بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات و رەخنەگرانی. هاشم کەریمی

لە وڵاتی خۆمان دا هەندێک گۆڕهەبوون کە گۆڕی کافرانیان پێدەگوتن و خەڵکی دەمارگرژی ئاینی کە بەلایاندا تێدەپەڕین بۆ خێری ئەو دنیایان بەردیکیان تێدەگرتن. گومانی ئەوە دەکرێ کە ئەو گۆڕانە هی ئەو کەسانە بووبێ کە کاتی هێرشی عەرەبەکان بۆ کوردستان بەرگرییان لە مال و حاڵ و نیشتمانی خۆیان کردبێ و کوژرابن. دوایی کە خەڵکی کوردستان موسڵمان بوون ئەو قەبرانەیان بە قەبری کافران ناودێر کردووە.
بەداخەوە هەندی جار وتارگەلێک لە سایتەکان دا دەخوێنمەوە یان لە هەندێک لە تەلەفزیۆنەکان دا گوێم لێدەبێ، کە پێشمەرگەی کوردستانی رۆژهەڵاتیش لەلایەن کەسانێک کە وەکوو ئێمەمانان تەنانەت رۆژێک پێشمەرگە نەبوون و زەحمەت و ڕەنجی پێشمەرگایەتیان نەچەشتووە، یان ماوەیەکی کورت پێشمەرگە بوون، دوایی بەرگەی شەونەخەوتن و شاخ و داخ کردنیان نەگرتوە و وازیان لە پێشمەرگایەتی هیناوە، هێڕشیان دەکرێتە سەر و بە ئوردوگانشین ناودەبرێن.
من لە گەڵ ڕەخنەم لە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کە بۆچی لە جیاتی یەکگرتن هەر لە فیکری جیابوونەوە و دوو بەرەکین، لەگەڵ ئەوەش من زۆر لەو پێشمەرگانە دەناسم کە مووی ڕەشیان لە سەنگەری خەبات و بەرەنگاری دا سپی کردووە، بریندار بوون و کەسوکاریان فیدای گەل و نیشتمان بوون و بۆ سەلماندنی قسەکانم داوا لە کەسانی بە ئینساف دەکەم کە سێ بیرەوەی کە من لەم دوایانەدا خویندومنەوە، بخوێننەوە. دوویان هی پێشمەرگەی دیموکرات ویەکیان هی پێشمەرگەیەکی کۆمەلەیە: واتە ” بەدەم رێگای ژیانەوە، لە نووسینی هاوڕی ئەحمەد قادری” و” ئازار و ئەزموون لە نووسینی هاوڕێ حاتم مەنبەری ” و ” دەشتی دارێ لە نووسینی هاوڕی مەعروف کەعبی “، بزانن ئایا فیداکاریی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە دە پانزدە ساڵی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کەمترە لە هی پێشمەرگەکانی کوردستانی باشوور و گریلاکان و شەڕوانان؟ لە راستیدا دووشت بووە هۆی کەمتر بوونی عەملیاتی پێشمەرگە، یەکەمیان تەوابوونی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق کە رێژیم هەرچی هێزی نیزامیی خۆی بوو بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی کوردستان تەرخان کرد، کە بە داخەوە خەبات و بەربەرەکانێ دژی ریژیم تەنیا لە کوردستان دا قەتیس مابوو، دووهەم شەڕی خۆکوژیی دیموکرات و کۆمەڵە کە ریژیم باشترین کەڵکی لەو شەڕە وەرگرت.
ئەو نووسەر ولیکۆڵەرە سیاسیانەی کە تانە لە پێشمەرگەی کوردستانی رۆژهەڵات دەدەن، بەڵگە هێنانیان بۆ وتەکانیان ئەوەیە کە دەڵێن بۆچی پێشمەرگەی کوردستانی باشوورهەرێمیان پێک هیناوە و گریلا حیزبی “هادەپ ” ی لە کوردستانی باکوور گەیاندۆتە پاڕلەمان و شەڕەوانان کانتۆنیان لە کوردستانی رۆژئاوا چێ کردووە؟ بەڵام ئەوان کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە؟ ئەگەر ئەو بەڕیزانە لۆژکی بیریان لێ بکردایەتەوە و بارودۆخی هەرکام لە کوردستانەکانیان بەوردی هەڵسەنگاندایە، بێگومان داوەریی وایان نەدەکرد.
بێ ئەوەی نکوولی لە ئازایەتی و لە خۆبوردویی پێشمەرگەی ئەوسەردەمی کوردستانی باشوور و خەڵکی خۆڕاگری باشوور بکەم، ئەگەر سەدام حسەین نانی شوانی نەخواردایە و هێرشی نەکردایەتە سەر کووەیت و بەرژەوەندیی وڵاتانی سەرمایەداریی رۆژئاوای نەخستایەتە مەترسییەوە، ئایا پێشمەرگە بە تەنیا دەیتوانی هێزی زەبەلاحی رژیمی بەعس تێک بشکێنێ؟ ئایا رێێ تێنەدەچوو کە سەدام بۆماوەیەکی تریش ئیدامە بە ملهووری و جینایەتەکانی خۆی بدا؟ بە هەرحال ئەو هەلە بۆ حیزبەکانی کوردستانی باشوور هەڵکەوت، بەڵام بە داخەوە نەیانتوانی ئەو هەرێمەی کە جێی هیوای هەموو کوردێک بوو، بە باشی بەڕیوە بەرن و لە بری سەنعەتی کردن و پێڕاگەیشتن بە کشتوکاڵی زەویی بە پیت و بەرەکەتی کوردستان هەر لە فیکری بازرگانی و گیرفان پڕکردندا بوون و گەندەڵی سەرتاپای دەزگای بەڕیوەبەریی تەنیەوە و توێژیکی سەرمایەداری مشەخۆر وەکوو کارگ هەڵتۆقی وزۆربەی خەڵک لەژێر خەتی هەژاریدا مانەوە. جگە لە دووبەرەکی و چەند بەرەکی و تەنانەت خەیانەتی ناوخۆیی کە بە ئاسانی کەرکووک و شەنگال و خانەقین و ناوچەکە دابڕاوەکانی دیکەی کوردستانیان لە ٢٤ سەعات دا لە دەست دا.
ئەوە لایەنی خەسارناسینی مادیی بوو، لە باری مەعنەویشەوە کاتی خۆی یەکیتی نیشتمانی خۆی بە حیزبێکی سێکولار و سوسیال دیموکرات دەناساند و تەنات زۆر لە ریبەرانی خۆیان بە مارکسیست دەزا نی و پارتی دیموکراتیان بە حیزبێکی عەشیرەتی ناو دەبرد، زۆری نەخایاند خۆیان لە باری عەشیرەتیەوە پێش پارتی کەوتنەوە و چ خۆیان و چ ئەوانەی لێی جیا بوونەوە وەکوو” گۆڕان ” و ” هاوپیمانیی بۆ دیموکڕاسی و دادپەروەری ” بۆ راکێشانی دەنگی خەڵکی موسڵمان زۆر زیاتر لە پارتی خۆنواندنیان (تـظاهر) بە موسڵمان بوون دەست پێکرد و لە راستیدا لە نێوان خۆیان و حیزبە ئیسلامیەکان دا جیاوازێکی ئەوتۆیان نەهێشتەوە.
بی ئەوەی بتوانم حاشا بکەم لە قارەمانەتیی گریلا و خەڵکی کۆڵنەدەری کوردستانی باکوور، ئەگەرریژیمی تورکیە بە هۆی خراپیی ئابووریی وڵاتەکەی، ئاتاجی بۆ چوونە نێو” بازاری هاوبەشی ئوروپا ” پەیدا نەکردبایە و وڵاتانی ئوروپایی بۆ چوونە ناوەوەی تورکیە داوایان لێ نەکردبایە کە لەو دیموکراسیە نیوەچڵەی کە لە بەشەکانی دیکەی تورکیەدا هەیە، لە کوردستانیش درێغی نەکا ، تورکیە بە ئاسانی ئامادە دەبوو پێک هاتنی “هادەپ ” و حیزبەکانی دیکەی کوردستانی قبوول بکا؟ من پێم وانیە. کە دیارە لەبەر ئەوەی مەرجەکانی ئەوانی بە تەواوەتی نەهێناوەتە دی، تا ئێستاش ریگەیان نەداوە بچێتە ئەو بازارەوە.
ئەوە رووداوێکی تازە و حاشاهەڵنەگرە کە ئەو ئازایەتی و بەرەنگاریەی کە شەڕەوانان لە کوبانێ و عەفرین کردیان بۆ هەمیشە لە مێژووی کوردستاندا دەمێنێتەوە. کاتێک وڵاتانی ئیمپریالیستی رۆژئاوا نەک بۆ خاتری ئەوەی ریژیمی بەشار ئەسەد دیکتاتۆرە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئیمپریالیستیی رووسیەدا بوو، هێرشیان کردە سەر ئەو وڵاتە، داعەش ودەستە و تاقمی کۆنەپەرستی دیکەی ئیسلامی کە وڵاتانی سەرمایەداریی رۆژئاوا و تورکیە و قەتەر و عەڕەبستانی سعوودی یارمەتیان دەدان، هەریەک بەشێک لە خاکی سوریەیان بۆ خۆیان پچڕی. کوردەکانێش کە قەت لەو وڵاتەدا خاوەن ماف نەبوون کەوتنە خۆ و ناوچەکانی خۆیان لە داعەش و ئەوانی دیکە پاک کردەوە و ئەمریکا کە لە نێووەدا بوو، نەک بۆ خاتری پشتیوانی لە مافی میللەتان، بەڵکوو بە دژایەتی لەگەڵ سوریە و داعەش یارمەتی دان و ئەوان توانیان سێ کانتۆنی خۆسەری پێک بێنن. کانتۆنی عەفرین کە کانتۆنێکی دوورکەوتە بوو و هێزی نیزامیی ئەمریکاشی لێ نەبوو زۆرتر لە کانتۆنەکانی تر لە مەترسیی هێرشی تورکیە دا بوو، کە زۆر دەمێک بوو پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد کە ” پ کا کا ” باکووری سوریەی داگیر کردووە و بۆ بیانوو دەگەڕا و شەڕەوانانیش زیادە لە ئەندازە خۆنواندنیان ( تظاهر) بە ئارمی ” پ کا کا ” وە دەکرد، کە بیانووی زیاتریان بۆ تورکیە ئامادە کرد وتورکیەش بە پشتیوانیی رووسیە و پەیمانی ناتۆ و بێدەنگیی ئەمریکا و بریتانیا و فەڕانسە وکۆماری ئیسلامیی ئێران و تەنانەت سوریە هێرشی کردە سەر عەفرین و لە گەڵ دوومانگ خۆراگریی یەپەگە و یە پەژە توانی ئەو کانتۆنە داگیر بکا.
لەگەڵ نزیکەی چل ساڵ جینایەت وحوکمی نیزامیی ریژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان دا، هێشتا بزووتنەوەی کوردستان زیندووە و لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاتر بە دژی ریژیم خەبات وبەربەرەکانێ دەکرێ و تاونا تاوێک بە بیانوویەک لە بەشێکی کوردستان خۆپیشاندان دەکرێ و ناڕەزایەتی لە ریژیم دەردەبڕدرێ. دیارە ریژیمیش لە سێ رێ وە تۆڵەی خۆی لە رۆڵە شۆڕشگێڕەکانی گەل دەکاتەوە، لە رێی ناردنی تیمی تیرۆر بۆ دەرەوی وڵات بۆ تیرۆری تێکۆشەران، لە رێی گرتن و ئەشکەنجەدان و ئیعدام کردنی رۆڵە ئازاکانی گەڵ و سەرئەنجام لە رێی کوشتنی بێبەزیانەی کۆڵبەرانی هەژار کە تەنیا رێگەی بەڕێوەچوونی بنەماڵەکانیان پەنابردنە بەو پیشە پڕمەترسی و بەزەحمەتە.