په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسی به‌بۆنه‌ی ٧٤ ساڵەی دامه‌زرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان
هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکراتی كوردستان!
بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان!
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان!
به‌بۆنه‌ی حەفتاوچوارەمین ساڵڕۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانه‌وه پڕ به‌دڵ پیرۆزباییتان پێ ده‌ڵێین. ٢٥ی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ، ٧٤ ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستاندا تێده‌په‌ڕێ. به دامه‌زرانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان، قۆناغێكی نوێ له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان له كوردستان به گشتی و له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به تایبه‌تی ده‌ستی پێكرد. خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌له‌كه‌مان به‌شێوه‌ی مۆدێرن و دێموكڕاتیك ڕێكخرا و به جه‌ماوه‌ری كرا. حیزب و ڕێبهرایهتییهكهی له هێندێك بژارده‌وه گۆڕا بۆ كۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵك له بهدهنهیدا و, نوێنه‌رانی چین و توێژه جیاجیاكانی خه‌ڵك له ڕێبهرییهكهیدا. پانتایی خه‌بات و ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌بات ئاڵوگۆڕی چۆنی و چه‌ندییان به‌سه‌ردا هات. جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی خه‌ڵكی كوردستان خۆی هەماهەنگ كرد له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕەكان و پێشكه‌وتنه‌كانی دنیای تازه‌دا و، خۆی ڕێكخست له‌گه‌ڵ پڕێنسیپه‌كانی دیپڵۆماسیی سه‌رده‌م و یاساوڕێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و بڕیار و پڕەنسیپەکانی په‌یوه‌ندیدار به مافی مرۆڤه‌وه.
جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به پێشڕه‌ویی حیزبی دێموكڕات و ڕێبه‌رایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له ماوه‌یه‌كی كورتدا به شێوه‌یه‌ك گه‌شه‌ی كرد و پێشكه‌وت كه بتوانێ به باشترین شێوه له ده‌رفه‌تی ڕه‌خساو كه‌ڵك وه‌رگرێ و كۆماری كوردستان دابمه‌زرێنێ، ئەویش به‌پێی پێوانه مۆدێرن و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان. هه‌نگاوه‌كانی حیزب و ڕێبه‌ره پێشەنگەكهی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د به شێوه‌یه‌ك سه‌رده‌میانه بوون كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا ڕۆڵ و كاریگه‌ریی هه‌مو چین و توێژه‌كانی كومه‌ڵی كورده‌واریی پێوه دیاربوو. ژنان شانبه‌شانی پیاوان هاتنه مه‌یدانی خه‌بات و لاوان ئاوڕیان لێ درایه‌وه‌و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو لەوان بۆ خوێندن نێردرانه ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
بناغه‌كانی به‌نه‌ته‌وه‌یی بوون كاریان له‌سه‌ر كرا و کۆمەڵێک هێمای نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك كۆمار، ئاڵا، هێزی پێشمه‌رگه و سروودی نه‌ته‌وه‌یی داندران و پێكهاتن كه تا ئێستاش گه‌لی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان شانازییان پێوه ده‌كا. هه‌روه‌ها مێتۆدهكان و پرەنسیپه‌كانی سه‌ره‌تای دامه‌زرانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی سیاسی، دێموكڕاسیخوازی، یه‌كسانیخوازی بۆ ژن و پیاو، باوه‌ڕمه‌ند بوون به ئازادی، ئه‌خلاقی سیاسی، ئاشتیخوازی، ئاماده‌یی بۆ قبووڵكردنی بیر و ڕای جیاواز و پێكه‌وه‌ژیانی به ئاشتیانه له‌گه‌ڵ پێكهاته جۆربه‌جۆره‌كانی كوردستان تا ئه‌مڕۆش چرای ڕووناككهرهوهی ڕێگای تێكۆشه‌رانی دێموكرات بوون و له‌مه‌ولاش هه‌ر ده‌بن. هه‌ربۆیه له قۆناغه سه‌خت و دژواره‌كانی خه‌باتی حیزبی دێموكڕاتی كوردستاندا وه‌ك سه‌رده‌می كۆمار، ساڵه‌كانی دوای كۆمار هەتا جووڵانه‌وه‌ی ٤٦_٤٧، تا ڕاپه‌ڕینی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایه‌تی و به‌رگری قاره‌مانانه له دژی هێرشی هێزەکانی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان و تا خه‌باتی خوێناویی ئه‌مڕۆمان كه سێ ڕێبه‌ری مه‌زن، ده‌یان كادری ڕێبه‌ری و هه‌زاران كادر و پێشمەرگەو ئه‌ندامی ئه‌م حیزبه و ده‌یان هه‌زار له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به له سێداره‌دان، تیڕۆڕ یا له مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ و هێرشی ناڕه‌وای دوژمن‌دا شه‌هید كراون، حیزبی دێموكراتی كوردستان ده‌ستی له‌و پرەنسیپانه ههڵنەگرتووه و ئێستاش پێیان وه‌فاداره.
حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له‌و مێژووه ٧٤ ساڵه‌یه‌دا، هه‌رگیز بیری له‌وه نهكردۆتەوە كه تیڕۆڕ به تیڕۆڕ، له سێداره‌دان، به له‌سێداره‌دان و ئەشكه‌نجه، به ئەشكه‌نجه وه‌ڵام بداته‌وه. حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له‌و ماوه دوور و درێژه‌دا ده‌ستی له پرەنسیپی ڕێگاچاره‌ی ئاشتیخوازانه بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد له ئێران‌دا هه‌ڵنه‌گرتووه و دایم ئاماده‌ی وتووێژ بووه‌و هه‌یه، هه‌رچه‌ند به‌رامبه‌ره‌كه‌شی به دڕنده‌ترین شێوه جوڵابێتهوهو هه‌رچه‌ند ڕێبه‌ری مه‌زنی وه‌ك دوكتور قاسملووشی له‌سه‌ر مێزی وتووێژ شه‌هید كراوه. مه‌نتقی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان ئه‌وه‌یه كه دوژمن ئه‌گه‌ر بتوانێ به كه‌ڵكی خه‌راپ وه‌رگرتن له ڕێبازی ئاشتیخوازانهت بشتكوژێ، نابێ ڕێگای پێ بده‌ی كه پرەنسیپهكانت لێ بستێنێ و بتكاته هێزێكی وه‌ك خۆی.
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان!
ڕاسته له‌و ماوەیە پڕ هه‌وراز و نشێوه‌دا بێگومان لە قۆناغه جیاجیاكاندا هەندێ كه‌مكاری، نائارامیی ته‌شكیلاتی و ته‌نانه‌ت پێكه‌وه نهحاوانهوهش له ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستاندا ڕوویان داوه و هێندێك هه‌ڵه‌ی ڕێكاری و ته‌شكیلاتی بۆ ئه‌وه ده‌بن بیریان لێ بكرێته‌وه و ده‌رسیان لێ وه‌ربگیرێ؛ به‌ڵام كۆی گشتیی مێژووی خه‌باتی حیزبی دێموكراتی كوردستان، به‌درێژایی ئه‌و ٧٤ ساڵه جێگای شانازییه و ڕێبوارانی ئه‌م ڕێگایه ده‌توانن به سه‌ربه‌رزییه‌وه ئاوڕ له ڕابردووی حیزبه‌كه‌یان بده‌نه‌وه، چونكه هیچ په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و جێگای شه‌رمه‌زاریی تێدا به‌دی ناكرێ. وە لەئێستاشدا خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ندیی حیزب له‌سه‌ر بناغه‌ی پڕەنسیپه‌كانی ڕێبه‌رانی شه‌هید و ڕابردووی پڕ له شانازیی له مه‌یدانه جۆربه‌جۆره‌كاندا درێژه‌ی هه‌یه. ژنان و پیاوانی دێموكرات به پیر و لاوه‌وه له‌نێو جه‌ماوه‌ری مافخوازی گه‌له‌كه‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له ڕیزه‌كانی ڕێكخستنی نه‌هێنی، پێشمه‌رگه‌ی نێو ده‌ریای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا بۆ پاراستنی ڕۆژهه‌ڵات، یا له ته‌شكیلاتی ئاشكرا و پێشمه‌رگه‌ی شاخدا، یا له شه‌قام و مه‌یدانه‌كانی شاردا به دڵێكی پڕ له هیواوه و له سه‌ر بناغه‌ی ڕێبازی شه‌هیدان درێژه به خه‌بات ده‌ده‌ن و ڕۆژ نییه له ڕه‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی خه‌باتدا چالاكی نه‌كه‌ن. ئه‌وجی خۆڕاگریی ڕێبه‌رایه‌تی، كادر و ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له دوای موشه‌كبارانی کۆبوونەوەی كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب بەهۆی كۆماری ئیسلامییه‌وه كه تێیدا 14 كەس له ڕێبه‌ران، كادر و پێشمه‌رگه‌كانی حیزب شه‌هیدبوون و ده‌یان كه‌سیش به توندی بریندار بوون، پیشان درا. وەک چۆن دیتمان کە قه‌ڵای دێموكرات بۆ یه‌ك ڕۆژیش له جووڵە نه‌كه‌وت و تێکۆشانی خه‌باتگێڕانه له ناوه‌ندی حیزب هەر وا درێژه‌ی هه‌بوو.
لە سەنگەر و بەستێکی دیکەشدا، خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری به پشتیوانی و ڕێنوێنیی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به شێوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌ی هەیه. پارێزه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات به لایه‌نگری له سیاسه‌ته‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان لە مەیدانە جۆربەجۆرەکاندا ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر مه‌یدانداری ده‌كه‌ن. ڕۆژهەڵاتتهوهری كه له داهێنانه‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانه، خه‌ریكه بنچ دادەکوتێ و لە مەیدانێکی هەراوتردا سه‌رنجی حیزب و لایه‌نی دیكه‌ی كوردستانیش بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێ. سیاسه‌تی حه‌كیمانه ویه‌كگرتوویی خوازانه‌ی حیزب كاریگه‌ری خۆی داده‌نێ وله داڕشتنی بناغه‌ی هاوكاریی حیزبه كوردستانیه‌كاندا ڕۆڵی خۆی گێڕاوه و له مه‌ودواش ده‌یگێڕێ. له مەیدانی خه‌باتی دیپڵۆماسی وڕێكخستنی كوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له تاراوگه‌دا حیزب هه‌نگاوی باشی ناوه‌و له یادی سی ساڵه‌ی تیڕۆڕی ڕێبه‌ری شه‌هید دوكتور قاسملوودا ئه‌وه به‌ته‌واوی سه‌لمێنرا.
هاونیشتمانییە بهڕێزەکان!
حیزبی دێموكراتی كوردستان سیاسه‌ته‌كانی خۆی له‌سه‌ر بناغه‌ی پرێنسیپه‌كانی به‌رده‌وام به‌ڕۆژ ده‌كاته‌وه، چ له به‌رانبه‌ر كۆماری ئیسلامی‌دا، چ ڕوو به ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سه‌راسه‌ریی ئێران، چ له به‌رانبه‌ر وه‌ڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا. سه‌ربه‌خۆیی سیاسی، داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌رگری له دێموكڕاسی، سێكۆلاریزم، ئازادی، یه‌كسانی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیخوازانه، خه‌بات له‌دژی تیڕۆڕ له هه‌مو پانتایی خۆیدا و به‌رگری له مافی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له و پڕەنسیپانهن كه هه‌رده‌م لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ده‌پارێزرێن.بۆیه پێوانه‌ی ئێمه له هه‌موو پێوه‌ندییه‌كاندا قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌تییه.
حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێك كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ كه به قازانجی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێ. له هه‌موو ئاڵوگۆڕ و مه‌سه‌له نێونه‌ته‌وه‌یی، ناوچه‌یی، ئێرانی وكوردستانییهكاندا بۆ حیزبی ئێمه پێوەر، پرسی كورد و بەرژەوەندییەکانیەتی.
حیزبی دێموكڕاتی كوردستان به پێی ئه‌و ئامانجانه‌ی باسمان کرد، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌وڵ ده‌دا بۆ یه‌كگرتن له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموكڕاتدا و یه‌كگرتویی له نێوان حیزب و ڕێكخراوه سیاسییه كوردستانییه‌كاندا. له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشدا پشتیوانی ده‌كا له مافی ڕه‌وای كورده‌كان بێ ئه‌وه‌ی ده‌خاله‌ت له كاروباریانی نێوخۆییاندا بكا. له ئێران هه‌وڵ ده‌دا مافی گه‌لی كورد بچه‌سپێ و دێموكڕاسی، ئازادی و یه‌كسانی به‌رقه‌رار بێ و هه‌ر هێزێك باوه‌ڕی به‌و مافانه نه‌بێ، ناتوانێ هاوخه‌باتی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان بێ. له دنیای ده‌ره‌وه‌شدا هه‌وڵ ده‌دا پشتیوانی بۆ خه‌باتی ڕه‌وای كورد به‌ده‌ست بێنێ و له سه‌ر بناغه‌ی قازانجه‌كانی گه‌له‌كه‌ی په‌یوه‌ندی داده‌مه‌زرێنێ.
جارێكی دیكه حەفتاوچوارەمین ساڵڕۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانتان پیرۆزبایی پێ ده‌ڵێین و هیوادارین له ژێر سایه‌ی تێكۆشان و ڕێنوێنیه‌كانی حیزبه تێكۆشهرهكهماندا به ئامانجی له مێژینه‌مان بگەین كه وه‌ده‌ستهێنانی مافی نهتهوهییەکانمانە.
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان،
به‌رقه‌راربێ ئازادی، دێموكراسی و یه‌كسانی،
نه‌مان بۆ دیكتاتۆری، تیڕۆڕیزم و شه‌ڕخوازی!
حیزبی دێموكراتی كوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
25ی گه‌لاوێژی 1398ی هەتاوی