لە پەراوێزی سپاسنامەی بنەماڵەی ڕێبەری ناوداری کورد، سمکۆی شکاک

لە پەراوێزی سپاسنامەی بنەماڵەی ڕێبەری ناوداری کورد، سمکۆی شکاک
دوای ئەوەیکە تەرمی بەڕێز کاک عەلی خان، نەوەی گەورەی ڕێبەری ناوداری کورد، سمکۆی شکاک، لە ڕۆژی ۲۲/۱۲/۲۰۲۳ لە مەراسمێکی شایستەدا لە وڵاتی سوئێد بە خاک ئەسپێردرا و پرسەیەکی تایبەتیش بۆی بەڕێوە چوو، سپاسنامەیەک بە ناوی بنەماڵەی سمکۆ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بڵاو کرایەوە کە لەو سپاسنامەیەدا چەند جار ناوی من (Ezîz Herkî) هاتووە، لەگەڵ ئەوەی پێویست بە سپاسکردن لە من نەبوو، لە هەمان کاتیشدا ئەم سپاسنامەیە وەک بەڵگەیەکی پڕ لە شانازی و سەربەرزی لە بنەماڵەی گەورەی ڕێبەری مەزن شەهید سمکۆ وەردەگرم.
هەر لەو پێوەندییەدا بە پێویست دەزانم هەندێک ڕوونکردنەوە لەسەر کۆی مەراسمەکە وەک بەرچاوڕوونی بۆ خوێنەران بیخەمە ڕوو.
چەند کاتژمێر دوای کۆچی دوایی کاک عەلی خان، لەگەڵ کاک #غەنی_غەنیپوور و کاک #ئەنساری_عەزیزی چووینە خزمەت خاتوو هەدیە، هاوژینی کاک عەلی و منداڵەکانی، وێڕای گەیاندنی پرسە و هاوخەمیی خۆمان، ئامادەییشمان بۆ هەر کارێک نیشان دا. ڕۆژی دواتر بنەماڵەی کاک عەلی خۆیان پێوەندییان پێوە گرتم و وتیان بەهۆی شۆکی لەدەستدانی کاک عەلی، بۆ بنەماڵەکەمان سەختە بتوانین مەراسمێکی شایستە بۆی بەڕێوەبەرین، هەر بۆیە داوای هاوکارییان کرد، منیش پێوەندیم بە کاک غەنی و کاک ئەنسارییەوە کرد و هەمان ڕۆژ چووینە خزمەتیان و هەر لەوێ بەرنامەی مەراسمەکەمان دانا و بە بنەماڵەی کاک عەلیمان وت تەنیا کارێک کە پێویستە ئەوان بیکەن ئەوەیە لە مەراسمەکەدا ئامادە بن و هەموو کارە ئیدارییەکانی پێوەندیدار بەو مەراسمە و تەداروکاتی و هتد ئەنجام دەدەین.
لەگەڵ ئەوەی کاتێکی کەم و کارێکی زۆرمان لە پێش بوو، ڕۆژانەش کارمان دەکرد، بەڵام کارەکانمان دابەش و ئورگانیزە کردن و لەو پێوەندییەدا پڕ بە دڵ سپاسی کاک غەنی و کاک ئەنساری دەکەم کە زۆر ماندوونەناسانە و دڵسۆزانە کاریان کرد و زەحمەتی زۆریان کێشا، هەروەها پڕ بە دڵ سپاسی بەڕێزان مامۆستا مەلا #حەسەن_شیوەسەڵی، کاک #سلێمان_کەڵەشی، کاک #تاهیر_عەلیار، کاک #عەبدوڵڵا_حیجاب و کاک #کاکشار_ئۆرامار دەکەم کە داواکاریی ئێمەیان قەبووڵ کرد و وێڕای بەشدارییان لەو مەراسمەدا، هەر یەک لەو بەڕێزانەی سەرەوە باسی گرینگ و مێژووییان لە هۆڵی مەراسمەکەدا پێشکەش کرد. هەروەها سپاس بۆ کاک #تەیموور_مورادی و ماموستا #سەرکۆ کە خۆویستانە لەسەر کەسایەتیی کاک عەلی و بنەماڵەی سمکۆ قسەیان کرد. هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێز کاک #خالید_عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات کە لە دەرەوەی وڵاتی سوئێد بوو، پێوەندیی پێوە گرتم و دوای ئاگاداربوون لە چوونیەتیی بەڕێوەچوونی مەراسمەکە، وێڕای سپاس و دەستخۆشی، ئامادەیی حیزبی نیشان دا بو هەموو پشتیوانییەک و هەروەها کۆمیتەی سوئێدیشی ڕاسپارد بۆ هەموو هاوکارییەک لە بابەت ئەو مەراسمە و خۆشیان پێوەندیی بە بنەماڵەی کاک عەلی خانەوە گرت. هەر لەو پێوەندییەدا کۆمیتەی گشتیی حیزب و کۆمیتەی شاری ڤێسترۆس بەردەوام لەگەڵ من لە پێوەندیدا بوون کە مەراسمەکە بە هاوکاری و ئاگاداریی هاوڕێیان ئۆرگانیزەم دەکرد. هەر بۆیە پر بەدڵ سپاسی بەڕێز کاک #خالید_عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، #کۆمیتەی_سوئێد و #کۆمیتەی_ڤێسترۆس دەکەم بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییەک لە بابەت ئەو مەراسمە.
پێویستە سپاسێکی تایبەتیش لە تێکۆشەری ماندوونەناس کاک #سەربەست_ئۆرمیە بکەم کە داواکاریی منی قەبووڵ کرد و لە ماوەیەکی کەمدا ئافیشێکی کەم وێنەی بۆ ئامادە کردین. هەروەها سپاس بۆ کاک #جەعفەر_موبەشریان لە ڕووداو تیڤی و کاک #نوورەدین_سۆفیزادە لە کوردکاناڵ کە لەگەڵ من لە پێوەندیدا بوون بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر شێوەی بەڕێوەچوونی مەراسمەکە.
سپاسی بەڕێزان کاک #سلێمان_کەڵەشی و کاک #فەهیم لە دانمارک دەکەم کە بەردەوام لەگەڵ من لە پێوەندیدا بوون و بە ڕێنوێنی و بۆچوونەکانیان بەرنامەکەیان دەوڵەمەند کرد، لەو پێوەندییەدا قەت نابێ پێوەندی و پشتیوانی و هاوکاریی برا و هاوڕێی خۆشەویسم کاک #کاووس_عەزیزی لە بیر بکەم کە لە ڕێنوێنی و پێدانی زانیاری وەک ڕوانگەی حیزب سەبارەت بە ڕێبەری شەهید سمکۆ و شۆڕش و بنەماڵەی گەورەی سمکۆ هاوکاریی کردم و زۆر سپاسیان دەکەم.
بەگشتی سپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەت لە ناوخۆی ڕوژهەڵاتی کوردستان کە لە بابەت بەڕێوەبردنی ئەو مەراسمە پێوەندییان پێوە گرتووم و دەستخۆشییان لێ کردووین.
لە کۆتاییدا وەک بەڕێوەبەری ئەو مەراسمە سپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوکارییان کردین، دیارە بەشدارانی مەراسمەکە زۆر سوپاس و دەستخۆشیان لێکردین و پێیان وابوو کارێکی باش و رێک و پێکمان کردووە، بەڵام ئەگەر کەموکۆریشمان هەبۆبێت هیوادارم لێمان ببوورن.
پێویستە ئەوەش بڵێم کە هەموو ئەو کارانەی کە ئێمە کردمان، تەنیا و تەنیا لە پێناو خۆشەویستیی نیشتمان و ڕێزگرتن لە پێشمەرگە و فەرماندەیەکی ڕۆژە سەختەکانی خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رزگاریی نیشتمان و ئازادیی نەتەوەکەمان و وەفادار و ڕێبوارێکی ڕاستەقینەی ڕێبازی شەهید سمکۆی ڕێبەر بوو و بەس.
لێرەدا پێویستە بگوترێ کە بەرێز کاک عەلی خان سمکۆ ڕۆژی ۱۳/۱۲/۲۰۲۳ بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی شاری ڤێسترۆسی سوئێد کۆچی دوایی کرد، سڵاو لە گیانی پاکی و سەری بنەماڵە و گەلی کورد ساغ بێت.
لەگەڵ ڕێز و حورمەت
✍️ عەزیز مورادپەرەست
ڤێسترۆس، سوید، ۲٨/۱۲/۲۰۲۳ زایینی