ڕاگەیەندراوی سێ ڕێکخراوی خوێندکاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاگەیەندراوی سێ ڕێکخراوی خوێندکاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(یەکەمین ڕاگەیندراوی هاوبەشی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆژھەڵات)

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
خوێندکارانی پێشڕەو و ئازادیخواز!
ڕووناکبیران، نووسەران، هونەرمەندان و شاعێرانی دەروەست!
هەروەک ئاگادارن لەم هەلومەرجەدا کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر سێبەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لەژێر سەختترین گوشاری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، تەندروستی و پەروەردەدا دەناڵێنێت.

لە لایەکەوە سیاسەتی ئایدئۆلۆژی پشتبەستوو بە یاسای هەڵاواردنی ئەو ڕێژیمە، لەبەرچاونەگرتنی فرەڕەنگی و فرەچەشنی، سەرکوتی کوێرکوێرانەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و ڕێگەنەدان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوەی سەربەخۆ بۆ داکۆکیی لە مافی خەڵک، لە لایەکی دیکەوە، داڕمانی ئابووری، سیاسەتی گەندەڵپەروەر و تەرخانکردنی سەروەت و سامانی ئێران بۆ پشتیوانیی لە سپای پاسداران و گرووپە تیرۆریستییەکان و پەرەپێدانی پرۆژە شەڕەنگێزییەکانی لە دەسکەوتەکانی، ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە هۆکار بۆ دروستبوونی بارودۆخی کارەساتباری ژیان و گشتگیرکردنی هەژاری و دەستپێڕانەگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی کۆمەڵانی خەڵکە.
ئەگەرچی زانکۆ هەمووکات وەک بەشێک لە کۆمەