خالید عەزیزی: بەڕەسمییەت ناسینی فرەنەتەوەبوونی ئێران و دەستەبەری مافی نەتەوەکان گەرەنتیی دابەش‌نەبوونی وڵاتە

خالید عەزیزی: بەڕەسمییەت ناسینی فرەنەتەوەبوونی ئێران و دەستەبەری مافی نەتەوەکان گەرەنتیی دابەش‌نەبوونی وڵاتە
کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بەشداریی هەزاران کەس لە چالاکانی سەر بە تەیفە جۆراوجۆرە سیاسییەکان نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەڕێوە چوو، ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی لە پێوەندی لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی خستە بەر باس.

لە سەر داوا و بانگهێشتی مراد وەیسی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکی کڵاپ‌هاوسی‌دا کە بە بەشداریی زیاتر لە یازدە هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران کە لە هەموو ڕوانگە و تەیفە جیاوازە سیاسییەکانی تێدا دەبیندرا، سەرنجی خستە سەر ڕوانگە و تێفکرینەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ ئێرانی دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سکرتێری گشتیی حیزب لە سەرەتای قسەکانیدا بە ئاوڕدانەوە لە ڕووداوەکانی سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ لە کوردستان، هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی درووشمی “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” و ڕەوتی وتوێژەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد لەگەڵ دەوڵەتی کاتیی تاران و لە کۆتاییدا هێرش بۆ سەر کوردستان و تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، باسی لە ئێرانی دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕوانینەکانی حیزبی دێموکرات بۆ چۆنیەتیی بنیاتنان و مودیرییەتی وڵات لە قۆناغی (تێپەڕین) گوزاردا کرد. لەم پێوەندییەدا بەڕێزیان وێڕای پێداگری لەسەر ئەسڵەکانی دێموکراسی، بەشداریی گشتی و ڕێکەوتن و لێک‌حاڵیبوون و خۆبواردن لە هەر جۆرە هەڵاواردن و پەراوێزخستنێک و باوەڕ بە وتووێژ و بەڕەسمییەت ناسینی فرەنەتەوەبوونی ئێران و خۆدوورخستنەوە لە ناوەندگەرایی و کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند و باوەڕ بە دابەشکردنی دەسەڵات، وەک لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاتوە، سیستەمی فیدرالیزمی بۆ ئێرانی داهاتوو بە وڵامدەر زانی.

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی قسەکانی لەم کۆبوونەوەدا کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند، وێڕای پێداگری لە سەر ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، تەواوی ئەو تۆمەتانەی لە سەر بزووتنەوەی کورد ڕەت کردەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و لایەنە توندڕەوە ناوەندگەراکانەوە دەخرێنە پاڵی و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە پرسی کورد و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەتەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر ئێران و چوارچێوەی خاكی ئەم وڵاتە، بەڵکوو دەرفەتن بۆ پێکەوەژیان و سەقامگیریی ئەمنییەت و دێموکراسی. بەڕێز عەزیزی هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی کە بە “تجزیە هراسی” ناوی هێنا و لەلایەن هێندێک لە بەشدارانی ژوورەکەوە دەخرانە پاڵ حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی کوردستان، ڕایگەیاند نەتەوەی کورد لە ئێران بە دوای ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک و ئازاد‌دا دەگەڕێ و حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکە لەم پێناوەدا نیزامی فیدراڵی پێشنیار دەکەن. بۆیە ئەوەی هەڕەشە لە ئێرانی داهاتوو دەکەن پرسی کورد نییە، بەڵکوو تێڕوانینی لە پەراوێزخستن و کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەندە کە دەتوانێ هەڕەشە بێت بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران.

بەڕێز عەزیزی لە وڵامی بەشێک لە پرسیار و تێبینیی بەشدارانی ژوورەکەدا بە شیکردنەوەی بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر چوارچێوەی دەسەڵات و سەڵاحییەتەکانی ناوچەی فیدراڵ و دەوڵەتی ناوەندی، دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕەسمی ناسینی جیاوازییەکان و دانپێدانان بە دەسەڵاتە ناوچەیی و هەرێمییەکان لەسەر ئەساسی نەتەوەیی بە باشترین نەخشە ڕێگا بۆ ئێرانی داهاتوو لەقەڵەم ‌دا. بەڕێزیان بەرانبەر بەو تۆمەت و هێرشانەی کە کرایە سەر نێوەڕۆکی تێڕوانینەکانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ئێران، ڕایگەیاند کە هیچ‌کام لەوانە نامانهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە واز لە داخوازییەکانمان بهێنین و ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هیچ دژایەتی و ناکۆکییەک لە نێوان خۆمان هێز و لایەنەکانی مخالفی کۆماری ئیسلامی‌دا نابینین و لە سەر ئەساسی باوەڕمەندبوون بە دێموکراتی، تەوافوق و مافە نەتەوایەتیییەکانی خۆمان ئامادەی وتوێژ و دیالۆگ لە گەڵ هەمووانین.

شایانی باسە کە لەم دیمانە کڵاپ‌هاوسییەدا کە بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب ڕێک خرابوو، وێڕای بەشداریی زیاتر لە یازدە هەزار کەس لە چالاکانی سیاسیی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هاتنەبەرباسی دەیان پرسیاری جۆراوجۆر لە سکرتێری گشتیی حیزب، بەڕێزیان بە حەوسەلە و بە وەخت گوێی لە هەموو بیر و بۆچوونەکانی مەترەح لە کۆبوونەوەکە گرت و ڕاشکاوانە وڵامی بۆچوون و تێبینیی بەشدارانی دایەوە.