بۆچی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە گرینگن؟ دێ کۆنڤرسەیشن – نادر حەبیبی

زنجیرەیەک سەرهەڵدان لە چەند شاری ئێران کە ١٨ی مانگی دێسامبر لە دووهەمین شاری مەزنی ئێران ڕا دەستی پێکرد، ڕێژیمی ئیسلامیی ئەم وڵاتە و باقی جیهانی شۆکە کرد.

هەرچەند کە خۆپیشاندەرەکانی مەشهەد لە لایەن کۆنەپارێزەکانی دژی سەرۆک کۆمار حەسەن ڕوحانی هاندرابوون تا سیاسەتە ئابوورییەکانی ناوبراو شەرمەزار بکەن، خۆپیشاندەران لە کۆنتڕۆڵی ڕێکخەرەکان دەرچوون. خۆپیشاندەران دروشمی وەک ” سورییە جێهێڵە، بیرێک لە ئێمە بکەوە” و ” مردن بۆ حیزبولڵا” یان دەگوتەوە کە ئامانجەکەی تەنیا حەسەن ڕوحانی نەبوو بەڵکو گشت ڕێژیمی ئیسلامیی بوو.
لە ڕۆژەکانی دواتر، ناڕەزایەتییەکان بۆ ٨٠ شاری تر تەشەنەی کرد و بووە هۆی کوژرانی ٢٢ کەس و دەستبەسەر کرانی پتر لە ١٠٠٠ کەس. لە ٨ی ژانویە، ڕوحانی، کە لە مانگی مای ساڵی ڕابردوودا دووهەمین دەوری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی بردەوە، گوتی ئەمە نیشانی دا کە ئێرانییەکان تەنیا داوای ئابووری بەهێز ناکەن بەڵکو ئازادی زۆرتریش دەخوازن.
لە کاتێکدا کە دەوڵەت دەڵێ کە دۆخەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دایە، ئەمەن نابێتە هۆی لەناوچوونی گرینگیی مەزنترین ناڕەزایەتیی دوای ٢٠٠٩، کاتێک کە میلیۆنان کەس هاتنە دەر و ناڕەزایەتییان دژی ئاکامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی دەربڕی. ئەوکات دەوڵەت سەرهەڵدانەکەی سەرکوت کرد و ٢ کەس لە کاندیداکان کە دژی ئاکامی هەڵبژاردنەکە بوون ئێستاش لە ماڵەوە دەستبەسەرن.
بۆچی دیسان ئەم هەموو ئێرانییانە هاتوونە سەر شەقام و ئاخۆ ئەم ناڕەزایەتییەکە کاردانەوەی مەزنتر لە هی هەشت ساڵ لەوەپێش دەبێ؟ وەک چاودێرێکی ئێران، من لە سەر ئەم بڕوایەم کە چەند جیاوازیی گرینگ لە نێوان ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ هی ساڵی ٢٠٠٩ هەن کە دتوانن بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە یارمەتییدەر بن.
هۆی سەرهەڵدانەکە چییە؟
هیچ سەیر نییە کە باڵی کۆنەپارێزی ڕێژیمی ئیسلامی خێرا دژبەرانی ئێرانیان تاوانبار کرد، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعودی. بە پێچەوانە ڕێفورمخوازەکان دەڵێن کە هۆی ناڕەزایەتییەکان ڕەخنەی ئابووری وەک بێکاریی، نایەکسانیی و گەندەڵییە.
ئەوان تا ڕاددەیەک ڕاست دەکەن. لە کاتێکدا کە ئابووری بە گشتیی لە گەشە کردنە، و زۆر لە نێشانەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەرێنی بوون، دەستکەوتەکان لە نێوان گشت ئێرانییاندا دابەش نەکراون.
لە ٢٠١٦، دوای ڕێککەوتننامەی ناوەکیی لەگەڵ خۆرئاوا، کە بۆتە هۆی چوونە سەری ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی وڵات، ئابووری بە ڕێژەی %١٣،٤ وەک ئاکامی بەرزبوونەوەی کەرتی نەوت و دارایی، گەشەی کرد.
بەڵام کەرتی غەیری نەوت، تەنیا % ٣،٣ گەشەی کرد، کە نیشانەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەم ڕاستییە کە گەشە کردنی ئابووری ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە ستانداردی ژیانی خەڵک دروست نەبووە. داهاتی ڕاستەقینەی بەشێکی بەرچاو لە کەرتەکانی ئابووری بە لاوازیی دەمێنێتەوە و بەشی بیناسازیی و ڕێگاوبان لە دۆخی نزمی بازاڕ دا ماوەتەوە.
