کۆچی دوایی پێشمەرگەی ئازا و خۆشەویست کاک ئەحمەد مەلا شێخی

کۆچی دوایی پێشمەرگەی ئازا و خۆشەویست کاک ئەحمەد مەلا شێخی

زۆر بەداخەوە لەم پاییزە درنگ وەختە دا و لە بەرەبەری ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دا، کاک ئەحمەد ئیبراهیم‌پووە ناسراو بە ئەحمەد مەلاشێخی پێشمەرگەی بە بیروباوەڕی گەل، بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری فرێدریکستاد لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

کاک ئەحمەد مەلاشێخی خەڵکی گوندی مەلا شێخی ناوچەی سەردەشت بوو، گەنجێکی خۆشەویستی مەلا شێخ و ناوچەکەبوو، لە بنەماڵەیەکی وەرزێر دا چاوی بە دونیا هەڵێنابوو و پشتیوانی سەرەکی بنەماڵەکەیان بوو.

کاک ئەحمەد هەر لە سەرەتای درووست بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت دەبێتە پێشمەرگەی هێزی شەهید موعینی و زۆر زوو دەبێتە خۆشەویستی نێو کادر و پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچە.

کاک ئەحمەد پێشمەرگەیەکی جێگای متمانەی کۆمیتە شارستان و هێزی موعینی ( گیاڕەنگ) بوو، وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و شەڕکەر، پێشمەرگەیەکی فیداکار و ماندوویینەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خزمەتی زۆری بە گەل و نیشتمان کرد.

کاک ئەحمەد کەسێکی بەهێز و بە توانا بوو، لە هەڵگرتنی چەک و چۆڵی قورس دا توانایی خۆی بەکار دەبرد و هەمیشە چەکی قورسی بۆ جەولە و عەمەلیاتەکان هەڵدەگرت و وەک سەنگەرێکی پتەو و قائیم ، وەک پشتیوانێکی بەهیز، لە شەڕەکان دا بەشداری دەکرد و لە زۆڕ شەڕی گەرم و دەستەویەخەشدا بەشداری کردبوو، لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا بۆ هەموو جۆرە مەئموریەتێک ئامادەگی هەبوو لە کاتی شەڕ و تێکهەڵچوون دا دووجار بریندار ببوو، کاک ئەحمەد لەگەڵ هەر دەستە و پەل و لکێک بایە ، ئەوە ئەو دەستەیە لە کارەکانی دا سەرکەوتوو دەبوو، مرۆڤێکی ئەرک وەخۆگر بوو، جیا لە کاری پێشمەرگایەتی و جەولە و شەڕ، لە بنکە و مەقەرەکانیش دا کارە قورسەکانی زۆر بە وەستایی جێبەجێ دەکردن، پێشمەرگەیەکی قسەخۆش و دەم بەخەندە و بە بیروباوەڕ بوو، مەجلیسەکانی ئەحمەد هەمیشە پڕ بوو لە خەندە و خۆشی و شادی، بە هۆی ئەوە دەنگی بەرز بوو، لە هەر شوێنێک قسەی کردبا زۆر دوورتر خەڵکی دیکەش گوێیان لێدەبوو.

بە هۆی دڵسۆزی و وەفاداری بە حیزب چەندین جار تەشویق کرابوو، بەشێک لە پێشمەرگەکان ئەحمەدی فیداکاریان بە ئەحمەدە شێت بانگ دەکرد و زۆرجار ئەحمەدیش بە دوو جنێوی تەڕ و تازە وەڵامی ئەوانەی دەدایەوە کە پێیان دەگووت ئەحمەدە شێت.

ماوەی چەندین ساڵ وەک پێشمەرگەیەکی ئازا لە کۆمیتە شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ خزمەتی کرد و خۆشەویستی هەموو لایەک بوو، بە تایبەت کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی، زۆربەی کاتەکان ئەحمەدی بۆ لای خۆی بانگ دەکرد و یەکجار زۆر خۆشی دەویست و یارمەتی زۆری ئەحمەدی دەکرد.

دوای ئەوەی هێزەکانی حیزب سنوورەکانیان بۆ لای قەندیل چۆل کرد و لە دوای راپەرینی شۆڕشی باشووری کوردستان بە تایبەتی ئەحمەد دوای ئەوە زەماوەندی کرد، ماڵی گوازتەوە بۆ شاری ڕانیە و وەک ئەندامێکی حیزب لە شاری ڕانیە کار و کاسبی دەکرد، بەڵام هیچ کات لە حیزب غافڵ نەبوو و هەمیشە لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکاندا خۆی دەگەیاندە لای بنکەکانی حیزب و بە دڵ و بە گیان ئامادەگی هەموو جۆرە کارێکی هەبوو.

کاک ئەحمەد ساڵی ١٩٩٨ی زائینی لە ڕێگای یوئێنەوە هاتە وڵاتی نۆروێژ و لەوێ دەستی بە ژیانی ئاسایی خۆی کرد، بەداخەوە کاک ئەحمەد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تووشی نەخۆشی ببوو و وێرای پێراگەیشتنی دوکتورەکان، ڕۆژی پێنج شەممە ٠٨ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەحمەدی هەردەم پێشمەرگە، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات و بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەکەی لە وڵاتی نۆروێژ دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی کاک ئەحمەد دەزانم.

ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٠ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی