گیاڕەنگ ۲٠ ساڵە لە لووتکەدا ماوەتەوە. ئازاد نارستی

گیاڕەنگ ۲٠ ساڵە لە لووتکەدا ماوەتەوە. ئازاد نارستی

لە پەراوێزی ۲٠ ساڵەی تەمەنی پڕ لە شکۆی ماڵپەری گیاڕەنگی سەربەرزدا ، سەدان کەس بە پەیام و ناردنی پیرۆزبایی، یادی وەشانی ئەو ماڵپەرە کە زەمەنێکە بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری هەزاران کوردی نیشتیمان پەروەر کردەوە.

کاکڵ و جەوهەری هەموو ئەو پەیامانە ڕیز و پێزانین بوو بەرانبەر تێکۆشانی ۲٠ ساڵەی کاک حەمەرەسوڵی کەریمی و شلێر خانمی هاوسەری کە سەرە ڕای کاری حیزبی و ژیانی شەخسی توانیویانە ۲٠ ساڵی رەبەق ئەو ماڵپەرە بە باشترین شێوە ئیدارە بکەن و رۆژانە ئابدەیتی بکەنەوە و ساڵ دوای ساڵ بە فۆڕم و شێوەی نوێی و مۆدێڕن بە رۆژی بکەنەوە..

ئەو کەسانەی لە دیساپۆڕا دەژین دەزانن بەڕێوەبردنی ماڵپەرێکی ئاوا بە هێز و پڕ زانیاری هێزی مرۆیی و ماددی زۆری دەوێ ئەوەی کە ئەو دوو خۆشەویستە بە تەنیا توانیویانە گیاڕەنگ ۲٠ ساڵ لە لووتکەدا بهێڵەنەوە ، شاکارێکە کە تەنیا خۆڵقانی بە باڵای پێشمەرگانەی ئەو ئازیزانە بڕاوە.

لە ماوەی ئەو ۲٠ ساڵەدا بە دەیان ماڵپەر و رۆژنامە هاتنە مەیدانی تێکۆشانی میدیایی کوردی کە تیمی بە هێز و سەرچاوەی ماڵی باشیشیان لە پشت بوو بەڵام بەشی هەرە زۆریان نەیان توانی بەرگەی تۆفانی تیکنۆلۆژی نوێی راگەیاندن بگرن و هەر زوو بوونە بەشێک لە مێژوو .

بەڵام وەک دەبینن گیارەنگ وەک هەمیشە لە گەیاندنی زانیاری دروست و خزمەت بە دۆزی رەوای کورد و لەوەش زیاتر خزمەت بە زمان و ئەدبیاتی کوردی بەردەوامە ورۆژ دوای رۆژ ماڵی پر وشەی رازاوەتر و جوانترە.

 لە یادی ٢٠ ساڵەی گیارەنەگدا سەری ڕێز و حورمەت لە بەرانبەر خزمەتی کاک حەمەڕەسوڵی هەردەم پێشمەرگە و تیکۆشەر و شلێر خانم دادەنوینم و سپاسی هەوڵ و تێکۆشانیان دەکەم.

بە سپاسەوە

ئازاد نارستی