کاریگەریی کۆمەڵایەتیی لە شۆڕشی ژینا / مەهسا دا. حەسەن حاتەمی

کاریگەریی کۆمەڵایەتیی لە شۆڕشی ژینا / مەهسا دا
بەڕێزانی بەشدار لە شەوی کوردی لە ئورێبرۆی سوئێد!
سڵاو و ساتتان باش!
لە لایەن بەڕێز مامۆستا شوعلە قادریی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران، کۆمیتەی ئۆرێبرۆ، ڕاسپێردرام باسێکی کورت سەبارەت بە لایەنێک لە چەند لایەنەکانی شۆڕشی ژینا، پێشکەش ئێوەی هێژا بکەم. بۆ من جێی خۆشحاڵی و شانازییە لە کۆڕی بنەماڵە بەڕێزەکانی ئەندامانی تێکۆشەر لە یەکیەتیی ژنانی ئەم شارە و دەرووبەر، کەمێک لەسەر ئەو ڕووداوە پڕ گرینگە، لەگەڵتان دەدوێم.
بەڕێزان!
ئێمە ئەمشۆ ٢٤٨ مین شەو و ڕۆژی ڕاپەڕێنی شۆڕشی ژینا لە تاراوگە نشینی دا، لە وڵاتێکی سکاندیناوی و لە سوئێد دا، ژیان تێپەڕ دەکەین کە بیروزەینمان لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ سەرانسەری ئێران و لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهانە کە باس لە ڕووداوێک دەکەین، کە زۆربەی دنیای بە شێوە گەلی جۆراجورهەژاند.
لەو کاتەوە تا ئێستا، ڕۆژ و شەو، باس لە ژینا یا مەهسا ئەمینی دەکرێ. لە سەر شەقام و مەیدانان، لەنێو بنەماڵە و میدیایان، لە کۆڕو کۆبوونەوکانی مەدەنیی، مافی مرۆڤی و سیاسی دا، لەنێو قوتابخانە و زانستگە و شوێنە فێرخوازیی و فێرکارییەکان دا، لە فیستیڤاڵە سینەماییەکان دا، لە نوێنگەکانی وێنە کێشان بە دەست و کامێرا دا، لە شوێنە وەرزیشی و بەتایبەتی ستودیۆمەکانی تۆپی پێی و ساڵونە سەر داخراوەکانی یاری بە کۆمەڵ دا، لە سوسیال میدیا و بە میلیۆنان لایک و کامێنت و لێدوانەکان دا. لەنێو پارڵمان، کابینە و دەیان و سەدان کۆڕ و کۆبوونەوە، لەوڵاتانی شوێندانەر لە سەر ژیانی بە میلیارد گەلانی جیهان دا، وێنەی جوان، غەدرلێکراو و جوانەمەرگکراو و گیان لێئەستێندراوی ژینا / مەهسا ئەمینی دەبینرێ و ناوی دەبیسرێ و ڕێژیمی دژی مرۆڤ و ئازادی، دژە ژن، منداڵ کوژ، کۆمەڵکوژ، سەرکوتکار و توتالیتێر و مەترسی خوڵقێنی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ئەو “قەتڵە حکوومەتی”یەی ئەنجام داوە، ئیدانە دەکرێ.
ئەو دروشم و ناوانەی دوای ئەو شۆڕشە دەگوترێن، دەنووسرێن و دەبیسترێن، خوڵقێنەر و پێکهێنەری فەزایەکن کە خوێن و بەرخۆدان، لە ماوەیەکی زۆر کەم دا، قوڵترین ڕەگیان لە کۆمەڵگەکانی سەرەڕۆیی و سووننەتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە نێویان دا، ئێرانی فرە نەتەوەییەیی داکوتاوە و زۆرترین کارێگەریی کۆمەڵایەتیی لێ بەرهەم هێنراوە.
دروشمی ژن ژیان ئازادی، لە گۆڕستانی ئایچی سەقزەوە بۆ سنە، بۆ هەموو کوردستان لە ئێران، بۆ نێو تورکە ئازەرییەکان تەشەندی کرد. لە تاران بڵاوبۆوە. لە بلووچستان بۆ ئەحواز، بۆ تورکمەنستان، بۆ تاراوگە، لە نزیک ١٠٠ وڵاتی بیانی، زمان بە زمان، بوو بە “وێردی سەر زمان” ان و شەپۆلی شەقامیی دەیان هەزاری کەسی لە بەشێکی زۆری ئورووپا، ئەمریکا، کانادا، ئوسترالیا، زیلاندی نۆێی، بۆ وێنە، باڵی دوویەمی باڵندەی ئازادی چێ کرد.
وەزیرانی ١٥ وڵاتی بەیانی، پشتیوانیان لە شۆڕشی ژینا کرد. وەکالەتیی سەدان پاڕڵمانتێر لە زیندانییەکانی گیراو و مەترسی گیانلێئەستیندران، شەپۆلێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراوی خوڵقاند. وزەی بەشی هەرە زۆری ئەو پشتیوانیانە، هەوڵی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانی ویست بوو، کە لە زایەڵەی نێو ماڵەکان، سەر شەقام و مەیدان لە نێوخۆی ئێران دا، بوو، کە پەسند کرانی “کۆمیسیۆنی دیتنەوەی ڕاستییەکان” و دەرکردنی نوێنەری دەسەڵاتی ئاخوندی – سپایی، لە “کۆمیسیۆنی پلەی ژن لە نەتەوەیەکگرتوەکان”ی بە داوە بوو. هەروەها، دوو بڕیاری پارڵمانی یەکیەتیی ئورووپا و چەند پاڕڵمانی وەک: سوئید، سویس، هولەند و فەڕانسە و ئینگلستان، لەسەر سپای پاسداران وەک گرووپێکی تێڕۆڕیستی دراون، کە ئەو هەوڵە، درێژەی هەیە.
پتر لە ١٠٠ هەزار زیندانی، نزیکەی ٧٠٠ کەس کوژراو، پتر لە ٥٠٠ کەس چاوێک یا دوو چاو لێئەستێندرا و هەزاران کەم ئەندام و ئاوارە و ژیان تێکچوو، کە سێ گۆشەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و فەرهەنگی دژی ١٤٠٠ ساڵ ئیسلامی سوننەتی و ٤٤ ساڵ ئیسلامی سیاسی لە ئێران دا، نیشان دەدا، و سۆزو شەپۆلی پشتیوانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، کە کۆمەڵگەی نوێخواز، ئازادیخواز و بەرەو سێکۆلاریزم لە نێو گەلانی ئێران دا، کە کیانی پیر فەلەکی ژیر و ژیکەڵانەی گیان لێئەستێندرا و باوک فەلەجی لەش کراو، نوێی کردەوە و ناوی “خودای ڕەنگین کەمان” (کۆلەزێڕینە)ی لێنا؛ کە بە بڕاوی من یانی ژیان لە ئێرانی چەند ڕەنگی و فرە چەشنەدا، پێویستە جێ بخرێن.
وەشە گەلی “ڕۆنێسانی ئێرانی”، “کوردستان چاو و چرای ئێران” کوردستان، بەلووچستان خەباتکارانی ئێران”، ئێمە ژینا/مەهساین، ئەستێنەری خوێنی خوشکان و برایانمانیین. نە سەڵتەنەت، نە ڕێبەریی، ئازادی و بەرانبەریی، باوەشی خۆشەویستی ئینسانی، متمانەی کۆمەڵایەتیی ژنان و کچان بە پیاوان و کوڕان، تووڕهەڵدانی مەتەڵەک و قسەی ناحەز و دوور لە خوو و ڕەفتاریی ئینسانی، هاوکاریی و هاوپێوەندی لە هەموو کووچە و کۆڵان و شەقامان، هاتنە سەر شەقام و مەیدانەکانی هەزاران کەس لە تاراوگە، بۆ پشتیوانی و سەرخستنی شۆڕشی ژینا، بە سەماوە تووڕهەڵدانی دەسرۆکەی سەری ژنان و کچان و بۆ سەرخستنی شۆڕشی دوویەمی نا بە ڕووپووشی زۆرە ملێ (حیجاب اجباری)، هەوڵدان بۆ تێگەیاندنی کۆمەڵگەکانی جیهانی و خەڵکەکانی وڵاتانی ئازاد لە شۆڕشی ژنان و کچان، بە پشتیوانی پیاوان و کوڕان بە دژی ئاخوند و دوکانە پڕ لە درۆ و دەلەسەکانیان، بە تایبەتی لە قوم، ئیسفەهان، شیراز، ڕەشت، بەختیاریی، لوڕستان و تاران، کە پێش شۆڕشی ژینا/ مەهسا زۆر پڕ ڕەنگ بوو. هەر خودی ئاخوند سومعە و هەیبەتی شکا.
شوبهاندنی ژینا / مەهسا بە پێغەمبری زەمان و موعجزەکانی بۆ ڕەها بوونی مرۆڤەکان لە ئێران و ئازاد بوونی ژن لە ژیانی پڕ لە ژان، بۆ ژیانی نوڕمان وەک گەلانی ئاقڵ بیر و یاسامەند لە جیهان، بە هۆی کەسێکی شیعە مەزهەبی کە پێشتربە هەموو توانای بەرگری لە مەزهەبی شیعە دەکرد و سەرنووسەریی ڕۆژنامەی “هەتاوی یەزد” (آفتاب یزد) بە ناوی موجتەبا واحیدییە، کە ڕۆژانە و شەوانە قسەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەڵان لەنێوخۆی ئێران و تاراوگە دەکا.
بۆێریی و ئازایەتی بنەماڵەی ژینا و تەسلیم نەبوونیان بە ڕوانگەی درویینەکانی دەسەڵاتدارانی خوێنڕێژ و بوون بە نوێنگەی خۆڕاگری و ڕاوەستان وەک “غیرتی ژینا لە غوربەت دا”. لە جیاتی شین گیڕی سوننەتی و باوی خۆڕنین و ڕوومەت داڕنیینان گۆڕی، بە شینی گێڕی لە چەشنی “فرمێسکی ڕنۆ” یی مامۆستا هێمنی یاد بەڕێز؛ دارشتنی ڕێچکەی نوێ بۆ شەهیدانی دیکە، بە تایبەتی دایکان و خوشکان بە سروودی و شێعر و پەخشان، لە سەقزی “زێڕوشان خاتوون” و خوڵقێنەری فەلسەفەی شێرە ژن، لە دوای ساوکوژ کرانی کۆماری کوردستان و گیان لێئەستاندنی ١١ تێکۆشەر و بەڕێوەبەری کۆمار کە لە سەقزلە سێدراە دران، و لە کتێبی پاشەڕۆک دا، ئاماژەی پێکراوە. لەو نێوە دا کە دایکێک سێ ڕۆڵەی ئازادیخواز، کە بە قەوی مامۆستا قانیع : جگە لە ئازادی وڵات و دوژمنی داگیرکاران تاوانێکی دیکەیان نەبوو، بە گیانلێئستێندراوی دەبینێ و لە لای گەزەمەکانی دەسەڵات فرمێسک ناڕێژی، بەڵکوو شانازی کردەویی بۆ فیدکارانی گەل، بۆ پێشمەرگەی ئازادی و مافی نەتەوەیی دەخوڵقێنی.
بڵاوکرادنەوەی وێنە جوان و خولیای نوێگەرییکەی ژینا و بەرگی سووری هەڕەتی لاوی و دڵخۆش بوون بە ژیان و دوژمن بەزێن بە دابونەریتی کوردەواریی و پرچی پەریشانی لەکاتی سەرچۆپێ کێشانی بۆ شادی و شادمانی وەک بەشێک لە هوویەت و فەرهەنگی بەربەرەکانی و تەسلیم نەبوون بە غەم و دڵتەنگییەکان، کرانی ئەو دیمەنە بە پۆستێر و بە هەزاران دانەی، چوونە لە سینگ و دەستانی ئۆگرانی ئازادی و مافی ڕەوای ئینسانی و ڕەنگدانەوەی لە “یەکەم نەورۆزی ژینا” دا، لە ستۆکهۆڵم کە ١٠٠ ژن و کچی بە ئەمەگی کورد لە سەرمای زۆرتاقەت پڕووکێن دا، بوون بە بەرگ پۆشی ڕەنگ سوور و گەشی سەرچۆپی کێشی، ژینا / مەهسا لە مەیدانێکی ناوەندی ئەو شار دا.
ئەو شۆڕشە کە بەردەوام بەرەو شوێندانەریی هەنگاو دەنێ لە چەند وڵاتی دنیا دا، وەک: فەڕانسە لە پاریس، کانادا لە تۆتاوای پێتەخت بەشێک لە شەقامێکی ڕووبەڕووی باڵێوێزخانەی پێشووی کۆماری ئیسلامی، بە ناوی مەهسا ئەمینی کردووە. لە بیلژیک و لەم دوایانە دا، لە وییەنی پێتەختی ئوتریش بۆ دایم، ناوی ژینا / مەهسایان لەسەر شەقامێک دانا، کە بێشک ئەو ڕەوتە درێژەی دەبێ. ناوی هەزاران کچ و ژن گۆڕان و کران بە ژینا / مەهسا، یا کۆرپەکانی ماوە ٨ مانگی ئێستا، ناوی ژینا / مەهسایان لێنراوە، چ لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان دا.
کاریگەری کۆمەڵایەتیی شۆڕشی ژینا لەو چوار وێنەیە دا، باس دەکەین. یەکەم، سروودی “برای” یەی “شروینی حاجی پوور کە خەڵاتی “گەرمی” لە ئەمریکا، وەردەگرێ کە ئاوای لەسەر دەنووسرێ:” جیل بایدن ، خاتوونی یەکەمی ئەمریکا لەو ڕێوڕەسمە دا، بە ڕێز گرتن لەو سروودە و وەبیرهێنانەوەی کوشتنی مەهسا ئەمینی و بزووتنەوی ژن ژیان ئازادی شێروینی حاجی پووری بە براوەی ئەو خەڵاتە ڕاگەیاند. شێروین کە هونەرمەندی گۆرانی بێژ و دانەری ئەهەنگەکانیشیەتی بە ئیلهام لە نووسراوەی ناڕازییەکانی دژی دەسەڵات لە ئێران و بەڵگەکانیان بۆ ناڕازای بوون و دەربڕینان، سروودی “بۆ” (برای) ی دانا و کوتی، کە وەک: باشترین گۆرانی (ترانە)ی کاریگەری لە ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتیی، براوی ٦٥ مین خولی ئەو خەڵاتە بوو.
دوویەم، خەڵاتی “آزادی نگارش” (ئازادی نووسین)ی لە لایەن ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا، لە ڕێوڕەسمی تایبەتی ساڵانەی ئەمریکا دا، لە ٢٨ ی گوڵان / بانەمەڕی ١٤٠٢ (١٨ ی مەی ٢٠٢٣) کە بە خاتوو نیرگسی محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤ کە بە تاوانی “تەبلیغ دژی نیزام” زیندانیی، کراوە، درا.
سۆزان نووسڵ، مودیریی ئیجرایی ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا لە ڕۆژی دووشەممۆ ٢٥ ی گوڵان/ بانەمەڕ لە بەیانییەیەک دا، کوتی:”نێرگسی محەممەدی بەهۆی بوێری و بەرخۆدانی شێلگیری لە بەرانبەر شەڕی دەسەڵاتی ئێران بۆ بێدنگ کردنی، ئەلهام بەشین بە هەموو جیهانە. فیداکارییەکانی ئەو و بنەماڵەکەی دڵی مرۆڤ دەلەزێنێ. ئەو لە یەکێک لە توندوتیژترین وڵاتەکان بۆ نووسەران، رۆژنامە نووسان، و هونەرمەندان جێی ئومێد و ئازادی ڕادەربڕینە”. تەقی ڕەحمانی، ڕۆژنامە نووس و چالاکی مەدەنیی و هاوژینی نیرگسی محەممەدی، بە نوێنەرایەتیی خەڵاتەکە وەردەگرێ.
سێیەم، “نرگس محمدی، نیلوفر حامدی و الهە محمدی” براوی خەڵاتی جیهانی ئازادی چاپەمەنیی بوون. ڕێکخراوی زانستی و فەرهەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونسکو) ڕۆژی ١٢ ی گوڵان / بانەمەڕی ١٤٠٢ (٢ ی مەی ٢٠٢٣)، ڕایگەیاند کە ئەو سێ خاتوونە، کە سێ ڕۆژنامە نووسی زیندانی لە ئێرانێن، براوی خەڵاتی ئەمساڵی جیهانی ئازادی چاپەمەنیین، ئەو نیهادە کە بە “گیلرموکانو” ناسراوە.
زینەب سلبی، سەرۆکی هەئیەتی داوەرانی نێونەتەوەیی کارناسی چاپەمەنیی کوتی:”ئێمە بڕوامان وایە کە کاری بوێرانە و ئازایانەی ڕۆژنامەنووسەکانی ژنانی ئێرانی، کە شۆڕشێکیان بە ڕێبەڕی ژنان هێناوەتە ئاراوە، ڕێزیان لێبگرین”. ئەو لە درێژەدا کوتی:”ئەوان نەخێکی گرانیان بۆ دەروەستی خۆیان بۆ نووسینی ڕاپۆرتی ڕاستییەکان و گەیاندیان ئەنجام دا”.
چوارەم، سروودی “وەرە مەیدان”ی پێدرامی شەهلایی، مۆسیقا ژەنی بە توانای کوردە، کە لە شەوی ساردی ١٠ ی دیسامبری ٢٠٢٢ی لە مەیدانێکی ستۆکهؤلمی پێتەخت دا، بە بەشدارای ئاپۆڕای گەلانی ئێران لە سوئێد گوتی:”لەگەڵ تۆمە خوشکی دلێرم، وەرە مەیدان برای دلێرم. بە تێکۆشان و خەبات وەرن ڕزگار کەین وڵات، گەڵ دەگا بە ئاوات. ژن ژیان ئازادی. ئەو سروودە بە چوار قۆڵیش لە لایەن هونەرمەندانی بەڕێز: ناسر رەزای، ئێبی، پێدرام شەهلایی و شاهینی نەجەفی گوتراوە.
وەرن با هەموومان ئەو بەڵینیە بدەین کە ئەم ڕێگە بە پێی توانا درێژە بدین و بیروزینی خۆمان لە ژینا / مەهسا و شۆڕشەکەی غافڵ نەکەین. بۆ ئازادی نیشتیمان، بۆ ئازادی مرۆڤی سەدەی ٢١، بۆ یەکسانی ژن و پیاو، بۆ خۆ پێگەیاندن و گەشە کردن، بۆ هاوکاریی یەکترو بۆ بەهێزکردنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تێبکۆشین.
بەڕێزەوە:
حەسەن حاتەمی، ٢٠ ی مەی ٢٠٢٣، بەرانبەر بە ٣٠ گوڵان/ بانەمەڕی ١٤٠٢.