حومێــڕا، بەشی یەک. نووسینی: لەیلا قادری ـ ساکار

(چیرۆکی ڕاستەقینە له سێ بەشدا، بە هێندێ گۆڕانکارییەوە)
حومێڕا و یاقوب بە ویست و خواستی خۆیان و پاش دوو ساڵ نامە گۆڕینەوە و ژوانی کەلێن و قوژبنان، چوونە ژێر میچێکەوە.
کارم بەوە نییە کە خەسووی چەندی خۆ لە دار و بەرد دا، چەندی هەڕەشە و گوڕەشە بۆ ناردەوە، چیها نوشتەی لێکرد، چەندە دەستەوداوێنی شێخ و مەلایان بوو، کەچی ئەوەی کردیان، هەر کردیان و یاقوب دەستبەردار نەبوو.
تکای خوێنێکی لە یاقوب کرد، زۆری لەبەر خوێند، بەرۆکی خۆی دادڕی، دوعا و نزای کرد، وەک خەڵاتەکەی برایماغا، ماشێنەکەی لێ ئەستاندەوە.
یاقوب کۆڵی نەدا و شێلگیرتر بوو، بە تاقی تەنێ، بێ‌فێڵ و فەرەج و بە گیرفانی بەتاڵ و حەتاڵ، لە پێشخانەی ماڵی بابی حومێڕا چۆکی دادا، سینگی هێنا پێشێ و نەیهێشت تاقە چڵەشەمچەیەکی ماڵی بابی، بەو لایەدا بێ و لەسەر تەقتەقانەکەی بەر ماڵان، داوەتێکی چاکی بۆ گێڕا.
پاش چەند مانگێک، خەزووری هۆی داوە و خانووبەرەیەکی چاکی لە نێوشاری بۆ کڕین و گەردنی خۆی پێ ئازا کردن و وردەوردە گیسکە لەڕە کوژراوە و پێی قەوم و خوێش کراوە…
بیستبوویەوە وەجیهای خەسووی نیولیرەی پەهلەویی بووکێنیی خۆی فرۆشتووە بۆ سەرقەڵەمانەی دوعای ڕەش و لە مستی مەلا کوێرەی کردووە…بە گوێیان هەڵێنابوو وەجیها چ داوێکی بۆ ناوەتەوە و گوتبوویان ئامان سەد ئامان نەهێڵی تخوونی نان و چێشت و ئاوی سەماوەرت کەوێ.
لەقسان مەلا پێی گوتبوو: “نوشتەکە، مێو کە و دوو جار لە پەرداخێک ئاوی شیلەوگەرمی هەڵکێشه و پاشان ئاوەکەی بە جۆرێک دەرخوارد دە و ڕۆژی چوارشەممە، تەنگی شێوان بیبە قەبرستانی کۆن و لەبن سەری منداڵی نابالغی نێ.”

داخی نەدەچوو، دەیگوت: پاش برینگەریی(عەمەل) منداڵدانی چەندەم خزمەت کرد و چەندەم پیسایی لەبەر گرت، بەرگەدە خاوێنکردنەوە و قامک بە کۆمدا کردنەکەم هەر ناچێ لەبیر… کچەکانی خۆی بێزیان نەدەهات قۆتراشەکەش بەدەستەوە بگرن، ئەیامێکی چاک قەبز بوو کەچی منی گەوج و بێ‌ئاوەز، ڕۆژێ دوو جارم بە قامک گوو پێ دەکرد، دەمگوت بەشکم لووتم پێدا بێنێ و قەڵسەم لێ نەگێڕێ و نێوچاوانم لێ گرژ نەکا و لەولاولا و پاش‌ملە نێوی بابم نەهێنێ.
دەمزانی ڕۆژێک وەک ماری کەڕڕە پێمەوە دەدا و وام بە سەرەوە ناچێ…
پیس دۆڕابووم، دانیشتم، بە هەر دوو دەست لە ڕانی خۆم دا و زۆرم پەکوو پەکوو کرد، جا ئەوجار دەورێکی چاکم بۆ کەرەژنی و گەوجی و ساویلکەیی و دم‌چەوتیی خۆم هەڵگرت.
دوو سێ جار، جیفڕکم لە خۆم دا، گوتم دەچمە دەستەی ئەو دەڵەدێوە و خەشی خۆمی پێ دەڕێژم و ئەوی خراپە پێی دەکەم، کەچی دەستی خەزوورم کول بوو…چون بۆخۆی پیاوێکی وێچوو، بەخزمەت و ماقووڵ بوو. قەت لە گوڵێ کاڵتری پێ نەکوتم، زۆر جار هومایی دەکڕی، دەیگوت کڵاوێک بۆ خەزوورت بچنە، لەکن دۆست و برادەران دەڵێم دەستوکاری بووکەکەمە و خۆی پێوە ڕادەنێم.