ڕێژەی بێکاریی هێشتا %١٢ ــە، بەتایبەتی لەناو ئەو کەسانەی کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە. بەڵام لە شارە بچووکەکان و ناوچە سنوورییەکانی وڵات، شوێنێک کە زۆربەی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی نیگەرانیی لەبارەی نایەکسانیی و هەژاریی هاتنە ئاراوە، گەلێک بەرزترە.
لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ڕیبەری مەزن دەسەڵاتی بەربڵاوی بۆ دیاریی کراوە و تەنانەت ڕوحانیش تواناییەکی سنوورداری بۆ کاریگەریی لەسەر بەشە گرینگەکانی سیاسەت و لەناویاندا بەشیک لە سیاسەتی ئابووریدا هەیە. هەندێک لە سیاسەتە کلیلییەکان لێی قەدە کراون، وەک دەستوەردان لە سورییە، عێرا ق و لوبنان. ئەم هەڵمەتانە کە هەموو ساڵێک تێچووی چەندین میلیارد دۆڵاریی بۆ ئێران هەیە، وێدەچێ کە بۆتە هۆی بەشێک لە تووڕەیی خۆپیشاندەرەکان.
جیاوازییە سەرەکییەکان
سێ جیاوازیی سەرەکیی لە نێوان سەرهەڵدانی ئەمڕۆ و هی ٢٠٠٩ بوونیان هەیە. لە ٢٠٠٩، داواکارییەکان سیاسی بوون. بەشی رێفورمخوازی ڕێژیم، کە ئاکامی هەڵبژاردنی سەرۆک‌ کۆماریی قبووڵ نەبوو، ئەکتەری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان بوو. ناڕەزایەتیی ئەمجارە هیچ ڕێبەرێکی دیاریکراوی سیاسی نییە و وێدەچێ تەواوەتیی ڕێژیمی کردبیتە ئامانج، بە ڕێفۆرمخوازەکانیشەوە. ئەمە بە باشترین شێوە لەو دروشمانەی کە زۆر جار لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دەگوترانەوە دەردەکەوێ، کە دەکرێ بەم شێوەیە وەریان گێڕین، ” ئەمە کۆتایی گشت ئێوەیە.”
جیاوازییەکی تر ئەمەیە کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩ لە تاران و شارە سەرەکییەکان بەڕێوەچوون. لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە خۆپیشاندەری کەمتری لەخۆ گرتبوو، پانتاییەکی زۆر مەزنتری وڵاتیان گرتەوە، لەناویان دا زۆر شاری بچووک کە ناپێشکەتوو و کەمداهاتن.
ئەم خۆپیشاندەرانە کە زۆرینەیان لاون، لەناویان دا بێکارانی خاوەن بەڵگەنامەی زانکۆ و کرێکاری کەم داهاتن، لە هەواڵە بەربڵاوەکانی گەندەڵیی و قۆرخکرانی نادادپەروەرانەی سامان لە دەستی بەشێک لە کاربەدەستاندا تووڕەن. تاقمە دەسەڵاتدارەکان کە لەگەڵ یەکتر لە کێبڕکێدان، پەیتا پەیتا گەندەڵیی یەکتر ئاشکرا دەکەن، ئەم ئاشکرا کردنانە بۆتە هۆی هەست بە بیانیی کردن لە ناو ئەم بەشە لە هاووڵاتییان کە تووشی هەژاریی و بێکاریی بوون. ئابووری بۆ خۆپیشاندەرانی ئێستا گەلێک گرینگترە لە خۆپیشاندەرەکانی چینی مامناوەند لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٩.
خاڵی کۆتایی، وەڵامی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەرهەڵدانی ئەمجارە زۆر جیاواز بوو
بەڕیوەبەرایەتیی ئۆباما بە پارێزەوە وەڵامی سەرهەڵدانی ٢٠٠٩ی دایەوە و داوای کرد کە خۆپیشاندەران بە ئاشکرا هان نەدرێن، هۆیەکەی ئەو مەترسیییە بوو کە پشتیوانیی ئاشکرا دەبێتە هۆی سەرکوتی بێبەزەییانەتر.
بە پێچەوانە، سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ و وەزارەتی کاروباری دەرەوە چالاکانە پشتیووانییان لە خۆپیشاندەران کردووە و ویلایەتە یەکگرتووەکان تێدەکۆشێ کۆمەڵگای ناونەتەوەیی کاردانەوەی دەوڵەتی ئێران شەرمەزار بکەن. بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە، بەرەوڕووی دژایەتیی تووندی ڕوسیا و چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆتەوە.
نیگەرانییەکان لەبارەی پەرچەکرداری بەهێزتر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ڕەنگبێ بتوانێ وڵامی وریا و لەسەرخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرەکان شی بکاتەوە. وەڵامەکە لە ٢٠٠٩ بێبەزەییانەتر و تووندوتیژتر بوو.
