دەقی نامەکەی مەزڵوم کۆبانێ بۆ ئەمریکاییەکان

چەند رۆژێكە ئەو هێزانەی سەركردایەتییان دەكەم، شەكەتن له بەرگریكردن لە سێیەكی خاكی سووریا، لەبەردەم هێرشی توركی پاڵپشت بە گرووپە جیهادیەكان، ئەو رووبەرە كە شوێنی پارێزراوی ئەو نەتەوانە بووە كە لە دوو سەدەی رابردوو رووبەڕووی كۆمەڵكوژی توركی بوونەتەوە لە كورد و سریان و ئاشووری و ئەرمەن، هەروەها ئێمە ئەو وڵاتە لەمەترسی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دەپارێزین، لەكاتێكدا زیاتر لە 12 هەزار تیرۆریستی رێكخراوی داعشی لەخۆگرتووە كە لە ماوەی چەندین قۆناغی شەڕ دەستگیركراون، ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پابەند بوایە بە بەڵێنەكانی لەبەرامبەر ئێمە، توركیا نەیدەتوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجامبدات، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە لە ناوچە سنووریەكان بكشێینەوەو پێگەكانی بەرگریمان وێران بكەین، بەڵام ئەوەی لێرە روویدا ئەوەیە سینگ رووت بووین لەبەردەم خەنجەری توركی.

ئێستا سووریا چەند رێگەیەكی لەپێشە، شەڕی خوێناوی نەتەوەیی نوێ، یان داهاتوویەكی پارێزراو و چارەسەری سیاسی

كاتێك جیهان سستی نوواند لە پێشكەشكردنی هاوكاری، ئەمریكا دەستی هاوكاری بۆ درێژكردین، ئەوەش جێگای رێز و ستایشی ئێمەیە، چەند ساڵێك تێپەڕین سەرۆك ترامپ باس لە گەڕانەوەی سەربازانی بۆ وڵات دەكات، ئێمە لەوە تێدەگەین، هەموو مرۆڤێك دەخوازێت بگەڕێتەوە ماڵەوە، كوڕ بۆ باوەشی باوانی، باوك تامەزرۆی بینینی منداڵەكانیەتی، دڵدار تامەزرۆی خۆشەویستەكەیەتی، دەمەوێ بڵێم ئەوەی ئێمە لێرە پێویستمان بوو، ئەوەنەبوو سەربازی ئەمریكی لەگەڵمان بجەنگێ، ئێمە ئەوە دەزانین ئەمریكا پۆلیسی جیهان نییە، بەڵام ئەوەی پێویستمان پێیبوو و هەمووشمان دەزانین ئەمریكا توانای هەیە، بوونی ئەمریكا گرەنتی بوو بۆ چارەسەری سیاسی، ئێمە دەزانین ئەو هێز و هەژموونەی هەیەتی توانای دەستپێكردنی دیالۆگی سیاسی هەیە بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی هەمیشەیی لەنێوان ئێمە و توركیا.

بڕوامان بە دیموكراتیەت هەیە وەكو چەمك، هەروەها ئێمەش كراوەین بۆ بە بنەماكردنی هەر پڕۆژەیەكی دیموكراتی، بەڵام ئێمە كاتێك رووبەڕووی ئەو هێرشە و مەترسی كۆمەڵكووژی دەبینەوە بژاردەكانمان تاوتوێ دەكەین، رەنگە ناچاربین چاو بە هاوپەیمانییەتییەكانماندا بخشێنینەوە، چونكە مەترسی داعش هێشتا ماوە، هەروەها زیندانییەکانیان و كەمپەكانیشیان بریتین لە بۆمبێكی تەوقیتکراو و نازانین كەی بە ئێمە و جیهاندا دەتەقێتەوە.

لەژێر سێبەری مەترسی ئەو كۆمەڵكوژییەی رووبەڕووی گەلەكەمان دەبێتەوە بەهۆی هێرشی توركی، پێدەچێت رووسیا و رژێم بیرۆكە و پێشنیازیان هەبێت بۆ رزگاركردنی گیانی ملیۆنان كەس لە گەلەكەمان، بۆیە رەنگە ناچاربین ئاراستەمان بەرەو دیمەشق و مۆسكۆ بگۆڕین، ئەگەریش هەیە دەستبەرداری هەندێك لە مافەكانمان بین، بەڵام كاتێك دوو بژاردەت لەبەردەم بێت لەنێوان كۆمەڵكووژی نەتەوەیی و دەستبەرداربوون لە هەندێك ماف، بەدڵنیاییەوە رزگاركردنی گەل لە كۆمەڵكووژی باشترینە، هەوڵ بۆ سووریایەكی دیموكراتی نوێی بێ كێشە دەدەین، كە پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەبێت، هەر ئەوەش هانیداین هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا بكەین، بەڵام پاراستنی گەل هەمیشە لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە.

بڕوامان بە دیموكراتیەت هەیە وەكو چەمك، هەروەها ئێمەش كراوەین بۆ بە بنەماكردنی هەر پڕۆژەیەكی دیموكراتی

ئێستا سووریا چەند رێگەیەكی لەپێشە، شەڕی خوێناوی نەتەوەیی نوێ، یان داهاتوویەكی پارێزراو و چارەسەری سیاسی ، ئەمەش لەسەر بڕیاری ئەمریكا رادەوەستێ، كشانەوەی بێ چارەسەر دەبێتە هۆی شەڕ و كوشتن و وێرانكاری زیاتر، بەڵام مانەوەی بە گرەنتی دەبێتە هۆی چارەسەری سیاسی، بڕوامان بە سووریایەكی نوێی دیموكراتی هاندەری بنەڕەتی بوو كە وایكرد هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا بكەین، بەڵام ئێستا ئێمە بێ ئومێد بووین، بەهۆی ئەو هێرشە دڕاندنەی گەلەكەمان رووبەڕووی دەبێتەوە، هەر ئەوەش كاری لە پێشينەمان دیاریدەكات بۆ بەرگریكردن پێش بیركردنەوە لەهەر شتێك.

مەزڵووم کۆبانێ

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات