مەرگی ژینگەپارێزەکانی مەریوان تاوانێکی دیکە بە تەوێڵی کۆماری ئیسلامییەوە

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان و “ئاگربەردان” لە دارستانەکان ساڵانێکە بووەتە بەڵایەکی گەورە بۆ سروشتی کوردستان.
جیا لەو زیانەی هەموو جارێ لە سۆنگەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان ڕا بەر ژینگە و سروشتی کوردستان دەکەوێ، ئەمجارەیان ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان گیانی چوار ڕۆڵەی نیشتماندۆست و دەروەستی کوردستانیشی ستاند.
ئەو ئاگرەی بووە هۆی مەرگی جەرگبڕ و ناخهەژێنی چوار ڕۆڵەی جوانەمەرگ و ژین و ژینگەخۆشەویستی کوردستان، ئاگری قین و بوغزێکە چوار دەیەیە بەر بووەتە گیانی سروشت و ڕووحلەبەری کوردستان و دەستی تاوانێکی لە پشتە، کە بەردەوام ڕۆڵەکانی کورد دەکاتە قوربانی. ڕوون و ئاشکرایە کە هەر لە درێژەی فەرمان و فیتوای جیهاد لە دژی کورد، چوار دەیەشە سروشت و ژینگەی کوردستانیش بووەتە بەشێک لە بەرنامە و سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. نموونەکانیشی دیار و ئاشکران: کانزا و بەردەکانەکانی بەتاڵان دەبرێ، ئاسەوار و شوێنەوارە مێژووییەکانی دەشێوێندرێ، لەوەڕگە و دارستانەکانی دەدرێتە بەر تیغی ئاگر و ڕێرەوی ئاوەکانی دەگۆڕدرێ و لەرێگەی کاناڵ و بۆرییە زەبەلاحەکانەوە بۆ پارێزگاکانی دەرەوەی کوردستانی دەکێشرێن. لەو نێوەدا کەم نین ئەو کەسانەی بە هەست بە بەرپرسایەتی و ئەرکوەخۆگرییەوە خەمی نیشتمان بووەتە خەون و خەمی شەو و ڕۆژییان. هەر ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک ڕێکخراو و کۆڕوکۆمەڵی ژینگەپارێزی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کە هەم ئەرکی وشیارکردنەوەی گشتییان گرتووەتە ئەستۆ و، هەم لە بێخەمیی کاربەدستان و دامودەزگا حکومەتی و دەوڵەتییەکاندا بەکردەوە هاتوونەتە مەیدان و، بە کوژاندنەوەی سووتمانەکان لە دارستانەکان و نەمان چاندنەکان، هەوڵی هەتوانی ئەم برینانە دەدەن کە لە جەستەی نیشتمانەکەمان دەدرێن. ئەو ڕێکخراوانە و ئەندامەکانیان زۆر جار کەوتوونەتە بەر غەزەبی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و، بۆ زۆر لەوان پەروەندەسازی کراوە؛ بەڵام ئەو بەرەنگاری و دوژمنکارییە کۆڵی پێ نەداون، هەنگاوی پێ شل نەکردوون و شەهیدبوونی شەریف باجوەر، ئومید حوسێن‌زادە، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پەژووهی بەڵگەن بۆ نیشتماندۆستی، خۆنەویستی و ئیرادەی پێشمەرگەئاسایان.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی، هاوشان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی تازیه‌باری مه‌ریوان خه‌می گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و چوار لاوه‌ خه‌مخۆر و نیشتماندۆسته‌ به‌ خه‌می خۆیان ده‌زانن و، وەک چۆن له‌ سه‌رپێڵ‌زه‌هاوی لێقه‌وماوه ‌و تا بۆکان، ته‌رمی “”ئه‌بووبه‌که‌ر مه‌عرووفی”یان که‌ له‌ ڕێگای گه‌یاندنی نان و یارمەتی بۆ خه‌ڵکی بوومه‌له‌رزه‌لێدراودا گیانی له‌ده‌ست دا، له‌ ئامێز گرت و دوایە شانازی و نازناوی شه‌هیدیان پێ به‌خشی، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ش فیداکارانی ڕێگای ئاوه‌دان و سەوزهێشتنه‌وه‌ی کوردستانیش لەبیر ناکه‌ن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک چۆن هه‌میشه پشتیوانیی له هه‌وڵ و ئیبتکاره مه‌ده‌نییه‌كانی نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له نێوخۆی وڵات لە هەموو بوارەکانی خەباتی مەدەنی و یەک لەوان ژینگەپارێزی کردوه و ته‌نانه‌ت خۆی بە هانده‌ریان دەزانێ، سەبارەت بەو ڕووداوە دڵتەزێنەش هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی ڕووداوەکە، خه‌ڵکی مه‌ریوان و کوردستان ده‌رده‌بڕێ و خۆی بە هاوبەش و شەریکەخەمیان دەزانێ. لە هەمان کاتدا جارێکی دیکەش سیاسەتی تاوان و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کۆمەڵانی خەڵکی کورد و سروشت و ژینگەی کوردستان مەحکووم دەکا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
4ی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی