یادێک لە پۆلێک شەهیدی پیرانشار لە هەوشار، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان

یادێک لە پۆلێک شەهیدی پیرانشار لە هەوشار، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان
کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوتنی بەدەست هێنا و لە خۆبایی خۆمەینی گەیشتە شوێنێک کە هەم فتوای جیهادی بەسەر گەلی کوردا سەپاند و هەم هێرشی بەربڵاوی بۆ سەرانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان، بێ گوێدان بە هیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤ و نێونەتەوەیی دەست پێکرد. حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران وەک گەورەترین هێز کە ڕێبەری گەلی کوردی لەو بەشەی کوردستان دەکرد مەجبوور کرا بۆ پارێزگاری لە نیشتمان، بەرەنگاری پاسدار و بەسیج و هێزەکانی دیکەی دوژمن ببێتەوە، پێشمەرگەکانی حیزب لە هەموو ناوچە و مەڵبەندەکانی کوردستان پێشیان بە دواکەوتووترین چەکداری کلیل دە ملکراو، فاڵانژی سەردەم، کە دەستیان لە هیچ جینایەتێک دژ بە گەلی کورد نەدەپاراست بگرن.
بۆ پارێزگاری لەو شوێنانەی کە نووکی هێڕشی دوژمن بوون، شۆڕای نیزامی بە بەرپرساریەتی شەهید سەرگورد عەبباسی دامەزرابوو، ئەو شۆڕایە بڕیاری دا هەر مانگەی هێزێک بۆ هاوکاری هێزی شەهیدانی هەوشار بنێردرێ، هێزەکانی بەیان، موعینی، پێشەوا، ئاوارە و چەند هێزی تر لە ژێر فەرمەندەیی شۆڕای نیزامی کە بنکەی سەرەکی لە مهاباد بوو، بە نۆرەی خۆیان، ئەو ئەرکەیان بەجێ دێنا، کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارەی ئەوکات لە سەر بڕیاری بەشی نیزامی حیزب هێزێکی لە پێشمەرگە و یەکیەتی لاوان بۆ مەڵبەندی هەوشار بەرێکرد، بۆ پارێزگاری لە خەڵکی ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی کارەساتی قاڕنێ، قەڵاتان، حەڵب و کۆیکان، سەروکانی و شوێنەکانی دیکەی کوردستان کە بە کۆمەڵ کوژران دووپات نەبێتەوە.
لەو پۆلە پێشمەرگەی هێزی ئاوارە کە ناردران بۆ هەوشار لە ڕێکەوتی ٢٣/٦/١٣٥٩ی هەتاوی (١٤/٩/١٩٨٠) لە یەک رۆژدا دوای شەڕێکی پێشمەرگانە، بەداخەوە پۆلێک پێشمەرگە لە ئاوایی” نەبی کەند” نەیکەنی بە زاراوەی هەوشاریان، گیانیان فیدای نیشتمان کرد، کە بریتین لە:
شەهید بازید بایەزیدی خەڵکی گوندی ” خەراپە”
شەهید ئەحمەد رەسووڵی ناسراو بە ئەحمەد خانزاد خەڵکی گوندی” قەڵاتەڕەشێ”
شەهید بایز جانبەخش خەڵکی کولیج و دانیشتوی شاری “پیرانشار”
شەهید حەمەدەمین شەهدی خەڵکی ئاوایی “خواجاڵی”
شەهید عەلی مەحموودی خەڵکی گوندی “زەنگیاوێ”
شەهید ئەبوبەکر حەوتەوانە خەڵکی ئاوایی ” کێلەسیپان”
شەهید خدر عەلی نژاد خەڵکی گوندی ” گردەبن”
شەهید حەمەدەمین جەوانبەخت خەڵکی گوندی ” گردەبن”
شەهید سولەیمان سوڵتانی ناسراو بە سولەیمانی سوڵتان مەلۆی خەڵکی ئاوایی ” قوڕوچاوێ”
شەهید حوسێن خزریان لە دایکبووی شەختان و خەڵکی ” پیرانشار”
پێویستە بەوترێ کە دوو شەهید بە ناوەکانی خدر عەلی نژاد و حوسێن خزریان بە برینداری دەکەونە دەست دوژمن و بێدەوا و دەرمان و چارەسەرکردن ئیعدام دەکرێن، بەشێك لە شەهیدەکان لە گوندی حەسەناوای هەوشار و بەشێکیش لە سەر تەپۆڵکەیەک لە شاری تیکاب ” کە دوژمن بە ناوێکی سووک ناوی لەو شوێنە ناوە” بەخاکی نیشتمان دەسپێردرێن.
هاوڕێیانی شەهید، درێژەدەرانی ڕێگاتان، کچ و کوڕانی نیشتمان هەروا لە خەبات دان و شۆڕش لە شار و شاخ بێ پسانەوە درێژەی هەیە.
دڵنیا بن خوێنی ئێوە و هەزاران شەهیدی دیکەی ئەو ڕێگایە بە زایە ناچێ و ڕۆژێک دادێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر گۆڕی ئێوە سەربازانی ون هەڵدەدرێ و دەشەکێتەوە.
سەید عەلی هاشمی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، (٢٠٢٣/٣/٢٩)