یادێک لە سێ ماموستای شۆڕش، مستەفا بەگمقەڵایی، برایم بەختە، گوڵی فیرووزمەند

یادێک لە سێ ماموستای شۆڕش، مستەفا بەگمقەڵایی، برایم بەختە، گوڵی فیرووزمەند
یەکێک لەکارە هەرەجوان، یان با بڵێین شاکارەکانی کۆماری کوردستان، کردنەوەی قوتابخانەکان بوو بەرووی مناڵاندا و هەروەها بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا.
بەمجۆرە بۆ یەکەم جار منداڵانی کورد توانیان لە قوتابخانە بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن. هەر لەو پەیوەندییەشدا ئەوکات وانەکان بە زمانی کوردی ئامادە کراون و دراون بە خوێندکاران.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، جارێکی دیکەش حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، هەروەک سەردەمی کۆمار، درێژەی بەو رێچکە پیرۆزەدا و سەرەڕای شەری داسەپاوی بڕیاردەرانی جەماران بۆ سەرخەڵکی کوردستان وکەڵەکەبوونی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەو حیزبە دەستەوستان نەوەستا، کۆڕی پەروەردەو فێرکردنی لە سەرانسەری کوردستان دامەزراند و بەپێی توانا و هەلومەرجی ناوچەکان، لە زۆربەی هەرەزۆری گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەریەک هەمووناوچە ڕزگارکراوەکان، هەروەک سەردەمی کۆمار، قوتابخانەکانی کردنەوە و سروودی” ئەی ڕەقیب” لە حەوشی فێرگەکانەوە دەنگی دایەوە و خەڵکی تینووی ئازادیی گەشاندەوە.
لەمەڵبەندی پیرانشار کۆڕی پەروەردە و فێرکردن بەسەر پەرستیی محەممەد و کەریم سۆفی زادە و لەژێر چاوەدێریی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار دامەزرا و دوای ماوەیەک کەریمی سۆفی زادە وەک بەرپرسی ئەو بەشە داندرا. لەو مەڵبەندە کەم دێ هەبوو ماموستای شۆڕشی بۆ دانەندرابێ. خەڵکی گوندەکان بۆ ئەوەی مناڵەکانیان بەزمانی شیرینی دایک فێری خوێندن بن، هاوکاری تەواوی ماموستایانی شۆڕش بوون.
من دەمهەوێ یادێک لە سێ ماموستای شۆڕش، سێ سەربازی ونی ناو شۆڕشی حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا بکەم،ئەوانە شەهید مستەفا بەگمقەڵایی و نەمر ماموستا گوڵی فیرووزمەند و نەمر ماموستا برایم بەختە بوون.
هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی پێناسەیان بکەم، بەڵام لە ئاست ئەوخزمەتەی ئەوان کە بێ بەرانبەر بۆ مناڵانی نەتەوەکەی خۆیان کردوویانە، ئەوەی من دەینووسم زۆر کەمە. چونکە ئێوە مناڵەکانتان فێر کرد بەیانیان بەسروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” دەرسەکانیان دەست پێ‌بکەن و بەکوردی بڵێن ” ماموستا بەیانیت باش” ! هەروەها دەیان وسەدان وشەی جوانتر تان بەزمانی شیرنی کوردی فێر کردن.
مامۆستا شەهیدو نەمرەکان
کوا من دەتوانم پێناسەتان بکەم؟ ئێوە خۆتان پێناسەی نیشتمانن، بەرووبوومی زەحمەتی ئێوە ئێستا هاتۆتەبەر، قوتابیانی ئێوە و هەزاران ماموستای شۆڕشی دیکە دروشمی “سڵاو لە کوردستان” بژی دێموکڕات، سڵاو لەشەهیدان، لە دارو دیوارەکان دەنووسن و دەڵێنەوە. ئەوانە شادێڕی نێو دەقەکانی وانەی کوردین کە ئێوە فێرتان کردوون و ئەوانیش فێری جیلی دوای خۆیانی دەکەن و ئەگەر لەبەر زەبروزەنگی دوژمن نەتوانن ڕاستەوخۆ ئەو کارە بکەن، ناڕاستەوخۆ وانەی زانست بەدەوروبەریان دڵێنەوە.

مستەفا هه‌مزه‌یی ناسراو بە مستەفا بەگمقەڵایی
مستەفا بەگمقەڵایی لە ئاوایی خورینج سەر بە شاری پیرانشار لە داوێنی بنەماڵەیەکی هەژار (میرزا عەلی و ئامینە) ناسراو بە ئامینە شەشە چاوەکانی پشکووتن. بنەماڵەکەی سەرەڕای ئەوەی دەستکورت بوون، دەبەر خوێندنی دەنێن و ئۆگری بە ماموستایی لەناو مێشکی دا چرۆ دەکات. لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەبێت بە پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی کەمئەندامبوونی لە لاقێکی دا، لە لایەن کۆڕی پەروەردە وفێرکردنەوە وەک مامۆستای شۆڕش لە دێی خورینج ئەرکی ماموستایی پێ دەسپێردرێ. ئەو بەو پەڕی سەربەرزیەوە ئەو ئەرکە وەک خزمەت بەزمان وئەدەبی کوردی لە قوتابخانەی گوندی خورینج، بەجێ دەگەیەنێ.
دوای داگیر کردنی ناوچەکە لەلایەن دوژمنەوە، کۆمیتەی شارستانی پیرانشار لە کانیەزەردی سەرشاخان مستەفا بەگم قەڵایی بانگ دەکەن و پێی‌دەڵێن بەهۆی کەمئەندامبوون هەڵسووڕانت تووشی کێشەت دەکات، بۆیە پێشنیارت پێ‌دەکەین وەک ماموستایەکی بەوەفا بگەڕێوە سەر ژیانی ئاسایی، بەڵام مستەفای بەورەو غیرەت ئەو پێشنیارەی رەت کردەوە و بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بوو بەپێشمەرگە و هەر چەندە وەزعی بەدەنی بۆ شاخ و جوڵەی پارتیزانی نەدەگونجا، بەو حاڵەش ورە و ئیمانی بە ئازادیی نیشتمان، ڕێگای پێ‌نەدا پشت لە حیزب و نەتەوەکەی بکات و ئەویش وێڕای سەدان مامۆستای دیکەی شۆڕش ڕاستەوخۆ هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و لە هێزی ئاوارە ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبرد. مستەفا لە بنکە سابیتەکان و لە کاتی پشوودان دا بەوپەڕی ئۆگری و دڵسۆزییەوە پێشمەرگەکانی فێری خوێندن و نوسین دەکرد.
مستەفابەگمقەڵایی لە پلەکانی جۆراوجۆری پێشمەرگایەتی دا درێژەی بە تێکۆشان دا. ئەو بۆ ماوەیەک وەک کادری گوومرگ لە ” شێخ ئایشێ و تاتی دۆی” دیاری دەکرێ لەو پۆستەشیدا هەروەک ماموستایەتی سەربەرز وسەرکەوتوو دێتەدەر.
پاییزی ١٣٦٥ لەکاتێک دا بەفر قەندیلی گرتبوو، مستەفاو هاورێکانی بەرەو ئاوایی نەمنجێ، لە بناری پیرانان لە مەڵبەندی پیرانشار، دێنەخوار، مستەفا لە بەر وەزعی ناتەواوی لاقەکەی، ناتوانێ چیی دیکە بە رێگادا بڕوا و لەگەڵ پێشمەرگەکان بگەڕێتەوە، هەربۆیە بە هاوڕێکانی دەڵێ ئێوە بڕۆن و منیش لێرە دەمێنمەوە و پاشان بەدواتان دا دێمەوە. بەداخەوە دوژمن پێدەزانێ کە پێشمەرگەیەک لەو دێیەیە، دێیەکە گەمارۆ دەدرێ، ئەویش بۆ ئەوەی ئەوماڵەی لێیەتی تێدانەچێ، دەچێتە دە قەڵاغێکییەوە. دوژمن قەڵاغەکە لە هەموولایەکڕا وەبەر ئارپیجی دەدا ولە ئاکام دا بەداخەوە مستەفا بەگمقەڵایی لە٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی و لەتەمەنی ٢٤ساڵی دا، شەهید دەکرێ و تەرمی پیرۆزی دە باوەشی نیشتمانی ئازیزی دا بە خاک دەسپێردرێ.

بەوهیوایە کە ڕۆڵەکانی نیشتمان و نەوەکانی دادێ بە خەبات و تێکۆشانی بێوچان خەڵک و وڵاتەکەمان ڕزگار بکەن و ئاواتی شەهید مستەفا و شەهیدانی دیکەی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان وەدی بێنن.

دوو یادگاری

دوو وێنەی ئەوکات و بەشێک لەناوی قوتابیەکانی شەهید مستەفا بۆ خوێنەران دادەنێم.

لەو وێنەی کە نووسیومە ژمارە١ بەشێک لە ناوی ئەو قوتابییانە کە لە وێنەکە دان، بریتین لە: شەفیع رەحمانی، مستەفا رەسووڵی، رەحمان تاجگەردوون، رەحمان مرادپوور گەرمێنی، بازید قادری، عەلی نەبیزادە، حوسێن ڕەسووڵی، حامید یوسفی، سەلاح مام ئەحمەدی، محەممەد قادری، عەلی ئاڵیشین، خالید ئیستوار، محەممەد دانەزەن، مراد مرادی، کەماڵ محەممەدی ئەسڵ (راوکوان)، هەمزە یووسفی، حوسێن بەهرامی (گردەبن)، بایز نەبیزادە، شەهید مستەفا بەگم قەڵایی ماموستای گوندی خورینج.
درێژەی هەیە ….