سەفەرەکانی پارس و کوردستان. بەشی دووهەم

سەفەرەکانی پارس و کوردستان.
یادداشتەکانی میسیۆنی پرۆتێستان لە ورمێ
بەشی دووهەم. وەرگێرانی : کەماڵ حەسەن‌پوور

خانمی کۆچرەین، بێوەژنی میسیۆنەری پزیشکی پێشوو، سەرپەرشتی خواردەمەنی و پێڕاگەیشتنی پزیشکییە لە نەخۆشخانەکان، و من گومانم هەیە کە توندئاژۆترین کورد یا فارسی موسڵمان بتوانن لە بەرامبەر دڵڕفێنیی حزوری درەواشاوە و پڕ لە خۆشەویستیی ئەو بێ تەفاوەت بن. پیشەی دوکتور کۆچرەین دەرگای ماڵ و دڵەکان لە هەموو شوێنێک دەکاتەوە. هەموو کەس ئەوی وەک دۆست و خێرخواز دەبینن و ئەو دەرفەتی وەهای بۆ هەڵدەکەوێ کە بۆ خەڵکی دیکە هەڵناکەوێ کە بتوانێ لەناو موسڵماناندا باسی ئایینی کریستیان بکا. نامەیەکی ئەو ڕێگای ئەمین بەناو بەشێک لە چیاکانی کوردستاندا دەکاتەوە، و تەنیا باسی ناوی ئەو وەک پاسپۆرتێکە بۆ نیازپاکیی دانیشتووە ترسناکەکانی ئەوێ.
کاری میسیۆنەکە تەنیا شاری ورمێ ناگرێتەوە. لە گوندەکانی ئەم دەشتە هەشتا و چوار قوتابخانەی لێیە، کە بەشێوەی سەرەکیی بە سریانی دەرس دەگوترێ، حەوت دانەیان تەنیا بۆ کچانن. خانمە میسیۆنەرەکان هاتوچۆی زۆر دەکەن، لە لایەن ژنانی موسڵمان و کریستیان پێشوازییان لێ دەکرێ، تەنانەت لە لایەن بنەماڵە کوردەکانەوە کە دوای شکست هێنانیان لە ١٨٨١، خەریکی کاری ئاسایین وهەندێکیان بوونە کریستیان.
لە ماوەی پەنجا ساڵدا میسیۆنی ئامریکایی دەسەڵاتێکی بەربڵاوی وەدەستهێناوە، نە تەنیا بە هۆی کارەکانیان کە زۆر سەرنجڕاکێش نین بەڵکو بە هۆی پاکیی و شیوەی ژیانی دادمەندانەیان، و زیاد بوونی میهرەبانیی و دەستڕاگەیشتن بە موسڵمانانی ورمێ ئەم هیوایە دەبەخشێ کە بڵاو کردنەوەی ئایینی کریستیان و نمونەی ژیانی خواوەندی ئێمە لە لایەن ئەوانەوە لەچاو ڕابردوو بەرەوڕووی دوژمنکاریی و بێ تەفاوتیی کەمتری ئەوان ببێتەوە.
مێژووی میسیۆنەکە بە باشترین شێوە بە وتەکانی دوکتور شێد، یەکێک لە بەتەمەنترین ئەندامەکانی نیشان دەدرێ. ٨٠
باوەڕمەندانی ” کلیسای ئینجیلیی سریان” کە دەکرێ، لە بواری ڕێکخراوەیی و ئایینییەوە، بڵیین کلیسای پرێسبیتەریانی سریانییە، لە ١٨٥٧ دووسەد و شازدە کەس بوون و لە ١٨٨٧ دوو هەزار و سێ کەس بوون.
جگە لە ئاکامی فێر کردنی ئایینی کریستیان و نموونەکەی، پێموایە بێگومان شێوەی ژیانی دروستی بیانییەکانی ورمێ لە ماوەی نیو سەدەدا باشترین ڕەنگدانەوەی لەسەر هەلومەرجی کریستیانەکان هەبووە. لە کاتێکدا کە یەکەم میسیۆنەری ئامریکایی لە ورمێ نیشتەجێ بوو، نیری ئیسلام هەڵگترنی گەلێک دژوار بوو. کریستیانەکان سەرکوت و تاڵان دەکران، کچەکانیان بە زۆر لاقە دەکران و زۆر بە دژواری ئیجازەی بەڕیوەبردنی ئایینەکەیانیان پێ نەدەدرا. دەوڵەتی پارس کە بەرامبەر بە بۆچوونی ئوروپا هەستیارە، وردە وردە شتەکانی باشتر کردن و ڕاپۆرتی باشتر بوونی دۆخی میسیۆنەرەکان بڵاو بۆوە و ئێستا کریستیانەکانی ورمێ و دەشتی دەوروبەری شتێکی کەمیان بۆ سکاڵا کردن هەیە.
لە هەمان کاتدا کلیسای سریانی لە نزمترین ئاستی خۆیدا بوو، بە تەواوی لە نەزانی و خوڕافەپەرستیدا نوقم ببوو. ئەو هیچ لێکدانەوەیەکی لەسەر ئینجیل نەبوو و سەرجەم نزاکانی بە زمانی کۆنی سریانی بوو، ئەو کات هەر وەک ئێستا ” لە خەڵکەکە نەدەگەیشت.” هیچ کتێبێک و هیچ تواناییەکی دانانی قوتابخانەی نەبوو. ئینجیل زۆر کەم بوو و تەنیا کۆپییەکی سرودی ئایینی بە کەمتر لە ٣٢ سەنت گیر نەدەکەوت. ڕاهیبە خوێندەوارەکان و خانمە ئایینییەکانی سەرەتاکان هیچ جێگرەوەیەکیان نەبوو. ژنان بە تەواوی پاشگوێ خرابوون، و بۆ کیژە لاوەکان شتێکی نەشیاو بوو کە بچنە کلیسا. لە ورمێ هیچ ژنێک خوێندەواریی نەبوو، و لە گشت ناوچەی کریستیان هەموویان نەخوێندەوار بوون، جگە لە خوشکی قەشەی مەزن و دوو یا سێ ڕاهیب نەبێ.
ئێستا وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر سریانی مودێرن، کە کارێکی نایابە، لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، کۆلێژەکە، کۆلێژی خانمان چەند کتێبی ڕۆشنبیریی وەرگێڕاون و چاپی کردوون، گۆڤارێک بە ناوی تیشکی ڕوناکیی، لەگەڵ تێکەڵاویی پەنجا ساڵیی لەگەڵ ژن و پیاوان کە ئامانجی سەرەکییان بەرزکردنەوەی ئایینی و ڕۆشنبیریی ئەو خەڵکە بووە کە لەناویاندا ژیاون، ئاڵوگۆڕێکی سەرسوڕهێنەری دروست کردووە، ئەگەرچی ئەم ئاڵوگۆڕە مەترسیی لەسەرە و هەمووشی هەر ئەرێنی نەبووە و حاشا لەمە ناکرێ.
ئەوە داهاتوویە کە بڕیار دەدا ئاخۆ جووڵانەوەی چاکسازیی لە ورمێ یا هەر شوێنێکی دیکە دوای نەمانی ئەو ناوەندەی کە داهێنەری بووە دەمێنێتەوە، و ئاخۆ کلیسایەک کە بێ ڕێوڕەسمی ئایینی بێ و تەنیا لە شێوەی دامودەزگایەک بێ بۆ ژیریی ڕۆژەهەڵات و نەریتی باوکەکان، دەتوانێ ڕەگی خۆشەویستیی لە ناو ئەم خەڵکە کۆنەپارێزە دا داکوتێ؟
میسیۆنەکە کە لە لایەن ئوسقوفی پایەبەرزی ئێستای کانتێربێری لە سەر داوای کاتۆلیکوسی ڕۆژهەڵات، ئاغای شیمون، پاتریارکی کلیسای سریانی دامەزرا، لە پاییزی ١٨٨٥ هاتە ورمێ. لە کاتی سەردانی مندا پێنج قەشەی میسیۆنەری هەیە کە دەرچووی زانکۆکانی ئاکسفۆرد و کەمبریجن و قەشەیەکی سریانی، کە چواریان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە ورمێن، یەکیان لە چیاکانی کوردستانە، و یەکیش لە دەشتی ورمێیە. چوار خوشکی بێتانی لە بەهاری ١٨٩٠ بە مەبەستی کردنەوەی خوێندنگەی شەووڕۆژیی بۆ کچان و ڕاهێنانی ژنان هاتنە ئێرە.
پێویست بە گوتن ناکا کە ئەم هێڵانەی کە میسیۆنەکانی ئینگلیسی و ئامریکایی بە پێی ئەوان دەجوڵێنەوە زۆر لەگەڵ یەک جیاوازن و شێوەی کارەکەیان دژی یەکترن. یەکیان بە کردەوە ئاژانسێکی لە دین وەرگێڕانە و کار دەکا تا کلیسایەکی پرێسبیتەریانە لە پارس، ئامانجی ئەوەی دیکە ئەوەیە ” کە کلیسایەکی کەونارا بێنێتەوە سەر ڕێگای ڕاست و بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ کلیسای دایک، کلیسای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات ئامادەی بکا.” ئامانجی ئەوەی دواتر هەڵوێستێکی کلیساییە کە بە کورتی لە یادداشتی ژێرەوە باسی لێوە دەکرێ. ٨١
بەڵام کورتەی کاری ڕاستەقینەی میسیۆنەکە لە لایەن گەشە پێدەرانەوە باس کراوە: ” کاری میسیۆنەکە لە پلەی یەکەم دا ئەوەیە کە قەشەی خوێندەوار پێ بگەیەنێ، لە پلەی دووهەم ، زانیاریی سێکولار و هەروەها ئایینی پێشکەشی لاوان بکا، و لە پلەی سێهەم، چاپ کردنی کتێبە سەرەتاییەکانی ئایینی و کتێبی نزا لە کلیساکان، کە ئاسۆڕییەکان گەلێک خۆشیان دەوێن و هەرگیز نوسخە ئەسڵییەکانیان چاپ نەکراون و کە بە پیتی زۆر سەرەتایی نووسراون و نمونەی نەریتیی جێی گومانی ئەوانە. ئامانجەکە بە هیچ شێوەیەک ئەوە نییە کە لە لایەکەوە ئاسۆڕییەکان بکرێنە باوەڕمەندی کلیسای ئینگلیس، و نە ئەوەی کە درێژە بەم بێ ئایینییە بدەن کە ئەوانی لە باقی کریستیانەتی جیا کردەوە یا گرینگی ئەو کەمتر بکاتەوە.”
قەشە ئینگلیسییەکان خۆ لە جووت بوون دەپارێزن، هیچ مووچەیەک وەرناگرن و بە یەکەوە دەژین، کیسەی هاوبەشیان هەیە و هەرکامیان ساڵانە ٢٥ پاوندیان بۆ تێچووی تاکەکەسی پێدەدرێ.
ئەمە میسیۆنێکی لە دین وەرگێڕان نییە. ئەو فێر دەکا، ڕادەهێنێ و چاپ دەکا. ئەو خاوەنی خوێندنگەیەکی ئامادەییە لە ورمێ بۆ کوڕانی ژێر حەڤدە ساڵ، و دوو دانەش لە دەشتی ورمێ، بەڵام ئەوشتەی کە ئەمانە وەک کارێکی ژێر دەستە سەیر دەکرێ قوتابخانەی باڵای قەشان لە ورمێیە، خوتبەخوێن، و بەربژێرانی پلەی ئایینی بەرز. لەم چوار دامەزراوەیەدا ٢٠٠ مناڵ دەخوێنن کە زۆربەیان لە قوتابخانەی شەووڕۆژییدان. هەروەها بیست و حەوت قوتابخانە لە گوندەکاندا هەن، و کۆی قوتابییەکان لە ساڵی ڕابردوودا، ١٢٤٣ کوڕ و ٢٢٥ کچ بوون. حەفتا و شەش خوتبەخوێن و لاوی سەرووی حەڤدە ساڵ لە قوتابخانەی باڵای ورمێ دەرس دەخوێنن.