کاتێک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا جەستەی مرۆڤ گیرۆدە دەکا، چ دەقەومێ؟

وەرگێڕ لە ئینگلیسسیەوە: کەمال حەسەنپوور
ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟
ڤایرۆس میکڕۆبێکی مڵەییە، کە هێندە بچووکن کە

میلیۆنان لەوان لەسەر نووکی دەرزی جێگایان دەبێتەوە. ئەو ژێیەکی فەنەریی داپۆشراو بە پێستێکی پرۆتەئینییە کە خانە ساغەکانی جەستەی مرۆڤ داگیر دەکا و بە بارمتەیان دەگرێ و خانە بە بارمتەگیراوەکان بۆ زاوزێی خۆی بەکار دێنێ. ئەوەی کە ئێستا دونیای وە هاژە هێناوە، ناوی تەکنیکییەکەی سارس-کۆڤ-٢ یە، کە جۆرێک لە ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بنەماڵەیەک لە ڤایرۆسان کە دیوی دەرەوەیان بە شتی کە وەک بزماری گرێدار دەچن داپۆشراوە و ئەو بزمارانە بۆ خۆ قایم کردن لە پەردەی دەرەوەی خانەکان کەڵکی لێوەردەگیرێت (چونکە وەک تاج دەچێ پێی دەڵێن “کۆرۆنا” واتە تاج). گەلێک جۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ زەڕن، وەک ئەوەی کە دەبێتە هۆی هەڵامەتی ئاسایی، بەڵام ئی دیکەش هەن کە کوشندەن: ئەوەی کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی مەرس (MERS)، نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی گیرۆدەبوو دەکوژێ. سارس-کۆڤ-٢ ڤایرۆسێکی نوێیە کە پێش ئەمجارە قەت مرۆڤی گیرۆدە نەکردووە، دەگوترێ یەکەم جار لە ووهانی چین لە شەمشەمەکوێرەڕا لە ڕێگای زیندەوەرێکی دیکەوە هەڵبەزیوەتەوە بۆ مرۆڤ، ڕەنگبێ پانگۆلین (زیندەوەرێکە لە ڕیزی شیردەرەکان کە خواردنەکەی مێروو و مۆریانەیە. و.). بۆیە کاتێک لە دونیادا بڵاو بۆوە، هیچ کەس لێی پارێزراو نەبوو.
ڤایرۆسەکە چۆن خەڵکی گیرۆدە دەکا؟
ئەوانەی کە گیرۆدە دەبن، دەستبەجێ بە هەزاران میلیارد ڤایرۆس لە جەستەیاندا دەبێ، کە لەگەڵ تفەکەیان تێکەڵە. کاتێک کە دەکۆخن، دەپشمن، قسە دەکەن، یا تەنانەت بە تووندی هەناسە دەکێشن ورتکە دڵۆپەی تێکەڵ بە ڤایرۆس بڵاو دەکەنەوە، یەک پشمین دەتوانێ ٤٠ هەزار ورتکە دڵۆپە فڕێدا. ئەگەر ئەو دڵۆپانە وەکەسێک بکەون، فایرۆسەکە دەتوانێ بە چاو، دەم، و زۆر جاران لووتی کەسەکەدا ببێتە هۆی گیرۆدە بوونی. کەسێکی گیرۆدەبوو بە هەمان شێوە دەتوانێ ڕیزێک ڤایرۆس لە سەر دەستگیرەی دەرگا، شاشەی تەلەفۆن یا کۆمپیوتەر و دیوی دەرەوەی شتی دیکە جێهێڵێ. ئەگەر کەسێک دەست لەو شوێنانە بدا و پاشان دەست لە ڕوخساری خۆی بدا، گیرۆدە دەبێ، بۆیە پێمان دەگوترێ کە زوو زوو دەستانمان بشۆرینەوە. توێژەران پێیان وایە کە ڤایرۆسەکە لە سەر پلاستیک و کانزا تا ٣ ڕۆژ و لەسەر کارتۆن بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر زیندوو دەمێنێتەوە، ئەگەرچی هێزیان لەو ماوەیەدا لاوز دەبێ. کاتێک کە ڤایرۆسەکان دەگەنە ناو زار، بەرەو گەروو (نزیک زمانە چکۆڵە و کونە لووتی پشت مەڵاشووی) دەخزێن و خۆ لە خانەی جەستە قایم دەکەن. ئەوە سەرەتای ئەو نەخۆشییەیە کە پێی دەڵێن کۆڤید-١٩.
