گیـاڕەنگ بەری داری دڵسۆزی و وەفایە. دڵشاد هەورامی

گیـاڕەنگ بەری داری دڵسۆزی و وەفایە. دڵشاد هەورامی

لە ناوراستی دەیەی نەوەدی زاینییەوە بەشەر وردە وردە گوێبیستی هەواڵگەلێك بوو كە سەرسام دەبوو پێیان.

‎هەواڵگەلێكی جیاواز لە دۆزرانەوەی چارەسەر بۆ فڵانە نەخۆشی یا شەر لە بەینی فڵانە دوو وەڵات و بوومەلەرزە یا هەڵبژێردرانی سەرۆك كۆماری ئامریكا. كۆتایی نەوەدەكان و سەرەتای سەدە و هەزارەی نوێ قاموسی وشەی میللەتان لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا لە باكوورەوە تا باشوور دەیان و سەدان وشە و ناونیشان و كۆد و ژمارەی نوێیان گرتە خۆ.

‎هەزارە و سەدە و ساڵەكانی ئینتێرنێت و سایت و چەت و … و دەیان داهێنان و دەرفەتی نوێ.

‎بیست ساڵ پێش ئێستا جیهانی وێب و حەجمی زانیاری و ژمارەی ئەو بەشەرانە كە لەو تكنۆلۆژییە نوێیە شارەزا بوون بە بەراورد لە گەڵ ئەمرۆ زۆر هەژارانە بوو. كورد بە خۆشیەوە بە هیممەتی ئەو كەسانە كە لە وەڵاتانی پێشكەوتوو گیرسابوونەوە ئەمجار لە كاروان بەجێنەما و هەرچەند بە درەنگەوە و هەرچەند بە هێزێكی كەمەوە بەڵام بوونی هەبوو.

‎ئەمڕۆژانە یادی بیست ساڵەی دەست بە كار بوونی كاری ماڵپەری گیارەنگە و من وەك یەك لە خوێنەرانی پێش هەموو شتێك بیر لە ماندوویەتی و زەحمەت و دڵسۆزی بەرێوەبەرانی دەكەمەوە و بە دڵ سپاسیان ئەكەم.

‎بیست ساڵ پێش كورد شایەد ئەوەندەی ژمارەی قامكی دوو دەست ماڵپەری نەبوو (ماڵپەرێك كە خوێنەر پەشیمان نەبێت لە سەردان كردنی) كە بە دڵنیاییەوە گیارەنگ بە هیممەتی كاك محمد ڕەسول كەریمی و هاوژینی خۆشكە شلێر یەك لە باشترینی باشەكان بوو.

‎كە باسی بیست ساڵ پێش دەكەین واتە باسی سەردەمێكە كە كەرەستە و ئیمكانات لە حەدی نۆكیای ٣٣١٠ دابوون و ئەوەی ئەمرۆ ئاسان دێتە بەرچاو لە سایەی سەری پێشكەوتنێكە كە گەیشتووە بە ئایفۆن ١٤.

‎لە ڕۆژانێكدا كە دابەزاندن و بڕینی وێنەیەك یا دۆزینەوەی فۆنتێكی باش بە كاتژمێر كاتی دەویست و لە ڕۆژانێكدا كە خەڵك بە نووسەران و شاعیران و ڕۆژنامەنووسانیشەوە كێشەی گەورەیان لە بەر كردنی ڕەمزی چوونە ژوورەوەی ئیمەیلەكەیان بوو، كۆ كردنەوەی سەدان و هەزاران بابەتی نووسەران و شێعری شاعیران و هەواڵی ڕۆژنامەنووسان و … بە دڵنیاییەوە تیمێكی گەورە و بودجەیەكی گەورەتری دەویست.

‎كاری خۆشكە شلێـــر و كاك محمدرەسول كارێكی كارستان و شاكارێك بوو كە تەنیا و تەنیا بە هێزی دڵسۆزی دەكرا بگات بە ئامانج. نەسڵی ئێمە قەرزدار و منەتبار و بێ شك سوپاسگوزاری ئەو دوو تێكۆشەرە خۆبەخش و فیداكارەی ڕێگای سەربەستی و سەربەرزی كورد و كوردستانن.

‎لە بیستەمین ساڵی تێكۆشانی گیارەنگدا چیم هەیە جگە لە سپاس و دەست خۆشی و هیوای بەردەوام بوون بۆیان.

‎سپاس بۆ خزمەتێك كە بە كورد و وشەی كوردی و هزری كوردی كردتان.

‎سپاس كە وێنە و یاد و ناوی شەهیدانی ڕێگای ئازادیتان لە ماڵپەرەكەتاندا زیندو هێشتەوە.

‎سپاس بۆ بوونتان

‎دڵشاد هەورامی