گۆڕینی ڕێژیمەکانی ئێران و ڤێنێزوئێلا* و: کەماڵ حەسەنپوور

هەڵوێستی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەبارەی سەپاندنی ئابلۆقەی نەوت بەسەر ئێران و ڤێنێزوئێلا وێدەچێ بە ئاشکرا ئامانجەکەی گۆڕینی

ڕێژیم بێ. بەڵام تا ئێستا پێشینەی نەبووە کە ئەو کارە وا بە ئاسانی بکرێ، بۆیە وێدەچێ شتێکی دیکەی لە پشت بێ.
بە چاوپێداخشاندنێکی سەرەتایی وا دێتە بەرچاو کە کاراکاس و تاران کەم شتی هاوبەشیان هەبن. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، دەوڵەتەکانی پێتەختەکانی ڤێنێزوئێلای ئامریکای باشوور و ئێرانی فارس وەک دووانەی یەک دەبینێ، کە خەڵکی خۆیان سەرکوت دەکەن و گەمەکەرێکی بەدخواز لە ناوچەدان، بۆیە دەبێ بڕۆن.
لە بەر ئەو هۆیە، بە پێچەوانەی سیاسەتێکی دەرەوە کە زۆر جار کاری بە حاکمە سەرەڕۆکان نەداوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەژێر بەڕێوەبەریی ترامپدا توندترین ئابلۆقەی تا ئێستای بە سەر ڕێژیمی سۆسیالیستیی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤێنێزوئێلا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئایەتوڵڵاکان لە ئێراندا سەپاندوە.
هەر ئەم حەوتوویە، وەزیری کاروباری دەرەوە، مایک پۆمپێئۆ دونیا و بە تایبەتی هەندێک لە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی تووشی سەرسووڕمان کرد کاتێک کە ڕایگەیاند کە حەوتووی داهاتوو (دووی مانگی مای)، ویلایەتە یەکگرتووەکان چیدیکە ئیجازە بە وڵاتان نادا کە نەوتی ئێران هاوردە بکەن و ئابلۆقە بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێ کە درێژە بە کڕینی نەوتی خاوی ئێران بدەن.
لەو کاتەوە سەرۆککۆمار ترامپ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران [بەرجام] جێهێشت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕێگای بە کڕیارە مەزنەکانی نەوتی ئێران وەک چین، هیندوستان، کۆرەی باشوور، تایوان و تورکیە دا کە سەرەڕای ئابلۆقەکان درێژە بە هاوردە کردنی نەوتی ئێران بدەن. ئامانجی کۆتایی هێنان بەو ڕیزپەڕە، بە وتەی ئاغای پۆمپێئۆ، ئەوەیە کە ئاستی هەناردە کردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە خاڵی سفر. ئەو ئامانجە شتێکی ئاشنا بوو، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بە هەمان شێوە ئابلۆقەی خستبووە سەر کۆمپانیای دەوڵەتیی ڤێنێزوئێلا، پی دی وی ئێس ئەی، بۆ ئەوەی کە سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتی مادورۆ وشک بکا.
بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ئامانجەکانی لە ڤێنێزوئێلا نەشاردوونەوە: بەکارهێنانی ئابلۆقەکان بۆ بە چۆکداهێنانی سەرۆککۆمار مادورۆ و هێنانە سەر کاری ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆن و خۆ بە سەرۆککۆماری ڕەوازان خوان گوایدۆ. بەڵام لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێ کە ئامانجی ئاڵۆگۆڕی ڕێژەیی کرداری ئەو ڕێژیمەیە کە پێی وایە پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە لە جیهاندا. بەڵام بۆ زۆر پسپۆڕ بەکارهێنانی ئابلۆقەی ئابووری و سنووردار کردنەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ یەک ئامانجی بێ ئەملاو و ئەولایان هەیە.
جۆرج لۆپێز، پسپۆڕێکی بواری ئابلۆقەی ئابووری و ئاسایش و هەروەها پرۆفێسۆری لێکۆڵینەوەی ئاشتی لە زانکۆی نۆتردام لە ویلایەتی ئیندیانا دەڵێ: «ئەوان بەرامبەر بە ڤێنێزوئێلا و ئێران ئامانجیان گۆڕینی ڕێژیمە. بە ڕاستی هێچ ئاڵوگۆڕی سیاسی یا ئامانج ناتوانێ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕازی بکا تا هەنگاوە تاکلایەنەکانیان بگۆڕن.» بەو شێوەیە پسپۆڕان ئەوەش زیاد دەکەن کە تا ئێستا پێشینەی نەبووە کە نیشان بدا کە ئابلۆقەی ئابووری، هەرچەند سخت و دژواریش بن، ببنە هۆی گۆڕانی ڕێژیم.
جیم واڵش، توێژەرێکی پایەبەرز لە ئەنستیتۆی تەکنەلۆژیای ماساچوسێت بەشی لێکؤڵینەوەی ئاسایش لە کەمبریج و پسپۆڕی بواری کاریگەریی ئابلۆقەی ئابووری دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کۆرەی باکوور دەڵێ: «ئەگەر مەبەستمان لە «کاریگەربوون» سەپاندنی تێچوونە، بەڵێ ئێمە دەتوانین تێچوو بسەپێنین، تەنانەت تێچووی گەلێک بەرچاو. بەڵام ئەگەر مەبەستمان لە «کاریگەر بوون» بەچۆکداهاتن و تەسلیم بوون بەرامبەر بە ئێمەیە، ئەوە زۆر ڕوون نییە.» و لە پەیوەندی لەگەڵ گۆڕینی ڕەفتاردا ئەو دەڵێ: «ئێمە لە هەموو نموونەکان ڕا دەزانین کە بەکارهێنانی ئابلۆقە زۆر کاریگەر نییە.»
بەشێکی دیکە لەوەش بە گومانترن. سوزان مالۆنی، پسپۆرێکی بواری ئێران و جێگری سەرۆکی ئەنستیتۆی بروکینگ بەشی سیاسەتی دەرەوە لە لێکدانەوەیەکی بروکینگز لەبارەی ڕاگەیاندنی وەزیری کاروبارەی دەرەوە پۆمپێۆ لە ڕۆژی دووشەممە دەڵێ: «هیچ نموونەیەک بۆ ئەوەی کە هەرەسهێنانی ئابووری لەنێوخۆ بە هۆی زەختی دەرەکی ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی سەرکەوتووانە لە ڕێژیمێکی دیکتاتۆری سەقامگیردا بەرەو دێموکراسی بەردەوام و باشتر بوونی سەقامگیریی لە ناوچەدا بوونی نییە.»
پسپۆڕانی گەمارۆی ئابووری دەڵێن کە کاکڵی سیاسەتی بەڕیوەبەرایەتی ترامپ بەرامبەر بە ئێران و ڤێنێزوئێلا وەلانانی بەکارهێنانی ئابلۆقەکان بە شێوەیەکی نەریتی وەک یەکێک لە چەند ئامرازی دیپلۆماتیک بۆ چارەسەری ناکۆکی یا پاشەکشە کردن بە دژبەرێکە. ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێ پێناسەیەکی بێ وێنە لە ئابلۆقە وەک گۆپاڵێک بۆ بەچۆکداهێنانی دژبەرە بۆ تەسلیم بوون.
بۆ هەندێک لێکۆڵەرەوە، ئەو گۆڕانەی شێوەی کەڵکوەرگرتن لە ئابلۆقان داهێنانی ئاغای ترامپە کە لەماوەی سەردەمی دوورودرێژی وەک بازرگان کەڵکی لێ وەرگرتوە، بە هەمان شێوە ڕوانگەی ناوبراو لەبارەی ئابووری وڵاتە یەکگرتووەکان و دەوری جیهانیی ئامریکا لە بازارە بازرگانییەکانی دونیا وەک چەکێکی بێ وێنە بۆ سەپاندنی یەکلایەنەی ئاڵوگۆڕە.
