گیاڕەنگ دەنگ و ڕەنگێکی دیار لە هەموو وەرزەکاندا. ئەنوەر کەریمی

گیاڕەنگ دەنگ و ڕەنگێکی دیار لە هەموو وەرزەکاندا. ئەنوەر کەریمی

بە درێژایی بیست ساڵ هەوڵی خۆبەخشانە بۆ پاراستنی نێوماڵێکی ئیلیکترۆنی لە پێناو گەیاندن و  کۆکردنەوەی هەواڵ و زانیاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە ڕەنگ و بۆی کوردانە، بەرهەمێکی دیارو پڕ بەهاو کوردپەروەرانەی کاک حەمەڕەسوڵی هەردەم پێشمەرگە و خوشکە شلێری هاوڕێ و پشتیوانیانە کە دێتە سەر کۆی خەرمانی خزمەتە بەرچاوەکانی ئەو خۆشەویستانە لە پێناو نیشتیمان دا.

ماڵپەڕەی گیاڕەنگ سەرەڕای ئەوەیکە لە کۆکردنەوە و گەیاندنی هەزاران بابەت لە هەواڵ و وتارو زانیاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و هونەری، کۆکردنەوە و زیندوو ڕاگرتنی بەشێکی بەرچاو لە بیرەوەری کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان و هەروەها بەشێک لە سروود و گۆرانیە شۆڕشگێڕیەکانی دەورانی خەباتی سەختی شاخ و پێشمەرگایەتی ئەرکێکی قورس و گرانی و ئەستۆی خۆی گرتوە، بە بۆچوونی من لایەنێکی گرینگتری ئەو هەوڵ و تێکۆشانە بێ وچانە کە بە بیرو هزری کوردانە و ئەخلاقێکی بەرزی شۆڕشگێڕانە و دڵ فراوانی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەی ڕەنگین و سەرسەوزی گیاڕەنگ تا ئێستا هاتۆتە بەرهەم ئەوەیە کە ئەو بەڕێزانە لە کات و ساتە جیاوازەکان دا خۆیان لە دنە دان و زەق کردنەوەی کێشەو و گرفتەکانی نێوماڵی کورد پاراستوە کە لەو بارەشەوە جێگای ڕێزی تایبەتی و ئەزموون لێ وەرگرتنە بۆ هەموو ئەوانەی کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن.

لە یادی ٢٠ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕەی گیاڕەنگ نوێنگەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم پێشکەش دەکەم بە بەڕێوەبەرانی ماندوو نەناسی ئەو ماڵپەڕە بە تایبەتی و هەروەها بە گشتی پیرۆزبایی دەکەم لە خوێنەران و هۆگرانی گیاڕەنگی دڵگیر.

هیوام سەرکەوتنی زیاترو بەردەوامیتانە.

براتان ئەنوەر کەریمی