تۆڵە. نووسینی: ڕەسووڵ سوڵتانی

قۆڵی قەڵەم هەڵدەماڵم
تین دەدەمە بای خەیاڵم
شاخ بە شاخ و دەشت و دەران

دەگەڕێم شوێنی سەنگەران

بن بەرد بە بەردی چیایان

دوور و نزیك بێ مەودایان

نێو دەوەن و دار و باخان

سینەی دەشت و لووتكەی شاخان

لە سێبەری هەر چنارێ

پشووی دابێ لێی ڕێبوارێ

بن پنچك و پەنا داران

بەربەڕۆچكە و بەر پەساران

گوێ هەڵدەخەم بۆ بەیت و باو

لە زمان منداڵ و ژن و پیاو

لە جامانەی مل كیژۆڵان

لە سرتەی نێو كووچە و كۆڵان

دەچمە لای دایكی شەهیدان

بۆو خەمانەی لە دڵی وی دان

گوێ ڕادەگرم لە هەموویان

لە چیرۆكی ئێستە و زوویان

 

هەركامەیان بە تاسەیەك

دەگێڕنەوە حەماسەیەك

داستانێك نا هەزار هەزار

وەك نوقڵ هەڵدەڕژێن لە زار

چیرۆك بەڵام وەك ئەفسانەن

ئی لاوی ئەم كوردستانەن

هەر سەنگەرە و ڕۆمانێكە

سەربردەی قارەمانێكە

هەر ڕەوەز و گاشەبەردێ

كتێبێ لە باسی نەبەردێ

دێڕ بە دێری شێعری كوردی

دەیانپشكنم بە وردی

هەر وشەیەك هاوارێكە

ئی زامی دەردەدارێكە

چەندی شانازی دەبینم

ورە و گیانبازی دەبینم

چەندەم چیرۆكی جوان پێیە

سەد ئەوەندەم برین لێیە

ئێستاش تا باس دێتە گۆڕێ

سمكۆ خوێنی لێ دەچۆڕێ

سێدارەمان بۆ هەڵخرا

لە سەقز، بۆكان، چوارچرا

 

پاڵەوانان چوونە سەردار

بەچۆكدانەهاتن سەردار

زیندان و كۆتوبەند، كوشتن

پەلاماردان و خوێنڕشتن

فتوای ئەهریمەنی تاران

بۆ سێدارە و گوللەباران

بەرد خوێن دەچۆڕا لە چاوی

لە ئاستی سنەی خوێناوی

لە ورمێوە هەتا پاوە

لە خوێنی ئاڵ هەڵكێشراوە

پەنجاونۆلاو بێ سەروشوێن

سابڵاخ هەر نەیزانی لە كوێن

قاڕنێ و قەڵاتان مێژووە

دەریای خوێنی لێ ڕۆیوە

با سەرێ بدەم لە بێستوون

دڵم هێناویە گۆشتەزوون

بە یادی كەماڵ دەباغی

بۆنێ بكەم دەشت و باغی

سوژدە بەرم نزیك و دوور

بۆ زێدەكەی شەهید شاپوور

جا بێمەوە بۆ كۆساڵان

یادێ لە كۆنە هەڤاڵان

 

كۆساڵان هەر تەمە سەری

دەچمە نیەری مینبەری

لادەدەمە لانی شێران

مەكۆی سەربەرزی دلێران

سەرانسەر ئەم كورستانە

بست بە بست ئەم نیشتمانە

حەماسێكی لێ خوڵقاوە

شەهیدێكی لێ نێژراوە

دێمەوە لای شەهید هەمزە

بۆ خەباتی نوێمان رەمزە

چون ئەوان بوون لە شەو راسان

دوژمن جارێكی دییش تاسان

دوژمن دەمێكە دەزانێ

چەندی بە قەوتر خۆی رانێ

ناتوانێ من بترسێنێ

ورەی لاوم ناڕمێنێ

چون ئەو خوێنانەی رژاون

تۆوی خەباتن نێژراون

تین و گوڕن بۆ نەسرەوتن

هەوێنێكن بۆ سەركەوتن

ئەوەتانێ هەموو ساتێ

خۆر هەڵدێ لە رۆژهەڵاتێ

 