پرۆفێسوۆ لۆپێز دەڵێ: «ڕوانگەی ترامپ لەبارەی ئابلۆقە ئەوەیە کە کاتێک کە تۆ خاوەن هێزێکی ئابووریت، دەتوانی پێ لەسەر گەرووی هەر لایەنێک دانێی، و ئەوان درەنگ یا زوو تەسلیم دەبن چونکە ڕێگاچارەیەکی دیکەیان نییە.» ئەو ئەوەش زیاد دەکا کە، «ئێستا ناوبراو ئەو شێوە لە سیاسەتی دەرەوە بەکار دێنێ، بەو بۆچوونەوە کە تا ئێستا هێزی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیکی باش و بەو پەڕی تواناییەوە کەڵکی لێ وەرنەگیراوە.»
هەندێک پسپۆڕی نێونەتەوەیی ئابووری دەڵێن ئاغای ترامپ قومارێکی گەورە بە تواناییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی ئابووری نێونەتەوەیی بە کەڵک وەرگرتنی لە ڕادەبەدەر لە ئابلۆقەکان دەکا. ئەوان هۆشداریی دەدەن کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازیی دەسەڵاتی نێونەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان بە هۆی ڕەفتاری هاوشێوە لەگەڵ هاوپەیمان و دژبەرەکانی تا ئەوان ڕێگاچارەیەک بۆ زاڵبوونی وڵاتە یەکگرتووەکان بەسەر سیستەمی ئابووری جیهانیدا بدۆزنەوە.
و لە کاتێکدا کە پسپۆڕانی ئابلۆقە ئاماژە بە بیرۆکەی سەرەکیی تیمی ڕاوێژکارانی ئاسایشی ئاغای ترامپ بۆ کەڵکوەرگرتنی یەکلایەنە لە ئابلۆقان دەکەن، بە تایبەتی بەشی دووهەم کە لە بارەی سزادانی هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانە، ئەوان دەبینن کە سەرۆککۆمار لاینگرێکی قورس و قایمی بۆ ڕوانگەی خۆی لە بارەی ئابلۆقەکاندا دیتۆتەوە کە ئەویش جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییە.
بەڕاستی ئاغای بۆڵتۆن زۆر دەمێکە کە بە ئاشکرا باسی گۆڕێنی ڕێژیمی تارانی کردوە و یەکێک لەو کەسانەیە کە زۆر خوازیاری لەسەر کار لابردنی ئاغای مادورۆیە.
بە گوتەی پسپۆڕان مەسەلە ئەوە نییە کە ئابلۆقە ناکاریگەر بن، مەسەلەکە ئەوەیە کە مێژوو نیشانی داوە کە بە تەنیا کاریگەر نین، و کەڵک وەرگرتنی لە ڕاددەبەدەر لەوان دەبێتە هۆی ئەوەی کە دژبەرەکان پێداگریی بکەن و توندئاژۆکانی ڕێژیم بەسەر میانڕەوەکاندا زاڵ بن کە لایەنگری سازش وەک بەشێک لە سیاسەتن.
وەک خانمی مالۆنی لە ئەنستیتۆی بروکینز ئاماژەی پێدەکا، ڕێبەرانی ئێران کە بە شێوەی نەریتی «دژی وتووێژ بوون» دوای ئەوەی کە بەرێوەبەرایەتیی ئۆباما «گەمارۆی بێ وێنەی» لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ بەسەردا سەپاندن لەناکاو هەستیان بە پێویستیی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و لایەنە نێونەتەوەییەکان لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کرد.
ئەو دەڵێ، ئەوەی کە ویستی ئێران بۆ وتووێژ نیشان دەدا، ئەوەیە کە «ئەو لۆژیکە کە زەختی لە ڕاددەبەدەر تارانی سەرکێش ناچار دەکا خۆی تەسلیم بکا بە تەواوی نارێئالیستییە.»
