گیاڕەنگ ئاوێنەی کۆلکە زێڕینەیەکی فکری بەبێ جیاوازی! مەولوود سوارە

گیاڕەنگ ئاوێنەی کۆلکە زێڕینەیەکی فکری بەبێ جیاوازی! مەولوود سوارە

 لە کاتێک دا یادی بیست ساڵەی دامەزراندی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەکەینەوە کە بە خۆشحاڵیەوە ئەم ماڵپەڕە لە ماوەی بیست ساڵەی تەمەنی دا توانیویەتی ئاوێنەیەك بێ لە بیروبۆچونی جیاوازی کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی کوردستان، زۆر جاریش کەوتۆتە بەر هێرشی تاریك پەرەستان و تەنانەت بەمەش نەوەستاون و هێرشی سایبێریش کراوەتەوە سەر ئەم ماڵپەڕە جوانە!

دیارە هەر لە کاتی دامەزراندنی دوو کۆڵەکەی بەهێزی هەبووە، کاک حەمەڕەسووڵ وەك پێشمەرگەیەکی خاوەن ئەزمون و خاکی کە تەنانەت لەم ڕێگایەدا کەم ئەندامیش بوو و خاتوو شلێر حەسەن پوور وەک خاتوونێکی خاوەن هەست لە بنەماڵەیەکی شەهیدپەروەر! ئەم دوو ئازیزە لە کاتێک دا هەستیان بە پێویستی دامەزراندنی ماڵپەڕی گیاڕەنگ کرد کە تازە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵک وەرگرتن لە ئینتێڕنێت هێدی هێدی دەبوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە و بە خۆشحاڵیەوە گیاڕەنگ توانی جێی خۆی لەناو خەڵک دا بکاتەوە و وەک سەرچاوەیەکی زانیاری ناسرا!

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و سەربەرزییە بوونی خاتوو شلێر حەسەن پوور وەك کەسایەتێکی ئەکتیڤ و خاوەن هەڵوێست لەم ماڵپەڕەیە کە هەر لە کاتی دامەزراندن و تا ئێستا باوەڕمەند بوون بە بەشداری چالاکی ژنان لە کۆمەڵگە، زانست و سیاسەت دا! چالاکییەك کە کەسانی وەک خاتوو شلێر و هاوفکرانی سوور بوون لە گەشەپێدانی ئەم بیرۆکەیە کە هاوشانی و بگرە زۆر جار پێشڕەوی پیاوان بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان حەول بدەن و ئیمڕۆ بەشێك لەم دەستکەوتانە لە چوارچێوەی شۆڕشی ( ژینا ) و لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەبینین!

دیسان پیرۆزە بیست ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی گیاڕەنگ و ماندوو نەبوونی بۆ خاتوو شلێر-ی ئازیز و کاك حەمەڕەسووڵی خۆشەویست.

مەولوود سوارە