پێشمەرگە نەریتە چەکداری و مێژوویەکەی بۆ جارێکی تر درەوشاندەوە!

بزووتنەوەی نوێی ” ڕاسان” هەنگاوەکانی خەباتی سیاسی و چەکداری و شۆڕشی جەماوەری لە کوردستاندا بەرفراوانترکردوە و ئیدی ڕۆژنیە لە دەڤەرە جۆر بەجۆرەکاندا، دوژمن لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیانی بەرنەکەوێت و لوتکەی هێزیان لە گۆڕنەنرێتەوە. خەڵکی کوردستان ئێستا وەك ساڵانی ڕابردوو ئومێدیان لە سەر ورەبەرزی و گیان فیدایی ڕۆڵەکانیان لە رێزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا هەڵچنیوە و هەڵسوڕان و کارو تیکۆشانی حیزب و کادر و پێشمەرگەکانی زۆر دەرگای داخراوی بەرووی شۆڕشی نوێی خەڵکی کوردستاندا خستۆتەوە سەرپشت و ئیدی ئەو دەرفەتەیش نیازی بە سیاسەتێکی ورد و ژیرانەیە کە تێیدا بتوانن کاریگەریان لە سەر بیر و بۆ چوونی ناوەندەکانی بڕیاردانی گێتی هەبێ. ئامانج و خواستی سیاسی و مافەنەتەوایەتیەکانی گەلی کورد شتێك نین لە کۆمەڵێك خاڵی لاوەکی و لاوازدا کۆبکرێنەوە و جەوهەری باسەکان لە بیر بکرێن. دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاران لەو ڕاستیە گەیشتووە کە ئەگەر بێت و فەرمەندە سیاسی و نیزامیەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و، هێزەکانی تری کوردستان هەروەك لە ڕابردووشدا کوردستان بۆ داگیرکەران کرابوو بەگۆڕستانێکی گەورە و تەرس و خۆفیان لە دارو بەرد و شیو دۆڵی وڵاتمان هەبوو. ئێستاش ئەگەر تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێمۆکرات و فەرمەندە مەیدانیەکان بەبیرکردنەوە و بەرنامەی ورد و ژیرانەیان بۆ قۆناخی نوێی خەباتی شار و شاخ هەبێت و ستڕاتیژی نوێی کردە سەربازیەکان پەیڕەو بکەین، دوژمن لە ئاستی هەڵمەتی هەڵۆتیژباڵەکانی کوردستان خۆیان بۆناگرێ و هەرئەوەندەیان بۆ دەکرێت، خۆیان لە مەیدانی شەڕ و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ ڕۆڵەکانی دێمۆکراتدا ڕابکەن و خۆیان ڕزگارکەن. ئەو دەست وەشاندنە خێرا و گەڵاڵە بۆداڕێژراوە کە تێیدا زیانی گەورەی بە هێزە سەرکووت کەرەکانی ڕێژیم لە شاری شنۆی مەکۆی کوردایەتی گەیاندوە و جارێ چەند وەرزێکی دەوێت هەتا ڕێژیم پشتیان لە بەرامبەر ئەو تێکڕامانە مەعنەوەیاد ڕاست دەکەنەوە بە خۆ دێنەوە. دەرفەتی باشتر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەرەخسێت کە لە شوێن و جێگای تردا بە تۆڵەی شەهیدانی نیشتیمان، هێزی داگیرکەری سپای پاسداران بکرێنەوە ئامانج. یەکێك لەنەریتە دیار و گرینگەکانی خەباتی چەکداری ئەوەیە کە وەختێك کاریگەری گەورەی لەسەر دارووخاندنی ورەی هێزەکانی دوژمن دەبێت، کە دەرفەتی خۆڕێکخستنەوەیان پێنەدرێ و لە شوێن و شار و ناوچەی تردا هێرش بکرێتە سەریان و زیاتر وەریان بروخێنن و مەیدانی شەریان بە روودا بەرفراوان بکرێ و سەریان لێ تێکبدرێ کە کەی و لەکوێ هێرشیان دەکرێتەوە سەر. بەڵام ئەگەر بازنەی خەباتی چەکداری لە هەرێم و سنوورێکی بەرتەسك و دیاریکراودا چڕبکڕیتەوە، ڕەنگە هێزی پێشمەرگەش زیانی گیان بەربکەوێت. هەڵبژرادنی مەیدانی خەباتی چەکداری و ئەنجامدانی کردەی سەربازی، پێشوەختە دەبێت دەست نیشانکرابێ و تایبەت مەندییە سروشتی و جوگرافیەکان تێدا بەتەواوی ڕەچاو بکرێن و کات و دەرفەتی هەڵمەتی خێرا و بەجێهێشتنی مەیدانی