ئاوڕێک لە رابردوو بۆ بەرچاو روونی باشتر لە داهاتوو. ئیبڕاهیم گەردی

ئاوڕێک لە رابردوو بۆ بەرچاو روونی باشتر لە داهاتوو. ئیبڕاهیم گەردی

ئەم تاقی کردنەوە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجە لەمێژینەکانی خەباتی رێکخراوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە وەک دێموکڕاسی و خودموختاری ، فێدرالیزم کە وەک شێوازێکی نوێ بۆ بە یەکەوە ژیانی خەڵکی ئێران لە ژێر چەتری حکومەتێکی هاوبەش بتوانێ مافی هەموو نەتەوەکان دەستەبەر بکات.
ساڵی١٣٥٧ی هەتاوی کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوتوو کۆتایی بە دەستەڵاتی٢٥٠٠ ساڵەی پاشایەتی هێنا، رژیمێ بە ناو کۆماری ئیسلامی سواری شەپۆلەکانی شۆڕش بوو دەستی کرد بە قەڵاچۆکردنی خەڵکی ئێران و بە تایبەتیش خەڵکی کورد..
ئەم رژیمە بە هێزێکی پۆشتەو پەرداخ کەوتە قەتڵی عامی خەڵکی کوردستان. خەڵکی کوردستانیش لە هاوکاری حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵات وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، سازمانی چریکەکان و رێکخراوی خەباتی ئیسلامی کوردستان لە شەڕێ سێ مانگە دا کەوتنە بەر بۆردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکان و تانگ و تۆپ و هێزی پیادە. شەڕی سێ مانگە ئەوەی بۆ کوردستانی ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەلماند کە سەرەڕای ئەوەی خەڵکی کوردستان هیچ پشتیوانێکی شک نەدەبرد بەڵام بە جێی ئەوە ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە وەک هانای ئەو خەڵکەو تاکە هێزی نێو گۆڕەپانەکە حیسابی لە سەر دەکرا. هەروەها ئەوەشی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند کە کوردستانی رۆژهەڵات لانکەو سەنگەری لە گیرانەهاتووی رۆژهەڵاتە.
هەموو خەڵکی کوردستان ئەوە دەزانن و باشیان لەبیرە کە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران وەک زمانحاڵی بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد هانی خەڵکی دەدا بۆ راوەستان دژی پێشێلکاری و بەرەنگاربوونەوەی هێزی داگیرکەر. دەنگی شێرانەی بێژەری بەتوانا کاک ئەحمەد شێربەگی دەرخەری ئەو راستیەن کە بۆ یەک هەڵوێست بوون و بە گژداچوونەوەی هێزەکانی دوژمن هاواری دەکرد ( رێک کەون رێک نەکەون ڕێو دەکەون، دوژمنە رێی نەکەوی رێت دەکەوێ ) یان دەیکوت ( یەکگرتن هۆی سەرکەوتنە ، خەبات رێگەی دەستکەوتنە ، ئەگەر بێت و یەکتر بگرین، لە گەڵ یەکا بژین بمرین ، زاڵ دەبین و سەردەکەوین ، بەرز دەبین و نانەوین)

لەلایەکی ترەوە بە هەڵگیرساندنی شەڕ لە گەڵ وڵاتێکی دراوسێی وەک ئێراق لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینی، ئابووری هەردوو وڵات بە هۆی کڕینی چەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو لە وڵاتانی رۆژئاواو بە کارهێنانی دژی یەکتر بە یەکجاری داڕما. ئاکامی ئەو شەڕەش ماڵوێرانی و زیانێکی یەکجار ماڵی و گیانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا کە باجی ئەو نەهامەتیانەش خوێنی بە ناحەق رژاوی گەنج و لاوی ئەو دوو وڵاتە بوو.

ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسین کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران مەترسیەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پێویستە سنوورێک بۆ هەڕەشەو قەڵمڕەویەکانی دابنرێ بە تایبەتیش لەو کۆمەڵ کوژی و تاوانە بێ پاساوانەی دەرحەق بە گەنج و لاوانی ئێران دا دەیکا کە لەو نێوشدا کورد بۆتە قوربانی یەکەم.

بۆیە لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئەرک و بەرپرسایەتی هێزە سیاسیەکانی کورد وەک هێزی نەیاری دژ بەو رژێمە خۆ سەپێنە قورس و گرانەو دەبێ زۆر هەستیارانە بۆ لەقاودانی ئەو تاوانە دژی گەلیانەی رژێم بە کردەوە هەنگاو هەڵێنن بە یەکریزی و تەبایی وەک هێزێکی یەکگرتوو ببنە پێشڕەو رێکخەری خەباتێکی جەماوەری لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات.

واتە هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی رابردوویان لە گەڵ رژێمی ئاخوندی دەبێ بۆ جێ پێی خۆیان لە ئێرانی نوێدا لە سەر پلاتفۆرمێک بۆ داهاتووی کوردستان لە گەڵ هێزەکانی دیکەی غەیرە کورد بگەنە رێکەوتن بۆ ئەوەی بە قورسایی وسەنگی زیاتر رۆڵ بگێڕن و ببن بە بەدیلی حکومەتی ئێستای ئێران .

ئیبڕاهیم گەردی
٢٩/٠١/٢٠٢٤ ئۆرێبرو، سوید