکوڵی گەنجانە کەوتۆتە داوی دەزگا سیخوڕریەکانی رێژیم. ئەو بیر لە کوردایەتی ناکاتەوە و گرینگی بە پرسی خاک و نیشتمان نادات و کاتێک لە مەڕ ئەو کارە سەرکۆنە دەکرێ، بە پێکەنینەوە دەڵێ، هەموو هەر بۆ گیرڤان و ورگی دەکەن. جیرانەکان لە داخی خالید توڕەن و منداڵەکانیان هاندەدەن، کە بە جاش و ناوی خەراپ بانگیان بکەن، بۆ ئەوەی لەو گەڕەکە بڕۆن. دایکی خالید لەو بارودۆخە نیگەرانە و رۆژانە لە دەست کوڕەکەی داد و فیغانیەتی و لە لای جیرانەکان خۆی بە شەرمەزار دەزانێ. خالید بۆ ئاودانی گرێ دەرونیەکانی لە گەڕەک کێشە بۆ خەڵک ساز دەکات و بە کەڵاشنکۆفێکەوە هەڕەشە لە خەڵک دەکات. بەشێک لە جیرانەکان لە بەر رێژیم هیچ ناڵێن و بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە خالید و بنەماڵەکەیان دەبوێرن. بەشێک لە دایکان منداڵەکانیان رێنوینی دەکەن، کە تێکەڵ بە منداڵەکانی ئەو ماڵە نەبن و باشترە کە سەگی نوستوو لە خۆیان وەخەبەر نەهێنن.

کۆتایی زستان هەواکەی شکاندوە و لشکری سەرما خەریکە پاشەکشە دەکات. ماڵی خالید بەنیازن بەهارێ لەو گەڕەکە بڕۆن و بۆ شوێنێکی نیزیک بنکەکانی رێژیم بگوازنەوە. ئەوان لە جیرانەکان نیگەرانن و دەترسن، کە بە هاتنی وەرزی بەهار و هاتنەوەی پێشمەرگە ژیان و ئارامی ماڵەوەیان تێکبچێ. لە ژێر تیشکی رووداوە جیاوازەکاندا مرۆڤەکان درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەدەن. خالید، چەند ژنێکی خزمیان لە گەڵ دایکی بۆ ماڵی مام کەریم دەنێرێ. زارای مام کەریم و لەیلا بە سوننەتی میوانداری بەخێرهاتنی ژنەکان دەکەن. شیرین بە دیتنی ژنەکان شاگەشکە دەبێت و جیهانی تەمبەڵی و قالبگرانی جێدێڵێت. شیرین ئەوەندە بە گەرم و گوڕی هەڵدەسوڕێ، کە میوانەکان لە پەیامەکەی تێدەگەن. زارا و لەیلا سەرەتا بەخێرهاتنی میوانەکان دەکەن و دواتر دەڵێن دەکرێ ماوەیەکی دیکە قسەی لە سەر بکرێ. شیرین دەپەڕێتە نێو قسەکانی دایکیی و لەیلا و سووربوونی خۆی لەسەر مێرکردنی بە خالید دەردەبڕێ. ژنەکان و دایکی خالید دەچنەوە ماڵ و پێشنیار بە خالید دەکەن، کە چەند کەسێکی ریش سپیی و هەروەها رێزلێگیراو بۆ داخوازی بنێرێ. ئەگەر شیرین لە نێو پیاوەکاندا قسەی دڵی خۆی بکات، بێگومان پیاوچاک پەیدا دەبن و کارەکەی بە تەواوەتی هەڵدەبڕن.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_saie.jpgخالید لەو ماوەیەدا هەست دەکات، کە پیشە و سەنعەکەتەی لە نێو خەڵکدا بەتاڵ و پووچە. سیخوڕ و چەکداربوون لە باوەشی رێژیمدا بە شەرم و نەنگی پێناسە دەکرێ. ئەو بۆ خوازبێنی شیرین روو لە چەند کەسێک دەکات، بەڵام زۆربەیان بە بیانووی جیاواز خۆیان لە داواکاری خالید دەدزنەوە. خالید ناچارە، کە چەند کوردێکی چەکداری رێژیم لە گەڵ یەک دوو ریش سپی بنێرێ بۆ خوازبێنی. زارا کاتێک ئاگاداری هاتنی پیاوەکان دەبێ، لەیلا بە دوای خاڵ حەسەن و مام عوسمانیدا دەنێرێ. ئەوان لە نەبوونی مام کەریمدا وەک خزمی پلە یەک وەکالەتی ماڵی مام کەریم دەکەن. خاڵ حەسەن و مام عوسمان دایکی شیرین رێنوێنی دەکەن، کە ئەو کچە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە و کچ ئەگەر قسەی کەس و کاری شکاند، بەکەڵک نایەت و هەتا زووتر بڕوات خێر و سەوابی زیاترە. زارا بە چاپۆکان بە سەری خۆی دادەدات و سوێند دەخوات، کە ئەگەر شیرین لە ماڵ بچێتەدەر گەردەنی ئازاد ناکات و نایدوێنێ. پیاوەکان ئێوارە لە دەرگای ماڵی مام کەریم دەدەن و دوو کەس لە چەکدارەکانی رێژیم بە چەکەوە لە ریزی ئەو کەسانەدان. پورە زارا و لەیلا خۆیان لە بەخێرهاتنی میوانەکان ناکەن و کارەکان بە خاڵ حەسەن و مام عوسمان دەسپێرن. باوکی خالید، مەولود بەزاز دەستی خاڵ حەسەن و مام عوسمان ماچ دەکات و پیرۆزبایی لە شیرین و خالید دەکات. پیاوەکان و بە تایبەت چەکدارەکانی رێژیم دەپرسن، باشە دایک و کەسوکاری دادە شیرین بۆ دیار نین؟ یەکێک لە چەکدارەکان کە خەریکی چاخواردنەوەیە بە گاڵتە دەڵێ، رەنگە ئەوانە رقیان لە پێشمەرگەی موسڵمان بێت و لاگری لە پێشمەرگەی ناموسڵمان بکەن. دوو ریش سپیەکان حەز لەو باسانە ناکەن و دەزانن، کە رەنگە قسەیەکی نارێک ریسەکە بکاتەوە خوری، بۆیە ئەوان بە پەلە باس لە پیاوچاکی مام کەریم و داوێن پاکی ئەو بنەماڵەیە دەکەن. یەکێک لەوان باس لە چاکە و ئیمانداری براژنە زارا دەکات، کە چەند ساڵە بە رووسووری منداڵەکانی بەخێودەکات و بە دەستپاکی بەناو بانگە. بە مەبەستی مارەکردن لە سەر حەقە مارەیی شیرین ساغ دەبنەوە، کە بە ١٩ مسقاڵ زێڕی هەژدە عەیار مەزەندەی دەکەن، کە دەبێ نیوەی بۆ بکڕی. شیرین لە لوتکەی کفوکوڵی تێپەڕدایە و نازانێ، کە ژیانی ژن و مێردایەتی لە گەڵ چاوبڕکێنەی بەردەرگا و کۆڵانان جیاوازە. ئەو هێشتا ئاگاداری بنج و بناوانی ژیانی راستەقینەی خێزان نییە و لە بەر بێکاریی و هەروەها لاساری بە پەلە ئەو رێگایەی هەڵبژاردتوە.

پورە زارا و لەیلا خالید ئاگادار دەکەنەوە، کە لە مارەکردن و گواستنەوەدا خالید ناتوانێ سەردانیان بکات و بە شێوەیەکی زۆر ساکار و لە ماوەیەکی کورتدا بگوازرێتەوە. خاڵ حەسەن و مام عوسمان وەک خۆیان بە میوانەکان دەڵێن، کە بابی شیرین هێشتا چارەنووسی نادیارە و براژنە زارا و لەیلا و ئێمەش بە گونجاوی دەزانین، کە شەرت و مەرجی براژنە زارا لەبەر چاو بگیرێن. لەو بارەوە کەس گلەیی نییە و هەموویان بۆ چارەنووسی نادیاری مام کەریم بەداخن. زۆربەی پیاوەکان ئەوەش زیاد دەکەن، کە زەمانە گۆڕاوە و هەر رۆژەی هاوڵاتییەک بەداخەوە لێرە و لەوێ گیانی لەدەست دەدات، بۆیە سەردەمی دەهۆڵ و زوڕنا نەماوە و هەردەبێ بەو شێوازە بووک بگوازرێتەوە. کاوە لەو رووداوانەدا دیار نییە و ئەو بە تەواوەتی خۆی لەو پرسانە دابڕیوە. تەنانەت ئەو شەو چۆتە ماڵی هاوڕێیەک و لەوێ خۆیان بە خەباتی کرێکاران و هەروەها بزوتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستاندا سەرقاڵ دەکات. بە باوەڕی ئەوان، حیزبە سوننەتیەکان نوێنەرایەتی بورژوا دەکەن و ماکە و سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی کوردستانن، بۆیە ئەوان دەبێ بەرەی چەپ بەهێز بکەن. کاتیک کاوە دەگەڕێتەوە ماڵ دایکی پرسیاری لێدەکات، ئەگەر داس و چەکوچ بۆ رۆژێکی وەک ئەمڕۆ بە سوود نەبن ئەدی بە کەڵکی چی دێن؟ کاوە بە شێوازی خۆی دێتە قسە و بەمجۆرە دەدوێ:” دایە سوننەتە کۆنەکان دەبێ تەواو بن و ئەو قەزییە زۆر سادەیە. کچێک مێرد دەکات و لەوە زیاتر نییە. ناکرێ هەموومان بەو مەسەلەوە تووشی نەخۆشی بین و شەو و ڕۆژ بیکەینە مەسەلەیەکی موهیم. ئەگەر کۆمەڵگەی ئێمە مەسەلەن سۆسیالیستی دەبو، ئەتۆ وەزعت زۆر لەوڕۆ باشتر بو. دەوڵەت موچەی بۆ دەبڕیوە و ئێمەش هەموومان بەشی خۆمان وەردەگرت و بەرابەر زیندەگیمان دەکرد. زۆر دڵخۆشم، کە سێ مانگی دیکە تێکەڵ بە ئەرتەشی رەنجدەرانی کوردستان دەبم و لە گەڵ خوشک و برا چەپەکانم لە ئێراندا شۆڕشی کرێکاری وەڕێدەخەین.

لەیلا دەستی دایکی دەگرێت و لە تەنیشتی دادەنیشێ و بە دەستەکانی شان و ملی دەشێلێ. زارای مام کەریم، چاوێک لە لەیلا دەکات و بە گریانەوە دەڵێ، رۆڵە بە خودا پێکەوە دەمێنینەوە. شیرین و کاوە دەڕۆن، بەڵام داهاتوویەکی باشیان نابێ. ئەو ژنە سبەینێ ئەگەر مێردەکەی لە شوێنێک کوژرا یان گیرا، چۆن دەژیت و کێ چاوەدێری دەکات؟ ئەو هەتیوە پارەی لە گیرفاندا نییە و هەر بۆ پارەی جگەرە و خواردن وەدوای ئەو پاسداڕە کوردکوژانە کەوتوە. ئاخر گوناه نییە، ئەتۆ برات پێشمەرگە بێ و مێرد بە کابرایەک بەکرێگیراو بکەی؟ رۆڵە، قەت بیرم لەوە نەدەکردەوە، کە کچ و کوڕەکانم بەمجۆرە پاداشی چاکەکانم بدەنەوە. چەند ساڵە بە هەژاری و نەداری ئێوە بەخێوکردوە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینم تەنیا تۆم بە دەوەرە ماوە. ژیانێکی تاڵ و دژوارە و رەنگە ساڵانی داهاتوو لەمڕۆش تاڵتر بن.

خالید بە وردە قەرز و چەند هەزار تمەنی پاسداڕ رەفیعی خۆی بۆ مارەبڕین و گواستنەوەی شیرین ئامادە دەکات. لەو رۆژانەدا جیران و هەروەها خزم و ئاشناکان بە جیاواز لە سەر ئەو بابەتە قسە دەکەن. ماڵی خاڵە مینەی ئاگاداری دۆخەکەن و دەزانن، کە شیرین لە سەر ویستی خۆی مێردی کردوە و رەزایەتی دایک و کەسانی نیزیکی لەسەر نییە. مام دەروێش چەند رۆژێکە ئاگاداری ئەو رووداوەیە و دەپاڕێتەوە، کە ئاخیری ئەو کارە خێر بێت. ناوبراو باوەڕی وایە، ئەگەر منداڵت گەورە بوون و گەیشتنە تەمەنی مێردکردن و ژنهێنان، تووشی پیاوی چاک و خەراپ دەبی. دەردی منداڵان گرانە و هەتا منداڵەکان گەورە دەبن خەمەکانیان گەورەترە. ئازیزی دایکی حوسێنی رۆژێک سەردانی زارا دەکات و دڵنەوایی دەداتەوە.