وەفادارانی ڕێی قازی

بە شانازی بۆ گیانبازی

ڕێبوارانی ڕێی ڕزگاری

كوڕ و كیژی لادێ و شاری

وەفاداری شەهیدانن

سەنگەریان هەر ئاوەدانن

ئێستاش پۆل پۆل دێن كوڕ و كاڵ

وەك پڵینگ و هەڵۆی تیژباڵ

بەبیر و باوەڕ و هەستن

دێن لێرە پەیمان دەبەستن

***

دیسان مانگی خەرمانانە

مانگی خوێن و برینانە

دیسان ئەهریمەن غەزریوە

قین و ڕقی دابەشیوە

تینووی خوێنی ئاڵی كوردە

بۆ كوشتن بە دەستوبردە

خوێنمژ تاسەی بە خوێن دەشكێ

لە داخان خوێن نەمژێ دەمرێ

مەرگی باراندە سەر قەڵا

لە ئایەت و سووڕەی بەڵا

پاڵەوان خەڵتانی خوێنن

مێژوو بە خوێن دەنەخشێنن

پۆلێ شەهید ریز كراون

بە ئاڵایێ داپۆشراون

بزەی زێوەیی هەر گەشە

دەڵێ دوژمن مەرگی بەشە

جەماڵ و پێشەوا و مەنسوور

لەگەڵ نەسرین و حەسەنپوور

مام شێركۆ، عوسمان عوسمانی

هاوڕێ و تفەنگەكەی شانی

هاشم عەزیزیش لەوێیە

حەتمەن قسەی خۆشی پێیە

سۆیلا گەش گەش وەك هەمیشە

لەولاوەتر قالە ڕیشە

پیرۆتی و فاڕووق و موختار

كاروان دەچێ بەرەو هەوار

دێم بە ئەسپایی بە كزی

دەچمە لای كەریم سەقزی

تا حەماسەی شێخ چۆپانی

وەرگرم بۆ هەڤاڵانی

فریای ئەو ناكەوم تاوێ

بانگم دەكا شۆڕە لاوێ

ڕاگرە سەروای شیعر كەمێ

با هەواڵێكی نوێت دەمێ

 

جارێ شیعرت مەخوێنەوە

برایم و عەلیش بلاوێنەوە

كاری بەبێ تەگبیر مەكە

بایز و سادق لە بیر مەكە

لەبیر نەكەی قارەمانیی

ئازاد و ئەمیر نستانی

………..

خەرمانانە و دڵ خەمینە

دڵی وڵات پڕ لە برینە

نیشتمانم دڵ بە سوێیە

جەرگ و هەناوی توێوێیە

بەڵام من ناخا ئەو زامە

هەرچەند بە ژان و بەسامە

قاسملوو دەرسی داداوم

ڕێ و نیشانی بۆ كێشاوم

لە مامۆستای دیموكراسی

ئەم وانە پیرۆزەم ناسی

پاداشتی ئەو شەهیدانە

درێژەدانی ڕێگەیانە

شەرەفكەندی فێری كردووم

ئەو وانەیەی لە گوێ خوێندووم

لە سەر ڕێمان پێداگرین

بۆ شەهیدانمان ناگرین

ئیتر من بڕیارم داوە

خەیاڵی دوژمنم خاوە

ڕۆڵەی ئەو گەلە بوێرەم

سەنگەر چۆڵ ناكەم و لێرەم

دەبمە چقڵێ لە نێو چاوی

لێی تاڵ دەكەم نان و ئاوی

خەوی خۆشی دەزڕێنم

ئۆقرە و ئارامی دەستێنم

جاشی گەڕی بۆ ناڵ دەكەم

نان و ئاوی لێ تاڵ دەكەم

چیام بەو بایە نانەوم

ڕۆژێ دێ من سەردەكەوم

ڕۆژی گەشی بێبەشان دێ

ڕۆژی سزای ڕووڕەشان دێ

تۆماری ژین دەخوێنمەوە

تۆڵەی شەهید دەستێنمەوە

لە شار و دێ لە مەیدانان

بۆ پەندی دەورو زەمانان

وەك گەڵا جاش هەڵدەوەرێ

دەبێ خوێن بێ و سەران بەرێ

ئەوانەی وا دژی خۆرن

لایەنگری زوڵم و زۆرن

بۆ سەولەیەك هاوڕێی شەون

وەبەر لێبوردن ناكەون

بنوو هاورێ شەهیدەکەم

ئارام بە سۆمای دیدەکەم

هەرگیز چۆل نابێ شوێنی تۆ

ناچێ بەفیڕۆ خوێنی تۆ

ئەو خوێنەی لەو زامە ڕۆیی

هەوێنە بۆ سەربەخۆیی