ئەگەری کام گٶڕان لە ئارادایە؟
جەختکردنەوەی خۆپیشاندەران لەسەر پرسی ئابووری لەجیات سیاسی، توانایی هەندێک لە بەرپرسە میانڕەوەکانی ڕێژیم بۆ ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییەکانی خۆپیشاندەران لە جیات بیدەنگ بوون و شەرمەزار کردنی ڕاستەوخۆ دەباتە سەر، شتێک کە لە ٢٠٠٩ ئەنجام درا.
لە کاتێکدا کە ئاکاری تووندوتیژ لەلایەن هەندێک لە خۆپیشاندەرانەوە مەحکوم کرا، زۆر لە ڕیبەرە سیاسییەکانی ئێران، لە ناویاندا ڕیبەری مەزن عەلی خامەنەیی، هاوسۆزیی لەگەڵ نیگەرانییە ئابوورییەکانیان دەربڕیوە.
ئەوان بە هەمان شێوە بوونە هۆی هەندێک ئاڵوگۆڕ لە بودجە و پێشترێتییدان بە چاکسازییە ئابوورییەکان. بۆ وێنە، بردنەسەری بەرنامە بۆداڕێژراوی نرخی سووتەمەنی وەدوا خراوە.
لە کاتێکدا کە جێگای دڵخۆشییە کە دەوڵەت کاردانەوەی بەرامبەر بە نیگەرانییەکانی خۆپیشاندەران هەبووە، ڕاگرتنی چاکسازیی ئابووری پێویست، ڕێگای دروستی ئەم کارە نییە. ئەم هەنگاوانە بێگومان بە دڵی ئێرانییە کەمداهاتەکان و بردنە سەری خۆشەویستیی سیاسی ئەوان دەبێ، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی گیروگرفتی زۆرتر لە داهاتوودا چونکە دەبێتە هۆی چوونە سەری ڕێژەی کەمهێنانی بودجە کە لە کۆتاییدا ئەگەری چوونە سەری ڕێژەی هەڵاوسانی نرخەکانی بەدواوەیە.
لەجیات ئەوەی کە نرخی کاڵا سەرەکییەکان بە شێوەیەکی دەستکرد لەخوارەوە ڕاگیرێ، کە دەبێتە هۆی بەفیڕۆ چوون و ناکارامەیی بەرچاو لە ئابووریدا، ڕێگای کاریگەرتر ئەمەیە کە جەخت لەسەر سوبسیدی دیاریکراو بۆ چینی هەژار بکرێ و هەوڵی جیددیتر بۆ خەبات دژی گەندەڵیی و واستەکاریی سیاسی، هۆی سەرەکیی جیاوازیی نێوان داهاتەکان لە ئێرانە، بدرێ.
کام شت ڕوونادا؟
ئاخۆ ئەم سەرهەڵدانە دەبێتە هۆی وەخەبەر هاتنی ئێلیتی سیاسی بۆ پێویستیی هەنگاوی زۆرتر؟
بەداخەوە لانیکەم تا ئێستا، کاردانەوەیەکی ناکاریگەری پۆپولیستی تەنیا شتێک بوو کە ڕێبەری مەزان ئەنجامی داوە. داواکارییە سیاسییەکانی خۆپیشاندەران، وەک نەهێشتنی گەندەڵیی، سنووردار کردنی دەسەڵاتی خامەنەیی و کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە ناکۆکییە ناوچەییەکان، وێناچێ بەم زووانە وەڵام بدرێنەوە.
سیستەمی سیاسی ئێران بە وردی لەو کاربەدەستانە کە دەبنە بەڕیوەبەریی دامودەزگا دەوڵەتییەکان دەکۆڵێتەوە و لە ئاکامدا ئەم شوێنانە بە ڕووی هاووڵاتییە ئاساییەکاندا داخراون، کە دەبێتە هۆی ئالتێرناتیڤی گەلێک کەم بۆ کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەت جگە لە خۆپیشاندانی سەر شەقام. هیچکام لە تاقمە سیاسییەکان، بە ڕێفورمخواز و کۆنەپارێزەوە، هێچ ڕیگاچارەیەکیان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە پێشنیار نەکردووە. بەڵام بۆ زۆربەی ئێرانییەکان، گەندەڵیی، هەژاریی و نایەکسانیی ئابووری بە بێ چاکسازیی جیددی چارەسەر نابن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەرچی سەرهەڵدانی ئەمجارە خۆی لە کزیی داوە، سەرهەڵدانی لەم چەشنە وێدەچێ لە داهاتوودا دووپات ببنەوە.

وەرگێرانی: کەماڵ حەسەنپوور