شۆڕش بوو بە دوو ساڵ. سینا بێهنام
شۆڕش بوو بە دوو ساڵ. سینا بێهنام
لە دوهەمین ساڵوەگەڕی کوشتنی نامرۆڤانەی ژیناو شۆڕشی” ژن, ژیان, ئازادی” دا , ئاوڕدانەوەیەک لە ڕووداوەکانی ئەم شۆڕشە گەورەیە دەرخەری تاقمێک تایبەتمەندی ناوازەن.
دیارە تا هەنووکەش سەبارەت بە بەکارهێنانی وشەکانی شۆڕش و بزووتنەوە، ناکۆکی هەیە. بەڵام ئەوەی لە ئێران بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی روویدا، هەڵگری هەموو فاکتۆرەکانی شۆڕشە. سەرەکیترین فاکتۆریش وەک ئامانج رووخانی رژیم بوو لە هەموو بارێکەوە. لەوکاتەدا خەڵکی سەر شەقام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی چەندین ساڵەی تێکۆشانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرەوەی هەموویان حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە باشترین شێوە خۆیان رێکخست. رێکخستنی لەو شێوەیە، توانایی رێبەری هەیە و چاوی لە داهاتوویە بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئەوە دەبێتە شۆڕش و دەگەڵ بزوتنەوە کە چاوی لە چاکسازیە جیاوازی هەیە.
ئەو شۆڕشە پێچەوانەی هەموو ناڕەزایەتیەکانی پێشوو دژی دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای لە خۆ گرتەوە. بە واتایەکی تر شۆڕشی ژینا, شۆڕشێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بوو و ئێستاش هەیە بۆیە دەڵێن هەیە، چۆن هەبوون شۆڕشی لەودەستە کە درێژخایەن بوون و لەکاتی خۆیدا بە ئامانج گەیشتوون. لەوانە شۆڕشی فەڕانسە ١٧٩٩ـ١٧٨٩کە زیاتر لە دە ساڵی خایاند. شۆڕشی گەورەی روسیە کە زیاتر لە شەش ساڵی خایاند و زۆر وێنەی دیکە.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی گرنگی شۆڕشی” ژن, ژیان, ئازادی” بەشداری و لە ڕاستیدا پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بوو کە واتایەکی بە ئەم شۆڕشە بەخشی. هەر ئەم بەشدارییە بەربڵاوە و پێشەنگایەتییە ش بوو بە هۆی ئەوەی کە نە تەنها ژن وەک پێناسەی سەرەکی شۆڕشی ژینا بناسرێت بەڵکوو ئاوازەی ژن وەک پێشەنگ و بزوێنەری شۆڕش لە سنورەکانی ئیران تێپەڕێت.
شۆڕشی ژینا دوای ساڵیان نائومێدی و بێهیوایی , بە یارەمەتی وەرگرتن لە بوێری و نەتەرسی نەوەی نوێ توانی چرۆی ئومیدی گەیشتن بە ئازادی لە ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵک زیندوو کاتەوە.
لە ڕاستیدا شۆڕشێک کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایەکی ماندوو و وەزاڵەهاتووی دەستی دیکتاتۆری بوو توانی بێتە دەسپێکی بەشێکی تازە لە خەبات دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی.
هەر چەند تێچووی ئەم خەبات پیرۆزە گیانفدایی و شەهیدبوونی سەدان ڕۆڵەی قارەمان و بەئەمەگی نیشتیمان بوو, بەڵام کاریگەری ناوازەی ئەم بەرخۆدانە لە پتەوکردنی ڕیزی شۆڕشگێڕان بۆ ڕووخانی کۆماری پەت و سێدارە زۆر دیار و بەرچاوە.
لە دووساڵەی شۆڕشی ژینا و بە یادکردنەوەی لە هەموو ئەم باڵندە ئێسک سووکانەی کە گیانیان لە پێناو گەیشتن بە دێموکراسی و ئازادی بەخت کرد پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری ئەم ڕێبازە پیرۆزە بین. ژینای کوردستان زیندووە و ناوی ڕەمزی بەرخۆدانە, بەرخۆدانیک کە ئامانجی نەمانی دیکتاتۆری خوێنڕێژ و کۆتایی کۆماری ئیسلامیە.
بۆ ژن ، بۆ ژیان ، بۆ ئازادی