ئەو رۆژەی کە دەمێک بوو چاوەڕوانی بووین و ئاواتمان بۆ دەخواست .
ئەو رۆژەی کە دەمێک بوو چاوەڕوانی بووین و ئاواتمان بۆ دەخواست .
ئەمرۆکە ئیدی نیشتیمان وچانێک دەدا و وردە وردە ئارام دەگرێ تا هیلاکی لەشی شەکەت و ماندووی ئەو چەند ساڵەی پڕ لە ئێش و ئازارەی دەرچێت ، ئەمرۆکە جارێکی دیکە خەڵکی داغدار و چاوەڕیی رۆژهەڵاتی کوردستان داسەکانیان دمەزەرد دەکەنەوە بۆ وەرزێکی نۆێ دیکە لە ژیان و خەبات ، ئەمرۆکە ئیدی دایکی شەهیدان هیچ دڵە خوورپەیەکیان نامێنێ و بەرگی خەفەت فڕێدەدەن و بەرگێکی تازە دەپۆشنەوە ، ئەمرۆکە رۆڵە خەمخۆرەکان لە رۆژهەڵات و هەندەران و کۆیە سەرمەست و بێ پەڕوا پڕ بە گەرووییان سروودی ئەی رەقیب دەڵێنەوە و دەڵێن : ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان ، نایشکێنێ دانەی تۆپی زەمان .
ئێستاکە حێزبەکەمان خەریکە دەکەوێتەوە سەر رێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی ، پێویستە هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ئامادەبین بۆ هەموو پێشهاتەکان ، بەڵێ پێویستە جارێکی دیکە وەک جاران ، شاهۆ ، نەکەرۆز ، ئاگری ، قەندیل ، تەرەغە ، وەنەوشە ، کێلەشین دەست لە ملانی یەکتر بنەوە و بە گوڕ و تینێکی تازە نەفەسەوە بەرەنگاری داگیرکەران بینەوە ، ئەو جار هەر هەموومان پێکەوە لە سەنگەرێک دا پشت بە پشتی یەکەوە ، بۆ ئەوەی هیچ دوژمنێک نەتوانێ زەفەرمان پێبەرێ ، زەروورییە لە باشوورەوە لە کۆییەوە بگرە تا ناوخۆی رۆژهەڵات و هەتا هەندەران خەممان بکەینە یەک ، دەنگمان بکەینە یەک ، هێزمان بکەینەوە یەک بۆ ئەوە وەک جاران ببینەوە بە هێزێکی بە هێز ، پێویستە وەک دار بەرۆکان تێکوڵە کۆنەکان فڕێدەین و سەر لە نۆێ چرۆی نوێ دەرکەین ، پێویستە هەموومان لە دڵەوە دووبەرەکی وەلانێن و لاپەڕەیەکی نوێ لە نیازپاکی و برایەتی نیسبەت بە یەکتر هەڵدینەوە
ئێستا وەختی ئەوەیە کە خەڵکەکەمان لەو نیگەرانیە و دڵەڕاوکێیەی کە چەندین ساڵە بەرۆکی گرتوون بڕەوەێنینەوە و ڕەزگارییان کەین ، وەختی ئەوەیە بوێرانە و ڕاستگۆیانە پێ لە ڕاستیەکان بنێن و حەکیمانە بە دوای چارەسەریەکاندا بگەڕێن و ساڕێژی برینەکان بکەین ، نامان هەوێ لێرەوە و لە وڵاتانی ئیسکاندیناوێوە خوانەخواستە نەسیحەتی کەس بکەین ، بەڵام ئێستا کە ئیدی دونیا دەزانێ کە خوودی بەرپرسانی رێژیمیش چۆن یەک بە دوای یەک دا ڕاستیەکان دەڵێن و چۆن باسی شیرازەی لە بەریەک هەڵوەشانی رێژیمەی خۆیان دەکەن ، بۆیە لە هەل و مەرجی ئێستا تەنیا ئاڵتڕناتیو و بە دیلێک کە داواکاری هەموو لایەکە یەک دەنگی و یەکریزی حیزبەکانمانە ، بە خۆشیەوە ئێستا خەڵکەکەمان ئەمرۆکە لە رۆژهەڵات لە باری کاری کلتووری ، رۆشەنبیری ، خوێندنی زمانی کوردی و هەواڵنێریەوە زۆر ژیرانە کار دیکە دەکەن و هەر بۆ خۆشیان زۆر لێهاتوانە و شارەزایانە بڵاوی دەکەنەوە ، بە کورتی ئێستا لە رۆژهەڵات کوردایەتی بۆتە بەشێکی تۆخ لە ناسنامەی ئەو گەلە بەشخوراوە ، هەر بۆیە ئەو یەکریزیەی حیزبەکان بە بێشک دەتوانێ هاندەرێکی زۆر بە هێز بێت بۆ ئەوانیش .
