تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. حیزبایەتی چەپاوەنە و درێژەی یەکتر شکاندن . بەشی هەشتەم: عەزیز شێخانی

بنکەکانی حیزب و شوێنی دەفتەری سیاسیی دێموکڕات لە بەر یەکتر روونکردنەوە و پیاسەی ناوچەگەرایانە و سیاسی وەک سەربانە قوڕەکان شکڵی گۆڕاوە. کوڕان و کچانی خەڵک

لە ناوچە و لە مەیدانی بەرەنگاریدا ئارەقە و خوێنیان دەڕشت و ژمارەیەک لە سیاسەتکارە قۆرتاوییەکان بیریان لە مانەوەی خۆیان دەکردەوە. کەماڵ و هاوڕێکانی لەو مەیدانەدا ئەکتیو نەبوون و زۆر گوێیان بە ئاوازە نامۆکان نەدەدا. لە کۆنفڕانسەکانی ئەوجارەی کۆنگرەدا خۆیان کاندید ناکەن و بەجۆرێک دژایەتی خۆیان بەرامبەر بە خەباتی لابەلای نێوتەشکیلاتی دەردەبڕی. زۆربەی ئەو کەسانەی لایەنگری هێڵی سێهەم بوون دەنگ و رەنگێکی زەق و بەرچاویان نەبو. لە کێشەکاندا زیاتر ئەو تاک و دەستە مرۆڤانە زەقدەبوونەوە، کە بەرامبەرکێی یەکتریان دەکرد و شیر و تیریان لە یەکتر دەسوی. حوسێنی ئازیزێ لەو ماوەیەدا رادەگەیەنێ، کە حیزب نەخۆشە و پێویستی بە عەمەلیات هەیە. مستەفا دارشەقەکەی لە گەڵ قسەکردن بەرز دەکاتەوە و بە دەنگێکی راشکاو دەڵێ، بە سەری خۆمان کێشە حیزب و تەشکیلات نییە و ئێمە خۆمان کێشەمان هەیە. کورد حیزبایەتی وەک شەڕە گەڕەک چاولێدەکات و بەرپرسەکان لە ئێمە تاوانبارترن. ئەو کوردە لە سەرەتاوە کێشەی پێکەوە حەوانەوەی هەیە و ئامادەیە مل بۆ دوژمن شل بکات، بەڵام لە گەڵ یەکتر ناگونجێ. ساڵانی رابردوو کۆمەڵێک بە ناوی کۆنگرە چواریەکان و دواتر دژبەرانی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و ئەوجارە خوا دەزانی لە ژێر چ ناوێکدا ماڵ لە یەکتر دەکەن! کاکە ئەگەر حیزب و رێبەرایەتی ئاڵۆز و پەرتەوازە کارەکانی راپەڕاند، وەک مێشکی مڕۆڤێکی نەخۆش وایە و توانای بڕیاردانی نامێنێ. ئەتۆ لەو شاخ و داخە بە چ عەقڵێک شەڕی قاسملوو دەکەی و بە چ عیلمێک ناوبراو لەو مەیدانەدا دەردەکەی؟ حوسێن دەگەڕێتەوە نێو باسەکە و رادەگەیەنێ، کە مەبەستی ئەو راست قسەکانی مستەفایە. لەو حیزبەدا ژمارەیەک ئەندام و کادر هەن، کە حیزبایەتیان بۆ خۆیان دەوێ و ئەوان بە کوردی سیاسەت دەکەن و شەڕەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن. ئەوان لە مەیدانی راستەقینەی خەباتدا ئامادە نین و گرینگی بە زەبرلێدان لە هێزی دوژمن نادەن و ئەهلی سینگ دەرپەڕاندنن. ئێمە چەند ساڵە لەو شاخ و کێوانە دەژین و بە هەزاران کەس لەو پێناوەدا گیانی خۆی فیداکردوە، کەچی تازە دەستەیەک بە ناوی جیاواز وەک کەو لێرە و لەوێ دەخوێنن و پلانی شەقکردنی حیزبیان هەیە. کەماڵ لەو باسانەدا زۆر چالاک نییە و بە گوێگرتن قەناعەت دەکات. لە کۆتایی باسەکەدا کەماڵ کوڕەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە وریابن و رەنگە دوای کۆنگرە ئێمەش سەنگەر لە یەکتر بگرین! ئەو کوردە لە کۆنەوە بەو شێوازە سیاسەتی کردوە و هەتا کۆتایی ئامادەی شەڕی یەکترن، بەڵام بۆ شەڕی داگیرکەران خاو و لەسەرەخۆن. ئەمن هەتا کاوە نەکوژرا، زۆر بیرم لە شەڕی خۆبەخۆ نەدەکردەوە و ئەو ماوەیە دەپرسم، کە لە پێناوی چ ئامانجێکدا ئێمە شەڕی یەکتر دەکەین؟ چ ئامانجێک ئەوەندە پیرۆزە کە دەبێ ئەمن و کاوە دژی یەکتر سەنگەر بگرین؟ کوڕینە خۆتان لەو دمەتەقە بێسوودە دوور بگرن و سەرئەنجامەکەی باش و ئەرێنی نابینم.

گژەبای ساردی کوێستانەکان لەو پاییزەدا وەک تەزوویەکی سارد بە دۆڵەکاندا تیژ تێدەپەڕی. ئەو بنارانە پڕن لە توڕەیی دایکی نیشتمان و تەنیا شوانە بە ئەزموون و پارێزەرانی راستەقینەی نیشتمان لە ئاهی شەوانی ئەنگوستەچاو تێدەگەن. رێژیم وەک رابردوو لە پێناوی زەبرلێدان لە هێزە کوردییەکان کارایە. رێژم لەو مەیدانەدا خاوەنی پارە و کەرەستەی جۆراوجۆر و هەروەها مرۆڤی کوردە. هاوینی رابڕدوو رێژیم لە زۆربەی ناوچەکان وەرزێکی دژوار و پڕ لە ژانی تێپەڕ کرد. بەرپرسانی رێژم بە مەبەستی تۆڵە کردنەوەی لە بەرپرسانی نیزامی پێشمەرگە لەو ناوچەیە گەڵاڵەیەکی تیرۆریستی دادەڕێژێن. بەرپرسانی دەزگای سیخوڕی رێژیم لە سەردەشت لە رێگای چەند کوردێکی سیخوڕ و هاوکاریان ئاگادارن، کە حەسەن شیوەسەڵی داوای کتێبی سپی ددانی جەک لەندەنی کردوە. ناوبراو ئەو کتێبەی بۆ کەسێکی دیکە داواکردوە و هیچ کاتێک بیر لەوە ناکاتەوە، کە کتێبی ددان سپی، چاو و دەستەکانی ناوبراو بە ئاسانی لێوەرگرنەوە . بەرپرسانی رێژیم ناردنی ئەو کتێبە بە دەرفەت دەزانن و بە کەرەستەی تەقینەوە کتێبەکە ئامادە دەکەن و رەوانەی سونێی دەکەن. قوربانییەکان وەک هەمیشە کوردن و لایەنی براوە رێژیمی تاران. سەرئەنجام کتێبەکە دەگاتە دەستی شێوەسەڵی و ژیانی تاریک دەکات و چاو و دەستەکانی بە ئاوری پیلانێکی دوژمنکارانە دەهەژێنن. لە ئاکامی تەقینەوەی کتێبە بۆمبڕێژ کراوەکەدا شیوەسەڵی چاو و دەستەکان لە سەرماوەزی پێشمەرگەدا لەدەست دەدات.

سیاسەتی زەبرلێدان لە کورد بە دەستی کورد، کە سیاسەتێکی درێژخایەنی رێژیمی تارانە، زەبری زۆری لە پەیکەری خەباتی کورد لەو پارچەیەی کوردستان داوە. تەوژمی خەباتی نێوخۆ بۆ شکاندنی یەکتر ئەوەندە توندە، کە ئەو رووداوە کاریگەری زۆری لە سەر پێشڕەوانی لە یەکتر تەوەللابوون نییە. سەرئەنجام کۆنگرەی هەشت دەگیرێ و دوو مانگێک دوای کۆنگرە لە سەر لیستەی فیکس بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات جیادەبنەوە و ناوی رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ لە خۆیان دەنێن. بەمجۆرە رۆژگارێکی تازە و ورزێکی ناخۆشتر لە جاران دەبێتە میوانی بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. رادیۆ و رۆژنامەکانی ئەو دوو لایەنە و کادر و پێشمەرگەکانیان ئازایانە بەگژ یەکتردا دێنەوە و وتار و نووسینەکانیان بۆ دژایەتی یەکتر تەرخان دەکەن. بەشێک لە هێز و کۆمیتە شارستانەکان لە شوێنی خۆیان تەکان ناخۆن، بەڵام ژمارەیەک لەو هێزانە سەنگەریان گواستۆتەوە و لە دەشتی بیتوێن خەریکی خۆرێکخستنەوەن. حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران ئەو بەشە لە کادر و پێشمەرگەکان بە لادەر دەناسێنێ و رێبەراتی شۆڕشگێڕیش لایەنی بەرامبەر بە جەماعەتی فەراکسیۆن ناودەبەن. جیابوەکان بۆ خۆشترکردنی بەستێنی کارکردن شەڕ لە گەڵ کۆمەڵە رادەگرن و پێوەندییەکانیان لە گەڵ موجاهیدینی گەلی ئێران توندوتۆڵ دەکەن.

بەشێکی زۆر لە کادر و پێشمەرگەکان لەو رووداوانە توڕەن و ئامادەی بەکارهێنانی چەک دژی یەکترن. بەشێکی زۆر لە کادر و پێشمەرگەکان دۆست، خزم، برا و هاوڕێی نیزیکیان لە لایەنی بەرامبەر بەجێماوە. کەماڵ یەکێک لەو کەسانەیە، کە دۆست و هاوڕێکانی بە سەر دوو لایەنەکە دا دابەشبوون و دۆخەکە بە ناخۆش و بێزارکەر دەبینێ. ناوبراو لە گەڵ حوسێن و مستەفا ساغ دەبنەوە، کە سیاسەتی عەقڵانی بگرنەبەر و خۆیان لە تێکهەڵچوون لە گەڵ لایەنی بەرامبەر بپارێزن. حوسێنی ئازیزێ باوەڕی وایە، کە هەتا کادر و پێشمەرگەی حیزبن، ناچارن سیاسەتەکانی حیزب رەچاوبکەن و ئەگەر دژی سیاسەتەکانی حیزب بجوڵێنەوە رەنگە لێپرسینەوەیان لە گەڵ بکرێ و لە کۆتاییدا دەربکرێن. کەماڵ بە گونجاوی دەزانێ، کە بۆ ماوەیەکی دیکە درێژە بە کاروچالاکی بدەن و ئەگەر ناچاربوون دەتوانن وەک لایەنگر لەو سنوورانە خەریکی کار و کاسبی بن. لە روانگەی ئەو و زۆر کەسی دیکە، جیابوونەوە لە یەکتر رەوایە، بەڵام بۆچی ناوێکی تازە بۆ حیزبێکی تازە هەڵنابژێرن؟ بە قەناعەتی مستەفا ئەو شەڕ و ئاژاوە تەنیا پرسی ناو نییە و ئەوە کینەی کۆن و شەڕی دەسەڵاتە و لەو کۆنگرەیەدا تەقیوەتەوە. ناوبراو خۆزگە دەخوازێ، کە جیابووەکان ناوێکی دیکەیان لە خۆیان نابا و ئەو شەڕەچەقەیان لە کۆڵ ئێمە و خەڵکی دیکە کردبایەوە. حوسێن ئەو شەڕە بە شەڕی ئیرادە و دەسەڵاتی چەند کەسێک دەزانێ، کە تەشەنەی کردوە و گواستراوەتەوە خوارێ.

بە تێپەڕینی کات، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێ و لایەنی جیابۆوە رێگانادرێ وەک پێویست لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دێموکڕات بە ئازادی هاتوچۆبکەن. تام و تۆنی دەنگی رادیۆکان و نووسراوەکانیان بەستێنی شەڕە تەقە ئامادە دەکەن. جەولەی پێشمەرگەکان بۆ ناوچە دەست پێدەکەنەوە و بەشێک لە هێز و کۆمیتە شارەستانەکان سەر لە نوێ رێک دەخرێنەوە. وەستا مستەفا لە بنکەی هێز دەمێنێتەوە و بۆ هاوین بەنیازە لە بنکەی گومرک ئەرکی حیزبی راپەڕێنێ. حوسێن و کەماڵ لە گەڵ تیمی رێکخستنی شارن و ئەوان لە گەڵ پێشمەرگەیەکی دیکە و وێڕای پەلێک لە پێشمەرگەکان بەرەو ناوچە دەگەڕێنەوە. بەهار هێشتا هەورەکانی دەگرمێنن و ئاوپڕژێنێ وڵات دەکەن، بۆیە مانەوە لە ناوچە و لە کوێستانەکان ئەستەمە. بنکە سەربازییەکانی رێژیم لە زۆربەی لوتکە بەرز و گوندە نیمچە گەورەکان بەرچاو دەکەون. سنوورەکان بە تەواوەتی تەنراون و بە مینی جۆراوجۆر چێندراون. کاروانچییەکان وەک ساڵان بە مەبەستی پەیداکردنی نان سنوورەکان دەبڕن و زۆر کەس لەو رێگایەدا بەسەر مینەکاندا دەکەوێ و گیان لەدەست دەدات. بەشێک لە پێشمەرگەکان شارەزای کوێرە رێگاکانن و بە ئەزموونی خۆیان سنوورە داسەپاوەکان دەبڕن و وەک تیمی پێشڕەو چاوساغی هێزەکان بۆ نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. کەماڵ و هاوڕێکانی چەند رۆژێک لە گەڵ پێشمەرگەکان لە گوندەکانی ناوچەی بوڵفەت دەگەڕێن و لە گەڵ خەڵکی ئاواییەکان و هەروەها دۆستان و لایەنگرانی حیزب پێوەندی دەگرن. بەشێک لە پێشمەرگەکان رۆژنامەی کوردستان، گۆڤاری لاوان و بڵاوکراوەی حیزب لە گوندەکان دەدەنە لاوە کوردپەروەرەکان. لە زۆربەی گوندەکان خەڵک لە سەر جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی هەشت پرسیار دەکەن و خوازیارن لەو مەسەلەیە تێبگەن. کادر و پێشمەرگەکان بە شێوازی جیاواز قسەیان لە سەر دەکەن. خەڵکی گوندەکان لە سەر یەک بە گەڕانەوەی پێشمەرگە شادن، بەڵام ئەو وردە خۆشییە دەرمانی دەردەکان ناکات. زۆرێک لە لاوەکان و خەڵکی دیکە بە سرەواندنی گورزی سەربازی لە بنکە سەربازییەکانی رێژیم دڵخۆشن. رێژەیەک لەوان وەک ئەندام و دۆست، هاوکاری پێشمەرگە دەکەن، بەڵام خەباتەکە لە پەراوێزدا دەکرێ و زۆربەی خەڵک بە دڵ کوردایەتی دەکات. ئێران بە بیانووی شەڕی ئێران و عێڕاق هێزێکی زۆری لەو ناوچەیەدا مۆڵداوە. عەمەلیاتی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا دەنگدانەوەیەکی زۆری نییە. لە مێدیای فەرمی وڵات باسێک لەو کردەوە سەربازیانە ناکرێ و رێژیم خۆی لە بەرامبەر ئەو بزوتنەوەیەدا کپ و کڕ کردوە. سیاسەتی بێدەنگی رێژیم و نەبوونی هیچ جۆرە مێدیایەکی دەرەکی رێژەی کاریگەری خەباتی چەکداری کەمتر کردوە. پێشمەرگەکان کەمتر تێکۆشاون لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زەبر لە بنکە و بونیاتی ئابوری و نیزامی بدەن، بۆیە رێژیم لەو پەراوێزەدا ترسێکی زۆری لە خەباتی چەکدارانەی وەرزی هاوینەی پێشمەرگە نییە.

کەماڵ، حوسێن و بێبەش کاژەیی لە گوندی زێوێی ناوچەی بوڵفەت لە پێشمەرگەکان هەڵدەبڕێن و بۆ دیداری ئەندام نێوخۆییەکانی شار رێچکەی خۆیان دەگۆڕن. ئەوان لە رێگای یەکێک لە ئەندامەکانی شار بە ماشێن دەگوازرێنەوە نێو شار و خۆیان تاقەت دەکەن. حوسێنی ئازیزێ لە مێژە دایکی نەدیوە و تەنیا لە رێگای پورە زاراوە سڵاو و چاکوچۆنی ئاڵوگۆڕ کردوە. کەماڵ بە نیازە لەو دەرفەتەدا سەردانێکی ماڵی خاڵە مینە بکات. ئەوان، لە گەڕەگی نێوزەڕۆیە لە ماڵێک دەمێننەوە و بەرنامەی کاریان دیتنی ئەندامە نهێنیەکان و هەروەها ئەندامگیری زیاترە. بە مەبەستی ئاشکرانەبوون کەمتر خۆیان دەردەخەن و لە دانانی بەرنامە بۆ دیتنی ئەندامەکان خۆدەپارێزن. لەو ماڵانەی کە ماونەوە کەمتر ئەندامەکان دەبینن و شوێنی دیدار دەگۆڕن. بڵاوکراوەی تازەی حیزب دەدنە ئەندامەکان و سیاسەتی تازەی حیزب بە ئەندامەکانیان دەڵێن و لە سەر باوردۆخی شار و هاوکارانی رێژیم زانیاریان لێوەردەگرن. زۆربەی ئەندامەکان لە جیابوونەوەکەی حیزب نیگەرانن، بۆیە بە وردی گوێ لە رادیۆ دەگرن و زیاتر لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب ئاگاداری هەواڵ و رووداوەکانی بڵاوکراوە لە رادیۆن. هێزەکانی رێژیم زیاتر لە ساڵان لە شاردا ئامادەن و ئێواران دەستەیەکی تایبەتی چەکدار بە ناوی عەمەلیاتی شار دەگەڕێن. لە دەرەوەی شار گروهی بە ناو زەربەت بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕێن و لە سەر بناخەی زانیاری سیخوڕ و بەرپرسانی ریژیم لە ناوچەکاندا ئامادە دەبن. کەماڵ، حوسێن و بێبەش کاژەیی دوای ١٠ رۆژ مانەوە و دیدار لە گەڵ ئەندامەکانی شار سەردانی ماڵی خاڵە مینە، مام دەروێش، ئازیزی دایکی حوسێن و هەروەها مام کەریم دەکەن. ئەوان بۆ چوونەدەر لە شار پێویستیان بە ئەندامە نهێنیەکانی شار نییە و لە رۆژانی کۆتایی ئەو سەردانەدا تەنیا لە گەڵ یەک ئەندام لە پێوەندیدان. ئەوان بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی خۆیان داوایان لە ئەندامەکان کردوە، کە بە هیچ شێوەیەک لەو رۆژانەدا باس لە دیداری پێشمەرگە نەکەن و بە سەر هەست و کفوکوڵی گەنجانەیاندا زاڵبن.

