بڕیارنامە لە سەر گەلی کورد لە ئینتەرناسیۆنال سوسیالیست

کۆبوونەوەی شووڕای ئینتەرناسیۆنالیی سوسیالیست
نەتەوە یەکگرتووەکان، ژنێڤ ٢٧-٢٦ی ژوئەنی ٢٠١٨
بڕیارنامە لەسەر گەلی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان

شوورای ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیست لەسەر ئەم بڕوایەیە کە ڕێژیمی ئێران بە ئاسانی لە وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریی بەرامبەر بە کردەوەکانی خۆی ڕا دەکا، چونکە دەزانێ کە بەرنامە ناوکییەکەی مەسەلەکانی دیکە بۆ وێنە هاوپەیوەندی و مافەکانی مرۆڤ پەراوێز دەخا. ئێمە چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە کە ڕێگر بێ لە بەهێزتر بوونی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی ئۆپۆزیسیۆن.
ئێستا خەڵکی ئێران گەیشتوونە نوختەیەک کە چیدیکە ناتوانن هەژاری، هەڵاوسانی نرخەکان و گەندەڵیی تەحەممول بکەن و ڕژاونە سەر شەقامەکان و داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەن کە لە جیاتی دەستێوەردان لە سورییە، لوبنان، عێراق و یەمەن و پشتیوانیی ئابووری لەوان، سەرنج بداتە خەڵکی ئیران و بە خەڵکی خۆی ڕابگا. ئینتەرناسیۆنالی سوسیالیست پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کورد و خەباتەکەیان بۆ دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتی دەکا.
لە کوردستانی عێراق، ئینتەرناسیۆنالی سوسیالیست پشتیوانی لە جێبەجێ کردنی یاسای بنەڕەتیی عێراق و چارەسەر کردنی سەرجەم پرسە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان دەوڵەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئاشتییانە دەکا. ئێمە داوا لە حیزبە سیاسییەکانی عێراق و دەوڵەتی داهاتووی فێدراڵ دەکەین کە ڕێککەوتنی ئەوتۆ ئەنجام بدەن کە ڕەنگدانەوەی بەشداریی ڕاستەقینەی کوردەکان لە دەوڵەتی نوێدا لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوڕایی و هاوسەنگی بێ. ئێمە داوا لە هەردوو دەوڵەت لە بەغدا و هەولێر دەکەین کە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان سەقامگیر بکەن و ڕێگا بە بەڕێوەبەرایەتیی هاوبەش بدەن تا پێش بە داعش و تاقمی هاوشێوە بگیرێت و ڕێگە نەدرێ لە گرژییەکانی دوای ڕێفراندۆم لەم ناوچانە بە قازانجی خۆیان کەڵکی خراپ وەرگرن و پارێزگاریی لە مافەکانی گەلی کورد و کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکانی ئەم ناوچانە بکەن.
ئێمە پیرۆزبایی لە حیزبی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە) دەکەین کە لەم دواییانەدا دەنگی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیە بۆخۆی مسۆگەر کرد. ئێمە داوای ئازاد کردنی دەستبەجێی سەرۆکی هەدەپە، سەلاحەددین دەمیرتاش و سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان کە لە زیندانەکانی تورکیەدا دەستبەسەر کراون، دەکەین.
دەوڵەتی تورکیە دەبێ ڕێگا بدا کە وتووێژی سیاسی سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی دیتنەوەی ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد.
لە سورییە، ئینتەرناسیۆنالی سوسیالیست پشتیوانی لە ڕێگاچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ گەلی کورد دەکا، بە شێوەیەک کە یەکگرتوویی و سەربەخۆیی سورییە لە چوارچێوەی دەوڵەتداریی ناناوەندگەرا، بە پێی مۆدێلی فێدێرالیزمی دێموکراتیک دەستەبەر بکا.
لە پێوەندی لەگەڵ عەفرین‌دا، ئێمە پشتیوانیی لە گەڕانەوەی ئەمین، سەقامگیر و ڕێزدارانەی خەڵکی عەفرین، لە ژێر چاودێریی نێونەتەوەیی و کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی تورکیە لەناوچەکە دەکەین.
هاوتەریب لەگەڵ هۆگریی ئینتەرناسیۆنالی سوسیالیست بۆ پرسی گەلی کورد، شووڕا بڕیاری دا سەرلەنوێ کۆمیتەی پرسی گەلی کورد لە نێو ئینتەرناسیۆنالی سوسیالیست دا کارا بکاتەوە.