دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حدک لە ڕێورەسمی 26ی سەرماوەز

خالید عەزیزی: بنەمای سیاسەتی ئێمە لەهەر دانوستان و هاوپەیمانییەکدا بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و پێداگری لەسەر مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کوردە

(دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێورەسمی 26ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان)
ئەمرۆ ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانە. ئاڵا و پێشمەرگە میراتێکن لە کۆماری کوردستانەوە بۆ ئێمە ماونەتەوە. ئەم رێچکەیە پێشەوا قازی محەممەد بۆ ئێمە شکاند و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بە گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی هەتا ئێستا بەردەوام و ڕوو لە پێشێ بووە. ئەم حیزبە لە هەموو ژیانی سیاسیی خۆیدا و لە هەموو ئەو کاتانەی کە تووشی هەوراز و نشێو بووە ئەوەندەی کە لە توانایدا بووبێ، ئاڵای خەبات، واتە ئاڵای شوناسخوازیی کوردی هەر شەکاوە ڕاگرتوە و ناوی پێشمەرگەشی بەشانازییەوە لە شکۆدا پاراستوە و نەسل بە نەسل هەتا ئێرەی هێناوە. ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ڕۆژی ئاڵا لە هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان، هەروەها بەتایبەتی لە بنەماڵەی شەهیدە پێشمەرگەکان، کە کچ و کوڕ، دایک و باوک و هەر ئەندامێکی بنەماڵەیان پێشمەرگە بووە و شەهید بووە؛ پیرۆز بێ. پیرۆزە لە بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی کە ئازیز و خۆشەویستێکیان لەسەر ڕێبازی پێشمەرگایەتی کە گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمانە؛ لە زینداندان. پیرۆزە لە هەموو ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاواتیان دەخواست لە وەها ڕۆژێکدا لەگەڵمان بن و لەگەڵ ئێمە بەشداری ئەم ڕۆژە پیرۆز و مەزنە بن. پیرۆزە لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە تەواوی ئەو ماوەیەدا بە شێوازی جیاواز و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە بە پاراستنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نەتەوایەتیی خۆیان، هەوڵیان داوە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن و ئیجازە نەدەن کۆماری ئیسلامی نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد وا بەئاسانی تەحقیر بکا و، بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان هەوڵیان داوە بە ڕێبازەکەی پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی وەفادار بمێننەوە.

هاوڕێیانی خۆشەویست! خوشک و برایانی ئازیز! پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و بەتایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات!
کورتە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات، ئەوەمان بۆ دەردەخا کە نە ڕووخانی کۆماری کوردستان، نە بەندکرانی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، نە دەربەدەریی حیزبی دێموکرات، نە شەهیدبوونی ڕێبەرانمان، نە شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە و نە تەقینەوەی شەوی یەلدا و نە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، کە شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگە و کادر و ئەندامی ڕێبەریی ئەم حیزبەی لێکەوتەوە؛ ئەمانە بە هەموویانەوە نەیانتوانیوە هیچ کات ئیرادەی حیزبی دێموکرات و ئیرادەی پێشمەرگەی بەچۆکدا بێنن و هیچ کاتیش بەچۆکدا نایە.

پێشمەرگە ئازیزەکانی کوردستان!
لە دنیای ئەمڕۆدا زۆر شوێن هەن کە سەرماگوزارییەکی زۆر و زەوەند دەکەن بەو مەبەستەی ناویان بچێتە نێو ناوان؛ بەڵام ناوی پێشمەرگە بە قارەمانەتی و فیداکاری لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورددا لە دنیا بڵاو بۆوە. بوو بە ناوێک کە کاتێک باسی خەبات و تێکۆشان و فیداکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێ، کاتێک باسی بەرەنگاری لە بەرامبەر تێرۆریزمدا دەکرێ جا ئەو تێرۆریزمە هیی کۆماری ئیسلامی بێ یان هەر تێرۆریزمێکی دیکە بێ؛ لەوێدا ناوی پێشمەرگە بە سەربەرزییەوە دێتە گۆڕێ و دنیاش ناتوانێ ئینکاری تواناکانی پێشمەرگە بکا.
ناوی پێشمەرگە وەک باسمان کرد بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە. کاتێک پێویستیی هێزێکی پارێزەر لە سەردەمی کۆماردا پتر لە پێش دەردەکەوێ، دەگێڕنەوە ناوی پێشمەرگە لەلایەن پیرەپیاوێکی دنیادیدەوە پێشنیار دەکرێ و ئەم ناوە پڕمانایە بە بەژنی پێشمەرگە و فیداکارییەکانی ئەو دەدووردرێ. جا کەوایە ناوی پێشمەرگە بە هەموو لێکدانەوەیەک لە جێگای خۆیەتی و پڕبەپێستی ئەم کەسە لەخۆبوردووەیە.

هاوڕێیانی ئازیز!
کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نیزیک مانگێک لەمەو بەر کۆتایی پێهات. ئێمە لە کەش و هەوایەکدا کۆنگرەمان گرت، کە کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕێژیمە و دەزگا سەرکوتکەرەکانیان هەر بەو شێوەی کە لە نێوخۆی وڵات لە سەرکوتی خەڵک ڕانەوەستاون، هەوڵیان دەدا کە کۆنگرەکەی حیزبی دێموکراتیش نەگیرێ و لەو ماوەیەدا هەموو پیلانێکیان گێڕا؛ بەڵام بەخۆشییەوە کۆنگرە کە بە ناوی کۆنگرەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات ناودێر کرابوو، بە پشتیوانی و فیداکاری و ڕێکوپێکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بۆ جارێکی دیکەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەجێ گەیاندنی ئەرکێکی گەورە واتە گرتنی کۆنگرەی حیزبی دێموکرات بەخۆشییەوە دەورێکی باشیان بینیوە.

هاوڕێیانی خۆشەویست!
ئێمە لە کاتێکدا یادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە، کە ئێران لە زۆر بوارەوە کەوتووەتە ناوەندی باس و لێکدانەوەکان، ئێمە لە حاڵێکدا ئەو ڕۆژە پیرۆزە وەبیر خۆمان و وەبیر کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد بەگشتی دێنینەوە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانێکی بەربڵاوی ئابووری، ئەمنیەتی و سیاسی لە نێوخۆ و لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووە.
هەر لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە لەدژی ئەو ڕێژیمە کران، حەقیقەتێکی ناشارەوەی تێدا بوو؛ یەکەم ئەوەی کە دەسەڵات بە هەموو توانای خۆی لە هەموو هێزە ئەمنیەتییەکانی خۆی کەلکی وەرگرت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەو خۆپیشاندانانە سەرکوت بکا. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا سیاسەتێکی نەگۆڕی گرتووەتە بەر و وڵامدەری ویست و داخوازی خەڵک نییە و هەمدیسان مانەوەی خۆی هەر زەبروزەنگدا دەبینێ. دووەم ئەوەی کە ئەم خۆپیشاندانانە کوتوپڕ و بێبنەما نەبوو، بەڵکوو لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و وڵامنەدانەوە و حاشاکردن لە مافی خەڵکی ئەم وڵاتە بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی لەلایەن دەسەڵاتەوە بوو. لە هەمان کاتیشدا ئەم خۆپیشاندانانە نیشاندەری ئەوە بوو کە کۆمەڵانی خەڵک لە ڕاستیدا ترسیان شکاوە. جیاوازیی ئەم خۆپیشاندانانە لەوانی پێشوو ئەوە بوو کە لە پێوەندی لەگەڵ دروشم، هەڵوێست و هەروەها ڕێکخستنەوە؛ دەرخەری ڕادەیەک لە تێگەیشتن و پێگەیشتن بوو. هەموو ئەوانەش پێکەوە ئێعترازێکی جدی بە کۆماری ئیسلامی بوو و لە هەمان کاتیشدا بڕوا بەخۆییەکی زۆر بەهێزی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی بەدی هێنا. بۆیە ئێمە گەشبینین بەوەی کە ئەو قەیرانانەی لە ئێراندا لەگۆڕێدایە و خودی ڕێژیم خولقاندوونی؛ لە درێژەی خۆیدا کۆماری ئیسلامی دەکاتە قوربانی و لە ئاکامدا هەر خەڵکە کە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان سەرکەوتوو دەبن.
لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئەو جێگەی پێوەندیی بە ویست و داخوازە ئابووری، کۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی و دێموکراتیکەکانی کۆمەڵانی خەڵکەوە هەیە، ئێستاش زیاتر لە جاران سەرنج و گرینگیی پێ نادرێ. بوودجەی پێشنیاریی دەوڵەت بەبێ سەرنجدان بە بژیو و خۆشبژیویی خەڵکی ئێران و ئاوەدان کردنەوەی وڵات تەرخانی دەستێوەردان و نائەمنکردنی وڵاتانی دیکە دەکرێ. فشاری ئابووری کە لەلایەن ئامریکاوە خستراوەتە سەر کۆماری ئیسلامی، کاریگەریی بەربڵاوی لەسەر کۆمەڵگەی ئێران داناوە. بەڵام هەتا ئەو جێگەی پێوەندیی بە بەرپرسانی ڕێژیمەوە هەیە ئەو سەروەت و سامانە هەر لە پێناو زێدەخوازییەکانی خۆیان بەکار دێنن. بوودجەی دیاریکراوی ئەمساڵیش نیشانی دایەوە کە هەروەک پێشوو دەرفەتەکان لە خەڵک ئەستێندراوەتەوە و ئاوڕێک لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵانی ئەم وڵاتە نەدراوەتەوە. ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە گرانبوونی بێنزین ڕژانە سەر شەقامەکان، ئێمە دڵنیاین لەبەر ئەوەی کە بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک نییە، بەداخەوە دیسان کۆمەڵانی خەڵک –بەلەرچاو گرتنی تێچووی گیانیی زۆر- لە داهاتووشدا دەبێ ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو فشارانەی کە خستوویەتە سەریان ببنەوە. ئێمە هیوادارین یەکڕیزی و یەکدەنگیی کۆمەڵانی خەڵک بەستێن و مێکانیزمێکی باشتر دروست بکا بۆ ئەوەی کە لە داهاتووشدا –کە پێشبینی دەکرێ دیسان ناڕەزایەتیی لەم چەشنە ڕوو بدا- دروشمی سەرەکی، ئەوە بێ کە کۆماری ئیسلامی وڵامدەری ویستی خەڵک نییە و ئیرادەی چارەسەریی کێشەکانی نییە.
پەیامێکی تری ئەم خۆپیشاندانانە بۆ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەگەر تایبەتتری بکەینەوە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانین بڵێین کە خۆپیشاندانەکانی ئەوێ پەیامەکەی بۆ ئێمە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو. هەتا ئەو جێگەی پێوەندیی بە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، بەداخەوە هەتا ئێستاش بەربڵاویی بە ئێمەوە دیارە؛ بەڵام ئێمە گەشبینین هەموو ئەو دانیشتنانە کە لە نێوان دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچێ و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو هەمیشە هاندەر بووە و هەوڵی داوە لەوێ ببێتە هۆی لێک نیزیک بوونەوەی لایەنەکان، بەردەوام لەم پێناوەشدا دەچێتە پێش. سیاسەتی ئێمەش ئەوەیە تێبکۆشین لەگەڵ زۆربەی ئەوانە لە وتووێژ و ڕاگۆڕینەوەدا بین و، تێبکۆشین لە هەموو دانیشتنەکاندا لەسەر مافی نەتەوایەتیی خۆمان و لەسەر سەقامگیر کردنی دێموکراسی لە ئێران پێداگریی بکەین و؛ ئەوە بنەمای سیاسەتی ئێمەیە لە پێوەندی لەگەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە تێدەکۆشین هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی‌دەربڕینەکانی ئەوێ بکەینە بنەمایەک بۆ دەستووری کاری حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، هەتا ببێتە مایەی کۆدەنگی و هاوکارییەکی بەهێز لە نێوان خۆماندا و، لەژێر ڕووناکایی ئەم هاواهەنگییە بتوانین لە داهاتوودا باشتر لە ئێستا و ڕابردوو، ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لەدژی کۆماری ئیسلامی دەردەبڕدرێن بەڕێوە بەرین و ئیدارەیان بکەین.
لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە لە دانیشتن و دیدارەکانی خۆی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دەبنە بەردەنگمان و بە جۆرێک بیر لە داهاتووی ئێران و ئەمنیەتی ناوچەکە دەکەنەوە و، لەم نێوەدا ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتیش -بە ئێعتباری دۆخ و نفووزێک کە چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیەتی-؛ تێکۆشاوین ئەو پەیامە بە هەموو ئەم لایەنانە و خەڵکی کوردستانیش بگەیەنین، کە ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان وەگەڕ دەخەین لە پێناو ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نەمێنێ و دەسەڵاتێکی فرەچەشن و دێموکراتیک لەم وڵاتەدا بێتە سەر کار. لە هەمان کاتیشدا پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە هەتا ئەو جێگەی پێوەندیی بە پرسی کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە و، هەتا مافەکانی ئەم نەتەوە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژیی و، هەروەها لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە لە داهاتووی ئێراندا دێتە پێشێ، جێبەجێ نەبێ و لەبەرچاو نەگیرێ؛ نە ئێران ئەمنیەت و ئاسایش بەخۆوە دەبینێ، نە دێموکراسی تێدا سەقامگیر دەبێ و نە ئەم وڵاتە دەتوانێ ببێتە هۆی پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەکە.
جا کەواتە هیچ شوێنێک و هیچ لایەنێک چ لە نێوخۆ و چ لە ناوچە و چ لە دەرەوەی وڵاتیش ناتوانن فاکتۆری کورد لەبەرچاو نەگرن. ئەوەی کە دەڵێین هیچ لایەنێک ناتوانێ گرینگی بە پرسی کورد نەدا، لەم ڕووەوەیە کە ئەم نەتەوەیە بەردەوام لە مەیداندا بووە و شەڕی لەدژی تێرۆریزم کردووە، ئەم گەلە لە گۆڕەپاندایە بۆ دامەزراندنی دێموکراسی لەو وڵاتانە، ئەم نەتەوەیە شانازی بە ڕابردووی خۆی دەکا کە قورسایی خەباتەکەی لەسەر شانی پێشمەرگە بووە و پێشمەرگەی هەیە و پێشمەرگەی دەبێ.
هەر لەم ڕۆژە پیرۆزەدا پەیامێکی دیکەی ئێمە بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە بە جۆرێک خۆیان لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم وڵاتەدا خاوەن بەرژەوەندی دەبینن و بیر لە داهاتووەکەی دەکەنەوە و بەخۆشییەوە بەشێکیشیان دانیان بە نەتەوەی کورد و مافەکانیدا ناوە، لە چەند و چۆنیی ستراکتۆرێکی سیاسیی دیکە لە ئێراندا؛ دەمانهەوێ پێیان بڵێین پرسی کورد و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد و بوونی ئێمە بۆ دروستکردنەوەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست _لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورددا_ و داهاتووی ئێران وەک دەرفەت چاو لێ بکرێ نەک هەڕەشە. هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەک لەو دەرفەتە کەلک وەر بگرین.
لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە وێڕای ڕێزگرتنێکی زۆر لە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی نێوخۆی وڵات لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی خۆیان، لێرە پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی کۆماری کوردستان، ئەو حیزبەی سەربەرزە بە پێشمەرگە و ئاڵا؛ لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین. جا ئەگەر ئێوە لەوێ و ئێمە لێرە هەموو لایەکمان بەیەکەوە بین، دڵنیاین داهاتوو هیی ئێمەیە؛ هەموو لایەکمان سەرکەوتوو بین.