رۆژگاری کوردان لەو دیوی سنوورە دەستکردەکان تاڵە و رێژیم لە گواستنەوەی ئاژاوە بۆ باشووری کوردستاندا سەرکەوت. پێشمەرگەی هێزە باشوورییەکان لە گەڵ پاسدار و بەسیجییەکان بەشێک لە خاکی باشووری کوردستانیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. هەڵەبجە یەکێک لەو شارانەیە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەعس دەرهێنراوە. پێشمەرگەی پارتە باشورییەکان لە گەڵ پاسداڕەکان لەو شارەدا جموجۆڵیانە و بەعسییەکان بۆ تۆڵەکردنەوە بە چەکی کۆمەڵکوژ لە شاری هەڵەبجە دەدەن. خەڵکێکی بێتاوان لە ژن، منداڵ و مرۆڤی بەساڵداچوو لە ئاکامی ئەو پەلامارەدا شەهید دەبن و بە هەزاران کەس دەربەدەر و پەڕیوەی سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان دەبن. شەڕی ئێران و عێڕاق کۆتایی نەهاتوە و عەمەلیاتە گەورەکەی رەفسەنجانی کە چەند ساڵە بەڵێنی بە خەڵک داوە سەر و کەللەی دیارنییە. لە ژێر سێبەری ئەو بارودۆخە نالەبارەدا تیمی رێکخستنی شار، کەماڵ، حوسێن و بێبەش کاژەیی لە شار دەردەکەون. ئەوان لە ئێوارەیەکی پڕ لە جوانی و سەوازیی بەرەو سەوزەڵانییەکی خوار شار شۆڕدەبنەوە. ئەو سرووشتە بۆ پێشمەرگەکان دەست و دڵ ئاوەڵایە و لە شاردنەوەی پارێزەرانی مافی کورداندا هەڵسووڕ و کارایە. ئەو ناوچەیە بۆ بەشێک لە پێشمەرگەکان وەبیرهێنەرەوەی سەردەمێکە، کە پەرویزی کوڕی خاڵە مینەیان بە برینداری هێنایە شار و دواتر بەرەو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە گواستیانەوە. بێبەش کاژەیی بیرەوەری زۆری لەو ناوچەیە نییە، بەڵام ئەوانی دیکە وێنە جوان و شاکارە سروشتییەکانی بەهاران و پاییزانی ئەو ناوچەیان لە سینگدا پاراستوە. ئەوان بە مانەوە لە ژێر سێبەری دارە گەڵاگرتوەکان و تەنیشت سەرچاوەی ئاوە بە خوڕەکان دڵخۆشن و لەو ئێوارەیەدا گوێ لە ئاوازی ئۆپێڕای نەرمەبا دەگرن. ئێرە سەیرانگا و مەڵبەندی بیرکردنەوە و کتێب خوێندنەوەی ژمارەیەک لە ئۆگرانی ئازادی، ماف و زانستە و زۆر کەس بیرەوەری لە ئاو، سێبەر، سەوزەڵانی ئەو ناوچەیە هەیە. ئێرە بە لە رێگای دۆڵە قوڵ و راکشاوەکەیەوە بە چۆمی کەڵوێ تێکەڵ دەبێتەوە و سۆزی شار بە وزەی و شەپۆلی ئاوی رووبار دەگەیەنن. کەماڵ، حوسێن و بێبەش کاژەیی تا درەنگانی ئێوارە لەو ناوچەیە بەسەردەبن و لە باوشی شەودا خۆیان دەگەیننە گوندی شیواشان.

گەڕانی تیمی رێکخستن و تەشکیلاتی لە ناوچەدا ئاسانە، بەڵام ریسکی ئاشکرابوونی زۆرە و بە ئاسانی لە ماڵەکاندا زەبری لێدەدرێ. تیمی تەشکیلاتی شار دوای دوو رۆژان لە گەڵ تیمی رێکخستنی بوڵفەت یەکتر دەگرنەوە و ماوەیەک پێکەوە لە گوندەکاندا لە گەڵ ئەندام و دۆستانی حیزب پێوەندی دەگرن. بابەتی سەرەکی ئەو بەهارە جیابوونەوەی رێبەرایەتی شۆڕشگێر لە حیزبی دیموکڕاتە. خەڵکی گوندەکان و ژمارەیەک لە خەڵکی شار کە لە گوندەکان بۆ کاری تایبەت دەمێننەوە لە سەر ئەو کێشەیە زۆر پرسیار دەکەن. لە گوندی بنوخەڵەف کادرەکان لە گەڵ ژمارەیەکی لاوی شار و گوندەکانی دیکە دیدارێک پێکدێنن و لە سەر بارودۆخی کوردان قسەیان بۆ دەکەن. یەکێک لە لاوەکان لە پێشمەرگە و کادرەکان دەپرسێت، کە ئێوە چۆن ئەو خەباتە درێژە پێدەدەن و تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێڕاق چ کاریگەریەکی لەسەر بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ؟ یەکێکی دیکە لە چەندایەتی و چۆنایەتی باوەڕی حیزبە کوردییەکان بە دێموکڕاسی پرسیار دەکات. بە باوەڕی ناوبرا لە قوناخی شەڕدا پڕۆسەی دێموکڕاسی بە ئاسانی گەشە ناکات و کولتوری خەڵک و دەوڵەتەکان لەو ناوچەیەدا لە سەر کولتوری حیزبایەتی کاریگەری هەیە. پیرە پیاویکی بنوخەڵەفی لە نێو لاوەکاندا هەڵتروشکاوە و رەخنەی لە کوردایەتی هەیە. بە تێڕوانینی مام سەلیم، شۆڕش تەنیا بە گوندەکان ناکرێ و ئەو حیزبایەتییە زیاتر لە گوندەکاندا دەکرێ، بۆیە لاوازین. مام سەلیم کە بە تورەکە توتن و پەڕەکەی ناسراوە جاروبار دەیکاتە چڕەدوکەڵ. ناوبراو بە گۆڕ و هێزی سەردەمی لاوەتی گوێی بۆ قسە و باسەکان شلکردوە. کادرەکان لە شیکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزبدا شارەزان، بەڵام لە پرسە گشتییەکان و لێکدانەوەکاندا لە گەڵ خەڵکی ئاسایی زۆر جیاوازنین. مام سەلیم لە پێشمەرگەکان دەپرسێ، کە شارەکانی کوردستان چەندە پێشمەرگەیان هەیە؟ کادرەکان ئەو بابەتە بە نهێنی پێناسە دەکەن و رادەگەیەنن، کە چەکدارەکانی ئێمە خەڵکی گوند و شارن، بەڵام هەر شار و گوندەی بە رێژەیەک لەو شۆڕشەدا بەشدارە. مام سەلیم بە کادەرکان دەڵێت، کاکە ئەمن کارم بە نهێنی ژمارەی پێشمەرگەکان نییە، بەڵام بە چاوی خۆمان دەبینین، کە شارەکان بە گوێرەی حەشیمەت و قورسایی خۆیان لەو شۆڕشەدا بەشدارنین. برادەرینە، ئێمە لەو گوندە لە گەڵ گوندی جیرانمان کێشەمان هەیە و بیری ئێمە لەو گوندەدا قەتیس ماوە. ئەمن بەگومانم لە خۆمان و شۆڕشەکەمان. ئەگەر ئەو خەباتە راستە و شۆڕش پێویستە، بۆچی خەڵکی زۆر بەشدار نابن؟ ئەگەر خۆمان کرچ و کاڵین و ئامادەی وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارەتییە نین، رەنگە باشتر بێ واز لەو خەباتە بێنین و کار بکەین بۆ پێگەیشتوویی کورد لە شار و گوند. کەماڵ کەیفی بە وتەکانی مام سەلیم و ئەو کەسانە دێت، کە راستوێژ و ئاشکرابێژن و زۆر لە کادر و سەرکردایەتی حیزبەکان باشتر و راستگۆیانەتر لە سەر دۆخەکە دەدوێن. ناوبراو دەستخۆشی لە مام سەلیم دەکات و ئەو شێوازە لە پرسیار و ئاشکرابێژی بە کۆڵەکەیەکی گرینگی دیالۆگی نێوان خەڵک و پێشمەرگە دەزانێ. کەماڵ بە بەشداربوەکان رادەگەینێ، کە ئەزموون و بیرکردنەوە زۆر گرینگە و ئەوەی مام سەلیم باسی دەکات، رەنگە مامۆستایەک لە شار یان خوێندکارێک لە زانکۆ هەر بیری لێ نەکردبێتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر خوێندەواری لە گەڵ بیرکردنەوە و تێگەیشتن ئاوێتە نەبێت، بێگومان خاوەنەکەی زۆر ژیر و وریا ناکات. مام سەلیم بەو وتانەی کەماڵ کەیفی سازە و چەند مژێکی توند لە سیگارەکەی دەدات و چڕە دوکەڵێکی خەست بە دەوروبەردا بڵاودەکاتەوە.

کەماڵی مام کەریمی و هاوڕێکانی دەگەڕێنەوە دۆڵی سونێ و لەو ناوچەیەدا کاروباری تایبەت بە تەشکیلات هەڵدەسووڕێنن. ئەوان بۆ گەیاندنی پەیام و داواکارییەکانیان بە ئەندامە نێوخۆییەکان لە پەیامە رادیۆییەکان کەڵک وەردەگرن. بێجگە لەوە، سەردەشت شاریکی سەر سنوورە و زۆر ئەندام و دۆستی حیزب بە ناوی کاسبکار و دیدار دەتوانن سەردانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بکەن. کەماڵ شەکەت و ماندووییە و لەو پەرتەوازەبوونەی کورد بێزارە. ئەو هاوینە بیروهۆشی لە سەر کاری رێکخستن و حیزبی زۆر قایم و چەقیو نییە. ناوبراو بیر لە دایک، خوشک، باب و هەروەها کوژرانی براکەی دەکاتەوە، کە هەرکام لەوانە بە رێژەیەکی بەرچاو کاریگەریان لە سەر داناوە. بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگەکان بە هۆکاری جیاواز دوای وازهێنان لە پێشمەرگایەتی دەگەڕێنەوە نێوخۆ. بەشێک لەو کەسانە تێدەکۆشن خۆیان لە هاوکاری رێژیم بپارێزن و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن. ئەو کەسانە لە لایەن ریژیم وەک تەواب دەناسرێن و بە شێوازی جیاواز هەڵسوکەوتیان لە گەڵ دەکرێ. ژمارەیەک لەو کەسانە بە هۆکاری جیاواز پاش گەڕانەوە لە گەڵ بەپرسانی رێژیم هاوکاری دەکەن و خزمەت بە سیاسەتەکانی ریژم دەکەن. لە ناوچە ئازادە سەر سنوورییەکان کە مەوداییەکی زۆریان نییە، بەشێک لە دانیشتوەکان ناگەڕێنەوە ئێران و لەو ناوچانەدا سەرقاڵی کەسابەت دەبن. کەماڵ لە گەڵ حوسێن و مستەفا، کە ساڵانێکی زۆرە پێکەوەن باسی وازهێنان لە حیزبایەتی دەکات. ناوبراو بە راشکاوی دەڵێ، کە حیزبایەتی لەو دۆخەدا و بەکارهێنانی چەک لە گەڵ هاوسەنگەرە کۆنەکانی بە رەوا نازانێ و خەمەکان گەورەتر دەکەن. بە تێگەیشتنی کەماڵ خەباتەکە رەوایە، بەڵام ئەو کاروانە پێویستی بە رێبوارێکی زۆرە. خەڵکی ئیمە وەک پێویست لەو خەباتەدا بەشدارنین. ئەوان وەک هەست ئێمەیان خۆشدەوێ، بەڵام بەو هەستە ئەو کاروانە ناگاتە مەقسەد. ئێمە لە ئێراندا لە ژێر سێبەری دوژمنێکی دڕندە و سیستمێکی داپڵۆسێنەردا دەژین. ئەرتەش و سپا، بەسیجی و بە وتەی رێژیم پێشمەرگەی موسڵمان و پیاوەکانی ئیتلاعات و هتد بەو چەند هەزار چەکدارە مشتوماڵ نادرێن و رێژیم تەسلیمی ئیرادەی داخوازەکانی کورد نابێ. مستەفا کە لاقە دەستکردەکەی لە تەنیشت خۆی داناوە، لە حوسێن دەپرسی، کە ئەتۆ چ دەکەی؟ تۆش وەک کەماڵ وازدێنی یان دەمێنیەوە؟ حوسێن شانەکانی هەڵدەتەکێنێ و دەڵێ، کاکە ئێمە کۆڵەکەی ئەو حیزبەین و دانابڕێین. کەماڵ بارودۆخی جیاوازە و ئەگەر ئێمە لە دۆخی ئەودا بووینایە، بێگومان زۆر لە مێژە بەدوای کار و کاسبی دەکەوتین. مام کەریم ئەوە چەند ساڵە گیراوە. کاوە بەداخەوە تووشی ئەو چارەنووسە هاتوە و لەیلا لەو تەمەنەدا بە ئارەقەی شان و پیلی ژیانی خۆیان هەڵدەسووڕێنێ. بە تێگەیشتنی من کەماڵ لەو ناوچەیەدا دەتوانێ کەسابەتی خۆی بکات و لە جاران زیاتر دڵی بە کوردایەتی خۆشبێ. مستەفا دڵسارد و نیگەرانە و وەبیر هاوڕێکانی دێنێتەوە، کە ئەوان بە یەکەوە جوانن و ساڵانێکی زۆرە کە ناخۆشییەکانی ژیان و رۆژگار پێکەوە دابەش دەکەن و پاڵپشت و برای یەکترن. کەماڵ لە کۆتایی ئەو وتانەدا بە راشکاوی رادەگەیەنێت، کە ئامادە نییە بگەڕێتەوە و وەک تەواب بناسرێ و بەردەوام ئاگایان لە یەکتر دەبێ.

کوردەکان فاکتەری یەکلاکەرەوە نین و دەسەڵات و تاقەتیان بە دەوڵەت و نەتەوە سەردەستەکان ناشکێ. ئەوان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بە زمان، مێژوو، کولتور و دەسەڵاتی دەوڵەتە سەردەستەکان پەروەردە دەکرێن. خەڵکی کورد بە رێژەیەکی کەم لە زمان، مێژوو، ناسنامەی خۆیان شارەزان و تەوژمی خۆناسین لە ئاستی تاک و کۆدا لاوازە. لە سەر بەستێنی تێکشکانە بەردەوامەکان، خەڵکی کورد پاش ماوەیەک لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرکوتکەردا سەرکز دەکا. بەشێکی زۆر لە کوردە چالاکەکان کاتێک لە ماڵ دەردەچن و بە کردەوە لە گەڵ دژوارییەکانی خەبات ئاشنا دەبن، زۆر بە ئاسانی لەو هاوکێشەیە دەگەن کە رزگارکردنی نەتەوە و خاکێک یان دەستەبەرکردنی مافی نەتەوە و کەمایەتییەک خەباتێکی بەرفراوان و کولتورێکی تۆکمەی دەوێ. کولتورێک، کە لە بەر ترس یان هۆکاری دیکە خەباتکاران و خاکفرۆشان لە یەکتر جیا نەکاتەوە، چۆن دەتوانێ بەستێنی دەستەبەرکردنی مافەکان لەبار و ئامادەبکات؟

وەستا مستەفا لەو ماوەیەدا کە لاقێکی لەدەستداوە لە سەر جێگا و لە بەردەرگای مەقەڕدا خولیای تێگەیشتن لەو هاوکێشەیە. ناوبراو رۆژانە و ئێوارانە بە خوێندنەوەی رۆژنامە و گوێگرتن لە رادیۆ کوردیی و فارسی زمانەکان تێپەڕ دەکات. لە کات و ساتی جیاوازدا لە هاوڕێکانی دەپرسێ، کە رەنگە برینداربوون مرۆڤ تووشی خەمۆکی بکات و پرسیاری نەرێنی لە سەر رووداوەکان بخوڵقێنێ. مستەفا لە گەڵ چاپەزەکەی مەقەڕ زۆر دادەنیشێ و بەدەم چاخواردنەوە یادی رۆژانێک دەکات، کە بە ئاسانی سنوورەکانی دەبڕیی و رێگا و کوێرەرێگاکانی تێپەڕ دەکردن. چاپەزەکە بۆ دڵخۆشکردنی وەستا مستەفا بوخچەی خەمەکانی خۆی دەکاتەوە، کە پڕە لە ژانی سەردەمی منداڵی، لاوەتی و هەروەها پێشمەرگایەتی. بە وتەی چاپەزەکە چارەنووسی مرۆڤ ناگۆڕێ و بە قوەتی شانان نییە. سەعید، کە لە ژێردەستی زڕدایکدا هەڵیداوە، هەتا چایەک تێدەکات ئاخێک هەڵدەکێشێ. ناوبراو لە گەڵ مستەفا پێکەوە بە چاخواردنەوە لاپەڕەکانی رابردوو هەڵدەدەنەوە. سەعید چەند بڕگەیەک لە ژیانی بۆ مستەفا بەمجۆرە دەگێڕێتەوە:” کاکە، ئێمە هەر نان و شەقمان دەدرایە. بە گۆڕی دایکم سوێند دەخۆم، کە هەموو منداڵانی گوندەکەمان بە قەدەر من و براکانم جەزرەبە و ئازار نەدەدران. کە بابم بۆ کارکردن لە ماڵ دەردەکەوت، ئەمن و براکەم و خوشکەکەم بە دەستی زڕدایکەکەمان جەهەندەمێکمان بۆ سازدەکرا، کە ناخی دەسووتاندین. ئەمن و براکەم و تەنانەت خوشکەکەم چەند جار بە مەقاشی داخکراوین. ئاوی کوڵیو لە زستاناندا بە پشت و لاقماندا دەکرا و دواتر زڕدایک دەیگوت، خوا عەمریان نەداتێ هەموو جەستەی یەکتریان بە ئاوی کوڵیو سووتاندوە. کاک مستەفا، لە ترسی زڕدایک درۆ و راستیمان تێکەڵ دەکرد و ئازایەتی گێڕانەوەی رووداوەکانمان نەبو. کە زڕدایک ئێمە بە سووتاندنی یەکتر تاوانبار دەکرد، ئێمەش باوەڕمان دەکرد، چوونکە ئەو دەیان جار ئەو رستانەی دووپا دەکردەوە و ئێمەش لە ترسان زار و زمانمان دەبەسترا. بابم لە زڕدایکمان زاڵمتر دەجوڵایەوە و بە تەڕکەدار و کلکەبیور پەلاماری دەداین. هەتا گەورە بووین پێڵاو و جلوبەرگی گونجاویان بۆ دابین نەدەکردین. خوشکەکەمان وەک قەراوەشی زڕدایکەکەمان کارەکانی رادەپەڕاندن و کچەکە چوکەڵکەی هەتا ئێوارە لە پشتێ دەبەست. هەر کە منداڵەکە دەگریا، زڕدایک پرچی خوشکەکەمی دەگرت و لە هۆدەکەدا چەند گەڕ رایدەکێشا. ئێمە منداڵبووین و چۆنیەتی خۆپاراستنمان نەدەزانی و ئەگەر خۆبەخۆ وەشەڕدەهاتین، پەنامان بۆ زڕدایک دەبرد و ئەویش هەتا دەستی کاری دەکرد ئازاری دەداین. برا چوکەکەم لە کاتی تەنگانەدا پەنای بۆ خوشکەکەم دەبرد و ئەمنیش بۆ جیرانەکان. باب و دایکم لە گوندەکەماندا وەک سەمبولی زۆرداری بەرامبەر بە منداڵەکان دەناسران. بابم فێری کردبووین، کە لە بەرامبەر وەرگرتنی شیرینی و وردە پارەیەکدا سیخوڕی لە یەکتر بکەین. لە گوندەکەماندا زەمانی شا سپادانیش ماوەیەک لە قوتابخانە منداڵەکانیان فێری خوێندن و نووسینی فارسی دەکرد. بابم و دایکم ئێمەیان نەدەنارد و بە وتەی ئەوان، ئەو دەرسە وانەی شەیتانە و بۆ خوێندن نابێ. هاوینان لە بەر دروێنە، نۆکڕنینەوە و دارکۆکردنەوە جەستەمان بە چەقڵە زەردە و لووسەکان ئازاردەدرا. پاییزان و زستانان ماڵەکەمان لە بەندیخانە دەچوو. لە کاتی نوێژکردندا لە خوا دەپاڕاینەوە، کە خزمێک یان ناسیاوێک لە دەرگای ماڵەکەمان بدات و بۆ ساتێک لە ستەمی دایک و باب رزگارمان بێت. ئێوارەیەک لە تەنیشت میوانەکە بە مقاشەکە ئەوەندەیان لێدایین، کە میوانەکە لە داخان بێ خواحافیزی لە ماڵ دەرکەوت. خوشکەکەم لە بەر کاری دژوار و نەخۆشکەوتن لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بە نەخۆشی گورچیلەی مرد. ئەو ماوەی سێ مانگان لە ئازاری گورچیلەکانی شەوانە خەوی لێنەدەکەوت. زڕدایکم شەوانە بە بابمی دەگوت، کە ئەو کچە مەکربازە و مێردی دەوێ. بابم لە سەر قسەی زڕدایک گوێی بە خوشکم نەدا و سەرئەنجام لە شەوێکی ساردی زستاندا لە تەنیشت خۆم و براکەم کۆچی دوایی کرد. لە ترسی لێدان و ئەشکەنجە لە لای خەڵک دەمانگوت، خوشکم ساغ و سەلیم شەوێ خەوتوە و بەیانی بە ئەجەلی خوا مردوە. کاکە مستەفا رەنگە ئەو چیرۆکە دەرخەری بەشێک لە ژیانی راستەقینەی من بێ، کە لە تەمەنی کەمەوە بە دەستی نیزیکترین کەسەکانەوە چەوساومەوە و وەک ئەسیر و دیلێک ئەشکەنجەدراوم”.

وەستا مستەفا بە بیستنی ئەو چیرۆکە پڕ لە ئازارە وازی لە چاخواردن هێنا و لە گەڵ سەعید هاوخەمە و راشکاوانە دەڵێ، لەو دونیایەدا لە بێدەسەڵاتی ناخۆشتر نییە. زوڵمی دایک و باب لە هەموو زوڵم و ستەمی ئەو جیهانە تاڵترە. ئەمن باب و دایکی باشم هەن و زۆر بە کەمی جەزرەبەیان داوین. بابم دەیگێڕایەوە، کە سەردەمی خۆی لە گەڵ بابی پێکەوە زۆر بە کەمی نانیان خواردوە و هەر پاشەوپاش لەو هۆدەیە چۆتەدەر، کە بابی لەوێدا نانیخواردوە یان لە گەڵ میوانێک دانیشتوە. بابم لەو سەردەمەدا زۆر ئازار و بەدبەختی چیشتبوو، بۆیە کە ئێمە لە ماڵدا سەر و پێچکە بووین بە راشکاوی دەیگوت، کە لە داخی توندوتیژی باب و دایکی لە گەڵ منداڵەکان قەت لە منداڵەکانی توڕە نابێ. خۆزگە ئەو چیرۆکەی تۆم نەدەبیست و ئێستا بە مردنی خوشکەکەت زۆر تێکچووم. ئەو باب و دایکە دەبێ خاوەنی چ دڵ و مێشکێک بن، کە بەمجۆرە لە گەڵ منداڵەکانیاندا ستەمکارانە هەڵسوکەوت دەکەن. کاک سەعید، ئێمە خۆ هەر لە لایەک ئازار نەدراوین و کێشەکانمان وەک چینی دیواری لە سەر یەک کەڵەکەبوون و چارەسەر کردنیان چەند نەوەیەکی دەوێ. ئەو شۆڕش و حیزبایەتییە ئەوەندە خێردارە، کە منداڵ و لاوەکان ئەگەر دایک و باب دەرفەتی جوڵەیان پێنەدەن مەکۆ و ناوەندێک هەیە بۆ پەنابردن و حەسانەوە. ئەو ماوەیە زۆر گەنج و لاو دەبنە پێشمەرگە، کە بەشێک لەوان لە داخی زەبر و زەنگی باب یان دایک و هەروەها براگەورە رێگای پێشمەرگایەتیان گرتۆتەبەر.

هاوینە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان گورزی سووک و نیوەسووکی سەربازی لە هێزەکانی رێژیم دەسرەوێندرێ. ئەو هێزانەی لە قوڵایی کوردستاندا جەولە دەکەن هەتا پاییز لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام هێزی شارە سەر سنوورییەکان جەولەکانیان زۆر دوور و درێژ نییە. کەماڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەرپرسان دەکات و هەتا پاییز ئەو ئەرکەی لە سەر شانە. ئەو مەیلی بۆ کوردایەتی لە کزی نەداوە، بەڵام لە چۆنیەتی سیاسەتی هێزە سیاسییەکان بێزارە. بە باوەڕی ناوبراو، شەڕی هێزەکان لە گەڵ یەکتر، نەحەوانەوەی هێزە سیاسیەکان لە گەڵ خۆیان و ئەوانی دیکە و دەرپەڕاندنی جیابیران ژینگەی سیاسی لە کوردستاندا ناشیرین کردوە. رێژەیەکی زۆر لە خەڵک وەک ساڵان تێکەڵ بە ریزی هێزە سیاسیەکان نابن و ژمارەی هێزەکان لە ساڵانی رابردوو کەمترە. لایەنی باشی ئەو هێزانە ئەوەیە، کە بە شێوەیەکی باشتر رێکخراون و پێشمەرگە و کادرە بە ئەزموونەکان لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیاندا سەرکەوتووترن. ئەوان لە هێزێکی زۆر و بۆر بوونە هێزێکی کارامە و خاوەن قەوارە و لە بواری پێگەیاندنی کادری سیاسی، نیزامی و رێکخستن و تەنانەت بەڕێوەبەریی و دەرمانی دەرفەت زۆرە. کەماڵ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە دەورەیەکی بەڕێوەبەریی و کادری سیاسیدا بەشداری کردوە و ئەزموونێکی زۆری کۆکردۆتەوە.

ناوچەی سوونێ، ناوزەنگ هەتا دەگاتە دۆڵی پشتشکاوێ و قاسمەڕەش و هەروەها قەندیل و زنجیرە شاخ و کوێستانانە هێلانەی چەکداری هێزە سیاسییە کوردییەکان بوون. لە بازاڕی سوونێ خەڵکی زۆر بە یەکتر دەگەن و کاسبکار، سیاسی و تەنانەت سیخوڕەکانی رێژیم بە ئاسانی لەو ناوچەیەدا لە جوڵەدان. کەماڵ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە گەڵ ژمارەیەک لە کادرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ناوزەنگ ئاشنا بوە و لە وەرزی پشوودان و حەسانەوە یەکتر بەسەر دەکەنەوە. مەجید و دڵسۆز کۆیی دوو پێشمەرگەی باشوور و ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانن، کە وەک کەماڵ ساڵانێکە لە پێناوی مافی چارەی خۆنووسینی گەلەکەیان دا فیداکاری دەکەن. ئەوان لە گەڵ کەماڵ لە دیدار و سەردانەکانیاندا بە دڵکراوەیی قسە لە سەر دۆخی دژواری کورد و قۆناخی هەستیاری بزوتنەوەی کورد لە باشوور و رۆژهەڵات دەکەن. دڵسۆز و مەجید لە گەڵ کەماڵ لە زۆر پرسدا هاوڕان و باوەڕیان بە سەرکەوتنی کورد لاوازە. بە باوەڕی ئەو کەسانە، کوردەکان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان ئامادە نین و حیزبە سیاسییەکان توانای گونجاویان بۆ سەرخستنی خەباتی کوردان نییە. دڵسۆز لە یەکێک لە خواردنەگە ساکارەکانی بازاڕی سوونێدا لە گەڵ مەجید و کەماڵ تاوتوێی شکستی کوردان دەکەن. ناوبرا لە کورد نائومێدە و گومانی لە گۆڕانی کوردانە و دەڵێ” کاکە کەماڵ و هاوڕێ مەجید، لاپەڕەکانی مێژووی کوردان پڕە لە شەڕی یەکترکردن. ئەو شەڕە لە کۆنەوە لە نێوان عەشیرەت و هۆزە کوردییەکاندا سەریهەڵداوە و دواتر لە سەردەمی رزگاری گەلاندا گواستراوەتەوە بۆ نێو کایەی سیاسەت. حیزب و پارتەکانی ئێمە بە کوردی بە سووتەمەنی هۆزەکان و بە کولتوری کۆنی کوردەواری کاردەکەن. لە هەموو پارچەکانی کوردستاند،ا خەڵکی کورد لە دەستی نایەکگرتوویی داد و هاواریەتی. ئێمە بە سەر چەندان بەرە و لایەندا دابەشکراوین و بوویین. هیچ نەتەوەیەک بە رێژەی کورد چەکداری دەوڵەتە سەردەستەکانی نییە و ئەمن لێرە لە خەباتی کورد بە گومانم. کورد گوتەنی، ئێمە وەک کورد لە گەڵ ئامانج و دوارۆژی خۆمان راستگۆنین و ئێمە کراوینە سووتەمەنی پارتە کوردییەکان و دەسەڵاتی گوتنی “نا”مان نییە. ئەو شۆڕشە هەر بە ناو شۆڕشە و هەر پارت و حیزبەی لە ئاوازێک دەخوێنێ. لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دیموکڕات هێزێکی گەورە بوون و خاوەنی مێژووییەک، بەڵام لە هەر کۆنگرەیەکدا ژمارەیەک ئەندام و کادر و پێشمەرگە ماڵی خۆیان دەکەن. ئێمە لێرە ئاڵای شۆڕشمان بۆ سازدەکرێ و لە ناو پارتی سیاسیدا تاقمێک بۆرە پارت قوت دەکەنەوە و خۆیان بە رزگاریدەری هەموو کوردستان پێناسەدەکەن. ئەوەتا قیادە موەقەتە لە چەند ساڵی رابردوودا لە گەڵ پاسداڕانی ئێران شەڕی دیموکڕات و هێزە کوردییەکانیان کرد. نەمامی کوردایەتی ئێمە لە سەرەتاوە راست و تۆکمە نەنێژراوە و بە گژەبا جیاوازەکان لە رەگ و ریشە هەڵقەندراوە. کورد خۆی دوژمنی خۆیەتی و خاوەنی چوار دەوڵەت و نەتەوەی دوژمنە، بۆیە رزگاربوونمان زەحمەتە. مەگەر دەوڵەتێکی گەورە یان شەڕێکی بەهێز لەو بارودۆخە رزگارمان کات”! مەجید و کەماڵ هاوفکری دڵسۆزن و ئەوانیش رەخنەی زۆریان لە تاکی کورد، کولتوری سیاسی و حیزبایەتی و هەروەها تاکتیکی حیزبەکان بۆ کوردایەتی هەیە. مەجید تاک بە چەقی ئاڵوگۆڕەکان دەزانێ و باوەڕی وایە، کە ئەگەر تاک و لە ئاستێکی بەریندا جەماوەر ئامادە نەبێ، زۆربەی جوڵە سیاسیی و گەورەکان لە سەر رێگا راستەقینەکەیان لادەدەن. ناوبراو نەبوونی زمانی خوێندن و نووسینی کوردی بە سەرەتای کارە گەورەکە دەزانێ. ئەو گازندەی زۆری لە کورد هەیە و رەخنەکانی خۆی لە سەر کۆمەڵگەی کورد چڕتر دەکاتەوە دەڵێ:” ئێمەی کورد لە زمانی یەکتر تێناگەین. لە یەک پارچەی کوردستاندا لە زاراوەی یەکتر تێناگەین. کولتوری تێگەیشتن لە رووداو و دیاردەکان جیاوازن و بە ئاسانی راستییەکان قبوڵ ناکەین. لە زۆربەی پارچەکانی کوردستاندا، کورد مێژووی خۆی ناخوێنێ و ئاگاداری رابردوو نییە و زیاتر بە مێژوو، وێژە، کولتور و ناسنامەی عەڕەب، تورک و فارس جۆشدەدرێ. لە ریزی حیزبەکاندا تەقلیدی تەریقەتی قادریی و نەقشبەندی دەکرێ و پێوەندی نیوان پێشمەرگە و بەرپرس و سەرکردەکان وەک پیوەندی نیوان دەروێش، خەلیفە و شێخە. لە رۆژنامە و رادیۆکاندا پاڵەوانی ئازایەتی و مافی مرۆڤین، بەڵام لە کردەوەدا رێگا بەهاوڕێکانی خۆمان نادەین رەخنە لە سیاسەتی گشتی حیزب و سەرکردەکانمان بگرن. برادەرینە، ئەمن لەوە زیاتر ناتوانم پێشمەرگایەتی بکەم و ئیمانم بە حیزبی کوردی نەماوە. هەتا ئەو ناوچەیە هەبێ، لێرە خەریکی کەسابەت دەبم و ئەگەر ئێرەش نەما ماوەیەک لە ئێران دەبم و دواتر رێگای خاریج دەگرمەبەر. مەبەستم نییە بگەڕێمەوە و لە ژێر سێبەری موستەشار و جاشێکدا بحەسێمەوە، بۆیە بە رێگای پاکستان یان تورکیەدا دەچمە ئەورووپا و کەچە زمانێک فێردەبم. ئێمە هەتا سەر ناتوانین بە ئەمری ئەو سەرکردە و ئەو بنکردە شەڕی یەکتر و خۆمان بکەین”. کەماڵ لەو دیالۆگ و راشکاوییەدا بیر لە ژیانی دەکاتەوە، کە رەنگە وەک مەجید رێگای هەندەران بگرێتەبەر و لە گەڵ کولتور و شارستانەیتی گەلانی دیکە ئاشنا بێ. ناوبراو بە تەواوەتی بۆتە گوێ و لە گەڵ مەجید و دڵسۆز زۆر هاوڕایە. ئێوارە لە بازاڕی سونێ لە یەکتر جیادەبنەوە هەر کامەیان بەرەو بنکەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە. کەماڵ کە بیر لە هەندەران دەکاتەوە زۆر تێکدەچێ. هەندەران بۆ کەماڵ وەک غوربەتێکی نەبڕاوە و بەردەوام دەچێ، کە هەموو رۆژ و مانگ و ساڵێک نوێ دەبێتەوە. ناوبراو ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە رۆژئاوا دەژین و کاری حیزبی دەکەن لە نیزیکەوە دیتوە و زۆربەیان لە ئاستی وتەدا باس لە ناخۆشییەکانی رۆژئاوا و غوربەت دەکەن. ئەو فکرە بۆ کەماڵ تازەیە و لەوە زیاتر بیری لێناکاتەوە، چوونکە سەرهێشەی زۆرتر دەخوڵقێنێ.

بیری چوونەدەرەوە و دەرچوونی لە کوردستان لە نێو کوردانی رۆژهەڵاتدا زۆر بەهێز نییە، بەڵام لە باشوور جیاوازە. ئەوان لە دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و شۆڕکردنەوەی لوولەی چەکەکانیان کەم و زۆر بەرەو ئەمریکا و ئورووپا کۆچیان کرد. رۆژهەڵات لە سەردەمی کۆماری کوردستان و دوای تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانی بە رێژەیەکی کەم و لە ئاستی خویندکاران و ژمارەیەک سیاسەتکاردا بابەتی کۆچکردنی ئەزموونکردوە. کەماڵ بۆ رزگاربوون لە ژێر قورسایی دڵەڕاوکە و راڕایی لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتە شارستان و هێز کۆدەبێتەوە و رادەگەیەنێ، کە هەتا ئێرە بە پاکی هێناویەتی و لە داهاتووشدا پشت لە ئامانجەکانی گەلەکەی ناکات. بەرپرسەکان هەوڵ دەدەن قەناعەتی پێبکەن، کە واز لەو کارە بێنێ و بەرپرسایەتی تازەی بۆ پێشنیار دەکەن، بەڵام سوودی نابێ. ئەوان داوا دەکەن، کە هەتا کۆتایی زستان واز لە حیزبایەتی نەهێنێ، بەڵام کەماڵ مانەوە لەو بارودۆخەدا لە نێو بنکە و مەقەڕەکاندا بە گونجاو نازانێ. سەرئەنجام ناوبراو چەکی پێشمەرگایەتی دادەنێ و لە تەنیشت بەشێک لە ماڵە کۆنە پێشمەرگەکان هۆدەیەک سازدەکات. ناوبراو، بە مەبەستی خۆژیاندن لە بازاڕی سونێ لە گەڵ کۆنە ئاشنایەک وردە مامەڵە دەکات. ژیانێکی ساکارتر لە حیزبایەتی دەستپێدەکات و رۆژەکان لە گەڵ یەکتر جیاوازن. لە بازاڕ و گۆڕەپانی وردە بازرگانیدا خەڵکی جیاواز دەبینێ. ناوبرا کاڵا عێڕاقییەکانی وەک جگەرە، چا و کەلوپەلی خواردن بۆ بازاڕانی سونێ رادەگوازێ. ئەو ساڵانە لەو بازاڕەدا کەسابەت برەوی باشی هەیە و هەر جوڵەیەکی ساکار خێرێکی بەرچاوی لێدەکەوێتەوە. ناوبراو شەوانی زستان لە گەڵ شەریکەکەی لە نێو دووکانە داپۆشراو بە نایلۆندا دەمێنێتەوە. لەو دووکانەدا مەترسییەکان لە جاران زیاترن، بەڵام دەرفەتی دیداری خەڵکێکی زۆر رەخساوە. لە شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز، سەردەشت، بانە و هەروەها باشووری کوردستاندا کاسبکار و سیاسەتکار لەو بازاڕەدا یەکتر دەگرنەوە. شەوانی دووکانداری لە گەڵ پێشمەرگایەتی زۆر جیاواز نییە. ئەوانەی وازیان لە پێشمەرگایەتی دێنن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە خۆیان ئەمین نین و ترسی کردەوەی رەشەکوژی رێژیمیان هەیە. دەزگا سیخوڕییەکانی رێژیم بەردەوام هاوکارە کوردەکانیان بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە رەوانە دەکرد. سەرەڕای ئەوە، ئەوان لە بازگەی تایبەت بە قاسمەڕەش بە شێوەیەکی رێکوپێک کۆنتڕۆڵی ئەو خەڵکانەیان دەکرد، کە لەو خاڵە سنوورییانە بەرەو نۆکان، زەڵێ و سونێ تێدەپەڕین. یەکێک لە ناسراوترین روخسارەکانیان پاسداڕێکە، کە بە سوورە ناسراوە. ئەو بە چاوە تیژ و ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی ئەو گەنج و لاوانە دەگرت، کە بە مەبەستی حیزبایەتی و بوونە پێشمەرگە بەو بازگەکاندا تێدپەڕن. کۆتایی بەهار و هاوینان دەرفەتی هاتوچۆ بۆ لاوە و گەنجەکان زیاترە، چوونکە بە بیانووی فرۆشتنی کاڵا و هەروەها پەیداکردنی نان و ئاوێک خۆیان لە بازگەکان دەرباز دەکرد.

رۆژانی بەهاری ساڵی تازەی هەتاوییە و سێ کەس بە دوو کارتۆن مەلامین دیاریەوە رێگای قاسمەڕەش دەبڕن و ئێوارە دەگەن مزڵی کەماڵی مام کەریمی. کەماڵ مزڵەکەی لە سەر رێگای دۆڵی زەندان هەڵکەوتوە. ئەو جاروبار چەک بە کرێ دەداتە بەو رێبوار و کەسانەی، کە بۆ کەسابەت و هێنانی کەلوپەل بەرەو قەڵادزێ دەڕۆن. دۆڵی زەندان دۆڵێکی سامناکە، کە زۆر ئەسپ و هێستر لەو دۆڵە تەنگەبەرەدا بە دەستڕێژی سەربازانی بەعس پێکراون. کەماڵ ئەو چەکانە بۆ چەند رۆژێک بە سی دیناری عێڕاقی دەداتە کۆڵبەرەکان، کە بۆ جگەرە یان چا و کەلوپەلی دیکە رێگا قاچاخ دەگرتەبەر و لە رۆیشتن و هاتنەوەدا لە مزڵەکەیدا دەحەوێنەوە. رێگاکە مەترسیدار و پڕ لە ریسکە، بۆیە زۆر بە کەمی خەڵک خۆی لەو رێگایە دەدا. لە مانگە شەوێکی سەرەتای بەهاردا سێ کۆڵبەرەکە، کە دوو پیاوی خێزاندار و کوڕێکی شازدە ساڵانەیە بە باوەشی ترسناکی دۆڵی زەنداندا شۆڕ دەبنەوە و بە کوتانی رێگایەکی دوور و درێژ بۆ ٩ی بەیانی دەگەنە قەڵادزێ. ئەوان لە ماوەی سێ رۆژێکدا کەلوپەلی بردنەوەیان لە بازاڕ دەکڕن و لە گەڵ یەکێک لە ئەندامانی نهێنی یەکێتی نیشتمانی بەرەو سونێ وەڕێدەکەون. ئەوان سەرەتا بە تراکتۆر، کە لە باشوور بە عەنتەر ناسراوە، بەرەو زەویەکانی تەنیشت گردی حوسنی دەچن و دواتر یەک بە یەک کۆڵەکانیان هەڵدەگرن و لە شار دوور دەکەون. کوڕە شازدە ساڵەکە بە بیانووی ئەوەی منداڵە وەک کەسی پێشڕەو رەوانە دەکەن. گەورە ساڵەکان بە وتەی باو، خوازیارن رێگاکە بە کەسی پێشڕەو تاقی بکەنەوە و خۆیان لە قەرەی مەترسییەکان نەدەن. کۆڵبەرەکان بە ناڕێکی رێگاکە دەبڕن و لە بەر زۆربوونی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق لە یەکتر دابڕاون. ئێوارە دوو کەس لەو کۆڵبەرانە لە چەند دەمیتری عەسکەرەکانن و خۆیان بە تەواوەتی حەشار دەدەن. لەو ناوچانە حوکمی جوڵان مەرگ و مردنە و هیچ رێگایەکی دیکە نییە. بوونی عەسکەرەکان ترس دەخاتە دڵی کۆڵبەرەکان و ئەوان لە یەکتر دادەبڕێن. دوو کەسەکەی دواوە دەگەڕێنەوە و مەزەندە دەکەن، کە کۆڵبەرە پێشڕەوەکە و ئەوەی دیکە گیراون. دوو کەسی یەکەم تەنیا کۆڵەکانیان پێیە و چاوەڕوانی هاتنی هاوڕێکانیان دەکەن، کە چەک و پێخۆری رێگایان هەڵگرتوە. ئەوان دەگەڕێنەوە قەڵادزێ و دوو کەسی تیمی یەکەم لە ژێڕ رەحمەتی باران و رەشەشەوی مانگی یەکەمی بەهاردا بە دۆڵی زەنداندا کاتژمێر ٨ی بەیانی دەگەنەوە مزڵی کەماڵی مام کەریمی. کەماڵ، کۆڵە قورسەکە و باڵتۆ زەردە ئاوهەڵگرەکەی کوڕە رەشتاڵەکە دەبینێ، کە لە بەر رێژنەی بارانەی شەوی رابردوو وەک پەتوییەکی لە ئاو هەڵکێشراو ئاوی لێدەچۆڕێ. ناوبرا چاوێک لە کوڕەکە دەکات و دەپرسێ، ئەو کۆڵە گرانە و باڵتۆ قورسەت چۆن هەڵگرتوە؟ ئێوە بە دۆڵی مەرگ و بە رێگایەکی پر مەترسیدا هاتوون و زۆر پێشمەرگەی باشووری ناوێرن خۆیان لەو دۆڵ و رێگایە بدەن. ئەوان لە کاتژمێری هەشتی بەیانی رۆژی رابردوو هەتا ئەمڕۆ کاتژمێر ٩ی بەیانی هیچ پێخۆر و خواردنێکیان نەخواردوە، بۆیە هەڵگرتنی ئەو کۆڵە قورسە بەو دۆخە کارێکی دژوارە. کەماڵ بۆ بازاڕی سونێ دەچێ و کوڕە رەشتاڵ و پیاوە کورتە باڵاکە لە مزڵی ناوبراو پشووییەک دەدەن. ئەوان چاوەڕوان دەبن، کە ئەو شەو تیمی دواوە بگاتە سونێ، بەڵام هەتا بەیانی گوێیان لە پێی هیچ رێبوارێک نابێ. کۆڵبەرەکان کۆڵەکانیان باردەکەن بە زەڵێ و قاسمەڕەشدا دەگەڕێنەوە سەردەشت. تیمەکەی دیکە چەند رۆژێک دەخایەنێت و ئەوانیش بە دۆڵی زەنداندا دەگەڕێنەوە و چیرۆکەکە کۆتایی دێ. کەماڵ لە رێگای ئەو کەسانەوە بڕە پارەیەک بۆ دایک و خوشکەکەی رەوانە دەکاتەوە و وردە پێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکەی رادەگرێ.

ئەو بەهارە خەبەری راگواستنی قەڵادزێ زار بە زار دەگەڕێ و باڵندەکانیش بە ترسەوە بە سەر بنکە سەربازییەکانی ریژیمدا دەفڕین. عەمەلیاتی ئەنفال، کە بریتی بوو لە وێرانکردنی گوند و شارەکانی کوردستان و راگواستن و زیندەبەچاڵکردنی زیاتر لە سەت هەزار ژن و منداڵ درێژەی هەیە. رێژیمی عێڕاق بە مەبەستی عەڕەباندنی کوردستان و هەروەها دابڕاندنی کوردەکان لە سنوور و خاکی خۆیان و بۆ تۆڵەکردنەوەی لە پارتە سیاسییەکان ئەو سیاسەتەی رەچاوکردوە. عەڕەبەکان لە پارتە کوردییەکانی باشوور توڕەن، چوونکە ئەوان لە گەڵ سپای ئێرانی پێکەوە پەلاماری شار و شارۆچکە کوردییەکان دەدەن و بوونە کەواسووری پێش لشکری ئێرانی. شەڕی ئێران و عێڕاق کۆتایی هاتوە و جامی ژەهرەکە لە لایەن سەردەستەی ئاخوندە دزەکانی تاران “خومەینی” خوراوەتەوە. بزوتنەوەی کوردان و حیزبایەتی لەو دۆخەدا نیگەرانە و ئەگەر دوو وڵات سنوورەکانیان بەسەردا دابخەن، چارەنووسێکی دژواریان دەبێ. کەماڵ و زۆر کاسبکاری دیکە نیگەرانی بارودۆخەکەن و لەوە دڵنیان، کە چیرۆکەکە بەوەندە کۆتایی نایەت. مەجید و دڵسۆز پێشمەرگە نەماون و ئوتۆمبێلێکی لەندەوێریان کڕیوە و لە رێگای سەردەشت ـ قاسمەڕەش موسافیر و نەفەرات دەگوازنەوە. ئەوان بە چەند مانگ جارێک سەردانی سونێ دەکەن و لە گەڵ کەماڵ و ئاشنا کۆنەکان کۆدەبنەوە. مەجید و دڵسۆز بەنیازن بەرەو سوئێد سەفەرکەن، بەڵام هەتا ساڵی داهاتووش سەبر دەکەن. لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆری باشووری کوردستان بە سڤیل و پێشمەرگە بە رێگای سونێدا دەگەڕێنەوە و لە رادیۆی کوردیی بەغدا بە دەنگی مەزهەری خالقی گۆڕانی “ئەگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم”یان بۆ سەدپات دەکەنەوە. بەشێکی زۆر لەو خەڵکە لە سونێ لە بازاڕەکاندا لادەدا و دوا هەناسەکانی ئازاد هەڵدەمژێ. کەماڵ بۆ هەڵسەنگاندنی ئیرادە و تێگەیشتنیان لە بازاڕدا دەگەڕێ و وردە پرسیاریان لێدەکات. ناوبراو، کۆنە ئاشنایەکی بە ناوی عەلی دەدوێنێ، کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەنیازە بە ماڵ و منداڵەوە بگەڕێتەوە. عەلی روخسار و زمانی وەک جاران کراوە نین و تەنیا ئەوەندە دەڵێ، کە کاکە بەداخەوە رێگاکانی دیکە داخراون. کەماڵ پرسیار دەکات، بۆ کوێ دەگەڕێیەوە و ئەدی ئێمە چ بکەین؟ عەلی بە پێکەنینەوە وڵام دەداتەوە، کە شۆڕش ساڵێک و دوو ساڵان خۆشە. ئێمە لە شۆڕش دەربازبوویین و ساغبووینەوە، کە مامە سەددام بە کڵاشینکۆفی ژەنگاوی ئێمە ناڕوخێ. بە ناشکوری نەبێ، ئەو ئێرانە هیچ و پوچەش بۆ ژیانی ئازاد نابێ و ئەگەر دەچەوسێینەوە با بگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان. کاک کەماڵ، وەکی ئەمن تێگەیشتووم ئێوەش بە لایەکدا دەکەون و ئەو سنوورە ئاوا کراوە و ئازاد نابن. ئەگەر بە قسەی برای خۆت دەکەی، ئەتۆش لە گەڵ ئاخوندەکان ئاشتبەوە یان بۆ خاریجەی بڕۆ. ئەمن ئەگەر ژن و منداڵم نەدەبوون، هەرگیز نەدەگەڕامەوە. ئێمە جەماعەتێکی زگورتیمان هەبوون، کە بە قاچاخ بەرەو سوید و بڕیتانیا رۆیشتن و شوکر بۆ خوا تۆش ژنت نەهێناوە و کاکە خۆت لەو قاسمەڕەش، نۆکان، زەڵێ، سونێ و قەندیل رزگار بکە. شەڕی حکومەت بەو چەکانەی ئێمە ناکرێ. ئەگەر دەوڵەتێکی گەورە لە عێڕاق نەدا، کوا بە چەکی من و تۆ دەڕووخێ؟ کاکە ئەگەر رێگای هاتنەخوارت هەبوو، لە شەقامی سەرەکی رانیە لە هەر دووکاندارێک پرسیار بکەی بنەماڵەی ئێمە دەناسێ. حەزدەکەم میوانی برای خۆت بی و با لە غاباتی رانیە سەرێکی گەرم کەین و دنیا بە خەمان پێکنایە. کەماڵ ماڵئاوایی لێدەکات و بەڵێنی پێدەدات، کە ئەگەر دەرفەتی دەستکەوت لە داهاتوودا سەردانی دەکات.

بەشێک زۆر لەو باشورییانەی بە بازگەکەی سونێدا دەگەڕێنەوە لە بازاڕی سونێ نان و کەبابێک دەخۆن و دوا ساتەکانی ئازادیی لەو دۆڵە سیحراوییەدا بەسەردەبەن. سادە و ساکاری بازاڕەکە و چۆنیەتی سازکردنی کەباب و خواردەمەنیەکانی دیکە سەرنجی رێبواران رادەکێشێ. ئاوێکی سازگار بە سۆندە لە نێوان ریزە دوکانەکاندا دابەشکراوە و رێبوار و میوانەکان لە گەرمای هاویندا بەو ئاوە سازگارە دڵیان دەگەشێتەوە و ئارەقەی رێگایان دەسڕنەوە. ئەو هاوینە چەند چالاکیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی سنە، مەریوان، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، سەردەشت، رەبەت و بانە کراون، بەڵام پرسی کوردەکان و خەباتەکەیان زیاتر لە جاران بەرپرسانی ئێران و ئاخوندەکانی بەخۆوە سەرقاڵ کردوە. ئەوان وەک رابردوو بە بیانووی شەڕی ئێران و عێڕاق ناتوانن راستییەکانی شەڕی کوردستان بشارنەوە و دایک و بابە ئازەریی و فارسی زمانەکان بە پاکسازی رێگای کەربەلا و قودس هەڵخەڵيتێنن. چیرۆکە کۆنەکان کاڵ دەبنەوە و خەڵک وەک سەردەمی شەڕی هەشت ساڵە باوەڕ بە وتە و دەربڕینە پێچەوانەکانی بەرپرسان ناکەن. خەڵکی ئێران و عێڕاق ئاهێکیان هاتۆتەبەر و لە ژێر ترسی شەڕی ماڵوێرانکەر رزگاریان بوە، بەڵام دوارۆژی دوو وڵات تاریک و لێڵە. ئاخوندەکان بۆ سەرکەوتن بە سەر ئیرادەی خەڵکی ناڕازی لە هاوینی رابردوودا بە هەزاران زیندانیان لە سێدارەدا و چیرۆکی مەرگیان بە گوێی بەندیخانەکان دا گوتەوە. ئەوان بۆ ترساندنی خەڵکی ئێران و ناڕازییەکان بە دەستێکی ئاسنین لە سەری ئەو خەڵکە دەدەن، کە پرسیار لە سەر جەوهەری نیزام و سیاسەتەکانی دەکەن. لە عێراق بەعسییەکان زیاتر لە رابردوو بەربوونە گیانی خەڵک و سنوورەکانی ژیان بەردەوام بەرتەسکتر دەبنەوە. موختارەکانی گەڕەک وەک سەگی هاری شوانەکان لە کۆڵانەکان دەگەڕێن و دەزگا سیخوڕییەکانی وەک موخابرات و ئیستخبارات ئیرادەی خەڵکیان زنجیرکردوە. کۆڵان و شەقامەکان پڕن لە بێدەنگی و ناڕەزایەتی خەڵک و ناڕازییەکان لە بەردەم گەرمای تەمووزی سەرکەوت و ستەمدا باڵاناکات.

سیخوڕەکانی رێژیمی بەعس و ئاخوندی لە گوند و شارەکان رایەڵکەی پانوپۆڕی لەداوخستنی جیابیرانیان ساز و ئامادەکردوە و لە هیچ جینایەتێک ناپرینگێنەوە. ژمارەی ساڵەکان بە ئاسانی دەگۆڕین و بۆ ژن و پیاوە گەڕاوەکان تێپەڕینی کات زۆر خێرایە. کەماڵ کە بیر لە سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی دەکاتەوە، مانگەکان زۆر بە زەحمەت تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا چەرخی زەمانە گۆڕاوە و بە خێراییەکی زۆرتر ساڵەکان تێدەپەڕن. گژەبای پاییز، تەمەن و شەڕ لە سەر چیاکان شۆڕدەبنەوە و بۆ گەیشتن بە مەڵبەندەکانی دیکە بە دۆڵەکاندا خۆیان لوور دەدەن و پووش و پەڵاشی سەر رێگایانە بەرەو بەرزاییەکانی ئاسمان توورهەڵدەدەن.

مزڵەکەی کەماڵ وەک جاران نەماوە و بنکە و بارەگاکانی دێموکڕات رەنگی جارانیان نییە. بنکەیەکی کۆمەڵە لە خوار بازگەکەی سەرەوەی سونێ دانراوە و جاروبار سەردانی بازاڕی سونێ دەکەن، بەڵام پێوەندییان لە گەڵ پێشمەرگەکانی دێموکڕات ئاسایی نییە. ئەوان لە گەڵ دێموکڕاتی ناسراو بە رێبەرایەتی شۆڕشگێر، دۆستایەتیان هەیە. کۆمەڵە، خەباتی پێشمەرگانە و چەکداری بە کردەوە کۆتایی پێهێناوە. ئەوان گەیشتوونە لوتکەی تەقینەوە و رووداوەکانی جیهانی سەرمایەداری و سۆسیالیستی رەنگە لە رابردوو لاوازتریان بکات. کەماڵ لەو ماوەیەدا رۆژێک لە بەردەرگای مزڵەکەی دوو چەکداری کۆمەڵە دەبینێ، کە یەکێکیان خۆی بە ئەمیر کرماشانی دەناسێنێ. ئەو بەخێرهاتنیان دەکات و لە بەردەم مزڵەکەی دادەنیشن. کەماڵ چەند قوتوە ماسییەک لە تاوەیەکی فافۆن دەکات و هێندێک رووب و پیاوازیان تێدەکات و لە گەڵ نانێکی ئاوکراو لەبەردەم میوانەکانی دادەنێ. ئەمیر کرماشانی سەرەتا دەپرسێ، کە ئایا نامەکەی کاوەیان بەدەست گەیشتوە؟ کەماڵ دەستخۆشی لێدەکات و دەڵێ، بەڵێ لە شاری قەڵادزێ لە لایەن بەرپرسێکی کۆمەڵە بەدەستمان گەیشت. ئەوان لە کاتی نانخواردندا گلەییەکی زۆر لە سەرکردایەتی حیزبەکان دەکەن، کە کوڕی خەڵکیان بە ناوی جیاواز بەشەڕدا. کەماڵ لە گەڵ ئەمیر دمەتەقەیەکی زۆر دەکات و رادگەیەنێ، کە ئەگەرچی پێشمەرگە نەماوە، بەڵام راستییەکان و بەستێنی هەڵگریساندنی ئەو شەڕە بە ئاسانی ناشاردرێنەوە. ئێمە نەتەوەیەکی بندەستین و هەموو لایەک بە قازانجی خۆیان بەکارمان دێنن. ئایا ئەتۆ لێرە لە سونێ بەرگری لە کاکی لۆپزی ئەمریکای لاتین و رەزای ئازەری لە شیرکەتی نەوتی بەندەرعەباس و کرێکارانی رێگای ئاسنی تاران دەکەیت، هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە، کە ئەو کرێکارانە بۆچی پشتیوانی لە کرێکارانی کوردستان و مافی خەڵکی هەژارانی ئەو خاکە ناکەن؟ ئایا هەتا ئەمڕۆ کرێکارێک، سەرمایەدارێک، سۆسیالیست و بورژوایەکی فارس و تورک لە سەر مافی کوردان بەرژەوەندییەکانی خۆیان فیداکردووە؟ ئێمە بۆچی لە سەر خاکی خۆمان دەبێ شەڕی بەرژەوەندیی چەند کەسێک بکەین، کە بە کوردستان و خەڵکەکەی نامۆن؟ شەڕی وشەکان و داتاشینی ئێۆری مارکسیستی، لێنینیستی و ستالینیستی و تەنانەت مائۆیستی چ کێشەیەکی ئێمە چارەسەر دەکەن؟ ئایا سێگۆشەکەی موهتەدی بەهەشتێکی بۆ کرێکارانی کوردستان و چینی زەحمەتکێشان سازکرد؟ ئەمن نەچوومە رۆژئاوا و ئورووپا، بەڵام بەشێک لە دۆستان و هاوڕێیان دەگێڕنەوە، کە خەڵک لە ئورووپای رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا رادەکەن. ئەگەر بیروباوەڕی ئێوە یان ئەوان راستە، بۆچی لە کردەوەدا خەڵک و هاوڵاتیان بەختەوەر ناژین و لە وڵاتە بە ناو سۆسیالیستییەکان بەرەو وڵاتە سۆسیالدێموکڕاسییەکان هەڵدێن؟ ئەمیر کرماشانی ئەو پرسیارانە بە قورس پێناسە دەکات و دەپرسێ با لەو پرسیارە گرینگ و قورسانە خۆمان رزگار بکەین و بپرسین، بۆچی حیزبی دێموکڕات ئێمەی بە دوژمن دەناساند؟ لە سەر چ بناخەیەک ئەوان حیزبی سەرەکی و مەغرووی کوردستان بوون و بە ناوی خەڵکی کوردەوە لێدوانیان دەدا؟ ئەگەر ئێمە ئەزموونی سیاسەت و حیزبایەتیمان نەبو، بۆچی دیموکڕات رێگا دروستەکەی پێشانی سەرکردەکانی ئێمە نەدەدا و لە سازبوونی شەڕ خۆی نەدەپاراست؟ کەماڵ بە پێکەنینەوە دەڵێت، کاک ئەمیر تۆ ئەو کات لە گەڵ رووداوەکان نەبووی و دواتر ئەو پڕوپاگەندەیەت خوێندۆتەوە یان بیستوتە. ئەمن لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەو لێکترازانەم و زۆر هەوڵدرا، کە کۆمەڵە لەو رۆژگارە دژوارەدا هاوکاربێ، بەڵام کۆمەڵە ئامادەی گوێگرتن نەبوو. ئەوان خۆیان بە پێشڕەو و داکۆکیکاری مافی زەحمەتکێشان دەناساند و لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا ئێمەیان بە بورژوا و دژ بە چینی کرێکار دەناساند. بەشێک لەوان شەڕی ئێمەیان لە شەڕی پاسداڕەکان بە گرینگتر دەزانی و لەو شوینانەی باڵادەستبوون بە کەیفی خۆیان دەجوڵانەوە. ئەمن لە تۆ دەپرسم، ئایا کە حیزب ژن بە ژنەی قەدەغە کردبو، بۆچی کۆمەڵە ئەو کارەی حیزبی هەڵدەوەشاندەوە و بەڵگەنامەی بۆ ژن بە ژنە دەدانێ؟ لە کێشەی نێوان ئاغا و وەرزێڕەکاندا دژ بە سیاسەتی حیزب دەجوڵایەوە و زیاتر حەزی لە دژایەتی حیزب دەکرد، نەک نێوەرۆکی بڕیارەکان. ئەمیر و هاوڕێکەی لەو کۆبوونەوەدا ئاماژە دەکەن، کە رابردوو تازە چاک ناکرێتەوە و باشتر وایە ئەمڕۆ و دوارۆژ لەو سیاسەتە شەڕئەنگێزانە دوور راگیرین. کاکە ئەتۆ لەو وڵاتە دەبێ خەڵک لە گەڵ مافی هاوڵاتیبوون و هەروەها ئازادییەکان ئاشنا بکەی و بە شوعار و درووشم هیچ کارێک جێبەجێ نابێ. وتەکانی کەماڵ و ئەمیر کرماشانی درێژەیان هەیە، کە حوسێن و مستەفا لە دوورەوە هاواریان دەکرد، کەماڵ مزڵەکەت ماوە؟ بۆچی دەنگت نییە؟ نەکا، ئەتۆش تێکەڵ بە برادەرانی چینی کرێکار و کۆمەڵە ببی؟ کەماڵ کۆتایی بە دمەتەقێ لە گەڵ ئەمیر هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد، ئێرە دەنگی شۆڕشی ئێرانە و دەنگی شۆڕشی ئێران لە دۆڵێکی سونێ دەبیستن. حوسێن و مستەفا گەیشتنە بەردەرگای مزڵەکە و کاتێک چاویان بە ئەمیر و هاوڕێکەی کەوت، گوتیان ئەوە کاکی کۆمەڵە لێرەن؟ چەند رۆژ پێش ئەو برادەرەم لە بازاڕ دیت، کە سڵاوی لە خەڵک دەکرد و خەڵک بایکۆتی سڵاوەکانیان کردبوون. پێشمەرگەکەی دیکەی کۆمەڵە، کە خدەڵکی ناوچەی موکریانە بۆ پێکەنین گوتی میوان، میوانی دەدزا و خانەخوێ هەردووکیان. ئەمیر هەتا خانەخوێش دەنگی نەداوین با خۆمان قوتارکەین. کەماڵ چیرۆکی ناسینی ئەمیر و کاوەی بۆ حوسێن و مستەفا گێڕایەوە. کە رووداوی کوژرانی کاوە هاتەگۆڕێ هەموویان بێدەنگبوون و کۆتاییان بەو دمەتەقەیە هێنا. پێشمەرگەکانی دیموکڕات لەو ماوەیەدا بۆ تیرۆرکرانی دوکتۆر قاسملو خەمبارن. حوسێن و مستەفا ماوەیەکی زۆرە کە بە شێوازی کۆن و خۆماڵی بۆ لەدەستدانی قاسملوو و هاوڕێکانی تازیەبارن. ئەوان جلوبەرگی رەشیان پۆشیوە و ریشان هێشتۆتەوە. رووداوی تیرۆری قاسملوو لە لایەن کاربەدەستان و پاسداڕەکانی رێژیم لە شاری ڤییەنی ئوتریش رێکخرا. ئەو بەناو وتوێژە سەرەتا بە ناوبژیوانی تاڵەبانی بەستێنەکانی ئامادە کران و ئێرانییەکان و قاسملووی دیداریان کرد. دواتر ئێرانییەکان لە چلەی مردنی خومەینیدا کاری خۆیان کرد و بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیان داخکرد. سیاسەتکارە کوردەکان جارێکی دیکە کەوتنە داوی فارسەکان و لە جەرگەی رۆژئاوادا لە سەر مێزی بەناو دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆرکران.

b_300_220_16777215_00_images_dr_qasmloo.gifقاسملوو لە چلەی مەرگی گورگە پیری جەماران بە دەستی غەدر و خەیانەت تیرۆر دەکرێ. دوو مرۆڤی جیاواز، کە یەکەمیان دیکتاتۆر و دووهەمیان پێشمەرگەیەکی رێگای مافی نەتەوەکەی و دیپلۆماتێکی شارەزاکەی کورد. کەماڵ، مستەفا و حوسێن پاش رۆیشتنی کۆمەڵەکان تەتەڵەی رووداوی تیرۆری قاسملوو دەکەن. ئەوان لەو هاوکێشەیە ناگەن، کە قاسملوو بۆچی پاش ئەزموونێکی دوور و درێژ لە گەڵ فارسەکان و هەروەها ئاگاداربوون لە سیاسەتی رەشەکوژی ئەوان لە ماوەی رابردوودا بە ئاسانی لە ڤییەن تیرۆر دەکرێ. مستەفا گومانی لە کوردەکانە و باوەڕمەندە، کە تاڵەبانی بەرپرسیارەتی نەتەوەیی لە سەر شانەوە پێویستە ئەستۆپاکی خۆی لەو رووداوە بسەلمێنێ. ناوبراو لە سەرەتادا ئێرانییەکان و قاسملووی بە یەکتر گەیانداوە و ناکرێ ناوبراو بە ئاسانی و بە چەند قسەیەک خۆی لە رووداوەکە بدزێتەوە. بە باوەڕی حوسێن رووداوەکە زۆر مژاوییە و پیاو نازانێ چۆن قسەی لەسەر بکات. کوڕینە، ئەو فازڵ رەسووڵە کێیە؟ نازانم ئەرک و بەرپرسایەتی ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا چییە؟ لەو پێوەندییەدا زۆر پرسیاری گەورە بەرۆکی حیزب و سەرکردایەتی دەگرن، کە کۆمیتەی حیزب لە ڤییەن بۆچی لەو کۆبوونەوەیە دا بەشدار نەبوون و ئاگادار نەکراون؟ بە تێگەیشتنی کەماڵ ئەو کارە زۆر شارەزایانە کراوە و زۆر وەستایانە تیرۆرەکە ئەنجام دراوە. کوڕینە، کەس سەری لەو هاوکێشەیە دەرناچێ! لە سەر چ بناخەیەک قاسملوو لە گەڵ چەند پاسدار دیپلۆماتێک دادەنیشێ، کە کاریان تەنیا سەرکوت و کوشتنی مرۆڤی کورد و نەتەوەکانی دیکەیە؟ حوسێن، مستەفا و کەماڵ لە سەر ئەو قەناعەتەن، کە قاسملوو بە ئاسانی رۆیشت و بارودۆخی کوردی رۆژهەڵات لە دوای تیرۆری ناوبراو خەراپتر دەبێ. کەماڵ خەبەری بەشی کوردی موجاهیدی خەڵق و هەروەها رێبەرایەتی شۆڕشگێر لە سەر ئەو رووداوانە دەگێڕێتەوە، کە چەندە بە شێوازێکی نەگونجاو تانە لە قاسملوو دەدەن و رادەگەیەنن، کە بۆ وەرگرتنی ئەمانەتنامە چۆتە ڤییەن. مستەفا بە دەربڕین و راگەیاندنی موجاهید و رێبەرایەتی شۆڕشگێر توڕەیە و دەپرسێت: هەتا قاسملوو هەبوو، ئەوانە لە کوێ بوون؟ لە مێژووی ئەمڕۆی کورددا کوا قاسملووییەکی دیکە؟ ئەوانە لە کوێ و قاسملوو لە کوێ؟

بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکان دەترسن، کە ئێران و عێڕاق بسازێن و گۆڕەپانەکە لە کوردان تەنگەبەر بێ و ژینگەیەکی دژوار بۆ کوردی رۆژهەڵات و باشوور سازبێ. حوسێن لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە سەددام بێ شەڕ ناژیت و ساڵێکی دیکە بەزمێکی تازە دەنێتەوە و بۆ کورد رەنگە بەخێر بشکێتەوە. مامە سەددام هەتا ماوە ناتوانێ لە گەڵ ئاخوندەکان بە تەواوەتی ئاشتبێتەوە و خوێنێکی زۆر لە نێوان دوو دەڵەت و بە تایبەت بەعسی عێڕاق و ئاخوندەکاندا هەیە. ئەگەر ئەوان بە ئاسانی بەسەر ئەو خوێنەدا بازیاندا و لاپەڕەیەکی دیکەیان هەڵدایەوە، ئێمەش خەباتەکەمان وەک قوتابخانەی گەورەساڵان دادەخەین. کاکە ئەمن بە تیرۆری قاسملوو زۆر تێکچووم و پێوەندی ئێران و عێڕاق لە دەست ئێمەدا نییە و هەر گرینگی پێنادەم. کادر و پێشمەرگە کۆنەکان ئەو رۆژانە لە دووپاتبوونەوەی رووداوە کۆنەکان ترساون و مام خدر رۆژانە لە دێبەرەکەی تەنیشت مەقەڕی بەردەوام دەڵێ، خوایە بەخێری گێڕی و رەنج بە خەسارمان نەکەی. ئەوەش زولمی رۆژگارە، کە قاسملوو دەڕوات و بێ کەڵکەکانیش لێرەو لەوێ دڵخۆشن. ئەوان نازانن، کە کۆماری تیرۆر زەبرێکی گەورەی لە کورد داوە و تەنیا قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن. بەخوای، ئەو کوردە چاک نابێ و لەو رۆژەی، کە خوای تەباڕەک و تەعالا خەڵقی کردوە، تەنیا خەریکی خۆخۆری و شەڕی نێوخۆیە. ئەگەر کورد ساڵح و سەلیم دەبوون، ئێمەش تەیارە و تەختی جمهوری و پایتەخت و دەوڵەتمان دەبوون.

کەسابەت لە کزی داوە و دۆڵە پڕ لە کاسبکار، سیاسەتکار و چەکدارەکە کوردەکان چاوەڕوانی رۆژانی سارد و سڕە. عێڕاق و ئێران لە سەر پاراستنی سنوورەکان وردە هاوکاری یەکتر دەکەن، بەڵام تەواو و جێگیر نییە. خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی باشتر لە رێژیمەکانیان ناکەن، بەڵام بەڵای شەڕیان لە کۆڵبۆتەوە. لە تاران کەسانی وەک رەفسەنجانی کە سەردەستەی تیرۆریستەکانە باس لە ئاوەدانی و قۆناخی دوای شەڕدەکات. عەلی خامنەیی بۆتە جێگرەوەی خومەینی و سپا بۆتە دەزگایەکی گەورەی بازرگانی و سیاسی، کە پارێزگاری لە سیستم و رێبەری دەکات. دەزگای سیخوڕی ئیتلاعات لە رابردوو زۆرتر هەڕەشە لە جیابیران دەکات و لە کولەکەی تەڕیشدا بانگی مافخوازی کوردان لە نێوخۆدا لێنادرێ. خەڵکی کوردستان لە گەڕانەوە و سەرکەوتنی کوردەکان بە سەر هێزەکانی رێژیمدا دڵساردن. ئەوان بە زمانی ئاسایی رادەگەیەنن، کە ئاخوندەکان بە ئاسانی لە سەر کورسیەکە ناڕۆن و گۆڕینی نیزام خوێنێکی زۆری دەوێ.

دەنگی رادیۆی هێزە کوردییەکان و وتارە سیاسییەکانیان تین و تەوژمی جارانیان نەماوە. رێژیم لە دەرەوەی وڵات کەسایەتییەکی وەک قاسملووی تیرۆرکردوە و زەبری گەورەی لە دێموکڕات وەشاندوە. موجاهیدەکان لە دوای هەڵڵای فروغی جاویدان کە لە نێو کورداندا بە دروغی جاویدان ناوبانگی دەرکرد، لە ژێر سێبەری بەعسدا ماونەوە و هیچ بژاردەیەکیان نەماوە. ئەوان بە درووشمی ئەمڕۆ مێهران سبەینێ تاران چەکدارێکی زۆریان کردە قوربانی خەون و خەیاڵ. چەپەکان هێزێکی پەڕتەوازەن و کەوتوونە نێو بازنەی تازەی لێکدانەوەکانی گۆرباچۆف و جیهان خەریکە روخساردەگۆڕێ. دیواری بێرلین دەڕووخێ و بەرەی سۆسیالیستەکان لە بەر تین و گۆڕی بەرەی رۆژئاواییەکانی هەڵگری بیری لیبڕالیزم و ئازادی بازاڕ خۆڕاناگرن. شەڕی ساردی نێوان دوو بلۆکی رۆژئاوا و رۆژهەڵات بە سەرکردایەتی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت گەرمی جارانی نەماوە. یەکێتی سۆڤییەت لە بەردەم داخوازی سەربەخۆیی ژمارەیەک لە کۆمارەکاندا پشتی چەماوەتەوە و ئەمریکا خۆی بە سوارچاکی جیهان دەبینێ.

ئێران و عێڕاق رێکەوتننامەی ئاشتیان مۆردەکەن و کاروباری گۆڕینەوەی زیاتر لە سەت هەزار دیلی شەڕ دەست پێدەکات. مام کەریم، خدری پیرۆتی، برایمی مەلا، رەحمان و عەبدوڵڵا لە گەڵ ئازادکراوەکاندان و لە مانگی دووهەمی هاویندا بە دیداری کەسوکاری خۆیان شاد دەبنەوە. ئەوان وەک ئازادە گەڕاونەوە و بەشێکیان لە زیندان فێری خویندن و نووسین بوون، مام کەریم دەگەێتەوە و بە دیداری زارای هاوسەریی و هەروەها لەیلا و شیرین شاد دەبێتەوە. چەند رۆژێک خزم و ناسیاوەکان و هەروەها جیرانەکان سەردانی ماڵی مام کەریم دەکەن و شادیی خۆیان لە گەڕانەوەی ناوبراو و کاروانچیەکانی دیکە دەدەبڕن. مام کەریم کوڕەکانی لە کۆڕی ماڵەوەدا نابینێ و چەند جارێک پرسیاری سەلامەتی کوڕەکان دەکات. زارا لە سەرەتادا تەنیا ئەوەندە ئاشکرا دەکات، کە کوڕەکان باشن، بەڵام ئەو رستەیە قەناعەت بە مام کەریم ناکات. ناوبراو داوا لە لەیلا دەکات، کە هیچ خەبەرێکی لێ نەشارنەوە و بە راشکاوی هەموو شتێک باس بکەن. لەیلا هەڵوێستەیەک دەکات و دەڵێ، بابە کەماڵ ماوەیەکە چەکی داناوە و لە سونێ کاسبی دەکات، بەڵام کاوە بەداخەوە لە بەری رەبەتێ لە شەڕ لە گەڵ پێشمەرگەی دێموکڕات کوژراوە. مام کەریم چاوەکانی پڕ لە ئاو دەبن و چەند جارێک پڕ بە زاری جنێو بە بازرگانەکانی سیاسەت دەدات. مام کەریم ماوەی دە ساڵی تەمەنی لە بەندیخانەکانی رێژیم بەعسدا تيپەڕکرد و لە پێناوی پارەدا بە دەستی کوردە خاکفرۆشەکانی سەر بە بەعس فرۆشرا. ناوبراو رقی لە هەموو هێز و لایەنێک دەبێتەوە و باوەڕی بە هیچ حیزب و رێکخراوێک نەماوە. کە چیرۆکی کاوەی بۆ دەگێڕنەوە لە سەر راخەری ماڵ دەکەوێت. خاڵە مینە و ئاڵتون لەو رۆژانەدا ماڵی مام کەریم چۆڵ ناکەن. کاتێک مام کەریم بۆ کاوە هاوار دەکات، خاڵە مینە، مام کەریم ئارام دەکاتەوە و پێیدەڵێت، کە ئەوانیش کوڕەکەیان لە سەر کوردایەتی گیانی ئەسپاردوە. ئاڵتون داوا لە مام کەریم دەکات، کە بە بەشی خوا شوکر بێت و لەو ماوەیەدا زۆر بنەماڵە داخدار و خەمبار ماونەوە. سەردانی قەبرستانی شار بکە و بزانە چەندە کێلی تازە و قەبری ژن، منداڵ و پیاوان دەبینی. ئێمە ئەو ساڵانە وەک لە بەندیخانە ژیابین و ئەمن و خاڵە مینە لە دوای شەهیدبوونی پەرویز رۆژگارێکی ناخۆشمان تێپەڕ کردوە. هەتا ئەمڕۆ نەگونجاوە تەرمەکەی لە گوندی بژێوێ بگوازینەوە. بەداخەوە کاوەی ئێوەش وەک پەرویزی کوڕمان ماڵئاوایی لێکردین. ئەوەی کاوە تاڵترە، چوونکە کوژرانی کورد بە دەستی کورد ئازاری زۆرترە. مام کەریم بە بیستنی ئەو چیرۆکانە جەستە و دەروونی دەکوڵێ و جنێو بە ئاسمان و زەوی دەدات. ناوبراو لە شیرین و منداڵەکەی دەپرسێ، کە بابیان بۆ دیار نییە. خاڵە مینە ئەو چیرۆکەش دەگێڕێتەوە و داوای لێدەکات، کە ژیانی براژنە زارا، لەیلا و شیرین خۆشتر کات و بیر لەو رووداوە تاڵاکان نەکەنەوە.

لەدوای رووداوە گەورە و سەرنجڕاکێشەکانی وەک رووخانی دیواری بێرلین و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، سەددام بڕیاری داگیرکردنی کوەیت دەدات. جێبەجێکرانی ئەو کردەوەیە نوختە وەرچەرخانی گرینگ لە مێژووی ناوچەدا بە ئەژماردێ. هێزەکانی عێڕاقی کوەیتیان داگیرکرد و بەمجۆرە پاداشی چاکەی کوەیتیان دایەوە، کە لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێڕاقدا یارمەتییەکی زۆری عێڕاقیان کرد. ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆا و ئەمریکا نیزیک بە سی دەوڵەتی دژ بە عێڕاق لە دەوری یەک کۆکردەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی نیزامیان لە سەددام کرد. بەڕێوەبەرانی عێڕاق و بە تایبەت سەددام لۆژیکی سیاسەت و دەوڵەتمەداریان بە تەواوەتی لەبیرکرد و وڵامی بانگەواز و داخوازییەکانی وڵاتە گەورە و کەسایەتییە جیهانییەکانیان نەدایەوە.

دوای داگیرکردنی کوەیت، هێزە کوردییەکان لە باشوور و رۆژهەڵات لە دڵەڕاوکەیەکی زۆردان. هێزە باشوورییەکان و بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرەستی نەوشیروان مستەفا هێزە پەرتەوازەکەی خۆیان رێکدەخەنەوە و شانەی چەکدارە نێوخۆییەکان بۆ راپەڕین ئامادە دەکەن. کەماڵ لە سونێ هەڵقەندراوە و لە گوندی سڵێی بناری قەندیل دەگریسێتەوە. ناوبراو لە رێگای رادیۆ جیاوازەکانەوە ئاگاداری ئازادبوونی دیلەکانی شەڕی ئێران و عێڕاقە، بەڵام خەبەری وردی لەسەر مام کەریم نییە. هێزە سیاسییەکان، دەوڵەتەکانی ناوچە و زۆر تاکی هەڵوەدا چاوەڕوانی دەرهاویشتەکانی کۆتایی شەڕ دەکەن. کاتێک یەکەم گورزی سەربازی لە هێزە عێڕاقییەکان لە کوەیت وەشیندرا، خونچەی باوەڕی خەڵک بە سازبوونی ژینگەیەکی تازەی سیاسی پشکوت . کۆنە پێشمەرگە، سیاسەتکار و پێشمەرگەکان لە بنکە و مەکۆکانیان لە سەر رووداوەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن. کەماڵ لە گوندی سڵێ، وتەی حوسێنی ئازێزێی هاتەوە بیر، کە لە سونێ دەیگوت، سەددام سەر بە ئاژواەیە و ناتوانێ بێشەڕ و ئاژاوە ژیان تێپەڕکات. گورزە سەربازییەکانی سەر عێڕاق کەمەرشکێنن و لە ماوەیەکی چاوەڕوان نەکراوەدا هێزە عێڕاقییەکان شکان و هێزە رۆژئاواییەکان مەرجەکانی خۆیان بەسەر سەددام حوسێندا سەپاند. لە کاتی شکانی هێزە عێڕاقییەکان شیعەکان لە باشووری عێڕاق و کوردەکان لە باشووری کوردستان بارودۆخەکەیان قۆستەوە و راپەڕین لە رانیە دەستیپێکرد. راپەڕین لە ماوەیەکی خێرادا شار و ئۆردوگاکانی باشووری تێپەڕاند و لە نەورۆزدا گەیشتە کەرکوک. هێزە کوردییەکان و جەماوەر رەشۆکی لە بەعس راپەڕین. ئەوان لە هێرشکردنە سەر ئەرتەشی شکاو و تێکشکاوی بەعسدا ئازابوون، بەڵام لە قۆناخی خۆڕاگریدا زۆربەی کوردستانیان چۆڵکرد و کۆڕەوێکی گەورەیان بە ناوی دەرپەڕین بەڕێخست. ئەو کۆڕەوە لە کۆتاییدا بە قازانجی کوردەکانی باشوور کۆتایی هات و ناوچەی دژەفڕین لە لایەن هێزە گەورەکانەوە داسەپێندرا.

کەماڵ لەو قۆناخەدا لە گەڵ بەشێک لە کۆنە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لە رانیە، چوارقوڕنە، خەلیفان، کۆیە و حاجی ئاوا کار وکاسبی دەکەن. ئەوان لە ژینگەیەکی داخراو رزگاریان بوە، بەڵام زۆر بیریان لە دوارۆژی ئەو ناوچەیە نەدەکردەوە. هێزە سیاسییەکان بە هاتنی هێزی هاوپەیمانەکان و بە تایبەت ناوچەی دژەفڕین شادن و قوڵایی قۆرت و پێچی سیاسەتی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکانیان نەدەخویندەوە. کرانەوەی سنووری رۆژهەڵات و باشوور، دەرفەتی دیداری کوردە رۆژهەڵاتیی و باشورییەکانی زیاتر کرد. کەماڵ لە شاری رانیە زۆر کاسبکاری سەردەشت دەبینێ و دڵنیا دەبێتەوە، کە مام کەریمی بابی گەڕاوەتەوە. سەرەتاکانی راپەڕین بۆ رۆژهەڵاتییەکان روخسارێکی جوان و ئەرێنی هەیە. ناوبراو، لە رێگای یەکێک لە دۆستەکانی داوا لە مام کەریم و دایکی دەکات، کە سەردانی باشوور بکەن و ماوەیەک پێکەوە بەسەربەرن. کەماڵ داوا لە دۆستەکەی دەکات، کە ئەرکی گەیاندنی مام کەریم و دایکی بۆ راپەڕێنێ و هەتا رانیە یا گوندی سڵێ لە گەڵیان بێ. سنوورەکان لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا بەمجۆرە کراوە نەبوون. گوند و شارە رووخاوەکان دوای کۆڕەو ئاوەدان دەکرێنەوە و خەڵک بە شێوازێکی سەرەتایی چواردیوارێکی لە سەر زەوییە کۆنەکان پێکەوە دەنێتەوە. ئەو رۆژانە بۆ خەڵک و بەشێکی زۆر لە کوێخاکانی سیاسەت بە خەون دەچێ، چوونکە هەتا پێش راپەڕین بەشێک لەوان باوەڕیان بە راپەڕین و بەرنامەی ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ سازدانی راپەرین نەدەکرد. دوای راپەڕین ئەوان بە پشتێندی گرێگرێ و جەمەدانەی رەنگاوڕەنگەوە گەڕانەوە و کەوتنە کوتانی دەهۆڵی شۆڕش و خەبات.

خەڵکی گوند و شار بە راپەڕین شادن، بەڵام ئەوان لە بازرگانە سیاسییەکان بەگومانن. دانیشتوانی ناوچەی پشدەر و بیتوێن، باڵەکایەتی و هەولێر لە بیریانە، کە لە سەردەمی تەقوتۆقی بە ناوی ئەیلول بەرپرسە حیزبییەکان و سەرگەورەکانی حیزب چۆن لە گەڵ هاونیشتمان و هاوزمانەکان هەڵسوکەوتیان دەکرد. بارودۆخ لە باشوور سەقامگیر نییە، بەڵام هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی خۆیان چەکدار کۆدەکەنەوە و بە ناوی پێشمەرگە پێناسەیان دەکەن. زۆربەی هێزەکان بۆ پڕکردنی گیرڤانی گەورەیان گومرک دادەنێن یان کەلوپەلی جیاواز بۆ دیوی ئێران ئاودیو دەکەن. حیزب هەتا گەورەتر و خاوەن ناوبانگی زیاتر بێ، رێژەی فەرهوودکردن و دەست بەسەر مڵک و ماڵی حکومەت داگرتن بەرفراوانترە. حیزبە گەورەکان خەریکی فرۆشتنی کەلوپەلی بەنداوە گەورەکانی وەک بێخمەن و حیزبە چووکەکان فافۆن، زەردە و کەلوپەلی سەربازی و ئۆتۆمبێل ئاودیو دەکەن. ئەوانەی راپەڕینان سەرخست لە ماوەیەکی کورتدا تێدەگەن، کە کورد و حکومەتداری زۆر لە یەکتر دوورن و حیزبە سیاسییەکان لە هۆزە کۆنەکان زۆرتر باوەڕیان بە تاڵان و لۆژیکی هێز هەیە. زۆربەی هێزەکان خۆیان بە یاسا دەزانن و لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیاندا هیچ یاسایەکیان قبوڵ نییە. گومرگەکان بە سەرچاوەی داهات دەژمێردرێن و تەوژمی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان بەسەر یاسا باوەکاندا زاڵە و خاوەن دەسەڵاتەکان خاڵە گومرگیەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن. لە زۆربەی ماڵەکان دمەتەقەی سیاسەت و حیزبایەتی گەرمە و وردە وردە تاک، بنەماڵە، هۆز، عەشیرەت و هتد بەسەر حیزبەکاندا دابەش دەبن. کەماڵ و زۆر کەس لە کۆنە پێشمەرگەکان رۆژانە دەبینن، کە حیزب و سەرکردەکانیان چەندە لە بەرامبەر هاوڵاتیاندا خەمساردن و کولتوری زاڵ گیانی تۆڵەسەندنەوەی لە یەکتر بەهێز کردوە.

مام کەریم، زارا، لەیلا و شیرین لە گەڵ منداڵە کچکەی لە گەڵ دۆستەکەی کەماڵ بە رێگای کێلێدا لە سنوور دەپەڕنەوە. مام کەریم لە نیزیک قەڵادزێ شارێک دەبینێ کە لە سەر زەوی کەوتوە و لە شۆفیری لەندکرۆزێرەکە پرسیاردەکات، کە کاکە ئێرە قەڵادزێیە؟ ناوبرا رێگا نادات، کە شۆفیرەکە وڵامەکەی بداتەوە و درێژە بە قسەکانی دەدات. کاکە، ئەو کوردستانە سەردەمی سەددامە زێڕە پڕ بو، لە خۆفرۆش و کوردفرۆش. کاکە، ئەتۆ کوردی کاروانچی لە سەر کاسبی حەڵاڵ بگریت و بە عەسکەری عێڕاقی بفرۆشی، چۆن خوا غەزەبت لێناگرێ! بە خالقی ئاسمان و زەمین سوێند دەخۆم، کە زۆربوونی جاش و خۆفرۆش و هەروەها کرچ و کاڵی حیزبە سیاسییەکان سەددامیان هارکرد. شۆفیرەکە ئاگاداری ژیانی مام کەریم نییە و لە پشت سوکان و فەرمانی ئوتۆمبیلەکە چیرۆکی بەر ئاگردان دەگێڕێتەوە. ناوبراو دمانچەیەکی لە بەر پشتێندەکەی ناوە و قسەی گەورە و قەبە دەکات. بە باوەڕی شۆفیرەکە، کورد نەتەوەیەکی قارەمان و خۆڕاگرن و بە هێزی خۆیان سەددامیان لە کوردستان وەدەرنا. ئەو چەند چیرۆکێکی سازکراوی زەین و خەیاڵی خۆی دەگێڕێتەوە، کە کەس بڕوای پێناکات. مام کەریم هاوبیری شۆفیر نییە و بە راشکاوەی رادەگەیەنێ، کە ئەگەر سەددام کوەیتی نەدەگرت و بۆش و دەوڵەتان لە سەددامیان نەدەدا، بە عومراتت چاوت بە پشدەر نەدەکەوتەوە. کاکە کوردی قارەمانی چی؟ ئەمن لەسەر ئەو کوردە قارەمانەی تۆ، دە ساڵی رەبەق لە بەندیخانەی سەددامدا مامەوە. ئێوە ماوەیەک لەوەپێش بە تێکڕا لە بەر چەند کۆپەتەر و دەبابە بە جۆریک هەڵاتن، کە لە مێژووی کورددا وێنەی نییە. پورە زارا، لەیلا، شیرین و کچەکەی لە گەڵ دۆستی کەماڵی بە ناوی ئەبوبەکر لەو دمەتەقەیە ماندوون. ئەبوبەکر داوا لە شۆفیرەکە دەکات، کە گۆرانیەکی حەمەی ماملێ، حەسەن زیرەک یان حەیرانێکی خلەدرزی لە سیاسەت خۆشترە. ئەو کوردە بە ئاسانی چاری ناکرێ و بەخوا رەنگە کورد لە نەوەی هابیل و قابیل بن و بە یەکتر کوشتن خۆیان بەسەرکەوتوو بزانن. شۆفیرەکە گۆرانیەکی حەمەی ماملێ دەخاتەسەر و مووسافیرەکان بێدەنگ دەبن. مام کەریم جاروبار دەپرسێ، کاک بەکرە، چەند سەعاتی دیکە دەگەینە گوندی سڵێ. شۆفیرەکە بۆ پەیدا کردنی نانی زیاتر پێشنیار دەکات، ئەگەر پارەیەکی زیاتری بدەنێ، راستەخۆ هەتا گوندی سڵێ دەڕوات. شۆفیرەکە کوردە رۆژهەڵاتییەکان بە پارە خۆشەویسست ناودەبات، کە لە سەر پارەی نەفەرات زۆر قسە دەکەن. پورە زارا بە وتەی شۆفیرەکە تووڕە دەبێت و دەڵێ، کاکە ئەرێ تۆ عەیب ناکەی؟ ئەگەر ئێمە پارە خۆشەویستین، ئەدی تۆ چی؟ ئەگەر تۆ پارەپەرەست نیت، دەفەرموو کەمتر لە خەڵکی پارە وەربگرە. خودا دەزانێ لە سەر ئەو رێگایانە لەبەر ئەو سوورەتاوەی بمرم، لە گەڵ تۆ ناچمە قەندیلی.

مام کەریم و پورە زارا لە رانیە دادەبزن و بە ئوتومبیلێکی دیکە بەرەو بناری قەندیل و گوندی سڵێ دەڕۆن. شیرین و لەیلا لە دۆڵ و بەرزاییەکانی قەندیلیان دەڕوانی و بیریان لە ژیانی خۆیان دەکردەوە. ئەوان یەکەمجارە پێکەوە لە شار دەردەکەون. لەیلا و دایکی لە رابردوودا زۆر ناوچە گەڕاون و ئەزموونێکی زیاتریان لەسەر خەڵک و ناوچەکان هەیە. ئەوان بە درێژایی رێگا هەتا دەگەنە گوندی سڵێ لە سەر سەفەرەکەیان دەدوێن. مام کەریم سوێند دەخوات، ئەگەر کەماڵی کوڕی لەو خاکەدا نەبوایە، هەرگیز ئاوی ئەو خاکەی نەدەخواردەوە. ناوبراو بە درێژایی رێگا چاوی بڕیوەتە ئەو ساڵانەی کە لە بەندیخانەی بەعسدا ژیاوە و ئەو رۆژە لەبیر ناکات، کە جلوبەرگی سەربازی ئێرانیان بە زۆر لەبەر کرد و بەمجۆرە لە ژیانی ئاسایی و منداڵەکانیان دابڕی. پاشنیوەڕۆی ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕ لە لەندکرۆزێرە کۆن و تۆزاویەکە دابەزن و بە یەکەوە بەرەو ماڵەکانی سڵێ هەنگاو هەڵدەگرن. ئەوان لە سەرەتای گوندەکە پرسیاری کەماڵی مام کەریمی دەکەن و یەکێک لە دانیشتوانی گوند هەتا بەردەرگایان دەبات. کەماڵ بە دیتنی مام کەریم و ئەندامانی ماڵەوە زۆر دەگەشێتەوە. ناوبراو زیاتر لە دە ساڵە لە بابی دابڕاوە و بنەماڵەکەیان لەو ماوەیەدا چەند رووداوی ناخۆشی بەسەرهاتووە. کەماڵ بەخێرهاتنی دایک و خوشکەکانی دەکات و دەستخۆشی لە ئەبوبەکری هاوڕێی دەکات، کە ئەو ئەرکەی راپەڕاندوە. مزڵەکەی کەماڵ دیو و داڵانێکە و بە فۆرمی کۆنی گوندەکان سازکراوە، بەڵام لەو گوندە وەک باڵەخانەیەکی رازاوە دەنوێنێ. بناری قەندیل و ئاوهەوای سازگاری ئەو ناوچەیە زۆربەی کەموکوڕییەکانی ژیان پڕدەکاتەوە و مرۆڤ لەو ژینگەیەدا هەست بە ژیانێکی بەختەوەر دەکات. ئەو ئێوارەیە بەشێکی زۆر لە ئاشنا و دۆستەکانی کەماڵ بۆ دیداری باوک و دایکی هاتن. ژمارەیەک لە جیرانەکان داوادەکەن، کە بۆ خواردنی نانی ئێوارە میوانیان بن، بەڵام لەیلا و شیرین لە ماوەیەکی کەمدا خواردنێکی ساکاریان سازکرد. مام کەریم ئەو ئێوارەیە هەتا کاتی خەوتن چیرۆک و بەسەرهاتی خۆی بۆ کەماڵ و میوانەکان دەگێڕێتەوە. کەماڵ لە بەرچاوی بابی روخساری زۆر گۆڕاوە و قەت بیری نەکردەوە رۆژگار بەو خێراییە تۆزی تەمەن بەسەر و سیمای منداڵەکانیدا بپڕژێنێ. ئەبوبەکر بەیانی مام کەریم و کەماڵ جێدێڵێ و بەئوتۆمبیلی نەفەرات بەرەو رانیە و دواتر سەردەشت دەگەڕێتەوە. رۆژی یەکەم بەشێکی زۆر لە دۆستان و کۆنە هاوڕێکانی کەماڵ سەردانیان دەکەن. مستەفا و حوسێنی ئازیزی دوو رۆژان میوانی کەماڵ دەبن و کاتێکی خۆش بە یەکەوە تێپەڕدەکەن. وەستا مستەفا مانگێکی دیکە بەرەو یەکێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی سەفەر دەکات، بۆیە دڵەڕاوکەی خۆگونجاندن لە گەڵ کولتوری رۆژئاوای هەیە. مستەفا داوا لە مام کەریم دەکات، ئەگەر گەڕایەوە سەردانی باب و دایکی بکات و لەو سەفەرە ئاگاداریان بکاتەوە. مام کەریم کە چاوی بە لاقی وەستا مستەفا دەکەوێ و بیر لە کاوەی کوڕیی و کوڕی خاڵەمینە و هەزاران شەهیدی دەیکە دەکاتەوە، هیچ وشەیەکی گونجاو بۆ ئەو خەم و ژانە نادۆزێتەوە. حوسێنی ئازیزێ بۆ دڵخۆشکردنی مام کەریم و پورە زارا بیرەوەری خۆش و ناخۆش لە ژیانی پێشمەرگایەتی دەگێڕێتەوە. رۆژ و شەوانی بناری قەندیل بۆ میوانەکان سەرنجڕاکێشە و شنەبایی ئێواران و بەیانی وەرزی هاوین خەمڕوێنە. مام کەریم لە بەندیخانە کەمێک نووسین و خوێندنەوەی فارسی فێربوە و لە قسەکردندا عەیبی نییە. ئەویش هەگبەیەکی پڕە لە چیرۆک و نەقڵی تاڵ و سوێری بەندیخانە، کە شیعە و سوننەکان، کورد و ئازەرییەکان و هەروەها چەپ و ئیسلامییەکان چۆن لە گەڵ یەکتر هەڵسوکەوتیان کردوە. زۆربەی میوانەکان کە سەردانی کەماڵ دەکەن بە وتەکانی مام کەریم و پورە زارا دڵخۆشن و بەشێک لەوان رۆژانە دیدار نوێ دەکەنەوە. حوسێنی ئازیز و وەستا مستەفا بە مام کەریم دەڵێن، مامە هەتا هاوینە ژنێک بۆ کەماڵی بێنن و با کەمێک هەڵپەڕین. مام کەریم لە وەڵامدا دەڵێ، کاکە ئەگەر کەچەڵ چارەسەر و دەرمانی هەبایە، یەکەمجار دەرمانی سەری خۆی دەکرد!

کەماڵ لەو ماوەیەدا میوانەکانی بۆ گوند و شارەکانی دەوروبەر دەبات. زارا و مام کەریم و کچەکانی زۆر حەزیان لە گەڕان نییە و خوازیارن، لە گوندی سڵێ کاتەکان پێکەوە تێپەڕکەن. چەند ژنێک لە گوندی سڵێ، کە پورە زارایان دیتوە، زۆر ستایشی دوکتۆرە فەڕانسەوییەکانیان دەکەن، کە لە نەخۆشخانەی حیزب کاردەکەن. پورە زارا داوا لە کەماڵ دەکات، کە با سەردانی ئەو دوکتۆرە خاریجیانە بکەن و عیلاجێکی بۆ ژانەسەر و سینگی بنووسن. کەماڵ بۆ رۆژی داهاتوو بە ئوتۆمبیلەکەی میوانەکان بۆ نەخۆشخانەی دێموکڕات دەبات. پورە زارا چەند کاتژمێرێک چاوەڕێ دەکات و دەچێتە لای دوکتۆرە فەڕانسەویەکە، کە ژنێکی قژ زەرد و چاو شینە. لە رێگای پەرەستارە کوردەکان چیرۆکی ژانەسەر و سینگ هێشەی زارا بۆ دوکتۆرەکە وەردەگێردرێ. دوکتۆر دوای پشکنینێکی سەرەتایی چەند دەرمانێکی بۆ دەنووسێ و رێنوێنی دەکات، کە سەردانی دوکتۆری تایبەت بکات و پشکنینی تەواو بۆ سینگی بکات.

کەماڵ و مام کەریم بۆ ئێوارە لە لایەن یەکێک لە پێشمەرگەکانی ناوچەی سەردەشت میوان دەکرێن و شەوێکی شاد پێکەوە تێپەڕ دەکەن. مام کەریم لە زۆربەی دانیشتەنکاندا داوادەکات، کە ئاگاداری خۆیان بن و بە پارێزەوە هاتوچۆ بکەن. ناوبراو رادەگەیەنێ، کە سیاسی و ساحیر نییە، بەڵام سپای پاسداران و ئیتلاعات بێکار دانانیشن و لە رێگای خەڵکی باشوور و رۆژهەڵات حیزب لە سەر سنوور هەڵدەقەنن. ئەو باوەڕی بە کوردایەتی کوردان زۆر لاوازە و بە گوێرەی تێگەیشتنی مام کەریم، کوردەکان ساویلکەن و فریو دەخۆن و دەوڵەتەکان خاوەن پارە و ئیمکاناتن. ئێوە بە قەول سیاسین و ئێمەش نەخوێندەوار، بەڵام بە زات و سیفەتی خوای وریا نەبن، وەک زەمانی مەلا مستەفا داتاندەپاچن. شایانی باسە، کە مانگی رابردوو چەند گوندنشینێکی ئەو بنارانە گەڕاونەوە و یەکێک لە ریش سپیەکانیان داوادەکات، کە کوردی ئێرانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. مام حەسەن کە لە ئیسلامییەکان نیزیکە بە کوردە رۆژهەڵاتییەکان دەڵێ، بابی من ئێوە حوکمەتەکەتان چ عەیبی هەیە؟ بڕۆنەوە بابم و لە سەر موڵک و ماڵی ئێمە بڕۆن. ئێوە بۆ چ خەبات دەکەن؟ حوکمەت نە گوندی تێکداون، نە شاری راگواستوە؟ لە هەموو راستان مزگەفت و مەکتەب هەنە و کارەبا هەیە. بە رەسولەڵڵا سوێند دەخۆم، بڕۆنەوە قازانج دەکەن و کار بە دانیشتنێ چارەی ناکرێ. ئێوە کوا شۆڕش دەکەن؟ شۆڕش بە ئاور و ئاسن دەکرێ و بڕۆنەوە بابم بۆ وڵاتی خۆتان. مام حەسەن بە خزمەکانی گوتوە، کە دیموکڕات خوێن گەرم نین و شەڕانی نین و بە کەیفی خۆمان سەرکۆنەیان بکەن و هەڕەشەیان لێبکەن. مام حەسەن لە باب و باپیرانی دەگێڕێتەوە، کە کوردی کوێستان شەڕانی نین و زیاتر بۆ سەلامەتی سەر و ماڵ تێدەکۆشن.

راپەڕینی باشووری کوردستان دەرگای سنوورەکانی خستۆتە سەرپشت و ئێران و تورکیە بە ستایلی مۆدێرن شەڕی بەرژەوەندییەکانی یەکتر دەکەن و ئیرادەی کوردان بە سیاسەتی نەرم و توند تێکدەشکێنن. کوردەکان لە ژێر ناوی حیزبایەتی و بیروباوەڕی جیاوازدا بەسەر دەوڵەتە سەردەستەکاندا دابەشکراون و بوون. پارتە سیاسییەکان بۆ مانەوەی خۆیان بە توندی دەستیان لە گوریسی دەوڵەت و دەزگا سوخوڕییەکان گرێداوە و لە کاتی بەرژەونەدییەکاندا حیساب بۆ کورد و پرسی نەتەوەیی ناکەن. پارتەکان بە چەند سەر دەڕۆن و وەرزێک لە بەغدا و سەردەمێک لە تاران و رۆژگارێک لە ئانکارا و دەمشق سەروەدەر دەنێن. سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ناوی دیپلۆماسی و پێوەندییە دەرەکییەکان هەموو رەنگەکانیان کاڵکردۆتەوە و سنوورێکیان بۆ مۆڕاڵی سیاسی نەهێشتۆتەوە. ئەوان لە سەردەمی شاخ زۆر بە ئاسانی کەوتنە دەستی بەرپرس و کاربەدەستی دەوڵەتە سەردەستەکان و لە شار ناتوانن خۆیان لە دەستی چەوری دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران، تورکیە، سوریە و عێڕاق رزگار بکەن. پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات بە پاساوی بوونی زۆنی دژەفڕین و تام و چێژی کوردایەتی زۆر دوور ناڕوانن. یەکەم هاوینی دوای راپەڕین بۆ پێشمەرگەکانی دێموکڕات ئاسانە، چوونکە لە زۆربەی سنوورەکان دەتوانن بچنەوە رۆژهەڵات و جەولەی سیاسی یان نیزامی بەڕێوەبەرن. هێز و لایەنە باشورییەکان لە قۆناخی یەکەمی دوای راپەڕین هێڵ و خەتە گشتیی و لاوەکیەکانیان لە یەکتر جیانەکردۆتەوە. بۆ ئەوان، رزگاربوون لە رۆژانی ئەنفال، هەڵەبجە و راگواستنی زۆرە ملی دایکی جێژن و شادییەکانە. گیرانی کوەیت و دواتر لێدان لە هێزە عێڕاقییەکان نیعمەتێکی گەورە بۆ کورد و بزوتنەوەکەی پێناسە دەکرێ. ئەگەر ئەو بارودۆخە دژوارە نەگۆڕابا، بزوتنەوەی کورد لە باشوور ئاداری بە سەر پاداری نەدەمایەوە و بە کردەوە کۆتایی دەهات.

مەلا ئەحمەد کە پێشمەرگەیەکی دێموکڕاتە لە زۆر کۆبوونەوەدا رادەگەینێ، کە راپەڕین، دەرپەڕین و گەڕانەوە دیاری و گەوهەری خاڵە بووشی ئەمریکایە. ئەگەر زلهێزەکان نەدەبوون و سەددام کوەیەتی داگیر نەدەکرد، قەت ئەو رۆژگارەمان نەدەدی. مەلا ئەحمەد وەک مام کەریم لە سەر دوارۆژی پێوەندی نێوان هێزە رۆژهەڵاتیی و باشورییەکان نیگەرانە. بە وتەی مەلا ئەحمەد پێداویستییەکان و نیاز لە داهاتوودا دەبنە کۆڵەکەی سیاسەتکردن لە باشوور و دەسەڵاتدارەکان ناتوانن خۆیان لە هاوکێشەی ناوچە رزگار بکەن.

مام کەریم و هاوسەرەکەی لە گەڵ لەیلا و شیرین و کچەکەی دوا رۆژەکانی دیدار لە گەڵ کەماڵ تێپەڕدەکەن. پورە زارا داوا لە کەماڵ دەکات، کە بە لایەکدا ساغبێتەوە و خۆی یەکلا کاتەوە. مام کەریم سواری ئەسپی دووپاتکردنەوەی وتەکانیەتی و بەردەوام کەماڵ هاندەدات، کە ئەو خاکە جێبێڵی. ناوبراو دەڵێ، کاکە قسە هەزارە و دووی بەکارە، یان وەرەوە و یان بڕۆ بۆ خاریج. پورە زارا کە باسی ئورووپا دەکرێ، هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەکێشێ و دەڵێ، کەریم ئەگەر کەماڵ بچێتە ئورووپا چاومان پێناکەوێتەوە. کوڕە دەڵێن لەو وڵاتانە کافرستانییە و خەڵک لە گەڵ سەگ و پشیلان دەژین. ئەوە چەند ساڵە لەو سەر سنوورە ماوەتەوە و دڵخۆشین، کە دوور نەکەوتۆتەوە. کەماڵ دڵنیایان دەکاتەوە، کە هەتا ساڵێکی دیکە ساغدەبێتەوە و لەو ژیانە رزگاری دەبێ. ناوبراو داوا لە بابی دەکات، کە تەرمی کاوە لە ماوەڵۆیە بگوازنەوە بۆ سەردەشت و با لە دایک و خوشکەکانم نیزیک بێ. کاوە، زۆر غەریبانە و لە سەردەمێکدا کە لە کڕۆکی سیاسەت و حیزبایەتی دەگەیشت، دەستی چارەنووس لە ئێمەی دابڕی. ئەو سەردەمە پڕە لە تاڵیی و سوێری و رووداوە ناخۆش و چاوەڕواننەکراوەکان زۆر بە ئاسانی بەسەرمان دەکەنەوە. ژینگە و بارودۆخ زۆر گرینگە و مرۆڤ بە پاکی لە دایک دبێ، بەڵام رەوتی رووداوەکان و فکر و بیرە جیاوازەکان مرۆڤ دڵڕەق و لە یەکتر نامۆ دەکەن. ئێمە لە سەردەمێکی ئاڵۆزدا دەژین و خوێن، دۆستایەتی، سیاسەتی و دین مانای راستەقینەی خۆیان لەدەست داوە. بە ناوی جیاواز و لە ژێر سێبەری ئامانجی پیرۆز و ناپیرۆزدا سەدان هەزار کەس بەرەو چاڵە مەرگەکانی شەڕی دەوڵەتان راپێچکران.

کەماڵ داوا لە باب و دایکی دەکات، کە دامەزارندنی لەیلا و شیرین لە ریزی پێشەوەی بەرنامە و کارەکانە. لەیلا لەو ساڵانەی رابردوودا ئەرکی گەورەی بەڕێوەبردوە و ئێمە پێویستە لە سازکردنی ژیانێکی تازەدا هاوکاری بکەین. کەماڵ بڕە پارەیەک دەداتە ئەندامانی بنەماڵەکەی و بەرەبەیانیەکی مانگی گەلاوێژ ماڵئاوایی لە جیران و ناسیاوەکان دەکەن و بە ئوتۆمبیلەکەی بەرەو سنووری کێلێان دەبات. رێگای ژاراوە، سەنگەرسەر و قەڵادزێ پڕ بە باوەشی تەمووز گەرما دەبەخشێ و مشت و ماڵی خەونی رەق و ساردی رێبوارانی کوێستان دەدات. مام کەریم و پورە زارا لە گەڵ کچەکان بە ئاسانی لە بازگەی پاسداڕەکان رزگار دەبن و دەگەنەوە ماڵ. کەماڵ بە دڵێکی پڕ لە خەم و مێشکێکی شپڕزە بەرەو بناری قەندیل دەگەڕێتەوە. ئەو لە سەر رێگا چەند نەفەرێکی هەڵدەگريت، کە تێکەڵەیەک لە رۆژهەڵاتی و باشووورین. دوو کەس بنەماڵەی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتین و لە ناوچەی بۆکانەوە هاتوون.

کەماڵ لە گەڵ دوو کۆنە پێشمەرگە بیر لە گواستنەوە بۆ رانیە دەکەنەوە. ئەوان لە پاییزدا خانوویەکی کۆنە لە گەڕەکی نیزیک باخچەی شاری رانیە بەکرێ دەگرن. ئەوان کەسابەتی جیاواز دەکەن و لە گەڵ کاسبکارە رۆژهەڵاتییەکان بۆ کرینی کەلوپەل سەردانی دەهۆک، زاخۆ، هەولێر و سلێمانی دەکەن. کاسبکارەکانی کوردستانی کوێستان قوماش، مەشرووب، جگەرە، فافۆن، زەردە، ئوتۆمبیل و کەلوپەلی بیناسازی دەبەنەوە. لە رۆژانی بێکاریدا شەقامەکانی شار بۆ سەڵت و زگورتیەکان خۆشترە. کەماڵ، کە بە شەقامەکانی رانیەدا تێدەپەڕێ ساڵانی دوای شۆڕشی ئێرانی بیردەکەوێتەوە، کە بازاڕی چەک و تەقەمەنی لە جەرگەی شارەکاندا جمەی دەهات. لە رانیە ئەو بازاڕانە گەرم و گوڕن و هەروەها بەشێک لە داشقەچییەکان نارنجۆک، کەرەستەی تەقینەوە، فیشەک و پێداویستیەکانی تایبەت بە چەک دەفرۆشن. قەناعەت سەرمایەیەکی گشتیی خەڵکی ناوچەکەیە، بۆیە دژوارییەکان بە ئاسانی کاریگەریان لە سەر خەڵک نییە. منداڵان لە نێو شار و بە تایبەت لە گەڕاج و باخچەی شاردا گوڵەبەڕۆژە، ئاوی سارد، چەمیلەی چەماوە و ترۆزی، هەناری دەنک و جگەرە دەفرۆشن و بەشێک بۆیاخی پێڵاوەکان دەکەن. کەماڵ بە دیتنی ئەو دیمەنە وێکچووانە یەکسەر دەگڕێتەوە ئەو سەردەمە، کە لە شارەکەیان منداڵان، لاوەکان و گەورە ساڵان بە جۆرێکی هاوشێوە بژیوی ژیانی خۆیان و پارەی گیرفانیان پەیدا دەکرد. بە چاوی زۆر کەس بارودۆخی باشوور رەنگە تەنگوچەڵەمەی بۆ سازبکرێ، بەڵام بژاردەیەکی دیکە بۆ ئەو پارچەیەی کوردستان بێجگە راوەستان بەرامبەر بە کێشەکان نییە. حکومەتی ناوەندی عێڕاق بەشێک لە دەزگا ئیدارییەکانی لە هەرێم کشاندۆتەوە و پارتە کوردییەکان ناچارن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە هێزی کۆن و تازەکار کەڵک وەرگرن. ساڵێک دوای راپەڕین هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن، کە سەرۆکایەتییەکە بە هۆی ئەوەی کەس دەنگی پێویستی دەستەبەر ناکات، بێدەنگەی لێدەکرێ. شەڕی سەرۆکایەتی کوردستان لە نێوان بارزانی و تاڵەبانی و ژمارەیەک لە سیاسەتکارە بازرگانەکان بۆ ماوەیەک دامرکایەوە. حکومەتی هەرێم لە هەولێر راگەیاندرا و پارلەمان بە سیستمی نیوە بە نیوە کە بە فیفتی بە فیفتی ناسراوە کارەکانی دەستپێکرد. ئەو سیستمە وەک چارەسەرێکی کورتماوە بۆ کێشەی نێوان پارتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی رەچاوکرا.

لە شار و شارۆچەکانی باشووردا دەستی دەزگا سیخوڕییەکانی رێژیمی تاران و ئانکارا بەهێزتر بوون. بێکاریی و هەروەها خەراپتر بوونی دۆخی ئابوری دەرفەتی زۆری بە رێژیمەکانی ئێران، تورکیە، عێڕاق و تەنانەت سوریە بەخشیوە، کە لە رێگای زڕە حیزب و سیاسەتکارە بێموڕاڵەکانەوە لە سەر رەوتی رووداوەکانی ناوچە کاریگەربن.

هێزەکانی بە ناو یەکێتی و پارتی بە دەکارهێنانی چەک، گریلاکانی پەکەکەیان لە ناوچەی سەر سنووری باکوری کوردستان بەرەو سنووری رۆژهەڵات و بە تایبەت ناوچەی زەڵێ گواستۆتەوە. تیرۆری ئێران لە رێگای ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتە باشوورییەکان و کەسانی نەبەستراوە بە حیزب راوی کوردە رۆژهەڵاتییەکان دەکەن. سەعید شەڕەفکەندی و هاوڕیکانی لە ریستۆڕانێک بە ناوی میکۆنوس تیرۆر دەکرێن. بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی باشووری کوردستان و هێزە سیاسییەکان لەو بۆنەیەدا چالاکانە بەشداری دەکەن. لە زۆربەی شارەکان خۆپێشاندانی بەرین بەڕێوەچوون و لە مزگەوتی گەورەی شارەکان سەرەخۆشی بەڕێوەدەچن. کەماڵ هێشتا بڕیاری مانەوە یان دەرچوونی نەداوە و لە دۆخێکی ناسەقامگیردا دەژی. لە لایەن بەرپرسانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و هەروەها رێبەرایەتی شۆڕشگێر داوای لێدەکرێ، کە وەک پێشمەرگە و کادرێک درێژە بە تێکۆشان بدات. ناوبراو لە حیزبایەتی و کولتوری کاری سیاسی کوردان ماندووییە و باشترین رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لەو ژینگەیە رۆیشتن بەرەو ئورووپا دەزانێ. ئەو لە گەڵ چەند هاوڕیەکی بڕیار دەدەن، کە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو بەرەو تورکیە بڕۆن و لە رێگای یوئێن داوای مافی پەنابەریی لە وڵاتانی رۆژئاوایی بکەن.

حوسێنی ئازیزێ بۆ دیداری کەماڵ هاتۆتە رانیە و نامەیەکی وەستا مستەفای بۆ هێناوە، کە لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی حیزب لە سوئێد بۆ قەندیل هێنراوەتەوە. وەستا مستەفا ساڵێک زیاترە، کە گەیشتۆتە وڵاتی سوئێد و لە شاری ڤێسترۆس گریساوەتەوە. ناوبراو لە دەستی سەرما، بەفر و باران هاواریەتی و خۆزگە بە گەرمای دەشتی پشدەر و بیتوێن دەخوازێ. حوسێنی ئازیزێ لەو هاتوهاوارەی مستەفا تێناگات و بە کەماڵ دەڵێ، ئەو کوردەی ئێمە بە هیچ رازی نییە. لێرە خۆزگە بە ژیانی ئورووپا دەخوازیی و دەچیتە وڵاتێکی رۆژئاوایی خۆزگە بۆ ژیانی کوردستان دەخوازی. کەماڵ وەبیر حوسێنی دەخاتەوە، کە ئازاری غوربەت سەرتا ناخۆشە. ئێمە زۆر پتەو و توند و تۆڵ نین و کە کۆسپێکمان هاتە سەر رێگا یەکسەر دەیکەینە هاتوهاوار و خۆمان لە چارەسەرکردنی کۆسپەکان دەدزینەوە. ئێمەی کورد لە هەموو ژیانماندا بە هێمنی تامی ژیانمان نەکردوە و هەر کە لە دایک دەبین راپێچی سەر لانکەمان دەکەن و بە دەسترازە توندمان دەکەن و بەندیخانەیەکمان بۆ سازدەکەن. لە ماڵ, قوتابخانە و تەنانەت لە ئیدارە و نەخۆشخانەکان بەرپرس و فەرمانبەران بە گیانێکی توندوتیژانە لە گەڵ خەڵکدا دەجوڵێنەوە. بە وتەی محەممەد سپاسی زۆربەی نەتەوەی کورد شێتە و زۆربەی شێتەکانیش لە ریزی حیزبە کوردییەکاندا کۆدەبنەوە. ئێمە پەروەردەی کولتوریکی پڕ لە توندوتیژین و بە ئازادی باڵامان نەکردوە. لە قسەکردن و دەربڕیندا زۆر لاوازین و دەرفەتی رادەربڕین و ئاڵوگۆڕای بیروڕا لە نێو ئێمەدا زۆر لاوازە. زۆر پێشمەرگە و خوێندەوار دوای ماوەیەکی کورت لە ترسی تانەلێدان سەنگەریان چۆڵکردوە و زۆربەمان گەمە بە خوێندەواری دەکەین. زۆربەمان باوەڕمان وایە، کە نەوەی خوێندەوار بە کەڵکی پێشمەرگایەتی نایەن. تێگەیشتنی ئێمە و بەرپرسان کاریگەری لە سەر کۆی کایەی سیاسەت لە کوردستاندا هەیە. خومەینی، حوسینی فەهمیدەی بە هەزار رەوزە و دوعا فریودا و لە منداڵێکی چووک خۆکوژێکی سازکردەوە. ئێمە کوڕ و کچی خەڵک بە لاقی خۆیان دێنە بنکە و مەقەڕەکانمان نازانین کەڵکیان لێوەرگرین. کەماڵ لە گەڵ حوسێنی ئازیزێ هاوبیرە ناوبراو وتە و دەڕبڕینەکانی حوسێن بە راست و حاشاهەڵنەگر ناودەبات. کەماڵ کێشەی لە گەڵ کادر و پێشمەرگە سادەکان نییە و ئەو کادری رێبەری بە ماکەی کەند و کۆسپەکان دەزانێ. بە تێگەیشتنی کەماڵ، کادری رێبەڕی لە رابردوودا زیاتر لە سەر زانایی و هونەری دوکتۆر قاسملوو و هەروەها دوکتۆر سەعید حیسابی کردوە، بۆیە ئێستا بە ترسەوە لە سەر رووداوەکان لێدوان دەدەن و بە لاوازی بڕیاردەدەن. کورد خەڵکی گیانباز و خۆڕاگری زۆرە، بەڵام کێشەی کۆکردنەوەی ئەو گیانباز و خۆڕاگرانەیە، کە لە نوختەیەکدا بە یەک دەگەن و هێزیکی گەورە بەرهەم دێنن. ئێمە بە پەرتەوازەیی لە دایک دەبین، گەورە دەبین و سەرئەنجام دەمرین و هیچ بیر و باوەڕێک بە یەکەوە نامانبەستێتەوە. کاکە ئێمە لە زاخۆ و دەهۆک لە زمانی یەکتر تێناگەین و لە ورمێ و سەڵماس لە زاراوەی مەهاباد و بۆکان ناگەن. قۆناخی دابەشبوون لە نێوان چوار وڵاتدا لە ماوەی حەفتا یان هەشتا ساڵی رابردوودا زەبری لە کولتور، زمان، کەسایەتی و ناسنامەی کوردان وەشاندەوە. کورد پێویستی بە پەروەردە و خۆناسینە، کە بە دوو یان سێ نەوە رەنگە ئاڵووگۆڕێک سازبکات. حیزبی کوردی تەنیا لە سازکردنی شوعار و درووشمدا سەرکەوتوون و ئەوانیش بە ناشکوری نەبێ، توانای پەروەردەکردنی تاکی کوردیان نییە. لاوێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەر هەر هۆکارێک بێت، پەنا بۆ یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات دێنێ، بەڵام لێرە ئامادەکاری بۆ پەروەردەکردن نەکراوە. ئەو لاوە پاش ماوەیەک ئەوەندە گوێی لە خەراپەی ئەو هاوڕێ و فڵانە کادر دەبێ، کە لە کلتوری حیزبایەتیش بێزاردەبێ. ئەگەر هۆنەری پەروەردەی پێشمەرگە و کادرەکان دڵنیاکەر و شوێندانەر بووایە، بێگومان هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەند بەرامبەری ئەمڕۆ بەهێز و شوێندانەر دەبو. حوسێن با لە گەڵ تۆدا راستگۆ و راشکاو قسەبکەم. بە یاری دۆمینە و تەختەنەرد ئەو خەباتە سەرناکەوێ و بیری ورد و هزری کاریگەری دەوێ. چەند ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبەکان دەناسی، کە لە پێناوی گەل و حیزبەکەیدا رۆژانە چەند سەعات زیاتر کارکات. زرۆبەیان ژیانی ئاسایی خۆیان تێکنەداوە و بە شێوەی دایک و بابم شەوانە لە دەوری یەکتر دەژین و رۆژانە وردەکارێک یان دیدارێک ئەنجام دەدەن. لاوەکان کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دێنە ئێرە، سەرەتا بیر لەوە دەکەنەوە، کە ئەوەی لە رۆژنامە و رادیۆکاندا نووسراوە و گوتراوە لێرە بە چاوی کۆنکرێت دەیبنن. ئەوان لێرە لە گەڵ دونیایەکی دیکە ئاشنا دەبن، کە زۆر لە گەڵ خەونەکانیان جیاوازە. ئەرکی پەروەردە ئەوەیە، کە ئەو جیاوازیانە بکاتە خاڵی وەرچەرخان و کفوکوڵی سەرەتایی بکاتە شعور و تێگەیشتنی زیندوو لە پرسی کورد و سیاسەتەکانی حیزبدا. باشە لە تۆ دەپرسم، ئەوانەی لە دۆڵە رەقە ناویان لەخۆناوە رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ، چ هەنگاوێکی جیاوازیان ناوە و لە کام سەنگەردا لە حیزبەکەی دیکە بەهێزتر و شۆڕشگێرترن؟ ئەتۆ بۆ خۆت دەزانی حیزبەکان بە حیکمەتی زەمانە دەبنە دوو و دواتر خەباتی یەکگرتنەوە گەرم دەبێ. ئەگەر بڕیارە لە حیزب جیاببیتەوە و توانای سیاسەتت هەیە، بۆ ناوێکی دیکە بۆ خۆت و ئۆرگانەکانت هەڵانبژێری و ئەو شەڕە بۆ بە کوڕ و کچی خەڵک دەکەن؟

کەماڵ لە گەڵ حوسێنی بەنیازە سەردانێکی پێشمەرگەیەکی کۆنی یەکێتی بکات، کە ناوی عەلییە و چەند ساڵ لەوە پێش لە سونێ و ناوزەنگ لە گەڵ یەکتر ئاشنا بوون. ئەوان بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی کۆمیتەی یەکێتی لە رانیە دەکەن و لە پرسگەکە داوای بینینی عەلی دەکەن. ناوی دووهەم و سێهەمی عەلی لەبیر نەماوە و تەنیا ئەوەندە دەڵێ، کە جەمەدانەکەی ئاوا دەبەست و باڵایەکی مام ناوەندی هەیە. پێشمەرگەی پرسگە بە گاڵتە دەڵێ، کاکە ئێوە بە هەڵە هاتوونە ئێرە و بۆ دۆزینەوەی خەڵک دەبێ بۆ شۆرتە یان ئیدارەی نفووس بچن و هەروەها لە مزگەوتی گەورەی شار بە بڕە پارەیەک بۆتان هاوار دەکەن. حوسێن دەپرسێ، ئایا عەلی ناو لەو بنکەیەدا هەن یان نا؟ ئەگەر نین، ئێمە خواحافیز و ئەگەر هەیە با ناوی خوای لێ بێنین. ماوەیەک لە بەردەرگای مەڵبەند چاوەڕێ دەکەن، بەڵام خەبەرێک لە هاتنی عەلی نییە و سەرئەنجام بەرەو جەرگەی شار دەڕۆن لە خێری دیداری عەلی دەگوزەرێن. لە قاوەخانەکانی تەنیشت ئاوی قولە دادەنیشن و سەیری ئەو روخسار و دەموچاوانە دەکەن کە لەو دەورەبەرەدا پیاسە دەکەن. ژمارەیەک لە خەڵک بە دمانچە و کەڵاشینکۆف شەقامەکان دەپێون و بەشێک لە کۆنە پێشمەرگەکان لە رەقی چەک و کەرەستەی تەقینەوە لە سووچێکی بازاڕ و لە قاوەخانەیەک دا خۆیان پەناداوە.

لە تەنیشت کەماڵ و حوسێن دوو کەس دانیشتوون و لە نێوان خۆیاندا باس لەو کوردانەی رۆژهەڵات دەکەن، کە زۆر تامەزرۆی شەراب و مەشرووبن و کە لە سنوور تێدەپەڕن یەکسەر خۆیان بە نادییەکاندا دەکەن. یەکێک لەو دوو کەسە بەرگری لە رۆژهەڵاتییەکان دەکات، کە هەموویان عاشق و ئۆگری مەشرووب نین و ئەوەتا ئەو دوو برادەرە وەک ئێمە بەو ئیستکانە قەدباریکانە چایی دیشلەمە دەخۆنەوە. حوسێن داوا دەکات، کە کەمێک بەرزتر قسە بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە قسەوباسەکانیان تێبگەن. کاتێک دوو هاوڵاتیەکەی رانیە دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانن، هۆکاری ئۆگری بەشێک لە رۆژهەڵاتییەکان بۆ مەشرووب لە کەماڵ و حوسێن دەپرسن. کەماڵ دەپرسێ، کە ئەگەر مرۆڤ پیاوی چاک بێ و مەشرووب بخواتەوە، چ کێشەیەک بۆ تۆ و من ساز دەکات؟ حوسێن بۆ خۆخشکردنی دمەتەقە دەپرسێ، ئەتۆ چۆن ئەو خەڵکە دەناسی، کە دەچن بۆ نادی؟ ئایا بۆخۆت سەردانی نادی دەکەی یان خەڵکی دیکە بۆیان گێڕاویەوە؟ یەکێک لە پیاوەکان کە خۆی بە مەلا رەسووڵ دەناسێنێ دەڵێ، برادەرینە ئێمە پیاوی نادی و خواردنەوە نین. ئێمە بۆرە خزمایەتییەکمان لە گەڵ کوردانی رۆژهەڵات هەیە و چاوەڕوانین، کە بە مۆڕاڵ و ئەخلاقی بەرز لەو پارچەیەی کوردستاندا دەرکەون. خوای گەورە لە مرۆڤ خۆش نابێ و هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانە قەدەغەن، کە بەجۆرێک مرۆڤ سەرخۆش دەکەن. چەند ماڵە خزمم هەن، کە کوردە ئیرانییەکان دێن، شەوی یەکەم داوا دەکەن بۆ نادییەک یان شوێنێکی خواردنەوەی مەشرووب داوەتیان کەن. ژمارەیەک لەوان بە نادییەکانی رانیە رازی نین و بە سیارەی نەفەرات بۆ سلێمان دەڕۆن و لە پەنا کەسابەت و مامەڵەدا سەری خۆیان گەرم دەکەن. مەلا رەسوڵ درێژە بەقسەکانی دەدات و ئاماژە دەکات، کە پێشمەرگەی زۆربەی حیزبەکان کە لەو شارە دادەبەزن وەک ئاوی زمزم بەدوای بیرە و ویسکیدا عەوداڵن و بە کەلامی رەبولعالەمین ئەو کوردە بە شۆڕشی مەشرووب و جگەرە رزگاری نابێ. کەماڵ شەکەت و ماندوو دیارە و داوا لە مەلا رەسووڵ دەکات، کە بە نامەیەکی جوان ئەو قسە و گازندانە بنووسێ و بیباتە مەقەڕی نوێنەرایەتی حیزب و بۆ بەرنامەی ئێمە و گوێگرەکانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی رەوانە بکە. ئەوان ئەگەر نامەکەت بخوێننەوە، باوەڕ بکە زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵات گوێیان لەو رێنوێنیانە دەبێ و خوا بە خێرت بۆ دەنووسێ. ئێمە وەک ئێوە لێرە بە دیار چاییەکی تاڵ دانیشتوویین و ئەوە کێشەی ئێمە نییە، کە کێ مەشرووبی دەخواتەوە؟ مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێ و خواش دەسەڵاتی هەڵبژاردنی پێداوە و لە کۆتاییدا کەس ناچێتە قەبری کەس. گەلی ئێمە کێشەی گەورەی هەن و ئەو وردە کێشانە زۆر بنچینەیی نین و لە داهاتوودا رەنگە ئازادە کەسییەکان ئەوەندە زۆر ببن، کە ئەمن و تۆ هەر باسی مەشرووبخواردن نەکەین. لە رۆژئاوا پیاوەکان داوادەکەن لە مێرکردندا ئازاد بن! مەشرووب خواردنەوە چ پرسێکە؟ مەلا رەسووڵ چەند جارێک داوای لێبوردن لە خوا دەکات، کە گوێی لەو مەسەلە حەرام و مەکرووهانە دەبێ. ناوبراو لەسەر ئەو کارە باسێک لە قەومی لوت دەکات، کە خوای گەورە لە کۆتاییدا تاروماری کردن. مەلا رەسوڵ لە حوسێن پرسیار دەکات، کە حیزبەکیان لە مەقەڕ و بنکەکان مزگەوتی ئاوەدانکردوونەوە؟ حوسێن لە وڵامدا دەڵێ، مەلا گیان ئێمە بۆ سازکردنی مزگەوت چنگمان لە شاخی نەداوە. سەلامەت بی، ئێمە کێشەی سیاسی نەتەوەی کوردمان هەیە و هەزار و چەند سەت ساڵە کورد موسڵمانە و مزگەوت و ناوەندی ئایینی زۆری هەیە. ئەمن نازانم ئەتۆ کوردیکی موسڵمانی یان موسڵمانێکی کورد؟ مەلا رەسووڵ داوای چای زیادی دەکات و بە هاوڕێکەی دەڵێ، کاکە ئەو دمەتەقە و موناقشانە بە فەرمانی ئیلاهی وەک خێر و سەواب بۆمان تۆماردەکرێ. ناوبراو بە دەنگێکی رەسا هاوار دەکات، کە موسڵمانێکی تەواوە و کوردیشە. کابرای خاوەن قاوەخانە لە ژوورەوە چاوەدێری مەلا رەسوڵ دەکات و بە بەرزبوونەوەی دەنگی ناوبراو ئەوانیش لە ژوورەوە رادەچڵەکین. کەماڵ داوا لە مەلا رەسووڵ دەکات، کە کۆتایی بەو موناقشەیە بێنێ، چوونکە ئەو ناتوانێ هەتا یەک ساڵ زەڕڕەیەک لە باوەڕی ئەوان بگۆڕێ و لە موناقشەدا لایەنی براوە و دۆڕاو نییە. کەماڵ و حوسێن چاخانەکە چۆڵدەکەن و بەرەو مزڵەکەیان دەچنەوە.

کەماڵ لە گەڵ دوو کۆنە پێشمەرگەی دیکە بە ناوەکانی زورار شاروێرانی و خەلیل بۆکانی هاومزڵە. ئەوانیش جیهانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام وەک کەماڵ گیرۆدەی ژیانی ماڵ نین. ئەوان ساڵێ جارێک ئەندامێکی ماڵەوەیان دەبینن و کاتەکانی خۆیان بە شادی تێپەڕدەکەن. شەوانە لە گەڵ خەیام و مەی یەکانگیر دەبن و بیر لە جیهانی دوامردن ناکەنەوە. ئەوان کاتەکان بە گوێگرتن لە حەسەن زیرەک و حەمەی ماملێ دەبەنە سەر و جاروبار لە سەر گرینگی بۆکان و مەهاباد بەگژیەکتردا دێن. زورار مەهاباد بە پێتەختی کۆماری کوردستان و شاری قازی پێناسە دەکات و خەلیل بۆکان بە بوکی موکریان و شاری فکرە گەورەکان دەناسێنێ. خەلیل لە سازکردنی خواردنە کوردییەکاندا شارەزاییەکی چاکی هەیە و لە مزڵەکەدا ئەو ئەرکە رادەپەڕێنێ. ئەو لە گەڵ زورار لە سەر بنکڕی برینجەکە کێشەی بەردەوام و درێژکراوەیان هەیە.

ئەوان بڕیارە هاوینی داهاتوو بە رێگای قاچاخدا بچنە تورکیە و لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای مافی پەنابەریتی بکەن. خەلیل و زورار کتێبێکی فارسی ـ ئینگلیسی دەخوێننەوە و رۆژانە خەریکی خوێندنەوەی مێژووی حیزب و رێکەوتی کۆنگرەکانن. بۆ پێکەنین لە مزڵەکەیاندا راهێنان لە سەر پرسیار و وڵامی تایبەت بە پەناخوازی دەکەن. کاتێک حوسێن میوانیانە ئەو شانۆیانە دەگەنە لوتکە و هەتا نیوە شەو بە پێکەنین و دووپاتکردنەوەی نەقڵە خۆشەکان تێپەڕدەکەن. چەند وشەیەک ئینگلیسی فێربوون و لە گەڵ یەکتر دووپاتی دەکەنەوە. زورار بۆ فێربوونی زمان زۆر وریا نییە و وشەکانی زوو لە بیردەچنەوە، بۆیە خەلیل هەموو جارێک هاوار دەکات، کە سابڵاغی کەی دەرەقەتی بۆکانیان دەێت. حوسێن لەو دیدار و سەردانانە دا ئاوهەوایەک دەگۆڕێ و لە کێشە و گرفتی مەقەڕ و پارێزگاری شەوانە رزگاری دەبێ. ناوبراو ساڵێک دەبێت، کە بە پێشمەرگەکان دەڵێ، لە لیستی پارێزگاریکردن ناوی دەرباوێن و ئەو ئەرکە بۆ ئەو تام و چێژی نەماوە. هەر کاتێک دەگاتە رانیە و سەر بە مزڵی کەماڵ، خەلیل و زورار دادەکات، ئەو رستەیە بەکاردێنێ” خۆزگە پێشمەرگایەتی نیگابانی و پارێزگاریکردنی نەدەبو، خۆزگە موسڵمانەتی نوێژکردن، رۆژووگرتن و مەشرووب قەدەغەکردنی نەدەبو، خۆزگە ژیان پیریی و مردن نەدەبو”. خەلیل لە دوای حوسێن هاوار دەکات، خۆزگە دەوڵەتی جمهوری کوردستان لە بۆکان دادەمەزرا و سابڵاغییەکان لەو رووداوە مێژووییە بێبەش دەبوون، خۆزگە حەمەی ماملێ وەک حەسەن زیرەک بۆکانی دەبو، خۆزگە ماسیەکانی سەدی مەهاباد یەکدەنگ ناوی بۆکانیان دێنا. زورار لە دوای خەلیل بە گۆرانی سابڵاغی بە پایتەختی کوردستانی گەورە ناودەبرد و بۆکانی بە مەڵبەندی بوک و زاوا سابڵاغیەکان و لە کۆتاییدا دەیگوت، خۆزگە بۆکان وەک جاران جێگەی ژوان و پێکگەیشتنی بوک و زاوا سابڵاغییەکان دەمایەوە. کەماڵ کە لە رێژەی زۆری گەڵتەی خەلیل و زورار توڕەیە، داوادەکات، کە وەک حیزبەکان ئەوجار شارەکانیش بە گژیەکتردا نەکەن. ئێمە هاتین کوردستان رزگاربکەین، بەڵام بە ناوی پێشمەرگە شەڕی یەکترمان کرد و هیچمان ئازاد نەکرد. لە حیزبایەتی فێری ناوچەگەرایی بووین و ئەوەتا خەلیل و زورار شەو و ڕۆژ شەڕی سابڵاغ و بۆکان دەکەن و ئاگایان لەوە نییە، کە ئێمە لە بناری کێوەڕەش جێگاکامان نابێتەوە. زورار بە پێکەنیەوە دەڵێ، باوەڕتان هەبێ لە بارەگای خوای ناوچەگەرایی هەیە و خواش ئەو پێغەمبەرانەی زیاتر خۆش دەوێ، کە بۆرە خزمایەتیەکی لە گەڵن. ئێمە کە چووینە ئورووپا تێدەگەین، کە نەتەوەیەکی چەندە پێشکەوتوو و پێگەیشتوویین. لە تورکیە فێردەکرێین، کە چەندە شارەزای عیلمی سیاسەت و دەوڵەتین. خەلیل بەو چیرۆکانە لە سەر پشت دەکەوێ و بە کەماڵ دەڵێت، کاکە ئەوەش نەوەکانی پێشەوا و سەرکۆمار، کە تەنیا گاڵتە و جەفەنگ دەزانن و بە ریشی هەموو پیاو چاکێک پێدەکەنن. بە خوێنی شەهیدان ئێمە بچینە هەر وڵاتێک، تێکی دەدەین و کولتور و ژینگەشیان وێران دەکەین. زورار ئەتۆ باسی چ دەکەی؟ ئێمە لە گەڵ گیانلەبەر و دار و سەوزەڵانی شەڕمانە و خوادەزانێ هیچ هونەر و فەننێک لە خۆماندا شک نابەم.

خەلیل، کەماڵ و زورار چاوێکیان لەسەر سنووری باکوری کوردستانە و مەبەستیانە چەند مانگێکی دیکە قۆناخێکی تازە لە ژیانی ئاورەیی دەستپێبکەن. کار و کەسابەت لە وەرزی باران، قوڕ و چڵپاودا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. کەماڵ بە نیازە ئوتۆمبیلەکەی هەتا پێش سەفەری تورکیە راگرێ، بەڵام خەلیل و زورار جاروبار نیگەرانی دەکەن، کە هەتا زووتر بیفرۆشی باشترە و رەنگە نرخی ئوتۆمبیل زۆر داببەزێ. زستانەکانی ئەو بەشەی کوردستان بەفری کەمە، بەڵام باڕەشی هەیە و کە بە باوە دەبارێ، خەڵک ژیانیان تێکدەچێ. ئەو وەرزە بە دیداری دۆستان، خوێندنەوەی کتێب و هەروەها دمەتەقە لە سەر پرسی کورد تيپەڕ دەبێ. چەند جیرانێکی گونجاو و کوردپەروەر لە دەوروبەری مزڵەکەی کەمال، خەلیل و زورار هەن، کە لە جێژن و بۆنەکاندا میوانیان دەکەن و هەروەها پیاوەکان سەردانیان دەکەن. یەکێک لەو جیرانانە پێشمەرگەی کۆنە، کە ساڵانێکی زۆر لە ئێران ژیاوە و شارەزای زمانی فارسییە. ئەو لە سەردەمی وتووێژی نێوان یەکێتی نیشتمانی و رێژیمی عێڕاق لە ساڵی ١٩٨٣ و ٨٤ی زایینی گەڕاوەتەوە. ناوبراو کە بە حەمە جاف بە ناوبانگە وەک کۆنە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات ئەزموونێکی زۆری لە ژیانی پێشمەرگایەتی هەیە. ئەو پەشیمانە، کە دەرفەتی چوونە وڵاتی ئەڵمانی نەقۆستۆتەوە و گەڕوانەوە بۆ کوردستان. حەمە جاف لە فرت و فێڵی بەشێک لە سەرکردە کوردەکان دڵشکاوە و بەردەوام رەخنەیان لێدەگری. ناوبراو وەک کەماڵ و هاومزڵەکانی رەخنە و گازەندەی لە تاکی کورد، حیزبی کوردی و هەروەها کولتوری پەروەردە هەیە، کە مرۆڤێکی تۆکمە و خاوەن ئیرادە پەروەردە ناکەن. حەمە جاف رێنوێنی کەماڵ، زورار و خەلیل دەکات، کە خۆیان لەو بارودۆخە رزگارکەن، چوونکە ئێرە کێشەیەکی مێژوویی هەیە و شەڕی نێوان بنەماڵە و هۆزەکان، سۆران و بادینان کۆتاییان نایەت. سەرکردەی پارتی سیاسی هەیە، کە لە ماوەی مانەوە لە ئێراندا بەردەوام دژایەتی بەرژەوەندی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کردوە و ئەمڕۆ هاتۆتە سەر سفرەی ئامادە. ئەمن باوەڕم بە سەرکەوتنی کوردان بە رێبەرایەتی ئەو حیزبانە نییە و لە کۆنەوە بەزمی حیزب و سیاسیەکان تەنیا بۆ گیرفانی حیزب و کەسەکان بوە، بۆیە هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا رووی نەداوە. حەمە جاف رۆژنامەی کوردستان و ژمارەیەک بڵاوکراوەی دیکەی فارسی لە کەماڵ وەردەگرێ و عەوداڵی پرسی کوردە. لە سەر فارسەکان چیرۆکی زۆر دەگێڕێتەوە و بە باوەڕی ناوبراو فارسە شیعەکانی ئێران زۆر ترسناکن و بە پەمۆ ملی مرۆڤ دەبڕنەوە.

لە رۆژڕەشی کوردان، حیزبەکان وەک عەشیرەت و هۆزەکان چاویان بە یەکتر هەڵنایە و ئەندامەکانیان حەز بە چارەی یەکتر ناکەن. کەماڵ زۆر کۆنە ناسیاو و هاوڕێی کۆن لە شەقامەکانی رانیە دەبینێ، کە لە بەر ئەوەی سەر بە دوو حیزبی جیاوازن بە ساردی بە تەنیشت یەکتردا تێپەڕدەبن. حەمە جاف خۆزگە بەو ساڵانە دەخوازێ، کە خەڵک زۆر نەکەوتبۆ ژێر سێبەر پارت و حیزبەکان و تەنیا پێشمەرگەکان بەرگریان لە حیزب و سەرکردەکانیان دەکرد. ئەو رۆژانە دۆخەکە پێچەوانەیە و خەڵکی ئاسایی زۆر لە پێشمەرگەکانی سەردەمی شاخ توندترە. باڵەخانە و ناوەندە حکومییەکان لە لایەن پارتە گەورە و چووکەکان داگیرکراون و حیزب وەک دەوڵەت هەڵسوکەوت دەکات. لە زۆربەی شارەکان ئەو شانۆیە بەڕێوەدەچێ و درووشمەکانی کوردایەتی، مافی چارەی خۆنووسین، ئۆتۆنۆمی، دەسەڵاتێکی دێموکڕات و ئازادی بە تەواوەتی کاڵبوونەوە. کوردە سەربەخۆکان و ئەوانەی گرێدراو حیزب و پارتە سیاسییەکان نین، وەک هاوڵاتی پلە دوو و سێ چاویان لێدەکرێ. بە ناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی و هەروەها پێشمەرگایەتی مافی زۆر تاک، بنەماڵە و تەنانەت شارەوانیەکان پێشێل دەکرێن. پارێزگا، شارەوانی، دادگا، پۆلیسی هاتوچۆ، مزگەوت و ئیدارەکانی دیکە لە شار و گوندەکان کراونە رۆنی دەستی پارتە سیاسییەکان و دار و بەرد بە وزەی حیزب و سەرکردەکانیان وەگەڕ دەخرێن. کۆمەڵێک رێکخراوی رەنگاوڕەنگ بە ناوی جیاواز و مەبەستی تایبەت لە باشووری کوردستاندا بنکە و ناوەندی نوێنەرایەتیان کردۆتەوە. یەکێک لەو ناوەندانە پێوەندی بە هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مینە، کە لە کارەکانیاندا زۆر لە سەرەخۆن. کوڕی حەمە جاف لە گەڵ ئەو رێکخراوە کاردەکات و مانگانە پەنجا دۆڵارێک وەردەگرێ، کە بۆ هەڵسووڕاندنی ژیانی بنەماڵەیەک گونجاوە. کوڕی حەمە جاف باس لەوە دەکات، کە بەرپرسی ئەو دەزگا و رێکخراوەیە لە کۆکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی میندا لەسەرەخۆن و رەنگە چەند ساڵی دیکە ئەوان لە کوردستاندا درێژە بەکارەکانیان بدەن. حەمە جاف سوێند دەخوات، کە دەستی یوئێن و ئەو رێکخراوانە بگاتە هەر جێگایەک تازەی چاک نابێتەوە، چوونکە ئەوان تەنیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری خۆیان تێدەکۆشن.