ڕابوونی کورد وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

ڕابوونی کورد
فارین ئەفەیرز – هێنری جەی بارکی
بەشی یەکەم

سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان دۆنالد ترامپ لە دوایین ڕۆژەکانی ٢٠١٨ دا گوتی، “ئێمە ماوەیەکی دوور و درێژە لە سورییە دەجەنگێین، ئێستا کاتی هاتووە کە هێزەکانمان بگەڕێنینەوە ماڵ.” داوای سەرسوڕ هێنەری سەرۆک کۆمار بۆ گەڕانەوەی خێرای هێزی نزیکەی ٢٠٠٠ کەسی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سورییە بووە هۆی ڕەخنەی بەربڵاو لە لایەن ئەندامانی دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان. بەڵام ئەوە بۆ هاوبەشی سەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە شەڕ دژی داعش، واتە کوردەکانی سورییە سەرسوڕمانێکی مەزنتر بوو. چەند حەوتوو پێش ڕاگەیاندنەکە، سەرۆک کۆماری تورکیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی داگیرکردنی باکووری سورییە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی جەنگاوەرانی کوردە، کردبوو. تەنیا شتێک کە پێشی بە ناوبراو گرتبوو، حزووری هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بوو و پاشەکشەی ئەوان دەبێتە هۆی بە تەنیا مانەوەی لە ڕاددە بەدەری کوردان. کوردێکی سورییە گوتی، ” ئەگەر [ئامریکاییەکان] بڕۆن، ئێمە ئەوان وەک خائین نفرین دەکەین.”
وردەکارییەکانی کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سورییە ئێستاش ناڕوونە. بەڵام واشینگتۆن لە کۆتاییدا هەر بڕیارێک بدا، لێدوانەکەی ترامپ وەرسووڕانێکی بێ بەزەییانەی بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیشان دا. نێوەڕاستی ٢٠١٧ کاتی ڕێنسانسی کوردان بوو. کوردەکانی سورییە هاوپەیمانی تەنیا زلهێزی جیهان بوون و دەوری سەرەکییان لە شکستدانی داعش لە مەیدانی جەنگدا هەبوو و پێتەختی ئەو گروپە واتە ڕەققەیان گرتەوە. هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، جەنگاوەرانی کوردی سورییە، کۆنتڕۆڵی پانتاییەکی بەرچاوی سورییەیان بەدەستەوە گرت و وێدەچوو دەوری بەرچاو لە دانووستانەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی وڵات بگێڕن. کوردەکانی تورکیە، ئەگەرچی لە ماڵێ گەمارۆ دراون، شانازییان بە دەستکەوتەکانی هاوپەیمانانیان لە سورییە کە گەلێک لێیان نزیکن دەکرد. لە عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو و ئامادەکاریی بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە سێپتەمبەری ٢٠١٧ دەکرد.
لە کۆتایی ٢٠١٨، بەشێکی زۆر لە کوردان بێ هیوا ببوون. دوای ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری کوردەکانی عێراق لە ڕیفڕاندۆمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، دەوڵەتی عێراق بە پشتیوانی ئێران و تورکیە، کوردستانی داگیر کرد و کۆنتڕۆڵی نزیکەی ٤٠ لە سەدی ڕووبەری ئەوێی گرتە دەست. بە شەوێک حکومەتی هەرێم نەتەنیا نیوەی خاکی خۆی بەڵکۆ بەشێکی زۆری دەسەڵاتی ناونەتەوەییشی لە دەستدا. کوردەکانی تورکیە، سەرەڕای وەدەستهێنانی کورسییەکانی پارلمان لە هەڵبژاردنی ژووەنی ٢٠١٨، خۆیان لە بەرامبەر هێرشە بێبەزەییانەکەی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی لە تەواوی ماوەی ساڵدا ڕاگرتبوو، لە ناویاندا دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). لە سورییە، تورکیە لە مانگی مارسی ٢٠١٨ شاری عەفرینی داگیر کرد کە بەدەست کوردان بوو و بووە هۆی ئاوارە بوونی یەپەگە و ٢٠٠٠٠٠ کوردی ئەوێ. پاشان، لە مانگی دێسەمبەر، کوردەکانی سورییە پێیان زانی کە پارێزەرە ئامریکاییەکانیان لەوانەیە بە تەواوی پشتیان تێ بکەن.
