بۆ لاوێکی بە ئاوات نەگەیشتوو” باپیر بەشیر “، سەید عەلی هاشمی

بۆ لاوێکی بە ئاوات نەگەیشتوو” باپیر بەشیر “، سەید عەلی هاشمی
بەیانەیە، خۆر بە نازەوە زوڵفی زێوینی لەدوا ڕۆژەکانی خەرمانان بەسەر کەژ و پێدەشتەکانی وڵات دا بڵاو و پەخشان دەکرد. بەڵام خۆرێکی بچوکتر لە دەلاقەی دڵی دایکێکی داوێن پاک “هاجەر” ، ڕووناکی خستە ناو ماڵی بنەماڵەی بەشیرەوە.
ڕێکەوتی ١٣٦٦/٦/٣٠ی هەتاوی، بوو بە تیشکی ڕوناک کەرەوەی ژیانی بنەماڵەی نیشتمان پەروەری “بەشیر”. لەو ڕۆژەدا لە داوێنی زنجیرە چیاکانی قەندیل و بناری کێوی مراد حاسڵ و مراد ڕەسوان، لە ئاوایی بەرکەمران لە پانتایی دەشتی لاجان منداڵێکی خشپیلانە و ڕەزا سووک لە دایک دەبێ، منداڵێکی ئارام و ژیکەڵە، نەرم و هێدی، هێور و خوێن شیرن و شیرین ئاکار، دەگەڵ خوڕەی ئاوی چۆمی ئاواژەڕۆیە کە بە دەشتە پڕ پیت و بەرەکەتەکەی لاجانێڕا دەهاتە خوار، بوو بە هاودەم، وەک مراد حاسڵ و مراد ڕەسوو، مرادی خەڵک و بنەماڵەی حاسڵ کرد. باپیر وەک چنارەکان لە لێواری چۆمی ئاوەژەڕۆیە و لە ناو مێرگ و چیمەنەکان، لە تەنیشت مێشەڵانێک بە شێوەیەکی جوان باڵای دەکێشا. وەک شۆڕەبی چۆمەکان سێبەری لە دەور و بەری خۆی و خەڵک و بنەماڵەکەی دەکرد. بەڵام داخی گرانم لە ئێوارەیەکی چڵکن دا لە دوا ساتەکانی ساڵی ۱۳٨٤ی هەتاویدا، ساڵی کۆن خەریک بوو کۆتا پشۆکانی هەڵ دەکێشا و پێی دەنایە وەرزێکی تازە، لە رێکەوتی ١٣٨٤/١٢/٢٠ی هەتاویدا گرد بونەوەیەکی ناڕەزایی بۆ بەرگری لە ژیانی کۆڵبەران، لەکاتی شەهید بوونی کۆڵبەرێکی هەژار و دەستکورت کە بۆ پەیدا کردنی ژەمی رۆژانە گیانی لەسەر دانا و بە گوللەی راستەوخۆ دوژمن سەری نایەوە.
ئەو گردبونەوەیە ئاڵۆزی و پێکدادانی لە نێوان خەڵک و چەکبەدەستانی دوژمن لێکەوتەوە، لەو بەربەرەکانیەدا خەڵک بە دەستی بەتاڵ و دوژمن بە چەک، باپیری تازە لاو، باپیری تازە پێگەیشتوو کە هێدی هێدی داری هیوای پەلوو پۆی دەردەکرد، بێ ئاگا و بێ تاوان لەشی ناسکۆڵەی کەوتە بەر تیری نەهامەتی و برینی قورسی هەڵگرت، ئەو برینە هێندە گورچوو بڕ بوو، کە باپیری پێکراو زامدار بۆ هەتا هەتایە لە ڕوناکی چاوە گەشەکانی بێبەش کرد و دەستە بە هێزو و پڕ لە هیواکانی لەکار خست، بە جۆرێک کە ماوەی زیاتر لە نیو ساڵ دەگەڵ مەرگ بەربە رەکانی دەکرد و بۆ ژیانی دوبارە پەلەقاژەی دەکرد. ژیان مافی هەر مرۆڤێکە، بەڵام سەد داخ و موخابن دڵە جوان و پڕ لە ئاواتەکەی باپیر لە لێدان کەوت و چووە ناو کاروانی شەهیدانی کۆڵبەر، تەنیا خەم و بیرەوەریەکانی بە دیاری بۆ دایک و بابی و ئازیزانی بەجێ هێشت. باپیری جوانەمەرگ کە نۆبەرەی یەکەم نەمامی ژیانی رەحمان بەشیر، پێشمەرگەی رۆژە سەختەکانی خەبات و دادە هاجەر بوو، بۆیە ساڕێژ بوونی ئەو زامە بە ژانە بۆ بنەماڵەکەی ئاسان نیە.
هەزار سڵاو لەگیانی پاک و بێگەردی باپیری تازە لاو و هەموو کۆڵبەرانی شەهیدی کوردستان.
سەید عەلی هاشمی ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی.