مەندیل فڕیدان! (عمامە پرانی). هاشم ڕۆستەمی

مەندیل فڕیدان! (عمامە پرانی)
ماوەیەک لەوە پێش لە پۆستێکی بچووکی فەیسبووکیدا نوویسم کە شۆڕشی ژینا، شۆڕشێکە دژی کۆماری ئیسلامی نەک دژی دینی ئیسلام. لێرەدا دەمهەوێت ئەم باسە کەمێک زیاتر بکەمەوە.
با لەوەڕا دەست پێ بکەم من بڕوای تەواوم بەوە هەیە شۆڕشی ژینا کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێ کردووە، لە تێکەوە پێچانی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێ و زۆر ئاڵ و گۆڕی قوڵی دیکەی بنچینەیی لە ساختاری ژێرخان و سەرخانی وڵاتی ئێراندا پێک دێنێ. نەک هەر ئەوەش بەڵکو بڕوام وایە کە هەر وەک چۆن شۆڕشی فەڕانسە (١٧٧٩-١٧٩٩) توانی نەک هەر ساختاری سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی فەڕانسە، بەڵکوو هی هەموو ئوروپای گۆڕی، شۆڕشی ژیناش شوێندانەریەکی کاریگەری لەم بوارانەدا لە سەر هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. بەڵام نە شۆڕشی فەڕانسە و نە هیچ شۆرش و پێشکەوتنێکی دیکە یەکدا بە دوو بە ئاکام نەگەیشتوون، بەڵکوو سەرجەم ئەو پێشکەوتنانەی کە دەیان بینین بە پرۆسەیەکی زەمانیدا تێپەڕێون و بەڕیوەبەرانی ئەو ئاڵوگۆڕانە لێزانانە پێشەنەگایەتی حەرەکەتەکانیان کردوە. دیارە ئەو کاتیش هەر وەک ئێستا هەم کەند و کۆسپ هەبوون و هەم بەرهەڵستاکاری و کاری تووندڕەوانە.
با لە باسکەی خۆم دوور نەکەومەوە. ئێستا کۆمەڵگای ئێرانی بە هەموو نەتەوەکانی جێگیر لەم چوارچێوەیەدا لە سەردەمێکی هەستیار و چارەنووسسازدان. ئێستا گەلانی ئێران بە شێوەی گشتی لە دژی نیزامێک ڕاپەڕیون و دەیان هەوێت بیڕوخێێن کە ٤٣ ساڵ بەر لە ئێستا بە پشتیوانییەکی کەم وێنەوە ‌هێنایانە سەر کار و دەیان ساڵێش ڕێبەری ئەم نیزامەیان وەک وەلی فەقیهی خۆیان قبوڵ کردبوو، نەک هەر ئەوە تەنانەت بروا بەو نیزامە لە نێو بەشێک لە خەڵکدا تا ڕادەیەک بوو کە پێیان وابوو وێنەی دامەزرێنێ ئەم نیزامە (خومەینی) لە نێو کورەی مانگ دایە. لێرەدا نامهەوێ باسی ئەو جینایەتانە بکەم کە رژیم لە ماوەی دەستەڵاتی خۆیدا کردوونی بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە شێلگیرە. بەڵکو ئەوەی مەبەستی منە ئەوەیە کە دەبێ بەڕیوەبەرانی سیاسی و مەیدانی ئەم شۆڕشە، لە هەنگاوەکانی شۆڕشدا بافتی کۆمەڵایەتی گەلانی ئێرانیان لە بەر چاو بێت و بە بەرچاو ڕوونی تەواوە هەنگاو بنێن، ئەگینا رێگەی گەیشتن بە سەر کەوتن دوور دەبێتەوە.
یەکێک لە مەرجە سەرەکیەکانی سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک بەشداری هەرچی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکە. کۆمەڵانی خەڵکیش هەمە جۆرن. بەڵام بە شێوەی گشتی توێژی بە ساڵداچووی ئێران تا ئێستاش توێژێکی سوننەتیە و هەر وەک هەموو لایەکیشمان دەزانین کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەستەڵاتی خۆیدا زۆر زیاتر لە پێشو پەرەی بە خوڕافات داوە و هەوڵی ئەوە بوو کە ئەم کۆمەڵگایە هەر وا لە دواکەوتوویدا ڕا بگرێت.
بە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەوە، کۆمەڵگای ئێران پێش کۆماری ئیسلامی موسوڵمان بووە و دوای کۆاری ئیسلامیش خەڵکی دیندار هەر دەتوانن دینداری خۆیان بکەن. کەوابوو با جیاوازی دابنێین لە بەینی دینی ئیسلام کە دینی زۆربەی دانیشتوانی ئەم چوارچێوەیە کە ناوەی ئێرانە، لەگەڵ نیزامێکی فاسد کە نێوی کۆماری ئیسلامیە.
مەندیلی پیاوانی ئایینی پێش کۆماری ئیسلامی بوونی هەبووە و دوای ئەو نیزامەش وێدەچی هەر هەبێت. کەوابوو بە هیچ جۆر ئەو مەندیلە ڕەمز یا سیمبولی کۆماری ئیسلامی نیە. هەر بۆیەش فڕێدانی لە کوچە کۆڵاناندا و بێ حورمەتی کردن بە مەندیل و مەلا، لە روانگەی منەوە نەک خزمەت بە شۆڕشی ژینا ناکات، بەڵکوو بە زەرەدیشیەتی. ئەگەر ئاوڕێکی وردبینانە لەم باتە بدەینەوە و سەیرێکی بلوچستان و کوردستان بکەین، دەبینین کە لەم سێ مانگەی شۆرشدا مامۆستایانی مەندیل بەسەر چ ڕۆڵ و نەقشێکی کاریگەریان هەبووە. جگەلەوە دەبێ سەرنجی ئەوەش بدەین ئەو مەلایەی کە تاک و تەنیا بە کۆڵانێکدا دەڕوات لە مەلا بێ دەستەڵاتەکانی نیزامە. هەر چەند هەموومان دەزانین کە بەشی هەرەزۆری ئەو ئاخوند و مەلایانە لە ساڵانی ڕابردوودا مانگانە پارەیان لە ریژیم وەر گرتووە، بەڵام هونەری شۆرش دەبێ لەوەدا بێت کە بتوانێت لە ئاڵقە لاوازەکانەوە درز لە نێو سەفی دوژمندا دروست بکات و ئەو جۆرە کەسانە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت نەک بە هەنگاوی هەڵنەسەنگێندراو، بیانخاتەوە نێو کۆشی دوژمن و ریزەکانی ڕژیمی پێ بە هێز بکات.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئێراندا سەرجەم زیاتر لە ٨٠ هەزار مزگەوت هەن، کە بێ گومان ڕادەی مامۆستایانی ئایینی لەوەش زیاترە. جا ئەگەر دیققەت نەکەین و ئەم ڕەوتە ئیدامەی هەبێت، نەک هەر ئەو ژمارە زۆرە لە شۆرش ناهومێد دەبێت، بەڵکو ئەو توێژە لە کۆمەڵگاش کە پێی دەگوترێ خۆڵەمێشی، ئەوانیش کە بە ملیۆن کەسن، لە ترسی بێ حورمەتی کردن بە بیر و باوەڕەکانیان، لە شۆرش دوورە پەرێز دەبن. دوورە پەرێز مانەوەی ئەوانیش بێ ئەملاو ئەولا بە قازانجی رژێمە.
ئەگەر چی رەنگە بڕێک لەم باسە دوور بکەومەوە، بەڵام دەمهەوێت ئاماژە بە خالێکی دیکەش بکەم. لە کوردستان مامۆستایانی ئایینی زۆر لێبڕاوانە هاتوونەتە مەیدان و بوونەتە پشتیوانی شۆرشی ژینا. بەڵام لە وتار و ڕاگەیاندنی ئەوانیش دا جار جار هێندێک خاڵی مەترسیدار هەست پێ دەکرێت کە لازمە هەوڵی ڕاست کردنەوەیان بدرێت. لە وتار و راگەیاندنەکاندا، مامۆستایانی کۆردستان، زۆرتر وەک مامۆستای ئەهەلی سووننە دەردەکەون، کەو ئەوەش مەترسی بە مەزهەبی کردنی کێشەی نەتەواتیمانی لێ دەکرێت. جگە لەوەش مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەبێ ئەوەیان لە بەر چاو بێت کە لە دوو پارێزگای گەورەی کوردستان واتە ئیلام و کرماشان، هاونیشتیمانیانمان پەیڕەوی لە مەزهەبی شیعە دەکەن. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانمان بە تایبەت لە پارێزگای کرماشان، پەێرەوی ئایینی یارسانن و نە شیعەن و نە سوننی.
شۆڕشی ژینا بۆ سەرکەوتنی خۆی بە سەر رژێمی جەهل و نەزانی و دژە مرۆڤدا، پێویستی بە هەموو هێز و تواناکان هەیە. دەبێ هەوڵ بدرێت بەشدارانی ئەم شۆڕشە رۆژ بە رؤژ زیاتر ببن و خۆپێشاندانەکان بەرفراوانتر بکرێن. ئەوەش کاتێک وەدی دێت کە هەموان هەم خۆی تێدا وەبینن و هەم بۆ داهاتووش بەرچاو ڕوونییان هەبێت.
‌هاشم ڕۆستەمی ٣.١.٢٠٢٣