لە یادی بیست ساڵوەگەڕی گیاڕەنگی خەمخۆر دا . عوسمان نۆباری

لە یادی بیست ساڵوەگەڕی گیاڕەنگی خەمخۆر دا . عوسمان نۆباری

کاتێک لە دایک بوو ، زۆربەی هەرەزۆرمان لە بواری نووسین دا لە سەرەتای گڕووگاڵ و دارەدارە دابووین ، هەر کەسێک کە سەرەتا دەست دەکات بە نووسین ، بێشک تووشی کۆمەڵێک گیروگرفتی نووسین دەبێ کە لێی تێپەڕ بێ ، گیاڕەنگ ئەو قوتابخانە رۆشنبیرییە بوو کە لە باری داڕشتنی بابەت، ناسینی وشە ڕەسەنەکانی کوردی و زۆر خاڵی دیکە دەستی گرتین و بەرەو دونیای هیدایەتی کردین .

وردە وردە کە لەگەڵ گیاڕەنگی بە مشوور بووین بە هاوڕێ ، ئینجا بە دڵێکی ئاواڵەوە دەرگای لێکردینەوە بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکان، نووسینەوەی شەڕە گەورە و حەماسیەکان، نووسینەوەی ژیان و بە سەرهاتی شۆڕشگێڕانی دێمۆکڕات و شەهیدە سەربەرزەکانمان، لە ماوەیەکی کورتدا گیاڕەنگی ئەمەگناس بوو بە رووگەی ئەویندارانی ئازادی و کۆڵەبارێک مێژووی پڕشەنگداری لە سینگی خۆیدا تۆمار کرد .

بێگوومان هەمووی ئەو خاڵانەی کە باس کران، بە بێ هاوکاری دوو مرۆڤی ماندوو نەناس ، دوو مرۆڤی فیداکار و دڵسۆز، هاورێیان کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی و خوشکە شلێری حەسەنپوور کارێکی زۆر سەخت و دژوار بوو ، باس کردن لە تێکۆشان و ماندووبوونی ئەو دوو ئینسانە زەحمەتکێشە لەو وتارێکی ئاوا کورتدا ، بەڕاستی زۆر سەختە ، ئەو ئازیزانە بەو هۆیەوە کە زۆربەی هاورێیانیان دەناسی و لە رووحیەی خەڵکەکە شارەزا بوون ، ڕاکێشانی ئێمەمانان بۆ ئەو مەیدانە زۆر عادی و جێگای دڵخۆشی هەبوو ، هەر بۆیە وێڕای دەستخۆشی لێیان ، بە پێویستی دەزانم پڕ بە دڵ سپاسێکی گەرمیان بکەم و تەمەننا دەکەم نموونەی ئەو دوو مرۆڤە نیشتیمانپەروەرە لە ناوماندا زۆر بن .

عوسمان نۆباری