هەندێک پسپۆڕی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئابلۆقە نەخشیان هەبوو لە کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆ لە لیبێریا و سییەرالیۆن و سەقامگیر کردنی دێموکراسی لە وڵاتی پەڕاوی عاج.
بەڵام ئەوان لەسەر ئەو بۆچوونە پێداگرن کە ئەو ئابلۆقانە لەو مەسەلانەدا و هەروەها بەرامبەر ئێران تەنیا بۆیە کاریگەر بوون چونکە بەشێک بوون لە پاکێجی سیاسیی گێزەر و قامچی، نەوەک چەکێکی سەپاندنی هێزی تاکلایەنە.
پرۆفێسۆر لۆپێز دەڵێ، «ئاکامی ئابلۆقان هەمیشە لە کۆتاییدا دەردەکەوێ، بۆ گەیشتن بەو سازشەی کە مەبەستتە و کە بێ ئەو ئابلۆقانە دەستەبەر نەدەبوو، بەڵام ئەوەی کە ئێمە ئێستا بەرامبەر بە ئێران و ڤێنێزوئێلا دەیکەین، وێدەچێ کە هەنگاوێکی لە ڕاددەبەدەر لە لایەن ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە بێ.»
پسپۆڕان دەڵێن کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بەڕاستی نایهەوێ ئابلۆقان وەک ئەوانی پێشوو بە سەر ئێران و ڤێنێزوئێلادا بسەپێنێ، چونکە ئەو بەتەمای ئاکامی نەریتیی سازان و دەستکەوت نییە.
وەزیری کاروباری دەرەوە پۆمپێۆ نەخشەیەکی ١٢ خاڵی پێشکەش کردوە کە ئێران دەبێ جێبەجێی بکا تا ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە تەواوی هەڵگیرێن. بەڵام دوکتور واڵش دەڵێ، «بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ داوای گۆڕینی ڕەفتار لە دژبەرەکەت شتێکە، بەڵام بە ئامانج گرتنی پێناسەی وڵاتێک شتێکی دیکەیە. و ئەگەر چاو لە دوازدە خاڵەکەی پۆمپێۆ بکەی بۆت دەردەکەوێ کە ئەوان بە کردەوە دەڵێن ئێمە بە هێچ شتێک کەمتر لە گۆڕینی تەواوەتی پێناسەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕازی نابین.»
دوکتور واڵش دەڵێ، هەرچۆنێک بێ ئەو لەوە بەگومانە کە نەخشەی کۆشکی سپی گۆڕینی ڕێژیم یا دەستەمۆ کردنی بێ. لە جیاتان، ئەو پێی وایە کە کۆشکی سپی دەزانێ کە گۆڕینی ڕێژیم لە رێگای ئابلۆقەوە ئامانجێکی دوورە دەستە، بۆیە نەخشەی دووهەمی هەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئابلۆقەی نەوت توندئاژۆکانی ڕێژیم لەداو هاوێ کە هەنگاوی وا باوێن کە ببێتە هۆی خۆشکردنی رێگا بۆ هێرشی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان.
ئەو دەڵێ، «شکی من ئەوەیە کە ئامانجی ڕاستەقینەی هەموو ئەوانە ئەوەیە کە ئێرانییەکان بخزێننە قوژبنێک تا ئەوان هیچ ڕێگا چارەیەکیان نەبێ مەگەر ئەوەی کە بەرجام جێهێڵن، کە سەرەڕای جێهێشتنی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئێران هێشتا جێی نەهێشتووە. و ئەگەر ئەوان ئەو کارە بکەن و کارێک بکەن بۆ کڕینەوەی ئابڕوی خۆیان، وەک دامەزراندنی سانتریفیوژی نوێ یا بردنە سەری ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم، ئەوکات هەلی لەبار بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی ئەو دامەزراوانە دەستەبەر دەبێ.»
* کریستیان ساینس مۆنیتۆر_ هاوارد لافرانچی
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت