دوای ٣٠ ساڵ لە شیمیابارانی سەردەشت . حەمەڕەسووڵ کەریمی
هەموو ساڵێک ڕۆژی ٧ ی مانگی پووشپەر خەڵکی شاری سەردەشت بە یادی شەهیدانی بۆمبارانی شیمیایی ئەو شارە دێنە سەرشەقام و بە کۆمەڵ دەچنە سەر مەزاری شەهیدانی پووشپەر لە گۆرستانی گردەسوور و بۆ ماوەیەک خەمەکانیان لە لای ئازیزانی لە دەستچوویان بە خوێندنەوەی بابەت و نووسراوەی و شێعر و سروود بەبا دەدەن.
لە یەکەم مانگی هاوینی ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی دا پشووی هاوین تەنیا حەوت ڕۆژ بوو دەستی پێکرد بوو . خەڵک و قوتابیان بەرەو پشووی هاوینی خۆیان دەچوون بۆ ئەوەی لە وەرزی هاوین دا بۆ ساتێک پشوو بدەن، مخابن لە پڕ لە کاتژمێر ١٦:٣٠ ی خولەکی ئێوارە بە گرمەو و هاشەی فرۆکە شەرکەرەکانی حکوومەتی بەعس و بە چەند تەقینەوەیەک هەموو ئارەزوو و خولیاکانی ئەو شارە بۆ پشووی هاوین و بەرنامەی ساڵانەیان بوون بە ناڵە و ئێش و ئازار.
دوای ئەوە لە لایەن فرۆکە شەرکەرەکانی عێراقەوە چەند بۆمبێک بە سەر چەند گەڕەکی شار دا بەردرانەوە لەپڕ شار نوقمی تەپ و تۆزێکی سپی و وێرانی بوو، بە چەند خولەکێک دواتر چەند بۆمبی دیکەش بە سەر گوندەکانی ڕەشەهەرمێ و دەشتی کەپران دا بەردرانەوە و لەوێش زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی و ژینگەیی بە دواوە بوو.
ئەم کارەساتە و ئەم رووداوە ٣٠ ساڵە بابەت و نووسراوەی جۆراوجۆر و هەڵسەنگاندن و لێکۆلینەوەی پزیشکی لە سەر دەکرێ بە بێ ئەوەی لە ئازاری خەڵکی گیرۆدە بوو بە گازە شیمیاییەکان کەم بکاتەوە، بە پێچەوانە هەموو ساڵێک زامداران و گیرۆدەبووان بە گازەکانی ئەسید و خەردەل دوای چەندین ساڵ کولەمەرگی و هەناسەساردی و بە بێ ئیمکانات سەردەنێنەوە و لە مەزارگەی گردەسوور لە لای خزم و کەس و کاریان بۆ ئەبەد دەست لە ملانی خاکی وڵات دەبن.
دوای شەری گەورەی دووهەمی جیهانی سەردەشت وەک یەکەمین قوربانی چەکی شیمیایی لە جیهاندا ناسراوە و یا ناونووس کراوە، بەڵام بەداخەوە لە سەردەمی پێشکەوتنی جیهانی و زانستی دەرمانی و پێشەوەچوونی کاری پزیشکی، هەنووکەش زامدارانی ئەم کارەساتە بە دەم ئازارەکانیانەوە دەتلێنەوە و وەک بێنازترین و بێدەرەتانترین کەسەکان لەم جیهانەدا ماونەوە و کەس نییە کە ئاوڕییان لێبداتەوە.
ڕێژهی شههید و بریندارهکانی ئهو کارهساته له زمان ئایهتووڵڵا ڕهفسهنجانییهوه که له نوێژی ههینی مانگی گهلاوێژی ساڵی ١٣٨٢ دا باس کرد بوو ٨٠٢٤ کهسن و هاوکات پارێزگاری ورمێ له ساڵی ١٣٦٦ و ٦٧ دا له وتارێکی خۆی دا ئاماژه به شههید و بریندار بوونی دە هەزار کهس له دانیشتووانی شاری سهردهشت دهکات و جیا لەو کەسانەش وهزارهتی کاروباری دهرهوهی وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ههر ئهو کات لیستهیهکی ٤٦٠٠ کهسی له برینداران و شههیدانی شیمیابارانی سهردهشتی دا بوو به ڕێکخراوی نهتهوه یهکگرتووهکان. ههر به پێی ئهو بهڵگانهش که وهزارهتی کاروباری دهرهوهی کۆماری ئیسلامی دابوونی به ڕێکخراوی نهتهوه یهکگرتووهکان، قوربانییهکان خهڵکی مهدهنی و ئاسایی بوون و پادگان و بنکه سهربازییهکانی حکومهت نهکهوت بوونه بهر ئهو پهلاماره و زهرهر و زیان به بنکه و بارهگاکانیان نهکهوت بوو و داوایان له خێرخوازان دهکرد که بێن یارمهتی به خهڵکی زامدار و بێ پهنای ئهم دهڤهره بکهن، بهڵام دوای تێپەرینی ٣٠ ساڵ لەم کارەساتە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ، بۆ خۆیان هیچ ئاوڕێک لهم شاره به گاز خنکێندراوه نادهنهوه و به تهواوی دوای ساڵی ١٣٦٦ی ههتاویی به فهرامۆشیان سپاردوە و بە هەزاران کەس لە وەبەرکەوتووانی ئەم کارەساتە مەرگهێنەرە بە دەست ئازار و زامەکانیانەوە دەناڵێنن و لەوپەری بێ ئیمکاناتی و نەبوونی داو و دەرمان و گاز ئۆکسیژێنی تایبەت دا کاتەکانیان بە چاوەروانی چاکبوونەوە تێپەر دەکەن.
بە پێی نوێترین هەواڵ لە سەرجەم قوربانییەکانی ئەم کارەساتە تەنیا نزیک بە ٥٠٠ کەس یارمەتی ماددی و پزیشکی وەردەگرن و لەوانەش تاکوو ئێستا بەشێکیان هەر بەردەوام بەدوای دەرمانی باشتر دادەگەرێن کە بە هۆی گرانی و کەمبوونی ئەو جۆرە دەرمانانە هەموو کەس ناتوانێ وەدەستیان بخات و یا بتوانێ بیانکرێ.
لە دوای سی ساڵ بێکاری و نەخوێندنەوەی زامدارانی شاری سەردەشت لە لایەن کاربەدەستانی رژێمەوە، بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ وەزعی وەبەرکەوتووانی ئەو رووداوە هەر دێتو بەرەو خەراپی دەچێ و بەشێکی بەرچاو لە زامداران تووشی خەمۆکی و نارەحەتی دەروونی بوون. لە قەیرانی دارایی ئێران و گرانی و هەژاری و بێکاری ئەمرۆی ئێراندا ، وەزعی خەڵک بە گشتی ڕوو بە خەراپی دەروات و ئەو بارودۆخە بۆ زامداران زۆر زیاتر قورسایی لە سەر ژیانیان دەکات، ئەگەر جاران تا رادەیەک خەڵک بە زەحمەتێکی زۆر دەیانتوانی کەرەسەکانی خۆیان دابین بکەن، بەداخەوە ئەمرۆ بە هۆی گرانی هەموو جۆرە کەرەسەیەک و بە تایبەت داو و دەرمان کە چەند قات گرانتر بووە ، قورساییەکی زۆر کەوتۆتە سەر زامدارانی شیمیایی و بنەماڵەکانیان و ئەوەش باری سەرشانی هەمووانی زیاتر کردووە .
بە هۆی نەبوونی ناوەندێکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست و هەناسەسواری و ئاستم و چاوکروزانەوە و کۆخە و زۆر نەخۆشی دیکە، زامداران بە ناچار ڕوو لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێران و یا کوردستان دەکەن و ئەوەش بۆ ئەوان جیا لە تەحەموولی ڕێگا بڕینێکی زۆر و خەرجی زۆر، هاوکات زۆرجار بە بێ چارەسەر کردن گەروانەوە.
چەند ساڵ پێش ئێستا زیاتر لە ١٠٠ پارێزەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نووسینێکی تایبەتی و لە نامەیەک دا بۆ سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەیان بەوەدابوو کە شاری سەردەشت وەک شاری ئاشتی بناسرێ و هاوکاتیش وەبیر حکوومەت و ناوەندەکانی دەسەڵاتیان هێنابۆوە کە دەبێ دەوڵەت هەموو خەرجی و پێداویستییەکان بۆ ئەم شارە دابین بکات و لە یەک ڕەستەدا نووسیبوویان کە ئەوە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت و حکوومەتە کە قەرەبووی زیانەکانی بەرکەوتووان و قوربانیان بکاتەوە و کەرەسە و نەخۆشخانەی تایبەت و پێویستییەکانیان بۆ دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەم نامەیەدا هاتبوو کە لەگەڵ ئەوەدا چەندین ساڵ بە سەر قەبووڵ کردنی یاسای ئەرکدارکردنی دەوڵەت بۆ ناساندنی زامداران و قوربانیانی شاری سەردەشت تێپەر دەبێ بەڵام مخابن دوای ئەو نامەیەش هیچ کارێک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە لە هەموو ئەو شوێنانەی کە چەکی شیمیاییان لێ بکار هاتووە نەکراوە، شاری سەردەشت، پیرانشار، مەریوان، بانە، گوندی زەردە، نۆدشە و نەوسوود و گیلانی غەرب و کرماشان و چەندین شوێنی دیکە نەکراوە و لە هەموو ئەو ناوچانە دا بە هەزاران کەس بە دەست زامی شیمیایی دەناڵێنن و تووشی دەیان نەخۆشی بێچارەسەر بوون.
جێگای خۆیهتی لێرهدا به ههموو هێز و ڕێکخراوه سیاسییهکانی کوردستان و به تایبهت ڕۆژههڵاتی کوردستان بڵیین که چیدی له ئاست ئهو کۆمهڵکوژییه دا بێ دهنگ نهبن و لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لە دونیای دەرەوەدا باس لە نەهامەتی و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە بە هۆی بۆمبارانی شیمیایی خەڵکەکەیان تووشی چەندین جۆرە نەخۆشی و ناسازی بوون و بە گشتی ئەم کارەساتە بە ژینۆساید و قڕکڕدن نەتەوەیەک لە جیهاندا بناسێندرێ.
له کۆتایی دا ئەوە وەبیر دێنمەوە کە ئەگەر حکوومەتی بەعسی عێراق سەردەشتی شیمیاباران کرد، ئەوە کۆماری سێدارەی ئێران بە بێ تەفاوەتی و گوێ نەدان بە خواستی زامداران و هەروەها بە هێرشی ئەنفالی سپی بۆ سەر خەڵک، شاری سەردەشت و ناوچەکەی و لاوانی ئەو شارەی تووشی چارەڕەشی و نەهامەتی کردووە و خەریکە بە بڵاو کردنەوە و درووست کردنی شیشەو ماددە هۆشبەرەکانی دیکە هەستی لاوانی سەردەشت و کوردستان خەوشدار دەکات. بۆ بەگژداچوونەوە و بۆ گەراندنەوەی هەیبەتی لاوان، پێویستە هەموو لایەک دەست بدەینە دەستی یەک و بەرێوەبەران و درووستکەرانی ماددە هۆشبەرەکان بە سزای خۆیان بگەیێنن ، کە پێکهێنانی ئەو بارودۆخە لە بنەرەتدا هەر کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستان و بەرێوەبەرانی سوپای پاسدارانن .
سڵاو له خهڵکی خۆراگری کوردستان و شههیدانی کارهساتی ٧ی پوشپهری سهردهشت
تهندرووستی و باش بوونهوه بۆ زامدارانی شیمیایی سهردهشت به ئاوات دهخوازین و مهرگ نهفرهت بۆ خوڵقێنهرانی ئهو جهنایهته سامناکه.
حەمەرەسووڵ کەریمی
٠٦ ـ ٠٤ ـ ١٣٩٧ ی هەتاویی
٢٧ ـ ٠٦ ـ ٢٠١٨ ی زائینی