کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە مەبەستی تاوتوێی چەند بابەتێکی کاریی ناوەند و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان کۆبوونەوەیەکی پێک‌هێنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ بە بەشداریی هەیئەتەکانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری و لە ڕێگەی سکایپەوە بەڕێوە چوو، وێڕای باس و هەڵسەنگاندنی بابەتە ڕۆژەڤەکانی ئێران و کوردستان، بڕیار لەسەر چەند بەرنامەیەکی کاری و مەیدانیی ناوەندی هاوکاری درا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەرپرسایەتیی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی لە ئەستۆیە، باسێکی گشتیی لەسەر دەستووری کاری کۆبوونەوەکە و ئەم مژار و بابەتانە کرد کە ناوەندی هاوکاری پێویستە بە بەرچاوڕوونیی زیاترەوە کاریان لەسەر بکا.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا چەند بەڵگەنامە و پڕۆژەیەکی کاریی ناوەند لە لایەن بەشدارانەوە هەڵسەنگێندرا و بۆ بڕیاردان لەسەریان بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ناوەند داندرا.
ئێرانی دوای کۆرۆنا و بەرپرسایەتیی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی و ناوەندی هاوکاری لە فازی نوێی ناڕەزایەتییەکان و خەباتی سیاسی و مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان، تەوەری سەرەکیی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.
ناوەندی هاوکاری لەو بارەیەوە ڕای وابوو کۆرۆنا ئێستاش پرسی جیدیی کۆمەڵگەی ئێرانە و بڕیاری حکوومەتی ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ ئابووریی داڕماوی دەگەڕێتەوە کە توانای بەرگەگرتن لەبەرامبەر ڕێکارە بنەڕەتییەکانی وەک قەرەنتینە و ڕێگری لە کۆبوونەوە و هاتوچۆی نییە.
ناوەندی هاوکاری بە وەبیرهێنانەوەی کەمتەرخەمی و خۆدزینەوەی ڕێژیم لە بەرپرسایەتییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆپاراستن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بۆ خەڵک و پێڕاگەیشتن و چارەسەری پزیشکی بۆ توشبووانی کۆرۆنا، تیشکی خستە سەر ئەوەی هەتا ئیستاش هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ کەلک‌وەرگرتن لە بارودۆخی کۆرۆنا بۆ لابردنی سزاکانی سەر خۆی درێژەی هەیە.
ناوەندی هاوکاری ڕای وایە کە ڕێژیم ئەمجارەش نەیتوانی وەڵامدەری قەیرانە سروشتییەکان بێ، بەڵام لە دڵی ئەو قەیران و نەهامەتییانەشدا کە بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرن و بەهۆی بێ‌کیفایەتیی بەرپرسانی ڕیژیمەوە زیان و خەسارەکانی بۆ خەڵک چەند قات دەبن؛ ڕێبەرانی ڕێژیم تەنیا مانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بۆ گرینگە. وەک چۆن ئەمجارەش بە بەبارمتەگرتنی خەڵک ویستیان بە کەلکاوژوو لە پەتای کۆرۆنا دەسکەوتی سیاسی و ماڵی بۆ ڕێژیمەکەیان دەستەبەر بکەن.
ئەندامانی ناوەندی هاوکاری لە درێژەیان باسەکەیاندا، لەپێناو بەردەوامیی خەباتی سیاسی و ئەو بەرگژانەی دەبێ بۆکۆماری ئیسلامیی دروست ببن، کۆمەڵە ئەرک و ڕاسپاردەیەکی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ئێران و بەتایبەت ناوەندی هاوکاری لە کوردستاندا دەستنیشان کرد.
کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان پاش تاوتوێی چەند خاڵی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ کار و ئەرکەکانی داهاتووی ناوەند، کۆتایی پێهات.