پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی پارێزگەی خوزستان دەکەین!

زیاتر لە حەوتوویەکە شارەکانی پارێزگەی خوزستانی ئێران بوون بە مەیدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی عەرەبی ئەو پارێزگەیە. سەرەڕای هاتنە مەیدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەربوونیان لە گیانی خەڵکی ناڕازی و، وێڕای بەردەوامیی لەشکرکێشی و ڕەوانەکرانی هیز لە پارێزگەکانی دیکەوە بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران، دانیشتوانی سووکایەتی پێکراوی پارێزگەی خوزستان، لە سەر درێژەدان بە خۆپێشاندان بەردەوامن.

ئەگەرچی هەتا ئێستا دەوروبەری ١٦٠ کەس لە خۆپێشاندەران قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون و، کەشوهەوای سەرکوتکەرانە لە ئەهواز و ئابادان و شارەکانی دیکەی ئەم پاریزگەیە ڕوولە زیادبوونە، خەڵکەکە کۆڵیان نەداوە و لەسەر مەحکوومکردنی سووکایەتیی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی بە شوناسی نەتەوەیی خۆیان و بەربەرەکانیی هێزە سەرکوتکەرەکان بەردەوامن.

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی ئەمجارەی شارەکانی پارێزگەی خوزستان دوای ئەوە دەستی پێکرد کە تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیی ئێران لە بەرنامەیەکی نەورۆزیی خۆی‌دا، شوناسی نەتەوەیی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە لە گەلی عەرەب پێک هاتوە، پشتگوێ خست. ئەوە یەکەم جار نیە نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە شێوەی خۆپێشاندان و هاتنە سەرشەقام بەرامبەر سووکایەتیی راگەیەنە دەوڵەتییەکانی ئێران هەمبەر شوناسی نەتەوەیی خۆیان، دژکردەوە پێشان دەدەن. ئامادەیی نەتەوە بندەستەکانی ئیران بۆ دژکردەوە نیشاندان بە شێوەی خۆپێشاندان لە چەندین شار ومەحکوومکردنی سیاسەت و کردەوەی دامودەزگا دەوڵەتییەکان، هۆیەکی زۆر ڕوونی هەیە. ئەم تووڕەیی و بێزارییە، بەرهەمی دەیان ساڵ ئینکارکرانی شوناسی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران و خۆبواردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داننان و بە‌رەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانیانە. دامودەزگا دەولەتی و حکوومەتییەکان هەر بەوەندەشەوە نەوێستاون و لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییشەوە هەوڵیان داوە شارو ناوچەکانی ئەو نەتەوە بندەستانە پشتگوێ بخەن و کەمترین ئاوڕیان لێ بدەنەوە. سەرەڕای ئەو دۆخەش، شانبەشانی گرتنەبەری سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستن، پەنایان بردووەتە بەر زاڵکردنی کەشوهەوای ئەمنیەتی و خزاندنی هێزی سەرکوتکەر لەو ناوچانە و، هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە سەرکوت و گرتن و ئێعدام ولام دەدەنەوە.

خەڵکی ئازادیخواز و خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی ٤٠ ساڵە بە هەموو وجوودیانەوە ئاکام و شوێنەوارەکانی سیاسەتی شۆڤێنیستی و سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەرامبەر خۆیان دیتوە و چێشتوە، زۆر باش لە کێشە و گرفت و بێبەشیەکانی خوشک و برایانی خۆیان لە خوزستان تێ دەگەن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی سووکایەتیی راگەیەنە حکوومەتییەکان بە شوناسی نەتەوەیی پێکهاتەکانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکی شارەکانی پارێزگەی خوزستان و ویستە ڕەواکانی ئەوان رادەگەیەنێ. ئێمە لە کاتێک‌دا خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران بۆ پشتیوانی لە داخوازە ڕەواکانی خەڵکی خوزستان بانگەواز دەکەین، لە ناوەندەکان و کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داوا دەکەین گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران و، سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانە و گرتن و بێسەروشوێنکردنی چالاکانی عەرەب لە لایەن دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بە توندی مەحکووم بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

(پێکهاتوو لە: کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستان)

١٦/١/١٣٩٧

٥ی ئاوریلی ٢٠١٨