هەر دەنگدانێک بەهەر پاساوێک یان هەر نییەتێک خیانەتە بە خوێنی شەهیدان. سەلیم حەقیقی
هەر دەنگدانێک بەهەر پاساوێک یان هەر نییەتێک خیانەتە بە خوێنی شەهیدان. سەلیم حەقیقی
کوردستانیانی هێژا، هاونیشتمانییانی خۆشەویست
بڕیارە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ هەتاوی، بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلسی شوڕای ئیسلامیی ئێران و شەشەمین خولی مەجلیسی بەناو خوبرەگانی ئێران بەڕێوە بچێ. وەک بنەماڵەیەکی شەهیدی بزوتنەوەی « ژن ژیان ئازادی »و وەک تاکێکی ئەو کوردستانە، داوام لە سەرجەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە هەیە کە بە تەواوی هێز و بڕستەوە ئەو بەناو هەڵبژاردنانە بایکۆت بکەن.
هەر دەنگدانێک بەهەر پاساوێک یان هەر نییەتێک خیانەتە بە خوێنی شەهیدان، برینداران، زیندانیانی سیاسی و سەرجەم بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد.
لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەماندا، بە هەزاران ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە شەهید کراون، گیراون و تەبعید و دەربەدەر کراون. لەبواری کلتووریشەوە بەو هەمووە دەزگا قورس و گرانەی میدیایی، پەروەردە، زانکۆ و… هەوڵی تواندنەوەیان داوین. ویستوویانە لە کوردایەتی بشۆڕێینەوە، هەست و نەستمان بۆ ماف و داواکارییە ڕەواکانمان بسڕنەوە، دوژمنانی نەتەوەکەمان، بۆ ئەم مەبەستە لە هیچ چەشنە پیلان و چالاکییەکی نامرۆڤانە درێغیان نەکردووە. چ لە ڕژیمی پێشوو و چ ئەو بەناوی نیزامە ئیسلامییەی ئێستا.
دوای هەموو ئەو کارەساتانە، بە شانۆی هەڵبژاردن هەوڵ دەدا مەشرووعیەتی نەبووی خۆی بە دەنگدان بسەپێنێتەوە و وەک ڕێکڵام و پڕۆپاگەندە پێشانی هەموو دنیا بدا ئەوەتا خەڵک دەنگمان پێدەدا، بەڵام ئەگە هەر هەموومان پێکەوە وەک سەلماندوومانە، هیچ نەتەوەیەک وەک کۆمەڵگای کورد لە ناوخۆدا یەکگرتووتر و هاودڵتر نییە، ئەمجارەش بە حیماسەیەکی نوێ بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە بە ڕژیمی پەت و سێدارە بڵێینەوە ئێمەی کورد ئێوەمان ناوێ و هەموو جیهانیش لەو راستییە بگەیەنن کە کۆماری ئیسلامی بژاردەی خەڵک نییە و بە زەبری هێز خۆی بەسەر ئێران و کوردستاندا سەپاندووە.
ڕۆژئاواییە بەرژەوەندیخوازەکانیش باش بزانن. ئەگە توانیمان ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرە زاڵمەکان ببینەوە و چاو لە چاویان بکەین و لە فیشەک و تەقە و گرتن و کوێرکردن و شەهیدکردن نەترساوین، چۆن لە مۆری سەر سجیل دەترسێین.
ئێمە ئەو ڕۆڵە بە ئەمەگانەی کوردستانین بە خوێنی خۆمان کۆشکی زۆرداری “خامنەیی”یمان وەلەرزە خست و هێزە بۆگەن و چڵکاوخۆرەکانیانمان تەنیا بە یەکگرتوویی و دەستی بەتاڵ داماو کردبوو. ئێستاش بە دەنگنەدان و بایکۆت ئەو حیماسەیە دووپاتە دەکەینەوە و کوڵی دڵی خۆمان بەو چالاکییە مەدەنییە کە تێچووەکەی زۆر زۆر کەمە و بۆ هەموولایەکمان دەگونجێ، هەڵدەڕێژین.
سەلیم حەقیقی