تای ئاشتی. وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور

واشینگتۆن فری بیکن – ماتیو کۆنتینەتتی
هەرچی دژی پەلە بۆ شەڕە، ڕەنگبێ گاگۆڵکە بۆ ئاشتی بێ، ئامریکا لە نێوەڕاستی دۆخێکی ئەوتۆ دا. دوای ٥ی مای، کاتێک کە جان بۆڵتۆن ناردنی پاپۆڕی ئابراهام لینکۆڵنی بۆ کەنداوی فارس، وەک وەڵامێک بۆ ئەگەری هێرشی ئێران، ڕاگەیاند، چاپەمەنییەکان گەروویان بە هاوار بۆ داواکاریی ددان بەجەرگداگرتن، گەرتنە بەری رێکاری سیاسی لە لایەن ئامریکاوە و داواکاریی بۆ ڕاکێشانی جڵەوی پیاوە شێتە سمێڵدارەکە پێش ئەوەی کە شەڕێک دەست پێبکا، پچڕاندووە.
ئیتر گرینگ نییە کە سەرکۆمار ترامپ، مایک پەنس، مایک پۆمپیۆ، پاتریک شاناهان و بۆڵتۆن تاکە وشەیەکیان لە بارەی هێرشی پێشگیرانە، چ بگا بە شەڕی تەواو دژی ئێران نەکردووە. ئیتر شک و گومانی سەرکۆمار لەبارەی دستێوەردانی دەرەوەی خاکی ئامریکا چەندە ناسراوە گرینگ نییە. هاوارەکانی دژی شەڕ کاریان بە ناوەرۆک نییە و بێگومان لەبارەی چاوترسێن کردنی ئێران نییە. ئامانجی ئەوان نەجاتدانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما لە ڕێگای فریودانی ترامپ بۆ لەسەر کار لابردنی بۆڵتۆن و درێژ کردنەوەی تەمەنی ڕێژیمی ئێرانە.
ئەوە سێناریۆیەکە کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە کۆتایی ئاپریل، زەریف خۆی گەیاندە نیویۆرک و لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆیتەرز گوتی، ” من پێموانییە کە [ترامپ] شەڕی بوێ،” بەڵام ” ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو لە لایەن بۆڵتۆنەوە فریو نەدرێ.” لە ١٤ مای، یاریدەدەرێکی ڕوحانی تویتێکی بەرەوڕووی ترامپ بڵاو کردەوە، ” تۆ ڕێککەتونێکی باشترت لەگەڵ ئێران دەویست. ئێستا وێدەچێ کە لە جیاتان شەڕێکت گیر کەوێ. ئەوە شتێکە کە کاتێک کە تۆ گوێ لە سمێڵییەکە دەگری تووشی دەبی. سەرکەوتوو بی لە ٢٠٢٠!”
ئێستا ئەو قسەی ڕێژیم لە هەموو شوێنێک دەنگ دەداتەوە. دوو کاربەدەستی پێشووی ئۆباما لە لۆس ئانجێلێس تایمزدا نووسیان ” ئەوە دونیای جان بۆڵتۆنە. ترامپ تەنیا تێیدا دەژی.” پیتر بەرگەن لە ماڵپەڕی سی ئێن ئێن دا نووسیویەتی، ” جان بۆڵتۆن سرتەی شەڕ بە گوێی ترامپدا دەخوێنێ.” تریتا پارسی کە لایەنگری ئێرانە لە ماڵپەڕی ئێن‌بی‌سی نیوز نووسیویەتی ” ئەگەری شەڕی ترامپ لەگەڵ ئێران گشتی خەتای بۆڵتۆنە. بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوونیشی،” ڕۆبین رایت لە نیویۆرکەردا دەپرسێ، ” ئاخۆ ترامپ سەرکۆمارێکی دیکەیە کە دەبێتە هۆی هەڵایسانی ئاگری شەڕێکی دیکە؟.” چاو لە وەڵامی وێندی شێرمەن لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بکەن ” ئێمە ناتوانین ڕۆژەکانی پێش شەڕی عێراق دووپات بکەینەوە کاتێک کە جێی باوەڕترین هەواڵنێرییەکان ئەو شتەیان دووپات و بەرز دەکردەوە کە بەکردەوە بیانوویەکی بێ ناوەرۆک بوو.” ئەو لەجیاتی ئەوەی کە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی هەواڵ بێ، وتەی دژی بۆڵتۆن دووپات دەکاتەوە. بێگومان، ئامریکا گومانی ئەوەی هەیە کە ئێران “دەستی لە سابۆتاژی چوار پاپۆڕی نەوتدا هەبووە کە لە کەناری ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی لەنگەریان گرتبوو و عەڕەبستانی سعودیش باسی ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کرد کە لە لایەن حووسیەکان بۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودی کەڵکیان لێوەرگیرا.” بەڵام بڕوانە، ” ئێران ئەوەی ڕەت کردۆتەوە.” چی دیکەی دەوێ؟
ئەوە ژووری زایەڵەی ئێرانە کە دەست بەکار بووە. گوێ بگرن لە جێگری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئۆباما کە چۆن لە گۆڤاری نیویۆرک تایمزدا لە ٢٠١٦ ئیعترافی کرد، کاتێک کە گوتی، ” ئێمە ژوورێکی زایەڵەمان درووست کرد” تا هێرش بکەینە سەر دژبەرانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران، بە بڵاو کردنەوەی دەنگۆ لە دی سی پرێسدا. ” ئەوان ئەو شتانەیان باس دەکرد کە ئێمە بۆخۆمان پێمان دابوون.” و ” تاقیکارییمان دەکرد تا بزانین کە کێ دەتوانێ پەیامی ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر بگەیەنێ، و چۆن کەڵک لە تاقمی دەرەکیی وەک پلاوشەرز، ئیران پرۆجێکت و هەر لایەنێکی دیکە وەرگرین. کەوابوو ئێمە دەزانین کە تاکتیکەکانمان کاریگەر بوون.” ئەوان بۆیە کاریگەر بوون چونکە ” هەواڵنێرەکانی کە ئێمە قسەیان لەگەڵ دەکەین ٢٧ ساڵ تەمەنیانە و تەنیا ئەزموونی هەواڵنێریی ئەوان لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردن بووە. ئەوە ئاڵۆگۆڕیکی تەواو بوو. چونکە ئەوان بەڕاستی هیچ نازانن.”
کەوابوو، کاتێک کە سەرکۆمار ئۆباما باسی هەڵبژرادنی ڕێککەوتنەکە یا “چوون بۆ شەڕ”ی دەکرد، کەس مرتەقی نەکرد. کاتێک ئۆباما گوتی هێزە خاسەکان سەردەکەون ” سەرەڕای پارە، سەرەڕای لۆبی”، ژووری زایەڵە قسەکانیان دووپات کردەوە. کاتێک کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما سەرکۆمار ڕوحانی و وەزیری کاروباری دەرەوە زەریفیان وەک ڕیفۆرمیست ناساند کە خولیای تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگای ناونەتەوەییان هەیە، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لەدەست ئایەتوڵڵا خامەنەیی و قاسم سولەیمانی بەرپرسی سوپای قودس دایە، هەواڵنێرەکان وەک ئەرکدار ئەو پەیامەیان گواستەوە. بارمتەگرتنی ئێران، درووست کردنی مووشەک، دابینکردنی دارایی تێرۆریزم و شەڕە بە وەکالەتەکانی پاشگوێ خران. ئیسڕائیل و سەرۆک وەزیرەکەی، بێنیامین نەتانیاهو، وەک ئاستەنگی ڕاستەقینەی ئاشتی پێناسە کران. چ قسەیەکی بێ مانا.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکۆمار ئۆباما ڕێککەوتنەکەی گیر کەوت، ‌ەرچۆنێک بێ بۆ چەند ساڵ. کاتێک کە سەرکەوتنی ترامپ میراتی سیاسەتی دەرەوەی ئۆبامای لە مەترسی هاویشت، ژووری زایەڵە جارێکی دیکە وەکار کەوت. هەما ن کاربەدەستانی ئۆباما، ڕۆژنامەوان و پسپۆڕانی سیاسەتی دەرەوە کە وایان نواند کە روحانی گۆرباچۆفە، ماوەی دووساڵ بە ئێمەیان گوت کە ترامپ گوێ لەمستی ڕوسیەیە، ڕەنگبێ لە ساڵی ١٩٨٧ بەولاوە، “خەیانەتی” کردووە و پاش ئەوەی کە ڕاپۆرتی رابێرت موڵلێر تاوانکارییەکانی ئاشکرا کرد، لەسەر کار لادەبرێ. ئەوان ئامادە بوون ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ بە هۆی پێشێل کردنی یاسای لۆگان زیندانیی بکەن، تەنانەت لە کاتێکدا کە جان کێری و دایان فاینستەین، خەریکی وتووێژ لەگەڵ زەریفن.
ئەندامانی ژووری زایەڵە خوازیاری هێرش بۆ سەر ئێران نین، بەڵام بوختان بە بەرهەڵستکارە ئامریکاییەکانیان دەکەن. دوایین ئامانج بۆڵتۆنە، یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەگرانی سەرۆک کۆمار ئۆباما، ئەو ڕاوێژکارێکی ئاسایشی نەتەویی کاریگەر بووە بۆ سەرکۆمار ترامپ. بۆچی ئەو، لە جیات ئێران بە قووڵ کردنەوەی ئاڵۆزییەکان تاوانبار دەکرێ؟ ئەوە لەبەر ئەو هۆیەیە کە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەوانەشە خودی ڕێژیمی ئێران بەرەو لەناوچوون دەچن.
ناوەرۆک هەموو شتێکە. لە ٨ی ئاپریل سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە ئەو سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێنێ، ئەو هەنگاوە بۆتە هەڕەشە لەسەر بناخەکانی دارایی ئەوان. لە ٢٢ی ئاپریل، پۆمپیۆ ڕایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکان ئیجازەی کڕینی نەوتی ئێران کۆتایی پێدێنێ. لە هەمان ڕۆژدا، ئێران هەڕەشەی کرد کە گەرووی هۆرموز دەبەستێ. لە ٨ی مای، ساڵێک دوای جێهێشتنی بەرجام لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، ئێران هەڕەشەی کرد هەمان کار بکا.
ماڵپەڕی سی‌ئێن‌بی‌سی نووسی، ” ڕوحانی باسی جێهێشتنی تەواوی بەرجامی نەکرد،” بەڵام ئولتیماتۆمی دا بە ئوروپا. ئەوان ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتیان پێدرا کە یا ڕەچاوی ئابلۆقەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بکەن یا کڕینی نەوتی ئێران دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی کە بەرجام بپارێزن. ڕێبەری ئێران گوتی، ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئێران دەست دەکاتەوە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە پلەیەکی بەرز.”
ئەوە دیپلۆماسی نییە. ئەوە ئەستاندنی باجی سمێڵی ئەتۆمییە و بەڵگەیەکە بۆ بێ هیوابوون. ئێرانییەکان کەوتوونە دۆخێکی یەکجار دژوار. ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان ئابووری ئەوان تێک دەشکێنێ، بەڵام ئەگەر لە بەرجام بێنە دەر دەگەڕێنەوە سەر شوێنی دەستپێک. بۆ دەرباز بوون لە دۆخە دژوارەکە، هەوڵ دەدەن ڕێگای خۆیان بە هێرشکردن بکەنەوە. بۆیە ئێران دووبارە هەڵوێستی هێرشبەرانەی گرتووە: هارووژاندنی ئامریکا بۆ ئەوەی هێرش بکا، دەتوانێ ببێتە هۆی کۆکردنەوەی پشتیوانیی ناوخۆیی بۆ ڕێژیم و پەرتەوازە کردنی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان.
ئامریکا تووشی کەشوهەوایەکی ئالنگاری خولقێنی ناونەتەوەیی بۆتەوە، بە کێشە لە ڤێنێزوئێلا، کۆرەی باکوور، چین، ئوکراین، ئەفغانستان، سورییە، عێراق و ئێران. پانتایی و قووڵایی کێشەکان شەنوکەو کردنی بێلایەنانە و بڕیاری ژیرانە دەخوازێ. ئەو بەهەمان شێوە لە ئێمە دەخوازێ کە جیاوازیی نێوان چاوترسێن کردن، هێرشی تۆڵە ئەستێنەرانە، گۆڕینی ڕێژیم و داگیرکردنی زەمینی بزانین. لە کاتێکدا کە ڕەفتاری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو خراپتر بوون دەچێ، تەنیا دوو بژاردەی یەکەم بیریان لێدەکرێتەوە. دەزانن چییە؟ ئێمە تای ئاشتیمان هەیە و تەنیا نوسخە ئەوەیە کە بۆڵتۆن چالاکتر بێ.

سەرچاوە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٥٠