دارێکم پێ بوو، هەر دوو سەری گواوی بوو، ئەخە زۆرم پیش بردەوە بەره خۆم و سەبرێکم ڕاگرت و متەقم نەکرد
چەند مانگی تێوەرسووڕا…
ڕۆژێک لە یاقوب بەشک بووم، سوور سوور دەمزانی بەینێکە خەریکی چییە و کەینەوبەینەی لەگەڵ کێ هەیه…بۆسەم بۆ ناوە و وەک مشک،کلکی پێوە بوو.
ئەوجار شەڕ گەیشتە قۆپی و هەر دەهات و خەستتر دەبۆوە، یاقوب حاشای لێ نەکرد و گوتی مەیلم چۆتە سەری و تۆش سەرپشک بە، یان دانیشە و هەوێساری قەبووڵ کە یان چیت دەکەوێ، دەتدەمێ و…
هەتا دەست دەیگرت و شان شل دەبوو، مستێکم لەبەر دمی دا، ئەویش دەستی کردەوە و بە تەقڵەکوت ماڵی خەزوورم هەموو تێوەگلان و هەر کەسەو لەقەدەر خۆی، ترش و خوێی لێدا و خۆی تەکاند و کشاوە.
خەسووم، گەزارەی کێشابوو، بزەبزێکی بوو نەبێتەوە، داوێنی کراسی بەلادا دا و لەچکەی توندوتۆڵ لە پشتە ملی گرێ دا و هەر دووک دەستی لە کەلەکەی نا و جا بەرامبەرم ڕاوەستا:
ئایاڕۆ حومە ڕەش، ئەوە لەبیرت چۆتەوە، تکا لە تکاکار بڕا، هێندەی خەڵکمان لێ ڕاسپێری؟! کووچە و کۆڵانی وڵات نەما تۆ ماچت لێ نەدابێ، بەزازی ئەو شارە نەما تۆ پێی قەرزدار نەبی، ژنی ئەو ناوەناوە نەما دەڵاڵی بۆ تۆ نەکردبێ، هەتا خۆت بەسەر کوێرەکەی کوڕمدا بڕی…ئەی بۆ ئەودەم ئاوا دەنگ دللێر نەبووی؟ شەرمەگێلاخەت دەکرد؟
بەرخم تۆ شەش ساڵە بووکی منی، هێشتا نەمدیوە جووتە گۆرەوییەک بۆ ئەو مێردەت بشۆی، ئێستاش نازانی دوو میوان بەخێرهاتن کەی و بە ڕووسووری بەڕێی کەی، ئەلحانیش نازانی چۆن لەگەڵ مێردەکەت جووت بی، ئەوەنێ کۆشت چەند پڕە!
کوڕی من دەتگوت کاکە مەمی ڕۆمێیه، تاقە تاڵێکی ڕەشت بۆ دەرمان بە سەرییەوە نەهێشت، هێندەت گوت “دایکت وای کرد، خوشکت وا ڕۆیشت”…
هەی لینگ داره‌لۆتی! لە سایە سەری تۆوە، جێژناوجێژن کوڕەکەمان دەبینین، تەرخی خوشک و برات پێ کرد، لە ماڵە بابەکەشیت کردووە.
یاقوب دەتگوت سەنگی محەکە، ئەها شەش دانە ساڵی ڕەبەقه دزی و گوێبڕی دونیا نەما بۆت نەکا.
ڕۆژەکە بیستم بەربووکت نەبووە و پەڕۆی ڕووسپێتیت کەس نەیدیوە، زوو زمانی خۆم گەزت، بەڵام ئاخ هەتیوەکەی خۆم خوێڕی بوو و ئاوری کردبۆوە. ئێستاش خۆ شەریک و برابەشمان نی، مارەییەکەت نۆزدە مسقاڵ زێڕە، کچی بابی خۆم نەبم ئەگەر ئەوڕۆ بۆت نەکڕم. ئیدی هەتیوەکەم مەخەسێنە و دەغزداری مەکە، شەرت بێ بە شەرتی خودا و ڕەسووڵان، گەردن‌کێلێکی چاوبەڵەکی بۆ بێنم، خەڵک دەسته‌دەستە بێنە سەیری. ئێ! ڕەنگە پێت وابێ کوڕی من پەکی بە تۆ کەوتووە، لینگ تووزەلە(دووزەلە)!

خەزوورم: کچێ تۆ من بە پیاو نازانی، شەرمێک شکۆیەک لەو بووک و زاوایانە بکە…باشە ئەوە بۆ من ئەوەندە پیاو نەبووم و جەنگای چەند ساڵە دەستم لە دەستی تۆ نەبۆوە، خۆ منیش ماڵێکی زۆر و زەوەندم هەیە، مارەییەکەی تۆش هەر بیست و پێنج سەر مەڕە…
هەی بابی خێوت(…) بۆ ڕێ و شوێن و قسەی لە گوێی منداڵی خۆتی دەئاخنی، چاکە!
بە لەشی ناخێرمان دوو کچی خەڵکمان لەپاڵ دایە و دوو زاوات گوێدێرن، جڵەوت نەگیرێ، ناهێڵی تاقێکیان دانیشن، دە بەسە هەموو وەزاڵە هاتووین لەدەست تۆ، تێکڕا وەرهەمی ڕەشمان هەڵێناوە.
+ مامە گیان، لەسەر من خۆت پیاوخراپ مەکە، من بەو کراسەی بەرم لەو ماڵە دەچمە دەرێ و لە خێر و بیرتان دەردەچم، دەست له مارەیی و دۆدوی بۆدیش دەشۆمەوە، تازه پشتی دەستی خۆم داغ دەکەم لە خۆشویستن…بەڵان هەتا بە روح زیندوو بم، قەرەواشی ئەو کەوشانەی تۆم و چاکە و پیاوەتیتم هەر لەچاو دایه.

یاقوب: ئەو بەر و بوخچەیەت بۆ ماڵی بابت تێک ناوە؟ دەچییەوە دەبێ هەفتەی حەوت ژەم مەزراویلکە و شۆرباوهێلکە بخۆی، جارێش دەبێ بە مارەوتەڵاقی منەوە بتلێیەوە.
+ سێ‌و‌دووت لەگەڵ ناکەم، تۆ عیشق لە کەلـلەی داوی و دڵت گەرم داهاتووە، ئەلحان من وەک دێوەزمە وام لەبەر چاوت، بەڵام جوان گوێ شل کە یاقوب، من بەو مەزراویکە و شۆرباوە گەورە بووم، بۆیە مەچەکم دەتکوت ئی پاڵەوانە، زرمەی پێم ئەو ماڵەی دەلەراندەوە، گولـلەم بەدەست دەگرتەوە، کاری ژن و پیاوم دەکرد هێشتا دەتگوت خۆری سەرکەڵم. تۆ نەبووی بە بەژن و باڵاتدا هەڵدەگوتم!؟ ئێستاش قسەکانت لە گوێمدا دەزرینگێنەوە، هەر هاتم لەو بەقوڕێگیراوەوە، وەک بەزی سەر مەنجەڵ توامەوە و هەڵقرچام.
تۆش تەڵاقم دەدەی یان نا، چ گونی خاڵم پێی ناچێ. خۆ دڵ گۆشتی سەر چەپەر نییە، تازە حاشاوەلیللا لە دڵداری.

ئــــیدامــەی هــەیـــە…

لـەیـلا قــادری/ســاکار