خالید لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەدا زۆربەی کارەکانی راپەڕاندوون و مارەبڕین تەواو بوە و تەنیا گواستنەوەی شیرین ماوە. ئەو لە گەڵ مەولود بەزازی بابی لە نێوشاردا بە دوای خانووی کرێدا دەگەڕێن و سەرئەنجام لە تەنیشت یەکێک لە بنکەکانی ریژیم خانوویەک بەکرێ دەگرن. مەولود بەزاز تەمەنێکی زۆر قوماش و پارچەی بە گوندەکاندا گێڕاوە و جار و بار لە گەڕەکەکانی شاریشدا ئەو کارەی کردوە. ئەو ماوەیەک سەرقاڵی مریشک فرۆشتن بوە، بەڵام چەند مانگێکە بەنیازە دوکانێکی کەلوپەلی منداڵان بکاتەوە. ناوبراو لە گەڵ خالید زۆر ناکۆکە، بەڵام شەڕی کوڕەکەی ناکات و باوەڕی بە چارەنووسە. بە وتەی مەولود بەزاز، ئەگەر کوڕ و کچ ساڵح و پاک بن، لە ئاوریشدا بن بە ساغ و سەلیمی دەردەچن و هەموو جوڵەیەک لە دەستی وەستا کەریمی رەحمان و رەحیم دایە. لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەدا شیرین بە رێوڕەسمێکی ساکار دەگوازرێتەوە. شیرین نیشتەجێی ماڵی مەولود بەزاز دەبێت و چیرۆکی شەڕی دایک و کچ دەبێتە شەڕی خەسوو و بوک.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_sheri_bok_xeso.jpgشیرین لە رۆژانی یەکەم هەستی بە ژانی هەڵە گەورەکە ناکات و نازانێ، کە رۆژانی جێژن بەسەر دەچن و مانگی هەنگوینی لەو دەڤەرە هاوتای حەوتووییە. شیرین لە بۆنە دابەکاندا تووشی ئالەنگاری دەبێت و لە سێ رۆژانە و حەوت رۆژانەدا رێگای گەڕانەوەی مالی دایکی نییە. خەسوەکەی لەو پێوەندییەدا مێشکی سەری دەکۆڵێ و شەو و رۆژ پرسیاری لێدەکات، کە دایک و خوشکی بۆچی نایدوێنن. شیرین لە کاروباری ماڵدا پەسەندی خەسوو نابێ و بەردەوام رەخنە لە کارەکانی دەگرێ. راستییەکەی ئەوەیە، کە شیرین لە ماڵ کەمتر خۆی فێری هونەری ماڵداری کردوە و زیاتر وەک مرۆڤێکی زیادە و نەرێنی لە ماڵدا جوڵاوەتەوە. ناوبراو لە کارکردن و ئیدارەکردنی ماڵدا لاوازە و هەتا ئەو ڕۆژانە هەستی بەوە نەکردوە، کە ئیدارەکردنی ماڵ بۆ دایک و خوشکەکەی چەند دژوار و سەخت بوە. ئەستی لە شەڕدا کاراترە و تەنگ بە شیرین هەڵدەچنێ و خەریکە بارودۆخەکە لە گرێژنە دەردەچێ. مەولود بەزاز و خالید چاری دۆخەکەیان پێناکرێ و لە ماوەی مانگێکدا چەند جارێک ئەستی و شیرین دەست لە پرچ و قژی یەکتر دەنین . ئەوان لە گەڵ یەکتر مەدار ناکەن، بۆیە ساغدەبنەوە کە لەو خانوەدا بژین، بەڵام سفرەیان جیابێ. خالید لەو ماوەیەدا لە گەڵ بەرپرسانی رێژیم زۆر تێکەڵە و ئەوان لە رێگای خالید دەخوازن، کە زانیاری تەواو لە سەر بنکە و ناوەندی پێشمەرگەی دژە شۆڕش لە قوچ و مارەغانی و ناوچەکانی دیکە کۆبکەنەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shlmash.jpgبە هاتنی بەهار و رەشبوونەوەی بەفر گوندنشینان تێدەکۆشن بۆ پەیداکردنی پێداویستیەکانیان سەردانی شار بکەن. سیاسەتی رێژیم بەرامبەر بەوان زۆر توند نییە و رێژیم هەوڵدەدات، روخسارێکی نەرم بەرامبەر گوندنشینەکان پێشان بدات. لە زۆر شوێن بەرپرسانی رێژیم ئەو قسەیە دەڵێنەوە، کە گۆیا رێبەرەکەیان خومەینی گوتویەتی “عەشیرەتەکان پاڵپشتی نەبڕاوەی شۆڕشن”. خالیدی مەولود بەزازی رۆژانە لە سەر رێگای شار گوندنشینەکان رادەگرێ و پرسیاری زۆریان لە سەر پێشمەرگە و هەڵسوکەوتی ئەوان لە گەڵ گوندییەکان لێدەکات. گوندنشینان جیاواز لە سەر پێشمەرگە دەدوێن. ئەوانەی کە لە لایەن کەسێک یان چەند پێشمەرگەیەکەوە جەزرەبە درابن یان شەوکوت کرابن، بە خەراپ و نەرێنی لە سەر پێشمەرگەکان دەدوێن. ژمارەیەک گوندنشین لە دەستی میوانداریی و هەروەها ناندانی بەردەوامی پێشمەرگە ماندوون، بەڵام لە دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆدەبوێرن. بەشێک لە گوند نشینەکان بڕیاریان داوە، کە وڵات ئارام بێتەوە گوندەکەیان جێدێڵن و دەگوازنەوە بۆ شار. لە سەر ژمارەی پێشمەرگەکان زانیاری جیاواز دەدرێتە خالیدی مەولود بەزاز و بەشێک لە ژمارەکان بۆ رێژیم تۆقێنەرن و ژمارەیەکیش دڵخۆشکەر. بەرپرسانی سپای پاسداڕان بەنیازن لەو ماوەیەدا پەلاماری مارەغان و هەروەها بەرزایی قوچی بدەن و ئەو دوو ناوچەیە لە کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە دەربێنن. پێشمەرگەکان و پارتە سیاسییەکان لە سەنگەری چاوەڕوانیدا ماونەوە و ئیرادەی تێکشکاندنی هێزە داگیرکەرەکانیان نییە. ئەوان ئامادەی فیداکاریی و زەبرلێدانن، بەڵام تێکۆشانیان پچڕ پچڕە و لە سەر دوژمن کاریگەرییەکی بەرچاو و یەکلاکەرەوەی نییە. بەشێک لە فەرماندەکان بە ویستی خۆیان دەجوڵێنەوە و ئەوان شارەزای خوێندەنەوەی دیوی پشتەوەی کردەوەکان نین. رێبەرایەتی هێزە سیاسییەکان توانای کۆکردنەوە و رێکخستنی هێڵەکانی بەرگریان نییە و لە زۆربەی سەنگەرەکاندا لە حاڵەتی بەرگریدان. لە لایەکی دیکە، خەڵک لەو بارودۆخە ماندوون و دەخوازن بە لایەکدا بکەوێ. بەرپرسانی حکومەت لەو خاڵانە سوود وەردەگرن و ئاگادارن، کە خەڵکی کورد بە گشتی ئامادەی گیانبازی نییە و ژمارەیەکی کەم لە کوردەکان بە چەک بەرامبەر بە هێزەکانی رێژیم دەوەستەنەوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_peshmerge3.jpgپێشمەرگەکان لە زۆربەی ناوچەکان بە هاتنی وەرزی بەهار دڵخۆشن و بەشێک لەوان خۆیان بۆ چالاکیەکان ئامادە دەکەن. لە دەورووبەری شار پێشمەرگە بە ئاسانی دەتوانێ جوڵە و چالاکی بکات و ئێواران شار لە کۆنتڕۆڵی هێزەکانی رێژیم دەردەچێ. ژماریەک لە پێشمەرگەکان رۆژانە هەتا زینوێ کامەلای دێن و لە بن سێبەران چاوەدێری هاتوچۆی هاتوچۆکەران دەبن. ئەوانیش زانیاری لەسەر رێژیم و هەروەها ئەو کوردانە کۆدەکەنەوە، کە هاوکاری رێژیم دەکەن و چەکی ئەوانیان لەشان کردوە. بەرپرسانی پێشمەرگە بەجۆرێک ئاگاداری هێرشی هێزەکانی رێژیمن، بەڵام باوەڕ ناکەن کە هێزی پێشمەرگە لە دەشتی مارەغان و ناوچەکانی دیکە بە ئاسانی شکست بخوات، بۆیە ئامادەکاری زۆر بۆ هێڵە بەرگرییەکان ناکەن. لە بەرەبەیانییەکی زووی مانگی سێی بەهاردا سەدان کەس لە پاسداڕ، بەسیجی و هەروەها چەکدارە کوردەکان بە نیازی گرتنی گوندی مارەغان و دەورووبەری روو دەکەنە ئەو ناوچەیە. ئەوان بە کەڵکوەرگرتن لە تکنیکی شەڕ لە بنکەکان نیزیک دەبنەوە و دواتر بە دەزگای دەنگ بەرزکەرەوە دروشمی ئەڵڵاهوئەکبەر، یا حوسێن و بۆ پێشەوە بەرەو کەربەلا دەڵێنەوە. پێشمەرگەکان و هێزی بەرگری لە ماوەیەکی کەمدا دادەگژێنە هێزەکانی رێژیم و شەڕەکە هەتا ١١ی بەیانی درێژەی دەبێ. کوژارویکی زۆر لە هێزەکانی رێژیم لە مەیدانی شەڕدا دەکەون، کە دواتر لە رێگای خەڵکی ئاسایی تەرمەکان بۆ بەرپرسانی رێژیم لە شاری سەردەشت دەگوازرێنەوە. پاسداڕەکان بۆ داپۆشینی شکانە گەورەکەیان لە سەر بەرزاییەکانی گۆرانان بنکەیەکی تازە دادەمەزرێنن و لە مزگەوتی شیعەکانی تەنیشت پادگان رێوڕەسمێکی گەورە بۆ کوژراوەکان بەرێوەدەبەن. لەو شەڕەدا کەسانی وەک حاجی ئەکبەڕی دەکوژرێن، کە بۆ بەرپرسانی سپا بە زەبرێکی کاریگەر ئەژمار دەکرا.

کەماڵ، وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و پەرویز لەو شەڕەدا وێڕای بەشێکی بەرچاو لە هێزی بەرگریی و پێشمەرگەکان ئازایەتیەکی گەورەیان نواند. ئەوان لە شەڕەکەدا چەک و تەقەمەنیەکی زۆر دەگرن و دوو دەزگا ئۆتۆمبیلی نیزامی لەو لشکرە تێکشاوە دەگرن. سەرکەوتنی پێشمەرگە و تێکشکانی هێزە دژە کوردەکان لە رادیۆ دەخوێندرێتەوە. بەرپرسانی پێشمەرگە و هەروەها هێزی بەرگری لە دوای ئەو شکستەی هێزەکانی رێژیم، گرینگی تەواویان بە ئامادەکاری زیاتر بۆ بەرنەگاربوونەوە نەدا. لە ئاکامدا چەکدارەکانی رێژیم جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر مارەغانی و هەروەها بەرزایی قۆچ. لەو شەوەدا بەشێک لە پێشمەرگەکان لە گوندەکانی دەوروبەر سەرقاڵی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی شایی دەبن و قوچ و مارەغان لە بەرامبەر پەلاماری تازەدا خۆڕاگریەکی درێژخایەن ناکەن. بنکەی پێشمەرگەکان لە قوچ خۆڕاگریەکی گەورە دەنوێنێ، بەڵام لە کۆتاییدا پێشمەرگەکان زۆربەیان شەهید دەبن ئەو بەرزاییەش دەکەوێتە ژێر پۆستاڵی پاسداڕ و سەربازانی ئیمامی زەمان. دوژمن زەبرێکی کاریگەری لێدراوە و کەلاکێکی یەکجار زۆر لە ناوچەی شەڕدا کەوتوون. بەرپرسانی رێژیم و سپای پاسداڕان لە بەرامبەر زەبری ئەو شەڕەدا تاساون، بەڵام گرتنی مارەغان و هەروەها بەرزایی قوچ بە سەرکەوتنی گەورە دەزانن. پێشمەرگەکان و هەروەها چەکدارەکانی ناسراو بە هێزی بەرگری لەو ناوچانە دەکشێنەوە و چاوەڕوانی پەلاماری داهاتووی هێزە بەسیجیی و پاسداڕەکانن. ئەوانە بە وەرگرتنی ئەزموون لە ساڵانی رابردوو دەزانن، کە هەتا بەهاری داهاتوو بارودۆخەکە ئارامە و رێژیم بەهاری داهاتوو رەنگە هێرش بکاتە سەر ناوچە ئازادەکان. کەماڵ لە شەڕی مارەغانی بە سووکی بریندار دەبێ و لە گوندەکانی دەوروبەر لە لایەن چەند کادریکی دەرمانی چارەسەر دەکرێ. بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە هێزەکانی رێژیم چەند عەمەلیاتێک لە نێوشار و مۆڵگەکانی ریژیم لە دەوروبەری شاردا بەڕێوەدەچن. لەو سەردەمەدا هاتوچۆی خەڵکی شار بۆ گوندەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە ئاسایی دەبێت و دایکی کەماڵ و لەیلا لەو هاوینەدا سەردانێکی کەماڵ دەکەن.

ئەوان بە تەواوەتی پەرتەوازە بوون و کاوەش لە رەبەت بۆتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. رەبەت و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارۆچکەیە مەیدانی جوڵە و چالاکی هێزی چەکداری حیزبەکانن. حیزب و بەرپرسەکانیان لەو سەردەمەدا سیاسەتی پاراستنی ناوچە ئازادکراوەکانیان زۆر لاوازە. ئەوان لە ناوچەکان سەرقاڵی راهێنانی دەسەڵات بوون و هەر حیزبەی بە جۆرێک بە گوندەکاندا دەگەڕێن و یارمەتی کۆدەنەوە. خەڵکی هەژار و تەنانەت داراش لەو دۆخە توڕە و ماندوون، چوونکە لە سەردەمی جۆخین هەڵگرتندا پێشمەرگەی زۆر حیزب داوای یارمەتی دەکەن و وەرزێڕەکان لەو هەموو دەست و زمانە زراویان چووە. ئەو رۆژگارە بێجگە لە حیزبە چەپە ئێرانیەکان، زۆر پارتی کوردەکان وەک دێموکڕات، کۆمەڵە، خەبات و هتد بیروڕای خەڵکیان بە گرینگ وەرنەدەگرت و خۆیان بە پاشای وڵات دەزانی. دار و دیواری شارۆچکەیەکی وەک رەبەت بە رەنگ و درووشمی جۆراوجۆر رەنگێندرابو. لە سەر دیواری ماڵ و قوتابخانەکان، سەر شەقامە راستەکەی رەبەت وتەکانی فیدل کاسترۆ، مائۆ، چەگوارا، مارکس هەتا دەگاتە وتەی ناودارانی ئیسلام و دواتر درووشمی دێموکڕات و هتد دەبیندران. وەرزی حیزب و پارتە سیاسییەکان لە چڵەپۆپەدا بوو، بەڵام دابەشبوونێکی گەورە لە پانتایی گۆڕەپانەکەدا بەرچاو دەکەوت.

کاوە بۆ رزگاری کرێکارانی جیهان و کەماڵ بۆ خەبات لە پێناوی دێموکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستاندا تێکەڵ بە دوو رەوتی جیاوازی سیاسی ببوون. قژەکانی دایکیان و روخساری لەیلا چیرۆکی پەرتەوازەبوونی بنەماڵەیەکن، کە بابیان لە دەشتەکانی پشدەر بە دەستی جاشەکان وەک سەربازی ئێرانی بە عەسکەرە عێڕاقیەکان دەفرۆشرێ. شیرین لە پێناوی خۆشەویستییەکی دەڵەمەند و ئاوەکیدا بۆتە هاوسەری یەکێک لە سیخوڕەکانی سپای پاسداران لە شار. پورە زارا و لەیلا لە رێگای مارەغانی بەرەو گوندی ترشیان و دواتر قازان و پاشان دەرماناوێ دەڕۆن و قەرارە کوڕەکەیان لەو گوندەدا لە ئامێز بگرن. کەماڵ سەر شانی چەپی لە شەڕی مارەغانیدا بە گوللە پێکراوە، بەڵام زۆر قوڵ نییە. دایکی لە دەستەیەک لە پێشمەرگەکان خەبەری سووکە برینەکەی کەماڵی بیستوە، بەڵام دڵ گەرم و بریندارە و بۆ دیتنی کوڕەکەی چاوەڕوانە. دۆڵ و خڕە قوڵەکانی گوندەکان و لوتکەی بەرزی چیا و کێوەکانی ناوچە و قرچە قرچی هاوین بە یەکەوە سەرنجی رێبواران و بە تایبەت پورە زارای ماڵشێواو و لەیلای کچی رادەکێشن. ئەوان زۆر کەمتر لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەمجۆرە بە گوند و شاخەکاندا سووڕاونەوە. دڵگەورەیی خەڵکی گوندەکان و میواندۆستیان سوکنایی دڵی زارا و لەیلا دەدەن. ئەوان شادن، کە خەڵکی گوندەکان زۆر کراوەترە لە خەڵکی شارن. لە یەکێک لە دێبەرەکانی دەرماناوێ پورە زارا بۆ لێکردنەوەی خەیارێک لادەدا، بەڵام خاوەنەکەی بە زۆر لە بەر سێبەری کەپرەکە بە نان و دۆ و هەروەها خەیار و تەماتەی خۆماڵی داوەتیان دەکات. وەرزێڕی ماندوو و شەکەت دەزانێ، کە زارا و لەیلا بە دوای کەسێکدا دەگەڕێن، بەڵام پرسیاریان لێناکات. زارا پاش دەستخۆشی و سپاسی خاڵەی وەرزێر پرسیاری لێدەکات، کە بنکەی دێموکڕات لە کوێیە؟ خاوەنی دێبەرەکە پێشنیاریان پێدەکات، کە لێرە دانشین و ئەو دەچێت دەستنوێژێک هەڵدەگرێ و نوێژێک دەکات، دواتر لە گەڵیان دەچێ هەتا بنکەی پێشمەرگەکان. خاڵەی ورزێڕ ئاماژە دەکات، کە کتریەکە وەسەردەنێ و دەتوانن چاییەکی خۆش بخۆنەوە و دواتر پێکەوە دەڕۆن. لەیلا بە تەواوەتی دیمەن و سرووشتی لادێکان گیرۆدەی دەکەن و خۆزگە دەخوازێ، کە ئەوانیش لە یەکێک لەو گوندانە ژیانێکی ساکار و پڕ قەناعەیان تێپەڕ کردبایە. هاتنەوەی خاوەنی دێبەرەکە هەودای خەونەکانی لەیلا دەپسێنێ. کزە بایەکی فێنک لە لوتکەی شاخە بەرزەکانەوە بەرەو دۆڵەکان دەکشێ و بە هێمنی گەڵا وشکبوەکانی کەپرە بچکوڵانەکەی خاڵەی وەرزێڕ دەلەرێنەتەوە. کتریە دوکەڵاویەکە لە سەر ئاورەکە قوڵتان دەدات و سەرەکەی لە ژێر تەوژمی هەڵم و جۆش و خرۆشی ئاوە کوڵیوەکەدا وەلەرزین کەوتوە. خاڵەی وەرزێڕ سەری تورەکە چا وشەکەکە دەکاتەوە و بە دەستەکانی لۆچێک چای وشک لە کتریەکە دەکات و دواتر کتریەکە لە سەر ئاورەکە لادەبات و لە تەنیشت ئاورەکە لە سەر پۆلوە نیوە دامرکاوەکاندا دایدەنێ. خاڵەی ماندوو بە هێواشی دەڵێ، براژن بەخوا رۆژگارێکی ناخۆش و سەختە. ئەو خەڵکە چەند ساڵ لەوە پێش لەو گوندەی ئێمەڕا بە پێ دەچوونە شار و لە خۆپێشاندانەکانی دژی شادا بەشداریان دەکرد. کوردەکان بە تەورداس، بیور و خەنجەر بۆ شار دەچوون و هاواریان دەکرد، کە ئێمە رۆڵەی دێهاتین بۆ کوشتنی شا هاتین! بە ئیمانی ئیمانداران و بە کەلامی خودای سوێند دەخۆم، کە قەت جێگای خۆمان ناگرینەوە. ساڵێکی دیکە لێرە چەکداری رێژیم دەبینی و کوردە بۆر بەرنامەی نییە. ئەو حیزبانە وەک خەڵکی خۆمان رمەکی کار دەکەن و توانای ئیدارەکردنی شەڕ و رێکخستنی خەڵکیان نییە. لە هەر دۆڵێکدا چەند حیزب و رێکخراوێک چادریان هەڵداوە و کەس خەتی کەس ناخوینێتەوە و تاقە کەسێک گوێ لە فەقیر راناگرێ. هەر حیزبەی بۆ خۆی حکومەتێکە و گەورە و بچووک نەماوە. براژن لەوەش خەراپتر دەبێ و چەند ساڵێکی دیکە ئەو حیزبانە لە گەرمێنێش جێگایان نابێتەوە. ئەوان ئەوکات لە ئەژنۆی خۆیان دەدەن، کە چەندە بە ئاسانی شار و گوندەکانیان لە دەستی رێژیم و چەکدارەکانیان ناوە.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_cha.jpgپاش خواردنەوەی چایەکی خۆشی کتریە دوکەڵاویەکە خاڵەی وەرزێڕ پێش پورە زارا و لەیلا دەکەوێ و هەتا بنکەی حیزب لە گەڵیان دەچێ. بە پێشمەرگەیەکی گوندەکەیان دەڵێ، ئەگەر لێرە نەمانەوە لە گەڵ کوڕەکەیان بیانهێنە بۆ ماڵی مامی خۆت. زارا و لەیلا سڵاو دەکەن و لە ژوورەکەی بنکەی پێشمەرگەکان دادەنیشن. پێشمەرگەکان بەخێرهاتنیان دەکەن و دواتر پرسیاریان لێدەکەن، کە بۆ سەردانی کێ هاتوون؟ پورە زارا بە زمانێکی شەکەت و ماندوو وڵام دەداتەوە، کە ئەو دایکی کەماڵی مام کەریمیە. پێشمەرگەکان زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەکەن، بەڵام ئاگاداریان دەکەنەوە کە کەماڵ و هاوڕێکانی ئەوڕۆ بەیانی چوونە سوورەچۆمیی و رەنگە سبەینێ بگەڕێنەوە. پێشمەرگەیەک دەزانێ، کە دایک و خوشکی کەماڵ رێگایەکی زۆریان بڕیوە، بۆیە پێشنیاریان پێدەکات ئەگەر دەتوانن بە لاقان بڕۆن، ئەو ئامادەیە هەتا گوندی سوورەچۆمیان بەرێ. لەیلا و دایکی نازانن چ وڵامێک بدەنەوە و کەمێک نیگەران دەبن. پورە زارا دەپرسی، کاکە هیچ لە راستی خۆشتر نییە، ئەگەر ماوە و عەیبی نییە ئێمە هەتا بەیانی دەچینە ماڵی ئەو خاڵەی، کە هەتا ئێرە لە گەڵمان هات. پێشمەرگەکان سوێندی بۆ دەخۆن، کە بەیانی لێرە بوە و بۆ سەردانی دۆستانی چۆتە ئەو گوندە و سبەینێ دەگەڕێتەوە. یەکێک لە پێشمەرگەکان هەتا ماڵی خاڵە عەباس لە گەڵیان دەچێت. ئەوان هەتا بەیانی لە گەڵ خاڵە عەباس و پورە ناز و منداڵەکانیان دەمێنەوە و شەوێکی لەبیرنەکراو لە گەڵ ئەواندا دەبەنە سەر.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_kurdistan2.jpgتاریکایی ئێوارانی ئەو دۆڵ و چیایانە و خوڕەی ئاوی جۆگە و خڕەکان بۆ خەڵکی شار سیمایەکی پڕ لە سام و خۆشی هەیە. ئاو و هەوای سازگار، قەناعەتی گوندنیشنان و دڵگەورەییان بۆ لەیلا پڕن لە وانەی گەورە و شەو لە کاتی خەوتندا ئەسپی خەیاڵی تاودەدات و خۆی لە داوێنی گوندێکی کوردستانێکی رزگارکراودا دەبینێتەوە. ئەو لە داخی خەمە گەورەکانی ژیان و پەرتەوازەبوونی ئەندامانی ماڵ پەنا بۆ خەیاڵ دەبات و لە جیهانی خەونەکانیدا لە گەڵ دایکی پڕن لە شادیی و دوورن لە خەمە چنگ رەش و دڵرەقەکان. بابی لەیلا، وەک جاران لە ژوورەوە دانیشتوە و بە قسە خۆشەکانی کۆڕی مەجلیسی میوانەکان دەڕازێنێتەوە. لە پڕ تەقەی چەکێک هەودای خەیاڵی دەپسێنێ و راست دەبێتەوە. لە پەنجەری ماڵی خاڵە عەباس دەڕوانێتە دەرەوە، بەڵام بێجگە لە لشکری تاریکیی و هەروەها هاژەی ئاوی خڕ و خشەی گەڵای دارەکانی تەنیشت ماڵەکان هەست بە هیچ ناکات. بە ناچاری دەگەڕێتەوە سەر دۆشەکی خەو و لە باوەشی خەودا پەنادەگرێ. ئەوان بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستن و پاش نوێژکردن بۆ خواردنی نان و چای بەیانی لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە. دەنگە دەنگێکی زۆر لە بەر دەرگا ساز دەبێ و سەرنجی هەمووان بۆ خۆی رادەکێشێ. زارا دەگەشێتەوە و مەزەندە دەکات، کە دەنگی کوڕەکەی دەبیستێ. کەماڵ لە گەڵ چەن هاوڕێیەکی لە دەرگا دەدات و بە دیداری دایک و خوشکی شاد دەبێتەوە. فرمێسکی شادی بۆ سووکردنی قورسایی خەمەکان لە کانیاوی چاوەکان سەرچاو دەگرن و بە بنارەکانی روخساردا شۆڕدەبنەوە. ئەندامانی ماڵی مام کەریم لەم ساتەدا دوو جیهانی خۆش و ناخۆش لە بەرچاویاندا دەبینن. یەکەم، دیداری کورتماوەی کەماڵ و دووهەم، پەرتەوازەیی ماڵ و رۆیشتنی کاوە و شیرین. خاڵە ساڵە میوانەکان جێدێڵێ و چەند جارێک بە خاوەن ماڵ بانگیان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، کە ئێوە خاوەن ماڵن و رێزتان لە سەر چاوانە. پورە زارا و لەیلا دوا ماوەیەک لە گەڵ کەماڵ دەچنە دەر و بە ئازادیی خۆیان لە گەڵ یەکتر لە سەر ژیان و ژانەکان دەدوێن. پورە زارا لە گەڵ ئەوەی شادە، بەڵام ئازاری تەنیایی و پەرتەوازەبوونی ماڵەکەیان شوێنەواری قوڵی لەسەر داناوە و بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، کە شوکور بۆ تۆ خوایە، وەک ئاردی نێو دڕوانمان لێهات. یا ئیلاهی، گوناهم چییە و لە پێناوی کام گوناە و ناپاکیدا ئێمەت تووشی ئەو رۆژگارە رەش و تاڵە کردوە؟ کوڕ، کچ و مێرد، هەمووی ئەوانە دایک و خوشکێکی چاو بە فرمێسکیان لە خانوێکی رەق و تەقدا بەجێهێشتوە.

زارا و لەیلا بە هێواشی باسی رووداوەکان دەکەن و ئاشکرای دەکەن، کە کاوە لە رەبەتێ چەکداری کۆمەڵەیە و شیرین مێردی بە خالیدی مەولود بەزازی کردوە، کە کوڕێکی سیخوڕ و سەر بە رێژیمە. کەماڵ بە بیستنی ئەو خەبەرانە دەتاسێ و لە سەر تاشەبەردێکی تەنیشت رێگاکە دادەنیشێ و هەڵوێستەیەک دەکات. ناوبراو، لە لەیلا دەپرسێ، شیرین ئەو کارەی بۆ کردوە؟ ئەدی کاوە لە پێناوی کام رێگا و ئامانجدا بۆتە پێشمەرگە؟ ئەو، خۆی بە تاوانبار دەزانێ و بە راشکاوی بە دایک و لەیلا رادەگەیەنێ، کە ئەگەر ئەمن بە قسەی بابم بکردایە و تێکەڵی سیاسەت و چەک نەبوومایە، خوشک و براکەم هەرگیز ئەو رێگایەیان هەڵنەدەبژارد. زارا لەو کاتەدا سەری کەماڵی ماچ دەکات و بە گریانەوە دەڵێ، رۆڵە نیگەران مەبە و کەس لە تۆ ناڕازی نییە. خوا دەستت لە عەمری گرێ و راوەستاو بی. خوا گەورەیە و رەنگە کاوە عاقڵ ببێ و لەو کابرا ریشنە کۆمۆنیستە بتۆرێ و بگەڕێتەوە سەر رێگای راستەقینە. ئەگەر کاوە هاڕەی لە بڕەی جیاکردبایەوە، بێگومان دەهاتە گەڵ حیزبەکەی ئێوە و لە تەنیشت برای خۆی چەکی هەڵدەگرت، بەڵام بە کەعبەی موعەززەم ئەویش تێکەڵی کردوە. ئەمن بۆم باسی رۆژانە و کاروباری ژیان دەکرد، ئەو بۆی باسی کرێکارانی جیهان و داس و چەکوچەکەی سەر ئاڵاکەی دەکرد. ئەمن رێنوێنیم دەکرد، کە بابت نادیارە و دەبێ وەک کوڕی ماڵ خاوەن کەسایەتی خۆت بی، کەچی ئەو بۆی باسی سۆسیالیزم و ئیقلابی تەبەقەی کارگەری دەکرد. خوابکەم، رۆژێک لەو خەوە قورسە هەستێ و بزانێ، کە مرۆڤ بە کارەوە جوانە. کوڕی من بۆ شیرین نیگەران مەبە، ئەمن و لەیلا رێگامان پێنەدا بە شێوەی باو مارە بکرێ و لە ماڵ بچێتەدەر. لە کاتی خوازبێنی من و لەیلا بەخێرهاتنی هیچ کەسێکمان نەکرد و خاڵ رەحمان و مام عوسمانم کردنە وەکیل و تەواو. لەو رۆژەی لە ماڵ چۆتەدەر رێگام نەداوە بگەڕێتەوە. ئەمن و لەیلا زۆرمان پێگوت، کە تۆ خوشکی پیاوێکی، کە چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کردوە، زۆر نەگونجاوە تۆ مێرد بە کەسێک بکەی، کە لە سەنگەری دژایەتی براکەت و کوردان دایە. خەمی شیرینت نەبێ و پاش ماوەیەکی دیکە پەشیمان دەبێتەوە و دەزانی، کە چ هەڵەیەکی کردوە.

کەماڵ داوا لە دایکی و لەیلا دەکات، کە بچنە قاوەخانەی دەرماناوێ و ئاوێک یان خواردنەوەیەکی فێنک بخۆنەوە. ناوبرا زیاتر لە سەر قاوەخانەکە دەڕوات و دەڵێت، ماسی قوتو، تەماتە، هێلکەی خۆماڵی و خواردنی دیکەشی لێیە. زارا حەزی لەو خواردنانە نییە و لە بەر خاتری کەماڵی هەتا قاوەخانە دەچن و هەر کامە قوتوە بیپسیەکی کۆلا دەخۆنەوە. بۆ نیوەڕۆ دەچنەوە ماڵی خاڵ عەباس و لە گەڵ پورە ناز دەکەونە گێڕانەوەی بەسەر هاتە کۆنەکان. لە جەرگەی گێڕانەوەی چیرۆکە کۆنەکادا دەبن، کە وەستا مستەفا، حوسێن و پەرویز بۆ دیتنی هاوسەر و کچەکەی مام کەریمی وەژوور دەکەون. ئەوان خەبەر و هەواڵی تازەی شار لە زارا و لەیلا دەپرسن. زارا و کچەکەی لە ترسان بە نهێنی هاتوون و بە کوڕەکان دەڵێن، ئەگەر بۆ چوونەوە راسپاردەیەکتان هەیە لە سەر چاوانی دادەنێین. ئەگەر چوومەوە سەردانی ماڵی هەمووتان دەکەم و سڵاوی ئێوەیان پێدەگەینم. کەسوکاری ئێوەم لەو سەفەرە ئاگادار نەکردەوە و زۆر نیگەرانین. ئەوە یەکەمجارە و بڕیارماندا، کە ئەوجار بە تەنیا وەڕێ دەکەوین و شار پڕە لە عەجەم و خەڵکی سەر بە رێژیم. ئێمە هەموو لە ژێر چاوەدێری کوردی بەکرێگیراودا دەژین و ژیانمان هەتا بڵێی تاڵە. کوڕی مام دەروێش، ئازیز، خاڵە مینە بە تێکڕا دەڵێن وادەزانین چاومان بە دایکی خۆمان کەوتوە و هیچ جیاوازییەکی نییە. ئێمە لە دەرەوە هەموومان وەک ئەندامی خێزانێکن و ئاگاداری یەکترین.

خاڵە عەباس لە ئاوداشتنی دێبەرەکەی دەگەڕێتەوە و بەخێرهاتنی هەموو لایەک دەکات. ناوبراو دوای دانیشتن لە تەنیشت میوانەکان چەند جارێک ئەو رستەیە دەڵێتەوە:” یاخوا بەخێربێن ماڵی کاکی. گەورەتان کردین”. خاڵە عەباس لە پێشمەرگەکان دەپرسێ، کە چۆن ئەو زەمانە هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا لە گەڵ حکومەتی مەلاکان دەسازێن یان ئەو شەڕە درێژەی دەبێ؟ باشە سەرۆک و پیاوە گەورەکانتان لە سەر ئەو رۆژگارە لێدوانێک نادەن؟ کورد و کورت گوتەنی، هیچ ئومێد و هیوایەک بە دوارۆژ هەیە یان ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پارە؟ کەماڵ لە بەر رێزگرتن لە میواندارەتی خاڵە سۆفی بە ئارامی چیرۆکی باوکی دەگێڕێتەوە، کە ساڵانی زوو چەندە بە وردی کوڕەکەی لە پاشەڕۆژی سیاسەت ئاگادار کردۆتەوە. ئەو بە کورتی بیروڕاکانی بەمجۆرە دەردەبڕێ:” خاڵە عەباس ئێمەی کورد پەرتەوازە و لێکدابڕاوین. ئەو ساڵانە دەرفەتی چاکمان بۆ خۆکۆکردنەوە و رێکخستن کەوتەدەست ، بەڵام کەڵکی باشمان لێوەرنەگرت. خەبات و پێشمەرگایەتی رەوایە و لەو رێگایەدا شەهیدی زۆرمان داوە. ئێمە درێژە بە پێشمەرگایەتی بدەین یان خۆمان رادەستی رێژیم بکەینەوە، هیچ لە رەوایەتی پرسی کورد کەم ناکاتەوە. ئێمەی کورد زۆر بیر لە دوارۆژ ناکەینەوە و فێرکراوین بە پەلەپڕووزە کارەکان بە ناپوختی تەواو بکەین. پێشمەرگەی ئازامان زۆرن، بەڵام باش ئیدارە ناکرێن. شۆڕش کەرەستەی زۆر نییە و خەڵکیش تەنیا لە گوندەکان زۆر ئۆگری خەبات و تێکۆشانن. لە شارەکان خەڵک سەرقاڵی ژیان و خۆپەنادانن. بەرپرسانی سەرەوە لەو بارودوخە ئاگادارن، بەڵام بەو هێز و ئیمکاناتە هەر ئەوەندە دەکرێ. ئێمە لە بیرمانە، کە لە شەڕی سێ مانگەدا چ زەبرێکی گەورە لە رێژیم سرەوێندرا. ئەو رۆژانە رێژیم پەلامار دێنێ و ئێمە ماوەیەک خۆڕاگری دەکەین و دواتر تەپۆڵکە و گوندەکان بۆ رێژیم جێدێڵین. شەڕ، ئیمکانات و گەڵاڵەی دەوێ و ئەو شەڕەی ئێمە ئەمڕۆ بەسەرماندا سەپاوە بۆ مانەوەیە. خاڵە بە ناشکوریش نەبێ، حیزب و رێکخراویش ئەوەندە زۆرن، کە سەریان لە خەڵک و خۆیان شێواندوە. خاڵە عەباس لە کاتی گوێگرتن لە قسەکانی کەماڵ بە دەستەکانی قەندانە شووشەکەی بەردەمی دەبزێوێ و دواتر بە ئامادەبووان دەڵێت:” ئەمن مردوو و ئێوە زیندوو، کاری کوردان گرێ و گۆڵەی زۆری تێدەکەوێ. ئەمن لە شەڕی پاسداڕ و پێشمەرگەی حیزب ناترسم، بەڵکو لەوە دەترسم پێشمەرگەی حیزبەکان لە سەر کۆکردنەوەی زەکات، یارمەتی و هەروەها شێعر و وتەکانیان شەڕی یەکتر بکەن. کوردایەتی و ئازادی خۆشە، بەڵام رێگا زۆر سەخت و چەتوونە. چەند جاران چەکداری حیزبەکان زوڵمیان لە گوندنشین و خەڵکی زۆر بەتەمەن کردوە. لە سەر رێگای شار چەند پێشمەرگەیەک سووکایەتی بەو کەسانە دەکەن، کە بۆ حاجەتێک دەچنە شار و هەموو جەستەیان دەپشکنن. زەمانە دەسووڕێ و ساڵێکی دیکە پەشیمان دەبینەوە. دوو ساڵ لەوەپێش شار لە چنگی پێشمەرگەدا بو، کەچی ئەمڕۆ ئەرتەش و پاسدار لە قوچ و مارەغانین. ساڵێکی دیکە لەو دۆڵەی رەنگە بەسیجی و پاسداڕان ببینی، کە بە دۆڵی زەرتکەیدا هەڵدەگەڕێن”. هاوسەر و منداڵەکانی مام کەریم، سپاسی ماڵی خاڵە عەباس و پورە ناز دەکەن، کە بە دڵێکی گەورە و پاکەوە میوانداریان کردوون.

کەماڵ و کوڕەکان ساغدەبنەوە، کە لە گەڵ پورە زارا و لەیلا سەردانی سوورە چۆم و قەلاڕەشێ بکەن و چەند رۆژێک لەو گوندانە پێکەوە تێپەڕکەن. ئەوان دوا نیوەڕۆ بەرەو گوندی سوورەچۆم بەڕێ دەکەون. لە رێگادا زۆر بیرەوەری خۆش دەگێڕنەوە، کە بەشێکیان پێوەندیان بە سەردەمی منداڵەتی و رۆژانی شارە. ئەوان لە سوورەچۆمی سەرەتا دەچنە مەقەڕ و دوای پشوودانێکی کورت دەچنە یەکێک لە ماڵەکان. بەیانی دەچنە گوندی قەلاڕەشە و دوو شەوان لە ماڵەکانی ئەو گوندەدا دەمێنەوە. ئەوان بۆ رۆیشتنە بۆ شار پەلەیانە، چوونکە ماڵەکەیان بە کەس نەسپاردوە و زۆرمانەوەیان بە گونجاو نازانن. کەماڵ و هاوڕێکانی هەتا پشت رەزەکانی گەوەلان هاوڕێیەتی پورە زارا و لەیلا دەکەن. لەیلا و دایکی ماڵئاوایی لە هەموو لایەک دەخوازن و لە گەڵ ژمارەیەکی لە گوندنشینەکان بەرەو شار دەڕۆنەوە. کەماڵ پێشوەخت دایک و لەیلای خوشکی رێنوێنی دەکات، کە ئەگەر لە رێگای گەڕانەوەدا چەکدار یان کەسی دیکە پرسیاریان لێکردن باسی هیچ نەکەن. تەنیا ئەوەندە بڵێن، کە لە ماڵی خزمان بووین. دایک و کچ وێڕای چەند ژن و پیاوێکی گوندەکانی دەوروبەر بە قسەکردن و بێدەنگی رێگاکە دەپێون و پاش کاتژمێرێک دەگەنەوە شار. ناوبرا لە گەڵ لەیلا شەکەت و ماندوون و دیداری ماڵە مام دەروێش، ئازیز و خاڵە مینە بۆ رۆژانی داهاتوو هەڵدەگرن.