دەبێت هەموو نەتەوەکانی وڵات ڕۆڵیان کە ئێرانی داهاتوودا هەبێت.، محەممەد سلێمانی

دەبێت هەموو نەتەوەکانی وڵات ڕۆڵیان کە ئێرانی داهاتوودا هەبێت.، محەممەد سلێمانی
هێندێك هێز و دەستەی سیاسی ئەوتۆ هەن کە بەتەواوی بوونەتە سەرچاوەی ئاڵۆزی و لێك دوورخستنەوەی هێزە دژبەرە سەرەکیەکانی ئێران لە ڕەوتی خەباتی سیاسی کە لە مێژساڵە بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی لە ئێران و کوردستان سەری هەڵداوە.

بەرێوەبردنی کەمپینی دانی وەکالەتی سیاسی بە ڕەزا پەھلەوی لە دۆخێکی وەك ئەمڕۆدا، جگە لە نیشاندانی پێگە و نفووزی لاوازی ناوبراو لە نێو گەلانی وڵاتدا. بەداخەوە بەوکارەیان تەفرەقە و لێك زویربوونیان هێنایە نێو کایەی سیاسی وڵات و ئەستەنگی لە بەردەم دروستکردنی ئیتلافی سیاسی لە نێوان ئەو هێزانەی باوەڕیان بە فرە نەتەوەیی بوونی ئێراندا هەیە پێك هێنا.

ڕەوتی سەڵتەنەتخوازەکان بە ئاشکرای بوونەتە سەرچاوی فیتنە و كۆسپ دروستکردن و و ھۆكاری نائومێدكردنی خەڵك لەو شۆڕشەی لە بەشەكانی ئێران بەدژی ڕێژیم و ھەر ئیستبدادێكی تر دەستی پێكردووە.

گەلانی ئێران لەبەردەم بڕیارێكی چارەنووس سازدان، سەڵتەنتخوازەكان كە ڕابردوویەكی ڕەش و جینایەتكارانەیان ھەیە، خەڵك ئەگەر سەرپشك بكرێ لە نێوان دەسەڵاتی ئێستا و قوومارباز ڕەزا دا كامیان ھەڵدەبژێرن، بێگوومان هەر بەدڕندەکەی خۆیان ڕازین و دیکتاتۆری شایان لە بیر نەکردوە کە وڵاتی کردبوویە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ گەلانی ئازادیخوازی وڵات.

ئیدی بەسە با ڕیێەرانی سیاسی كورد چی تر كڵاوی ئەو هێزانەیان نەچێتە سەر کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە ئێرانێکی دێمۆکڕاتیك و فیدڕاڵ نیە و مەترسین لەسەر داهاتووی ئێران و شا و ڕێبەر وەك یەك سەبارەت بە پێك هاتەی سیاسی و مێژووی ئێران بیردەکەنەوە و هەردووکیان دوژمنی سەرەكی كوردن و قووربانی گەورە و بەنرخمان لەسەر دەستی دەسەڵاتی شا و ڕێژیمی ئاخوندی داوە و ، كۆماری كوردستان لە سەر دەستی ئەو بنەماڵە فاسید و دیکتاتۆرە تێك چوو و پێشەوا و بەشێكی بەرچاو لە ڕێبەری حیزب شەھید كران.

ئەو ھێزانەی باوەڕیان بەو بنچینە سیاسی و نەتەوەییانەی ئێرانی پاش ڕوخانی ڕێژیمی ئاخوندی ھەیە، دەتوانن پێكەوە زەمینەی ئیتلافی سیاسی لە سەر بنەمای سازانی سیاسی و نیشتیمانی پێك بێنن و دوورەدیمەنی سیاسی ئێران بگۆڕن.

شیاو نابێت كورد و ھێزەكانی چاوەڕوانی لایەنێك یان ھێزێك بكەن ئاخۆ كەی ڕەنگی خۆی بگۆڕێ و بڵێت ئامادەیە مافی سیاسی گەلان بسەلمێنێت، لە كاتێكدا خۆی ھیچ پێگە و ھێز و دەسەڵاتێكی نەبێ و خەڵك وەك چۆن لە ڕێژیمی ئاخوندی ڕاپەڕیون، ئاواش بە شۆڕش و ڕاپەڕین لە ئێرانیان كردنەدەرەوە و تەخت و تاجیان ڕوخاندن.

ئاستی پێگە و نفووزیان پاش ئەنجامدانی کەمپینی وەکالەتدانی سیاسی بە ڕەزا پەهلەوی باشتر دەرکەوت و بێگوومان دەرکەوت کە خاوەنی ئەو هێز و نفووزەنین کە خۆیان کیسەیان بۆ هەڵدرووبوو.

پێك ھاتەی ئێران بەوجۆرەی کە هەیە دەبێت وەك فاکتەرێك بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشە ئەساسیەکان تەماشابکرێ و هەموو نەتەوەکان و هێزە تێکۆشەرەکانیان ڕۆڵیان لە دامەزراندنی سیستمی سیاسی و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا ھەبێ و ھیچ ھێزێك ناتوانێ وەك سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، دەسكەوتەكانی خەباتی سەرانسەری بەلاڕێدا ببات و مافی نەتەوەكان پایەماڵ بكات.

بەخۆشیە گەلانی ئێران شارەزای زۆر باشیان لەسەر حكوومەتی دیكتاتۆری شا و ڕێژیمی ئاخوندی ھەیە و شوعارەكان كە لە خۆپێشاندانەكاندا دووپاتەدەكرێنەوە و دەلێن: نە شا و نە ڕێبەر، نیشاندەری ئەو ڕاستییە كە وەك یەك وڵاتیان بەرەو خەفەقان و تاریكی برد و ئەوەی لەو بەینەدا زەرەمەندی سەرەكی بووە، گەلانی ئێران بوون.