بێشک هەر کەسێک مێژووی حیزبی دێمۆکڕاتی خوێندبێتەوە چاک دەزانێ کە ئەو حیزبە بە چ مەرگەساتێک گەیشتۆتە ئێرە ، ئەو حیزبە کە گەورەترین هیوای دوارۆژ و بە نرخترین سەرمایەی ئەو خەڵکە ستەمدیە ، ئەگەر سەرکردایەتێکی یەکگرتوو و خەمخۆری هەبێ بە دڵنیایەوە و بە بێ پێداهەڵگووتن لە ماوەیەکی زۆر کەم دا دەبێتەوە حیزبە تاقانەکەی جارانی دێمۆکڕات ، بۆیە خوشک و برای دێمۆکڕاتم ئەو جار ئەگەر لە کۆبوونەوەکاندا بەشداریت کرد ، ڕاچلەکە و تۆزقاڵیك ڕاوەستە و فکرێک بکەوە ، ئاوڕێک بدەوە لەو مێژوە خوێناوییە و ئەو هەمۆە شەهیدە کە چۆن بە سەخاوەتەوە گیانیان بۆ ئەو و خاکە پیرۆزە بەخشی ، چاوێک لەو پازدە ساڵە بەفیڕۆچوونە بکەوە و جارێک بۆ هەمیشە دوور کەوە لەو دووبەرەکییە و مل ملانە حیزبیە کە چۆن چەندین ساڵە بۆتە خۆرکە و دەستبەردارمان نابێ ، وەختی ئەوە هاتوە ئەو جار هەر کاممان بۆ خۆمان بریاری خۆمان بدەین ، وەک دەبینین بێجگە لە وڵاتە دیکتاتۆڕەکان ، دەنا لە هەموو دونیا دا ئاڵ و گۆڕی دەسەڵات هەیە و تا ئێستاش هیچ وڵاتێک لەو ئاڵ و گۆڕانە دا زەرەری نەکردوە ، خۆشەویستان لە هەل و مەرجی ئێستا دا حیزبەکەمان مەسیوولیەتی گرینگی دەکەوێتە سەر شانی ، هەربۆیە حیزبی دێمۆکڕات پێویستی بە ڕێبەراتێکی ژیر و سەردەم هەیە ، خوشک و برایانی ئازیز باوەڕکەن بە خۆشێەوە ئێستاش لە ناو حیزبدا کۆمەڵە خەڵکێکی لێهاتوو و خاوەن ئەزموون و خوێندەواری زۆرمان هەیە کە بتوانن زۆر سەرکەوتوانە ئەو حیزبە ئیدارە و رێبەری بکەن .
درۆ ناکەین لەو ماوەیە دا کە لە تەشکیلاتی حیزب دبڕابووین ، ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانمان تێپەڕ کرد و هەر رۆژێکمان بە سالێک تێپەڕ کرد ، بەڵام بەو حاڵەش ئەسڵەن پەشیمان نین لەو برایارەی کە داومانە و شانازی دەکەین کە لە ماوەیە دا لە تەشکیلاتی هیچیان دانەبووین و هیچیانمان بۆ ئەوی دیکە مەحکووم نەکرد ، لە بەر ئەوەی هەر لە یەکەم رۆژەوە پێمان وابوو هیچیان هەقدار نین ، ئەکسەری بەدەنەی حیزب و تەواوی خەڵکی رۆژهەڵات دژی دابڕان بوون و هیچکەس دوو دێمۆکڕاتی بە جیا قەبووڵ نیە و نایهەوێ ، رەنگە جێ خۆی بێ لێرەدا گەلەیەک لەو هاورێیانە بکەین لەو ماوەیە دا لە کوێی باسی یەکگرتنەوە کرابێ ، ئەوان بۆ دژایەتی یەکگرتنەوە لەوێ حازر بوون ، زۆر جاران بە پەیام و کۆمێنت بۆیان دەنووسین ئەرێ ئەوە ئێوە قسە بۆ کێ دەکەن ، ئەرێ ئەوە ئێوە ماندوو نەبوون ؟ بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەوە پێمان وابوو دوو دێمۆکڕات بۆ هەموو ئەندامانی دێمۆکڕات و خەڵکی رۆژهەڵات شتێکی نارەواو و نامۆیە و بۆ کەس قابیلی قەبووڵ نیە ، بە دڵنیایەوە ئێمە ڕقمان لە کەس نەبوە و نیە و ئەوەی کوتوومانە تەنیا لە بەر ئەو خەسارە گەورە و ئێش و ئازاری حیزبەکەمان بوە ، دەنا ئێوە هەمووی ئازیزی ئێمەن ، ئەگەر لەو بارەوەش کەسانێک لە ئێمە دڵگران بوون داوای لێبووردنیان لێدەکەین ،جێی خۆیەتی سپاسێکی گەرم بنێرین بۆ ئەو بەرپرسانەی دەرەوەی وڵات کە جاروبار ئیجازەیان دەداین قسەی خۆمان لە سەر یەکگرتنەوە بکەین ، هەر لەو کاتەشدا گەلەیەکی دۆستانە ئاڕاستەی هێندێک بەرپرس بکەین کە زۆر شتیان لە دەست دەهات ، بەڵام بە داخەوە هەر بێدەنگیان هەڵبژارد و ئێستاش کە ئێستایە نە بە خراپ و نە بە چاک لە سەر ئەو پرسە گرینگ و چارەنووس سازە هیچیان نەکووت ، پرسیار ئەوەیەتۆ بڵێ ئەو بەرێڕزانە بۆ دابڕانیش هەر وابووبن ؟ سپاسی ئەو دەنگە دلێرانە لە دوو دێموکڕاتەکە دەکەین کە زۆر کۆمەگی ئێمەیان کرد و نەیانهێشت ئەو پرسە فەرامۆش بکرێ .
هەڵوێست :
ئێستا کە بە خۆشێەوە ئاواتی هەموومان هاتۆتە دی و حیزبەکەمان بۆتەوە بە یەک ، هەقی خۆمانە ژن و پیاو و ورد و درشت شاگەشکە و دڵخۆش بین بەو سەرکەوتنە گەورەیە ، هەر بۆیە ئێستا ئیدی هیچ پاساوێک نیە بۆ ئێمە کە هەروا بیلایەن دانیشین ، هەر بۆیە هەر لە ئێستاوە بەو پەڕی شانازییەوە ڕادەگەیەنین کە دەچینەوە ناو ریزەکانی حیزبی دێمۆکڕات ، حیزبی شەهیدان و هەر لە ئێستا وە ئامادەین هەر وەک کوڕەکەی جاران وەک پێشمەرگەیەک لە خزمەت حیزبەکەمان دابین ، هەر بەو بۆنەشەوە داوا لە هەموو هاورێیان دەکەین کە لەو ماوەیە دا دڵیان ڕەنجاوە و نەخشی بیلایەنیان هەڵبژاردۆە بێنەوە ناو تەشکیلاتی حیزب و هەموومان بە هێزەوە حیزبەکەمان بگێڕینەوە دۆخی جارانی خۆی ، هەموو ئەو ئازیزانەی ئەو ماوەیە لە حیزب زیز بوون بە دڵنیایەوە هیچکامیان نە بەزیون و نەماندوو بوون ، بەڵکوو سادقانە یەکریزی و یەک پارچەیی ئەو حیزبەیان دەویست ، هەروەها داواش لە حیزب دەکەین وەک بابێکی دڵسۆز وەدووی ئەو کوڕ و کچانە بکەوێ و دڵنەواییان داتەوە و بیانهێنێتەوە ماڵەکەی گەورەکەی خۆی ، لە بیرتان نەچێ ئەو حیزبە حیزبی هەموومانە و پێویستی بە هەموومانە و بە هەموومانەوە جوانە ، لە کۆتایی دا خۆزگە لە خۆزگە دونیایە توانیبامان ئەگەر بۆ ئاخرین جاریش بێ ئیحساسی دڵی خۆمان بە بێ دوو دڵی بە هەموو لایەک بڵێن کە ئەو شازدە ساڵە ئەو کارەساتە چی بوو بە سەر ئەو خەڵکەیان داهێنا و کێ بەرپرسیارە لەو هەموو نەهامەتیە .
بەو بۆنە پیرۆز و مێژووییەوە لە پێشدا پیرۆزبایی لە خۆمان و ئینجا گشت کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەمان دەکەین ، سڵاو لە قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی و هەموو شەهیدانی حیزب و گەڵ ، بۆ پێشەوە بەرەو دێمۆکڕاتێکی یەکگرتوو .
لەگەڵ ئەو پەڕی رێز و حورمەت :
عوسمان نۆباری و سەید عەلی هاشمی.
١٦ گەلاوێژی ١٤٠١ (٧/٨/٢٠٢٢)