بۆ بیستەمین ساڵوەگەڕی سایتی گیاڕەنگ. مەجنوون جاوید
بۆ بیستەمین ساڵوەگەڕی سایتی گیاڕەنگ. مەجنوون جاوید
هەر کوردێک پاش دەستپێکردنی گیاڕەنگ وەکوو ماڵپەرێک چاوی بە ناو بەشەکاندا خشاندبێ یەکسەر زانیویەتی کە کەسانی بەڕێوەبەری سایتەکە لە دڵسۆزی بۆ کوردستان و کوردایەتی دەستیان داوەتە ئەو چەکە سەردەمەیە بۆ گەیاندن و ئارشیوکردنی هەواڵ، بابەت و وێنە و فیلمی جۆراجۆر بە تایبەت وێنەی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
گیاڕەنگ ناوێکی خۆشە و یەکسەر لە ناو دڵ دا جێگای خۆی دەگرێ چونکە کێوێکی بەناوبانگی ناوچەی سەردەشتە. چونکە هێزێکی گەورەی دوژمن بەزێن بە ناوی هێزی گیاڕەنگ ببوو بە وێردی سەر زاری خەڵک.
سەری ڕێز دادەنوێنم بۆ خزمەت و زەحمەتکێشانی زۆری شەو و ڕۆژانەی کاک حەمەرەسوڵ و خوشکە شلێر و هەموو ئەوانەی کە دەزانم یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی گیاڕەنگ بەردەوام بێ.
کاک حەمەرەسول ئەو رۆڵە بە توانایەیە کە جێگای پەنجەی خۆی دیاری دەکات، ڕێچکەی خۆی جوان بە جێ دێڵێ بۆ نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمان.
لە پێش زۆر کەسی خاوەن بڕوانامەی بەرزی ئاکادیمی دا دەستی دایە ئەو کارە گەورە و سەردەمییە کە دەکرێ بلێم لە کوردستان زۆر حیزب خاوەنی وەها پلاتفۆرمێکی بە ناوبانگ نەبوون.
جێگای شانازی و سەربەرزییە و حەقی خۆمە خۆشحاڵ بم بە بیستەمین ساڵرۆژی دەستپێکی سایتی گیاڕەنگ.
هەتا کوردستان رۆلەی وەکوو ئێوەی هەبێ دەبێ بە خۆی شانازی بکات کە ئێوە سیمای جوانی ئەو کوردستانە بە دنیادا بڵاو دەکەنەوە.
مەجنوون جاوید