دوایە چی دەبێ؟
کاتێک کە ڤایرۆسەکە خۆی لە خانەیەکی ساغ قایم دەکا، دەستبەکار دەبێ، پەردەی دەروەی خۆی لەگەڵ پەردەی دەرەوەی خانەکە تێکەڵ دەکا و لاسکی ئەسید ریبۆ نۆکلەئیدی خۆی (RNA) لە ناو خانەکەدا هەڵدەڕێژێ و دەستدەکا بە زاوزێ. ویلیام شافنەر، پسپۆڕێکی نەخۆشییە تەشەنەکەرەکان لە زانکۆی ڤاندەربیلت، گوتی کە لە ڕاستیدا، مڵەکە بە خانە هەوکراوەکە ئەمر دەکا، “کاری ئاسایی خۆت مەکە. کاری تۆ ئەوەیە کە یارمەتیم بکەی من زاوزێ بکەم.” خانەکان ئەوە دەکەن وردە وردە دەمرن. کاریگەرییە دەستپێکەکانی، کە پێنج شەش ڕۆژی پێدەچێ تا ئاشکرا بێ (ئەگەرچی دەتوانێ دوو ڕۆژ تا دوو حەوتوو بخایەنێ)، تا، کۆخەی وشک، و بێ هێزییە. نزیکەی ٪٨٠ خەڵک بە سووکی دەیگرن، و هەو کردنەکە لە سەرەوەی ئەندامی هەناسە کێشاندا دەمێنێتەوە، چونکە سیستەمی بەرگریی جەستە دژە تەن دروست دەکا و خانەی تی (T-cells) چالاک دەکا تا ڤارۆسەکان بێزەڕ بکەن و لەناویان بەرن، نەخۆشەکە بە دوو حەوتووان چاک دەبێتەوە. لە دۆخی دیکەدا، مڵەکە خۆی دەگەیەنێتە بەشی خوارەوەی ئەندامی هەناسە کێشان، شوێنێک کە دەبێتە هۆی گیروگرفتی جیددی. مارتین هیرش، ئەندامی کۆڕی نەخۆشیی تەشەنەکەر لە نەخۆشخانەی ماساچوسێت گوتی کە “سیپەلکەکان ئامانجی سەرەکین”.
لە سیپەلکەکاندا چی دەقەومێ؟
لەو کاتەدا، ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانە کە دیوی ژوورەوەی سیپەلکەکانیان داپۆشیوە و دەبنە هۆی هەو کردنی ئەو کیسە بچووکانە کە ئۆکسیژەن دەگەیەننە خوێن و دووهەم ئۆکسیدی کاربۆن لادەبەن. هەناسە کێشان کورتتر و دژوارتر دەبێ. لەگەڵ مردنی خانەکان، سیپەلکەکان بە شلەمەنی و ورتکە شتی دیکە دەگیرێ کە دەتوانێ ببێتە هۆی هەوکردنی زۆرتر کە ئەوە هەو کردنی سیپەلکە. لە دۆخی خراپتردا، نەخۆش پێویستی بە ئامێری هەناسە کێشان دەبێ بۆ ئەوەی کە بتوانێ هەناسە هەڵکێشێ. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک نەخۆش دەمرن. شێوەی بەرپەرچدانەوەی سیستەمی بەرگریی جەستە وێدەچێ فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئەوەی کە دۆخی نەخۆشەکە چەندە خراپ دەبێ. لە خراپترین دۆخەکاندا، بەو هۆیانە کە پزیشکان بە تەواوی تێی ناگەن، بەرپەرچدانەوەی سیستەمی بەرگریی جەستە لە کۆنتڕۆڵ دەچێتە دەر و شتێک دەکا کە پێی دەڵێن گەردەلولی سیتۆکاین.
گەردەلولی سیتۆکاین چییە؟
کاتێک کە پاشماوەی خانەی مردوو، کە نیشانەی دەستپێکی هێرشکران بۆ سەر جەستەیە، دەردەکەون، ماددەی شیمیایی بە ناوی سیتۆکاین وەک نیشانەی وریا کردنەوە لە جەستەدا بڵاو دەبنەوە. ئەوان سیستەمی بەرگریی جەستە هاندەدەن تا دژی داگیرکەر بجەنگێ و وەدەری بنێ. لە کاتی گەردەلولی سیتۆکاین، سیستەمی بەرگریی لە کۆنتڕۆڵ دەچێتە دەر و دەست دەکا بە هێرش کردنە سەر خانەی ساغ و نەخۆش بەیەکەوە. ئانجێلا راسموسێن، ڤایرۆس ناسێکی زانکۆی کۆلۆمبیا دەڵێ، “لە جیاتی بە تفەنگێک تەقە لە ئامانجەکە بکەی، موشەکێک داوێی.” کێموهەوا، شلەمەنی و خانەی مردوو، کیسەکانی سیپەلک پڕ دەکەن، کە بە کردەوە نەخۆشەکە دەخنکێنێ، لە هەمان کاتدا دۆخەکە دەتوانێ سیستەمی گەڕانی خوێن بگرێتەوە و ببێتە هۆی لەکار کەوتنی کۆئەندامی دیکە. ئەوە ئەو شتەیە کە لە زۆر دۆخی کوشندەدا دووپات دەبێتەوە، و ئەو دۆخە مەزەندە دەکرێ کە یەک تا سێ لە سەتی گیرۆدەبووان بگرێتەوە. تێگەیشتن لەوە کە بۆ هەندێک لە نەخۆشان تووشی ئەو دۆخە دەبن و چ بکرێ بۆ ئەوەی کە پێشی پێ بگیرێت یەکێک لە سەرەکیترین شتەکانە کە پسپۆڕی دژە پەتا پێوەی سەرقاڵن. ڕاسموسێن دەڵێ: ” پێموایە ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ دەخایەنێ تا لە هۆی میکانیکی و بایۆلۆژیکی ئەوەی کە بۆ هەندێک کەس لە خەڵکیتر تووندتر نەخۆش دەکەون بدۆزرێتەوە.”
دەوری تەمەن و ڕەگەز
بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا هەندێک کەس بە سووکی نەخۆش دەکا لە کاتێکدا کە هەندێک نەخۆش تێیدا نوقم دەبن؟ هەندێک فاکتەر ئاشکران، توێژەرانیش خەریکی تێگەیشتن لە بەشێکی دیکەن. یەکێک لە ئاشکراترین فاکتەرەکان تەمەنە، نەخۆشی بەتەمەن زۆرینەی ئەو کەسانە پێک دێنن کە بەو نەخۆشییە دەمرن و نزیکەی ۵ لە سەتی دۆخەکان زۆر جیددی دەبن. هۆیەکەی ئەوەیە کە سیستەمی بەرگریی جەستە بە هەڵکشانی تەمەن بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی خۆی لە کیس دەدا. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە خەڵکی لاو دوورن لە مەترسی: زانیاریی لەبارەی ئەو کەسانەی کە لەسەرەتادا لە وڵاتە یەکگرتووەکان گیرۆدە بوون دەریخستووە کە ٪٣٨ لەو نەخۆشانە کە پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە بووە لە ژێر ۵۵ ساڵ تەمەنیان هەبووە. دۆخی تەندروستی گیرۆدەبووان پێش نەخۆش کەوتن دەورێکی ئاشکرای هەیە، ڕێژەی مردن لەناو نەخۆشاندا، لە هەر تەمەنێک دابن، ئەگەر زەختی خوێنیان لەسەرەوەیە،شەکرەیان هەیە، نەخۆشیی دڵیان هەیە یا هەر نەخۆشییەکی دیکەیان هەیە زیاترە. جگەرە کێشان دەوری خراپی هەیە چونکە ئەو سیپەلکەکان بێ هێز دەکا، بە هەمان شێوە ڕەگەز دەوری هەیە. لە لێکۆڵینەوە لە ٤۵٠٠٠ نەخۆش لە وڵاتی چین، پیاوەکان ٢.٨ لەسەت و ژنان ١.٧ لەسەتی کوژراوانیان پێکدێنا، ئەگەرچی ئەو ڕاستییە کە ڕێژەی جگەرەکێش لەناو پیاواندا زۆرترە دەبێ بێتە ئەژمار. فاکتەری دیکە دەتوانێ پێوندیی بە ژینگەوە هەبێ، وەک باشیی هەوا، یا ژێنێتیک یا خراپ بوونی بواری سیستەمی بەرگریی جەستە.
سەرچاوە: یاهو