شەڕ کە ئەو دوو خاڵە هەستیاری گرینگ بە ئەنجامی پڕۆسەکەدەبەخشن. بەتایبەت ئەو هاورێیانەی ئەزموونی خەباتی چەکداری و هێرشی خێرایان هەبێت باشتر لە نێوەرۆکی مەبەستە دەگەن. ئەو جار حکوومەتی ئاخوندی لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی دێمۆکراتدا، زیانی بەرکەوت و لەئێستادا توانایی خێرایی پەلاماردانیان تێدا بەدیناکرێ و ڕەنگە ئەوەش هیچ بەو مانایە نەبێت، پێشمەرگە لە خۆبای بێ و بە سانای بکەوێتەوە بەر هێرشی دوژمن و زیانی بەرکەوێت. دەمێك بوو هەموولایەکمان خەمی لە دەستانی پۆلێك لە باشترین کادر و پێشمەرگەی حدکا مان دەخوارد کە بە هۆی کۆمەڵێك کەمترخەمی و هۆکاری سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری تووشی زیانی گەورەبوون و ڕێژیمی ئاخوندی و هێزەکانی بەجۆرێك ورەیان بەرزببوویەوە کە شەر و رووبەرووبوونەوەیان لە گەڵ ڕۆڵەکانی دێمٶکراتدا ئەوەندە پێ گران و دژوارنەبوو کە لە ڕابردوویان خۆیان لێ بەدوور دەگرتن و لێیان نزێك نەدەکەوتنەوە. بەخۆشیەوە ئەو جار باڵانسی هێز و شێوەکانی خەبات و بەرخۆدان و هێرشکردنە سەر دوژمن سەلماندی کە کورد و ڕۆڵەکانی هەر وەك لە مێژوودا بە نەتەوەیەکی خۆڕاگر و ئازا و بوێر ناوبانگی دەرکردوە، پێشمەرگەکانیشی بە پلەی یەکم لە خۆڕاگری و بەرگریکردن لە ماف و ئازادیە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد دێن و هەردەم جێگای شانازی خەڵکی کوردستان دەمێنەوە. ڕێبەری و ناوەندی گشتی ‌هێزی پێشمەرگەی حدکا لازمە ورد و ژیرانە گەڵاڵە و بەرنامەی تێکۆشانی نوێ و کرداری خێرای سەربازی بۆ زیانگەیاند بە دوژمن وەك لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆر باوبوو، زیندوو بکاتە وە و زۆر ئاکادیمیانە لێکۆڵێنەوەی جەوهەری ناوەرۆکی بەرنامە خێراکان بەمەبەستی زیانگەیاندن بەدوژمن بکاتە دەست پێکی سەرفەسڵی نوێ بەرخۆدان لە کوردستاندا. کورد و بزووتنەوەکەی لە بەردەمی تاقیکردنەوە و قۆناخێکی گرینگی مێژوویدایە و ئەگەر لەئێستادا بوونی خۆی وەك هێزێکی دیار و کاریگەری سەر گۆڕەپانی مەیدانی خەبات پێشانبدات، بێگوومان ئەو وڵاتانەی دژی سیاسەتی فراوانخوازی ڕێژیمی ئاخوندی ئێرانن بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا، سەرنجی زیاتر دەخەنە سەر کورد و هێزەکوردیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. جووڵانەوەی سیاسی کورد لەو بەشەی کوردستاندا، لازمە لە هەموو روویەکەوە هاوکاری و هەستی پێکەوەکارکردنیان هەبێ و مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی بە دژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران بەربەرین و کاریگەرتر لە سالانی ڕابردوو بکەن و ‌هیچی تر دەرفەتی خۆ ڕێکخستنەوە بە هێزە ئەمنیەکانی دوژمن لە کوردستانیان پێنەدرێتەوە. ڕێژیمی ئاخوندی لە مێژووی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکووتکارانەیدا هەرگیز بە ڕادەی ئەمڕۆ تەریك و لە ژێر فشاری کۆمەڵگای نێو نەتەوەیدا نەبووە و سیاسەتی نوێی ئیدارەی ئەمریکاش ئەو دەرفەتەی پێك هێناوە بۆ ئەوەی هیزە دێمۆکڕات و ئازادیخوازەکان بە شێوەیەك لە شێوەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە بە دژی سیاسەتی دژی گەلی حکوومەتی ئاخوندی تاران.
محەممەد سلێمانی