بەڵام ئەو نسکۆیانە بە پێچەوانەی ڕەوتێکی مەزنن، ڕەوتێک لە ساڵانی داهاتوودا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەند ساڵی داهاتوو دا شکڵ دەدا. لە سەرانسەری ناوچەکە، کوردەکان هێزی باوەڕ بەخۆبوونیان بە هێز دەبێ، داوای ئەو مافانە دەکەن کە زۆر دەمێکە حاشایان لێکراوە، و لە هەموو گرینگتر، لەوبەری سنوورەکانەوە و لە تاراوگە هاوکاریی یەکتر دەکەن. تا ڕاددەیەک کە لە مێژوو دا وێنەی نەبووە، کوردەکانی چوار پارچەی کوردستان، لە ئێران، عێراق، سورییە و تورکیە، کوردەکان ڕێگای بوونە یەک نەتەوەیان گرتۆتە بەر. ئێستاش بەربەستی مەزن لەسەر ڕێگای یەکبوون ماون، لەناویاندا جیایی زمان و بوونی لانیکم دوو دەوڵەتی بەهێز، ئێران و تورکیە، بە بەرژەوەندییەکی هاوبەش کە پێش بە هەر چەشنە شێوازێکی پانکوردیسم بگرن. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوەکانی ئەو دواییانە پرۆسەی درووستبوونی وڵاتی کوردی دەستی پێکردووە، کە لە درێژخایەندا، دژوار دەبێ پێشی پێ بگیرێت. ئەگەر قەت دەوڵەتێکی سەربەخۆی یەکگرتوو پێک نەیە، وەخەبەر هاتنی نەتەوەیی کوردان دەستی پێکردووە. دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەیە لە ڕابوونی کوردان بترسن، بەڵام دەسەڵاتی وەستاندنی ئەویان نییە.
پرسێکی لەکیس چوو
ئێستا نزیکەی ٣٠ میلیۆن کورد لە کوردستانی گەورەدا دەژین، ناوچەیەکی یەکگرتوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە، باکووری ڕۆژئاوای ئێران، باکووری عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سورییە. لە ماوەی چەند سەدە هۆزە کوردەکان لەگەڵ ئیمپراتورییە عەڕەب، فارس و تورکەکان کاریگەریی دوولایەنەیان هەبووە، هەندێک جار هاوکارییان کردوون و هەندێک جار دژی ئەوان سەرهەڵدانیان وەڕێ خستووە. ناسیۆنالیزمی مودێرنی کورد، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی ئیمپراتوریی عوسمانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی. لە ڕیککەوتننامەی ١٩٢٠ی سیڤەر، کە لە نێوان هاوپەیمانان و عوسمانی شکستخواردوو واژۆ کرا، باسی ڕیفراندۆمێکی سەربەخۆ لەو ناوچانەی خاکی تورکیەی مودێرن کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن کرابوو. بەڵام، دوای شەڕی سەربەخۆیی تورکیە، دەوڵەتی نوێی تورکیە دووبارە لەگەڵ هاوپەیمانان دانووستانی کرد. ئاکامی ئەو ڕێککەوتنی لوزان لە ١٩٢٣ بوو، کە زامنی دەسەڵاتی تورکیە بەسەر ئەو ناوچەوە بوو کە ئەگەری ئەوەی هەبوو کە ببێتە کوردستانێکی سەربەخۆ.
بەڵام داوای سەربەخۆیی کوردان، لەناو نەچوو. بە درێژایی سەدەی بیستەم، سەرهەڵدانەکانی کوردان، کە زۆر جار بە پشتیوانیی دەوڵەتی نەیار بوو، تەقریبەن لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەیەکی بەرچاوی کورد لێیان دەژین هاتنە ئاراوە. تورکیە سەرهەڵدانی کوردانی لە ١٩٢٥، ١٩٣٠ و ١٩٣٧ سەرکوت کردن. پاشان لە هەشتاکان پەکەکە سەرهەڵدانێکی نوێی لە تورکیە دەست پێکرد کە ئێستاش درێژەی هەیە. لە ئێران، لە ١٩٤٦ کوردەکان بە پشتیوانی یەکیەتی سۆڤیەت یەکەم دەوڵەتی ڕاستەقینەی کورییان دامەزراند، کۆماری سەربەخۆی مەهاباد، کە ماوەی ساڵیک و دوای ئەوەی کە مۆسکۆ پشتی بەردان تێکچوو. کوردەکانی عێراق پەیتا پەیتا دژی دەوڵەتی ناوەندی ڕاپەڕیون. بە پشتیوانیی شای ئێران، دوو شەڕیان لەگەڵ بەغدا کردووە، یەکیان لە شەستەکان و ئەوی دیکە لە حەفتاکانی زایینی، کە لە ١٩٧٥ دوای ئەوەی کە شا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کەسایەتی بەهێزی عێراق سەددام حوسێن واژۆ کرد و پشتی لە کوردان کرد، شکستی هێنا.
ئەو جووڵانەوانە بەو مانایە بوون کە هەرکام لەو چوار وڵاتە کە خاوەنی حەشیمەتێکی زۆری کوردانن، سەرکوتی ناسیونالیزمی کورد بەشێکی سەرەکیی ئامانجی سیاسی ئەوان بووە. کۆماری نوێی تورکیە لە سەردەمی سەرۆک کۆمار کەمال ئاتاتورک، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ١٩٢٣ قەدەغە کرد و وردە وردە دەسەڵاتێکی بێ بەزەییانەی بەسەر ناوچە کوردییەکاندا سەپاند، گوندەکانی سووتاند، خەڵکی گواستەوە و مڵک و ماڵی ئەوانی داگیر کرد. (ئەگەرچی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان هەمیشە دڵنیا بووە کە تورکیە دەتوانێ بەرەوڕووی ئالنگارییەکانی کوردان ببێتەوە، سی ئای ئەی لە ١٩٧١ لە ڕاپۆرتێکدا ددانی بەوە دانا کە سیاسەتەکانی تورکیە، بە تایبەتی ئەوانی کە پێش بە بەکارهێنانی زمانی کوردی دەگرێ، سەرچاوەی ناڕەزایەتییەکانی کوردان بووە). ئێران بە هەمان شێوە لە ١٩٣٠ زاراوەکانی کوردیی قەدەغە کرد. لە سورییە، دەوڵەتی ناوەندی نە تەنیا پێشی بە فێرکردن و خوێندن بە زمانی کوردی گرت بەڵکو مڵكداریی کوردانیشی سنووردار کرد. و لە سەرەتاکانی شەستەکانی زایینی، دیمەشق مافی شارۆمەندیی لە دەیان هەزار کوردی سورییە ئەستاندەوە، و ئەوانی وەک بێ دەوڵەت ناساند. لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوچە کوردییەکان لە بواری ئابوورییەوە پاشگوێ و پەراوێز خران.
لە بەرامبەر ئەو سەرکوتەدا، کوردەکان توانیویانە خۆ بپارێزن و تەنانەت پێناسەی خۆیان پشتاوپشت بەهێز کردووە. وەک نووسەری کورد حەمید بوزئەرسەلان باسی کردووە، کوردەکان وەک کەمینە لە لایەن دەوڵەتەکانی ئێران، عێراق، سورییە و تورکیە ڕەفتاریان لەگەڵدا کراوە، بەڵام ئەوان خۆیان وەک کەمینە نابینن. ئەوان لە وڵاتی خۆیان کوردستان زۆرینەن، کە تەنیا بەهۆی ڕووداوێکی مێژووی جوگرافیایی خراونە سەر دەوڵەتانی جیاواز. و ئەوە سیستەمی دەوڵەتداریی مودێرنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە بە درێژایی مێژوو، بەربەست بووە دژی خولیای نەتەوەیی کوردان. ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی سی ئای ئەی لە ١٩٦٠ دەڵێ کە کوردەکانی ئێران و عێراق هەموو بنەماکانی پێویست بۆ خۆبەڕیوەبەریی، هێزی سەربازیی، ڕێبەریی و ئەگەری پشتیوانی کەرەستەیی لە لایەن دەسەڵاتێکی دەرەکیی، یەکیەتی سۆڤیەتیان، هەیە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “تەنیا سەقامگیریی پێوانەیی دەوڵەت [واتە دەوڵەتانی ئێران و عێراق. و.] ڕێگری جیاییخوازیی بەکردەوەی کوردانە.”
دوو هەنگاو بۆ پێشەوە، هەنگاوێک بۆ دواوە
بەشی زۆری سەدەی بیستەم، تەنیا ڕێگای مومکین بۆ خودموختاری (یا سەربەخۆیی) کورد، هەرەسهێنانی دەوڵەت بوو و بە کردەوە، ئەوە دەقاودەق هەمان شتە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا قەوماوە. ئەگەر کوردەکان ئێستا ترووسکەیەکی هیوایان لە عێراق و سورییە هەیە، هۆیەکەی هەرەسهێنانی دەسەڵاتی بەغدا و دیمەشقە. بە تایبەتی، هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکان، پشتیوانی ئەو بۆ کوردان دوای شەڕی کەنداوی فارس، ڕووخاندنی سەددام لە ٢٠٠٣ و پاشان داگیر کردنی عێراق، و هەوڵی ئەو دواییانە بۆ شەڕ دژی داعش لە سورییە، بۆتە هۆی زیندوو کردنەوەی خەونە سیاسییەکانی کوردان. واشینگتۆن تاکلایەنانە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتێژییکییەکانی خۆیدا، یارمەتیدەری ناسیونالیزمی کورد بووە.
پەیوەندی جیددی سەربازیی و سیاسی ئامریکا لەگەڵ کوردان لە ٩١-١٩٩٠ لە کاتی شەڕی کەنداو دەستی پێکرد. دوای دەرکرانی هێزی سەربازیی عێراق لە کوەیت، چەکەکانیان دژی کوردان و شیعەکان کە وەڵامی داواکاریی سەرۆک کۆمار جۆرج ئێچ دەبلیو بوش بۆ ڕاپەڕین دژی بەغدا دابۆوە وەرسووڕاند.
لەبەر ئەگەری کارەساتێکی مرۆیی، وڵاتە یەکگرتووەکان، بە پشتیوانیی فەڕانسە و بریتانیا، ناوچەی دژی فڕینیان لە ناوچە کوردییەکانی باکووری عێراق ڕاگەیاند. پارێزراو لە ناوچەی دژی فڕین، کوردەکانی عێراق توانیان ناوچەی خۆبەڕیوەبەر درووست بکەن کە لە ١٩٩٢ حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. کوردستانی عێراق بوو بە قەڵای لایەنگریی لە ئامریکا لە وڵات، بە تایبەتی دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠٠٣، کە بووە هۆی قووڵتر بوونی هاوکاریی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و کوردان. هێزە کوردییەکان لە سەرەتای شەڕی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەددام هاوکاری وڵاتە یەکگرتووەکان بوون، و کوردستانی عێراق ساڵەکانی دواتر لەنگەری سەقامگیریی بوو لە کاتێکدا کە باقی وڵات نوقمی شەڕی ناوخۆ بوو.
دامەزرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵنەرێکی دەروونی گرینگ بوو، نە تەنیا لە عێراق بەڵکو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو نیشانی دا کە کوردەکان دەتوانن خۆیان بەڕیوەبەرن و ددانپێدانانی نێونەتەوەیی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. ئەو هەروەها شێوەی پەیوەندییەکانی کوردانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە گۆڕی. ئەگەرچی تورکیە بە پێی نەریت دژی داخوازیی خۆبەڕێوەبەریی کوردان بووە، دەوڵەتی تورکیە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەردۆغاندا بڕیاری دا کە بەرەوڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێتەوە بەڵکو لەجیاتان پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ساز بکا. کوردستانی عێراق کە دەستی بە دنیای ئازاد ڕانەدەگیشت پێویستی بە کاناڵێکی سیاسی و بازرگانی، بە تایبەتی هەناردە کردنی نەوت، هەبوو و ئانکارا خۆشحاڵ بوو کە شتێکی ئەوتۆی بۆ دەستەبەر بکا. لە ٢٠١٠، تورکیە لە هەولێر پێتەختی هەرێم کونسولگەریی کردەوە، لە ٢٠١٢ حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیە ڕیککەوتنێکیان بۆ درووستکردنی هێڵی گواستنەوەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ مەدیتەرانە واژۆ کرد. لە ٢٠١٨، ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە بەندەری جیهان. ئانکارا هێڵێکی ژیانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەر کردووە، و دەرفەتی بەهێز کردنی پێگەی خۆی لە عێراق بۆ ڕەخساندووە. بۆ ماوەیەک، ئەردۆغان لەناوخۆ کەڵکی لەو هاوکارییە وەردەگرت، کە کوردەکانی نزیک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، لە هەڵبژاردنەکانی تورکیە دەستیان کرد بە دەنگدان بە حیزبی ئەرۆغان. دڵنیا لە درووستکاریی کوردان، ئەردۆغان لە ٢٠٠٩ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە دەست پێکرد.
بەڵام زوو، هەڵوێستێکی بێ ئەنقەستی وڵاتە یەکگرتووەکان پێگەی کوردانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕی. لە ٢٠١٤، بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما دەستی کرد بە هەڵمەتێکی بۆمباران بۆ پێشگرتن لە داگیرکرانی کۆبانی، شارێکی کوردستانی سورییە لە نزیک سنووری تورکیە، لە لایەن داعش. لەو کاتیدا، داعش تازە هێرشی کردبوو سەر باکووری عێراق و سورییە و دەستی بە سەر ڕووبەرێکی بەرچاودا گرتبوو، لە ناویاندا دووهەم شاری مەزنی عێراق، موسڵ. بڕیاری واشینگتۆن بۆ پاراستنی کۆبانی بەرەوڕووی ناڕەزایەتی ناشیرینی ئەردۆغان بۆوە، چونکە ئەوە بە واتای پشتیوانیی ڕاستەوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ یەپەگە بوو، کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ پەکەکەی تورکیە هەبوو. هاوپەیمانیی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ یەپەگە سەرکەوتنی مەیدانی جەنگی بەدواوە بوو، و سەرکەوتنی کوردان لە کۆبانی بووە خاڵی وەرچەرخان لە شەڕ دژی داعش. بەڵام ئەو سەرکەوتنە وەک زەنگی مەترسیی بوو بۆ ئانکارا.
بۆ ئەردۆغان، هاوپەیمانیی ئامریکا و یەپەگە وەک نوێنگەی گۆڕانی گەمەکە لە ناوچە بوو. ئەوەی کە سەرۆک کۆماری تورکیە لە هەموو شتێک زۆرتر لێی دەترسا سەرهەڵدانی حکومەتێکی دیکەی هەرێمی کوردستان بوو، ئەوجار لە سورییە. هەرچی بێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆخۆی بەرهەمی دەستێوەردانی وڵاتە یەکگرتووەکان بوو کە بووە هۆی شەڕی ناوخۆ و تێکشکانی دەسەڵاتی ناوەندیی لە بەغدا، کە لە کۆتاییدا سیستەمی فێدڕاڵی لە عێراقی لێکەوتەوە کە حکومەتی هورێمی کوردستان بەشێکە لەو سیستەمە. سورییە کە هەر ئێستا تووشی شەڕی ناوخۆ بووە، ئانکارا پێی وابوو کە واشینگتۆن خەریکی دووپات کردنەوەی هەمان کارە کە لە عێراق کردی، ئەویش گۆڕینی سورییە بۆ دەوڵەتێکی فیدڕاڵیی کە لەوێدا کوردەکان مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێ. ئەردۆغان نەیدەتوانی سیستەمی فیدڕالی لە دوو وڵاتی جیراندا تەحەممول بکا، بە تایبەتی بۆ کوردەکانی سورییە، کە زۆر لە پەکەکە نزیکن. لە ٢٠١٤، ئەردۆغان دەستی لە دانووستان لەگەڵ پەکەکە هەڵگرت و سیاسەتی ناکۆکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کوردانی تورکیە و سورییە دەست پێکرد. ئەو بەتەمای ئەستاندنەوەی ڕەوایی لە سەرجەم چالاکیی سیاسی کوردان لە ڕێگای گرێدانی ئەو بە پەکەکەوە بوو، و ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکان و سیاسییانی کوردی دەستبەسەر کرد.
بەڵام ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان بە شێوەی نەخوازراو بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی کورد-تورک، سیاسەتی ئامریکا لە عێراق و سورییە، بە گشتی، بۆتە هۆی ئاستێکی دەگمەن لە ڕەوایی ناونەتەوەیی بۆ کوردان. فەڕانسە، بریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکان پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرە پێداوە و لە بواری ئابووری و لایەنی دیکە پشتیوانییان لێکردووە. و کوردەکانی سورییە، کە پێشدا لە لایەن دونیای دەرەوە پاشگوێ خرابوون، توانیویانە ویجهەی ناونەتەوەیی خۆیان بە هۆی دەوری ئەوان لە شەڕ دژی داعش، بەرز بکەنەوە. ئەو ددانپێدانانە تەنیا لە لایەن خاوەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە نەبووە. لە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتیی نوێی سورییە، کە لە ٢٠١٧ لە توێی پرۆسەی ئاشتی ئاستانا پێشنیار کرا، ڕوسیە پێشنیاری دوو سازشی گرینگ بۆ کوردانی کردووە: وەلانانی وشەی “عەڕەبی” لە ناوی کۆماری سورییە و درووستکردنی “ناوچەیەکی کولتوری خۆبەڕیوەبەر” لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، کە لەویدا منداڵ دەتوانن بە کوردی و عەڕەبی بخوێنن. ئەو سازشانە لە لایەن دیمەشق رەت کراونەوە، و هیچ گارانتییەک بۆ دەستەبەر بوونیان نییە. بەڵام باسکردنیان لە پێشنیاری ڕوسیەدا نیشان دەدا کە سەرەڕای دۆخی نالەباری کوردانی سورییە، هێزە دەرەکییەکان دەستیان کردووە بە ئیعتراف کردن بە بوونی ئەوان وەک هێزێکی سەربەخۆ کە دەبێ حیسابیان بۆ بکەن.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت