دەسەڵاتی ئێران بەشەق و زلە نەبێت ڕاستە ڕێ نابێت. محەممەد سلێمانی

دەسەڵاتی ئێران بەشەق و زلە نەبێت ڕاستە ڕێ نابێت. محەممەد سلێمانی
ڕێژیمی تاران وڵاتێك نیە بە پەیام و ڕاسپاردەی وڵاتانی دیكەی گێتی، گوێ بۆ داواكاری شەرمێونانە و ترسەنۆكانەی وڵاتانی ڕۆژئاوای بگرێ و لە ھێرش بۆ سەر بەرژەوەندیە سیاسی، ئابووری و بازرگانیەكان، روحمیان پێ بكات و دەست ڕاگرێت.
بە شیوەی ناڕاستەوخۆ شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا سەری هەڵداوە و کاتێك لە نێو خاکی عێراق هێرش دەکرێتەسەر هێزەکانی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو وڵاتەش بێ وڵام نەبووە و بەزیادەوە زیانی بە گروپە میلیشیاکانی سەر بەتاران گەیاندووە.
دەسەڵاتی ئێران زیاتر لە دوو دەیەی تەواوە بووە بەمەترسی و ھەڕەشەی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچە و لەو ساڵانەی دوایدا بەھۆی زیادبوونی چالاكی میلیشیا چەكدارەكانی سەڕ بەو وڵاتە، نیگەرانیەكان لە لایەن جەمسەرە دژبەرەكانی دژبەری تاران زۆریان زیاد كردووە و بە ڕێگای جیا جیادا هەوڵیانداوە تاران واز لە چالاکیەکانی بە دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانی بێنێ.
چارەسەرکردنی کۆی کێشە و ئالۆزییە سیاسی و سەربازی و ئابووریەکان لەسەر ئاستی ناوچەی و نێو خۆی وڵات ھەمووی دەکەوێتە گەردنی ڕێژیمی ئاخوندی و بێگوومان بەواکسێنێکی دژە دەسەڵاتی تاران و خامنەی نەبێت کۆتای بە کۆی دژواری و نەھامەتیەکان نایەت و ئارامی و ئۆقرەی باڵ بەسەر ھەرێمەكەدا ناكێشێت.
ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بەدڵنیایەوە بەقسەی خۆش و دیپڵۆماسی ئارامی ڕاستە ڕێ نابێ و لەژێرگوشاردا نەبێت، دەست بەرداری ڕفتارەكانی نابێ و ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا سیاسەتی خۆیان لەو بارەوە نەگۆڕن بە هیچ ئاکامێك سەبارەت بە ڕێژیمی ئاخوندی ناگەن.
لەكاتێكدا تاران گوێ بۆ قسەی حیسابی دەگرێت كە فشارەکانی سەر حکوومەتی تاران زیاتر پەرەیان پێ بدرێ و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەوئەنجامەی بگەن كە ئێران وازلەكردارە خراپەكانی خۆی ناھێنێ و ئەگەر لە ڕابردوودا دەرفەتی ھەستانەوە بەو ڕێژیمە نەدرابا، بێگوومان لە ئێستادا بەھۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی نێوخۆی پاش سەرھەڵدانی شۆڕشی ژن،ژیان، ئازادی، دەیانتوانی مەرجی سیاسی زیاتری بەسەردا فەڕزبکرێت و، ئێران ناچاردەکرا گوێ بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگرێ و، ناچار بە خواردنەوەی جامە ژەهرێکی تر دەکرایەوە.
ئیدی ئەوکات هەموو شتێك دەگەڕیتەوە دۆخی ئارامی خۆی و ململانە هەرێمایەتیەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو کۆتایان دێ و ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و سەربازی باڵ بەسەر ناوچەیەکدا دەکێشێ ، کە دەمێکە بە ھۆی ڕێژیمی تاران لە قەیران و ژاوەژاوی گەورەدا دەژیت و تاران بۆتە سەرچاوەی فیتنە و ئاژاوەگێڕی ناوچەی و تەنانەت مەترسی لەسەر ناوچە ستڕاتیژییە ئابووری و بازرگانیەكانیش دروست كردووە و بارودۆخێكی ئەوتۆیان خوڵقاندووە كە وڵاتانی بەھێزی ئۆروپا لە ئێران بپاڕێنەوە کەشتیە بارھەڵگرەكانیان لە سنوورە ئاوەیەکاندا بەئامانج نەگرن.
گەلانی وڵات بە گشتی لە دەسەڵاتی ناوەندی کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی و ئاسوودەی تایبەتی خۆیان دەکەنەوە و سەروەت و سامانی گشتی نەتەوەیی بە فیڕۆدەدەن و، بۆ ئەوەی تەمەنی سیاسی دەسەڵاتەکەیان درێژتر بکەن، بڕێکی بەرچاوی داھاتی گشتی وڵات دەخرێتە خزمەتی گروپ و میلیشانەی بەفتی خامنەی ھەڵدەسووڕێن و تا لەو ڕێگایەوە سیاسەتی فیتنەیان پەرەپێ بدەن و باڵانسی ھێز بەقازانجی دەسەڵاتەكەیان بگۆڕن.
ڕێژیمی ئاخوندی ئێران تادێ هەڕەشەکانی بۆ سەر دژبەرەکانی زیاتر دەکات و، بە ئاشکرای باسی لە توانایی بەگری سەربازی و ئاسمانی وڵاتەکەیان دەكەن بەجۆرێك پەرەیان بە توانای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی خۆتەقێنەر داوە كە ھەركات دڵیان بخوازێت، ھێرش دەكەنە سەر نەیارە و دژبەرەكانیان.
لەو ماوەیەدا لە دەریا و وشكانیدا ئاگریان لەسەر پشتی هێزەکانی ئەمریکا و نەیارەکانیان كردۆتەوە و ھەركاتێك بیان ھەوێت بەئامانجی گرتوون.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ، عەلی خامنەی دەمێك بوو باسی لەوەی دەكرد كە كارێك بە سەر حكوومەتی ئیسرائیل دێنن كە ھەرگیز لەبیریان نەچێتەوە، بێگوومان ئەو قسانەی ڕێبەری باڵای نیزام ھەر لەخۆیەوە نەبوو ئەو پیلانگێڕیە گەورەیەبوو كە لە ٧ی مانگی ئۆكتۆبەردا كرایە سەر ئیسرائیل و ئاكامەكەی ئەو شەڕە ماڵوێرانكاریە كە بەدژواری كۆتایی پێدێت، دەستی پێکردووە و بارودۆخی ناوچەکەی بە لوتکەی مەترسی گەیاندووە.
دیارە دەمێکە ئێران بەو زمانە باسی ھەڕەشەکانیان بەدژی تەلەبی دەکەن و بەڵام تاران ھەرگیز ئەو بوێری و توانا سەربازییەی نەبووە ڕاستەخۆ ھێرش بكا، تا سەرنجام بزووتنەوەی حەماسی باڵی چەكداری نزیك لە خۆیان بەگژداكردن و پەیوەندییەكانی ئەو دوو نەتەوەی بەدۆخێكی مەترسیدار گەیاند.
زۆر جار خامنەی بە زمانی گاڵتەكردن بە ئەمریكا و دژبەرەكانی لێدوان دەدات و ئەوەش مانای ئەوەیە كە منت لە كەس ھەڵناگرن و چیان پێ خۆش بێ و بیان ھەوێت ئەوە دەكەن و خۆیان بەكوێخا و دەمڕاستی ناوچەی دازانن و تەنانەت پاش کوژرانی ڕاوێژکاری سەربازی سەربە سپای قوودس لە سووریە، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا دەکات.
بێگوومان ئەو قسانەی كاربەدەستانی حكوومەتی ئاخوندی ھەر لە خۆوە نیە و سوور دەزانن وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان لەسەر ئێشەی شەڕ و ئاژاوە بەدوور دەگرن و ھەرچی دەكەن لەو شەڕەی لە ئۆكڕانیا بەملیاندا ھاتووە، ڕزگاریان نابێت تا بگات بە بەرەیەكی نوێی شەڕ.
دیارە ئەگەر بێت و نەیاڕەكانی تاران بەجددی دژایەتی تاران بکەن و ڕووبەڕووی ببنەوە و، واز لە سیاسەتی شەڕانگێزی و تێكدانی ئاشتی و ئارامی ناوچەی دێنێ و كاتێك ھەست بە مەترسی لەسەر پێگە و نفووزی ناكات، بێباكانەتر سنووری پیلانگێڕیەكانی فراوانتر دەكات و میلیشیا چەكدارەكان بەرە و ئامانجەكانی ئاڕاستە دەكات.
ئێران دەمێكبوو هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد کە مووشەکەکانیان لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل جێگرکردوون و هەرکاتێك بیان هەوێ، دەتوانن ئامانجە کانیان بە نیشانە بگرن و، ئەو بابەتەش شتێک نیە ئێران بوێری کردارێکی لەو چەشنەی ھەبێ و توانای دەست وەشاندنی ھەبێت، بە بێ ھەڵبژاردەی تر كە دیتمان لە ڕێكای گروپێكی سەر بەتاران چ بەڵایەكی بەسەر حكوومەتی تەلەڤی ھێنا.
ھەروەك دەركەوتووە ڕێژیمی تاران پیشەی بە ڕفتاری دڕندانە و سیاسەتی فیتنەگێڕانەی گرتووە و بە درێژایی مێژووی ئەو چەند ساڵەی، بەردەوام بە رێگای میلیشیا و گرۆپە تیرۆریستەکانەوە ، شەڕی نەیارەکانیان کردووە و لەو کردارەیاندا بەڕاستی لێزان و بێ وێنن و بەداخەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا سیاسەتی خۆیان لە ھەمبەر پێشێلكاریەكانی دەسەڵاتی ئێراندا نەگۆڕیووە و بەردەوام لایەنگری سیاسەتی نەرمیان كردووە.
ھەر لەبەر ئەوەشە تاران گوێ بۆ كەس و وڵاتێك ناگرێ و خۆیان بێ دژبەرو ڕكابەری ناوچەی دەزانن و حیساب بۆ ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناكات.
ئەوەی ڕاستی بێ دۆخی سیاسی و سەربازی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆی سیاسەتی خۆفەڕزکردن و هێژموونی خوازی تاران لە گەڵ ئاڵۆزی و مەترسی زیاتر بەرەڕوو بۆتەوە و، جارێ هێشتا ڕوون نیە ڕووداوەكان ناوچەكە بەرەوكوێ دەبات ، لە كاتێكدا تاران زیاتر خۆی بەسەرناوچەكەدا سەپاندووە و بەردەوام ھێرش دەكاتە سەر ئامانجی نەیارەكانی.
ئەگەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی بەسیاسەتی ھەندەرانیان لە ھەمبەر ئێراندا نەچنەوە و ستڕاتیژی ڕوانینی یان نەگۆڕن، تاران زیاتر پەرە بەكەڵاوەكێشیەكانی دەدا و مەترسی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان دروست دەكات كە، دەرفەتی جووڵەیان لێ بەرتەسك تر ئەكات.
ئەو تیئۆریانەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی دەستەمۆكردنی كاریان پێكراوە، دەركەوتووە كە جگە لە شكەستی ساسی و دیپڵۆماسی بەرھەمێكی تریان لێ دروێنە نەكردووە و بەشێكی بەرچاو لە شارەزایانی سیاسی لەو بڕوایەدان، تاران بەزۆر نەبێت مل بۆ داواكاریەكان شل ناكات.
بەداخەوە ئەمریکا لەسەر ئەو شێوازە نوێیەی سیاسەتی ھەندەرانی خۆی دەباتە بەرەوە كە ستڕاتیژیەكەی ئۆباما وەك میراتێكی شكەستخوارد بۆ داناون و ھۆکارێك نیە کە واشنگتۆن لەوەی زیاتر دەستی تاران ئاواڵە بکات كە خۆی بە کوێخا و دەمڕاستی ناوچەی دابنێ و مەترسی لەسەر دۆستەکانی دروست بکات.
ئەگەر بێت و ئەمریكا و ئۆروپا لەوەی زیاتر سیاسەتی نەرم لە هەمبەر تاراندا بەڕێووە بەرێ، ئەو ولاتە زیاتر هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی یان دروست دەکات و بەتكا و پاڕانەوە كێشەكانیان لە گەڵ تاران بۆ چارەسەر ناكرێت.
لە دۆخێکی ناڕوون و شڵژاوی وەك ئێستادا، بێگوومان وڵاتانی ڕۆژئاوای دەبێت شەڕی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەكانیان لە گەڵ تاران بکەن و ئەگەر بەو پێیەش بێ، ئیدی یەك ڕاست ئەو سیاسەتە دەبێ بەرێووە بەرێن کە تێیدا زیاتر تاران هەوساربکات و دەرفەتی هەستانەوەی پێ نەدرێت.
پارلمانی ئێران بڕیاری پیتاندنی یۆڕانیۆمی بە ڕێژەی٢٠ لە سەت پێشتر پەسند کردووە و نزمکردنەوەی ئەو رێژەیەی گریداوە بە پابەند بوونی ئەمریکا بە ڕێککەوتنی ناوەکی لە گەڵ وڵاتەکەیدا و بێگوومان ئەوەش وەك مەرجێکی پێشوەختە بۆ حکوومەتی بادین تەماشا دەکرێ و جارێ ھەر ڕوون نەبوو، سیاسەتی ئەوان لە هەمبەر تاراندا چۆن ئەبێت.
ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی داوە بە رێگای هەڕشە و ئاژاوەدا سیاسەتی خۆی بسەپێنێ و بەردەوام کاریان لەسەر ڕێچکەی شەڕ و پێك هەڵپڕژانکردووە .
بە ڵام لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کەم واهەبووە لە مەیدانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەدا براوەبن، بەڵکوو بە زۆری براوەی سەر مێزی گفتووگۆکان بوونە و توانیوویانە بە سوودی دەسەڵاتەکیان ڕێککەوتنەکان واژۆ بکەن.
ئێران لە دۆخێکی سیاسی و ئابووری و دیپڵۆماسی ئاڵۆزدایە و بە هۆی داڕمانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوخۆی و دوورکەوتنەوەی گەلانی وڵات، لەو دەسەلاتە ستەمکار و دیکتاتۆرە، ئەو بۆشایەی دروستکردووە کە وەك مەترسی گەورەی نێوخۆی لەسەر داهاتووی ولاتەکەیانی بزانن.
گەلانی وڵات و بە تایبەتی لە نێو خەڵکی کوردستاندا ئەو وشاریە سەری هەڵداوە کە دەسەڵاتی تاران، جگە لە ناوەندێکی داپڵۆسینەر و کاولکار شتێکی تر نیە و هەربۆیەش بە یەکگرتووی دژایەتی پێگە و نفووزی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێژیمی ئاخوندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.
ئێران بە هۆی ئەو هەموو هەڵبەزدابەزەی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیدا دەستی پێکردووە، بەدڵنیایەوە بەزمێکی گەورەی بۆ خۆی ناوەتەوە و یان ئەوەتا ئەوجار بەتەواوی تێدا دەچێ، یان دەبێتە براوی ئەو ناوە و موختاری دەست ڕۆیشتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بێگوومان زۆر دژوارە بە هۆی بەرژەوەندییەکان و گرینگی ئەو ناوچەیە بۆ وڵاتانی تری ناوچە و زلهێزەکان، ئەو خەونەیان بێتەدی و بەتەواوی كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكەن.
ئاشتی لە نێوان وڵاتانی عەڕەبی و ئیسرائیل و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانیەکانیان، لەو چەند ساڵەیدا، ئارامی و ئۆقرەی لە دەسەڵاتی ئێران بڕیبوو و تاران دەمێك بوو بەرنامەی ھەڵگریساندنی شەڕی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان داڕشتبوو كە ئەو وڵاتانە زیاتر بەدژی تەلەڤی ھانبدات و پەیوەندییەكانیان تێك بدات.
محەممەد سلێمانی
25.12.2023