لە گەڵ ئەو ھێزانە ئیتلافی سیاسی سەبارەت بە داھاتووی ئێران پێك دێ كە باوەڕیان بە چەمكی فرە نەتەوەیی بوونی ئێران ھەبێ و ھەركەس و لایەنێك ئینكاری ئەو ڕاستیە بكات، یانی باوەڕی بەمافی سیاسی نەتەوەبندەستەكان نیە و لە ڕوانگەی كەڵفامانەیەوە دەڕواننە ئێرانی داھاتوو و جیاوازێك نابێت لە نێوان ڕێژیمی حاكم بەسەر ئیرادەی گەلانی وڵاتدا و ئەوەی نوێ كە دەیھەوێت شۆڕشی ژینا و دەسكەوتەكانی قۆرغ بكات کە خۆی بۆ شای وڵات داناوە.

پێك ھێنانی ئیتلافی سیاسی لە نێوان ئەو ھێزانەی كە باوەڕیان بە ئێرانێكی دێمۆكڕاتیك و فیدڕاڵ ھەیە، لازمە پەلە لە پێك ھێنانی بكەن بۆ ئەوەی ئەو دەستەیەی دژی ئەو ڕەوتە نوێیەن لە دوورەدیمەنی سیاسیدا تەریك بخرێنەوە و ئەو دەرفەتەیان نەدرێتێ لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندیدا، شەقامی سیاسی بەلاڕیدا بەرن لە ژێرناوی کۆمەڵێك شوعار و ئیدیعای بێ بنەمادا.

پێك ھێنانی ئەو ئیتلافە كە تێیدا مافی سیاسی گەلانی ئێران بەتەواوی ڕەچاو بكات و ڕێگری لە دروست بوونەوەی دەسەڵات لە دەستی كەسێك و گروپێك كە پشتیووانی كۆبوونەوەی ھێزی بڕیاردان لە دەستی تاك یان گروپێك كە خۆیان خەلاقیەتی سیاسی و كۆمەڵایەتیان نیە و فێری كۆلایەتی سیاسی و مل بەردانەوە بوون بگرن. پڕۆرالیزمی سیاسی وەك بژاردەیەکی سیاسی و دێمۆکراتیك بە هێز و پەرەی پێ بدری تا ڕێگری لە تاك حیزبی و تاك بریاری بگرێت.

ئەگەر گەلانی ئێران بەیەكەوە و لە گەڵ یەكدا ئەو ئیتلافە سیاسی و نەتەوەیی كە بەرئەنجامی سازانی نیشیمانی بێت، پێك بێنن، ڕێگری لە وەكالەتدانی ئەو كۆمەڵە مووفلیس و مایەپووچە بەناو سیاسی و كۆمەڵایەتی و ھونەریانەی تاراوگە دەھێنێت كە خەریكەن دیكتاتۆری مردوو بۆ جارێکی دیکە زیندوو دەكەنەوە.

ئێرانی پاش روخانی ڕێژیمی ئاخوندی ھەر وەك لە شوعاری گەلانی ڕاپەڕیو دا دیارە، نا شا و نەڕێبەرە یانی ھەردووكی ئەو جەمسەرانە، لە یەك خاڵدا ھاوشێوە و پێك دەچن و بە زەڕەش جیاوازی لە بەینیاندا نابینرێ و دژی ئازادی و پێك هاتەی سیاسی و نەتەوەیی ئێرانن.

شا و سەڵتەنەت و ڕێژیمی ئاخوندی و دەسەڵاتی ولایەتی فەقی دژی فرە نەتەوەیی بوونی ئێرانن و دژی دێمۆكڕاسی و ھەڵبژاردنی ئازاد و دێمۆكڕاتیك، ئازادی ھەڵبژاردن و دێمۆکڕاتیك بەو تام و ڕەنگەجیاوازانەی كە گەلانی وڵات خۆیان بڕیار لەسەر شكڵ و چارەنووسی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات بدەن.

ڕێژیمێك كە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە سازانی سیاسی و نیشتیمانی نەبێت و بەئاشكراش دژایەتی فرە نەتەوەیی بوونی وڵات بكات، بێگوومان نابێت زەمینەی بۆ بڕەخسێ كە بگاتە لوتكەی دەسەڵات و بڕیار لەسەر داھاتووی ئێران بدات.

ڕەزا پەھلەوی بەكورتی و بەكوردی باوەڕی بە جەوھەری فرە نەتەوەیی بوونی ئێران نیە و كورد غەدرێكێ گەورە لە خۆی دەكات، بۆ پێك ھێنانی ئیتلافێكی سیاسی بەڕبڵاو، چاوەڕوانی ئەو دژەگەلیە بكات، كەی ڕوخسار و ڕوانینی خۆی بگۆڕێ!

لایەنگرانی ڕەزا پەھلەویش بەداخەوە ئەو دەستەیەن كە لە ڕێژیمی ئاخوندی زیاتر دژایەتی ئازادی سیاسی و نەتەوەیی گەلانی ئێران و گەلی كورد دەكەن و ھەروەك ھەمیشە سەیری پێك ھاتەی سیاسی و مێژووی دەكەن و ھەست بە ھیچ جۆرە گۆڕانێك لە تێ فكرین یان سەبارەت بە فرە نەتەوەیی بوونی ئێران ناكرێت.

محەممەد سلێمانی