کۆچی دوایی کاک سەید حوسێن نەبیپوور لە شاری ڕەبەت
کۆچی دوایی کاک سەید حوسێن نەبیپوور لە شاری ڕەبەت
بەداخەوە ئەمرۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٣١ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٠ کۆچی دوایی باوکی کاک سەید خدر نەبیپوور پێشمەرگەی دیرینی دێموکرات و ئەندامی حدکا و هەڵسوور و چالاکی سیاسیمان لە شاری پێشمەرگەپەروەری ڕەبەت پێگەیشت.
کاک سەید حوسێن نەبی پوور ساڵی ١٣ۆۆی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە و کار و ژیانی لەگەڵ بنەماڵەکەی وەک وەرزێر و جوتیاری بەرێوەبردووە. لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان کە لاوێکی ٢٤ ساڵە بووە هاوکات لەگەڵ براییەکی دیکە بەشداری لە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دا دەکەن و بەداخەوە دوای تێکرووخانی کۆمار بە دەستی حەمەرەزا شای پەهلەوی جارێکی دیکە دەست بە کار ئاسایی و ژیانی خۆیان دەکەنەوە.
لە سەردەمی دەورانی پاشایاتی دا دوو جار لە لایەن ئیدارەی ساواک و دام و دەزگای حکوومەتی تاغووتییەوە بە تاوانی هاوکاری کردنی شۆڕش و شۆڕشگێرانی کورد بۆ ماوەیەکی کەم دەگیرێ و زیندانی دەکرێ و هەر دوو جارەکە سەربەرزانە و خۆراگرانە لە زیندان ئازاد دەکرێ و هەر بۆیە لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا زۆر بوێرانە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دا لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداری دەکا و وێرای بەشێک لە خەڵکی ناوچە هەڵدەکوتنە سەر بنکە و بارەگاکانی ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت.
دوای ڕووخانی پاشایاتی دەست دەکاتەوە بە پیشەی جووتیاری و دواتریش بە دووکانداری خەریکی بژیوی ماڵ و منداڵی دەبێ.
بە هۆی ئەوە کە کورێکی بە ناوی سەید خدر نەبیپوور دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و بە هۆی هەڵسوورانی بێوچای کوڕی پێشمەرگەی، حکوومەتی ئیسلامی ئێران زۆرجار کاک سەید حوسێن بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکا و چەندجارێک و بۆ ماوەیەک زیندانی دەکەن و بە پیشەی جەلادانەی خۆیان ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن، لە ماوەی گیرانی دا لە زیندانی تاکەکەسی دا ڕاگیراوە و وەک خۆی دەیگێرایەوە، ئەوەندەی بە جنێو و بێحورمەتی جاشەکان نارەحەت بووە ئەوەندە بە گیرانی لە لایەن پاسدارەکانەوە نارەحەت نەبووە و تەنانەت جارێک بە هۆی لێدانی یەکێک لە جاشە خۆفرۆشەکانەوە سێ پەراسووی دەشکێن و سەید حوسێن لە ژێر ئەشکەنجەی ئەو جاشەدا بێهۆش دەبێ و دوای ئەم بێحورمەتی و لێدانە و دوای ئازادبوونی بە هۆی شکانی پەراسووەکانی تووشی نەخۆشی سینگ و هەناسەکێشان دەبێ و تا کاتی ماڵئاوایی بەو ئازارەوە دەتلایەوە و هەمیشە باسی فەرماندەیەک بە ناوی ئایەتی و ئەو جاشەی دەکرد کە چۆن بێحورمەتیان پێکردووە.
چەندجار لە لایەن رژێمەوە لە ڕەبەت دەرکراوە و نێردراوە بۆ نێو بنکەکانی پێشمەرگە و ڕایان سپاردووە کە کوڕەکەی دەست لە کار و تێکۆسانی و چالاکی پێشمەترگانە هەڵبگرێ، بەڵام کورەکەی سەید خدر نەبیپوور هەموو جارێک راوەستاوتر و شێلگیرتر لە پێشوو خەباتی پێسمەرگانەی درێژەدەدا و ئەوەش هەم باوکی دڵخۆش دەکرد و هەمیش مستێکی تووند بوو بۆ دەمی ئیدارەی ئیتلاعات و جاشە خۆفرۆشەکان و کاک سەید حوسێنیش بەم هەڵوێستەی کورەکەی دڵخۆش و ڕازی دەگەرایەوە بۆ سەر ژیان و کاری خۆی.
کاک سەید حوسێن تا کاتی ماڵئاوایی یەکجاری هەر چاوەروانی گەرانەوەی سەربەرزانەی کوڕ و نەوەکانی بوو، کە بەداخەوە مەرگ مەودای زیاتری پێ مەدا کە بە ئاواتەکەی کە ئاواتی ڕزگاری نیشتمان و گەرانەوەی کوڕەکەی بوو بگات.
ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
لە لایەن هاورێیان و دۆستانی سەید خدر سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە تایبەت کاک سەید خدر دەکەین.
………………………………………………..
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک سەید حوسێن نەبیپوور سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزمان و ئاشنایانی و بە تایبەت کاک سەید خدر و بنەماڵەکەی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی دەزانین، ڕووحی شاد.
ماڵپەری گیارەنگ