کۆچی دوایی پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین کاک خالید عەبباسی لە وڵاتی سوئێد

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٨ ـ ١١ ـ ٢٠١٧ کاک خالید عەبباسی کوت‌وپڕ بە هۆی سەکتە و ڕاوەستانی دڵەوە تووشی گرفت دەبێ ، لەگەڵ ئەوەدا دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە بەڵام بەداخەوە هەوڵە پزیشکی‌یەکان بێ ئاکام دەبن و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

خالید عەبباسی ساڵی ١٣٣٧ ی هەتاوی لە ئامیزی بنەماڵەیەکی خۆشەویست و کاسبی گوندی گەڵوانی ناوچەی نەغەدە لە دایکبووە و قۆناخەکانی ژیانی منداڵی و مێرمنداڵی لەو گوندە تێپەر کردووە و بە پێی پێویست و توانا هاوکاری سەرەکی کارەکانی بنەماڵەکەی بووە.

لەگەڵ یەکەم ڕاپەرینەکانی گەلانی ئێران وێرای خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان دا بە گەرمی بەشداری کردووە و دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایاتی و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی راستەوخۆ بۆتە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لەو کاتەوە وەک مرۆڤێکی تێکۆشەر و پێشمەرگەیەکی ئازا و بوێر لە کۆمیتە شارستانی نەغەدە و هێزی ئەفشین و لکی یەکی شەهید سمایل کرمانج ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی دەست پێکردووە و ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی نەقڵی لکی ٣ ی مراد شیرژ بووە و پلەکانی سەرپەلی و هاوکاری کادر و دواتر کادری سیاسی هەبوو، کاک خالید بە پێی هەل‌ومەرج و ئاڵوگۆرەکانی ناوچە و هەروەها جێگۆرینی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، ناوبراویش شوێنی تێکۆشانی گۆردراوە و لەو ئۆرگان و بنکانە دا لە بنکەی سنووری شیوەڕەز، بەندیخانەی ناوەندی، فێرگەی سیاسی نیزامی، نەخۆشخانەی گشتی حیزب، بنکەی تداروکاتی گشتی تەقەمەنی و دواتریش سەرپەرەستی نیزامی کۆمیتەی نەغەدە خزمەتی بەرچاوی کردووە .

ئەو لەو ماوەیەدا وێرای راپەراندنی ئەرکی پێشمەرگایەتی لە چەند دەورەی سیاسی و کادر دا بەشداری کردووە و پلەی زانیاری خۆی بردۆتە سەر و لە هەموو بوارەکاندا خزمەتی بە حیزب و گەل و نیشتمان کردووە. خالید عەبباسی مرۆڤێکی مەند و لەسەرەخۆ، مرۆڤێکی خۆش ئەخلاق و سادق و پاک و ڕووح‌سووک و دەم بە خەندە و کەسێکی خۆشەویست و جێگای باوەری گشت لایەک بووە و بەوپەری دڵسۆزی‌یەوە خزمەتی کردووە و وێرای ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە دژوارترین کاتەکان دا لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دا سەنگەری لە داگیرکەرانی کوردستان گرتووە و وەک مرۆڤێکی بە هەست و نیشتمانپەروەر ئەرکی نیشتمانی خۆی بەرێوەبردووە.

شایانی باسە کە دوای ئەوە کە ماوەیەک لە باشووری کوردستان بوو ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و لە وڵاتی تورکیە ساڵانێک لە چاوەروانی قەبووڵی یوئێن دا مایەوە و لەو ماوەیە دا تووشی نەخۆشی دڵ دەبێ و هەر لە تورکیە نەشتەرگەری بۆ دەکرێ و دواتر ساڵی ٢٠٠٨ ی زائینی دێتە وڵاتی سوئێد و لە شاری ئوپسالا درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدا و لێرەش وەک مرۆڤێکی بە هەست و نیشتمان‌ۆەروەر لە هەموو ڕۆژە مێژوویی و گرینگەکانی گەلەکەمان و لە خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوەکانی تایبەتی دا زۆر بە چالاکی بەشداری دەکرد و تا کاتی ماڵئاوایی یەکجارەکی بەردەوام کاری بۆ وەسەریەک خستنەوەی دوو باڵی دێموکرات دەکرد و هاوکاری کارەکانی رەوەندی کوردی لە وڵاتی سوئێد بوو.

بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی کاک خالید عەبباسی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە وڵاتی سوئێد و لە کوردستان دەردەبرین و هیوا دەخوازین ئاواتەکانی کاک خالید عەبباسی کە ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەی و وەسەریەک کەوتنەوەی دێموکراتەکان بوو وەدیبێ.

ماڵپەری گیارەنگ

حەمەرەسووڵ کەریمی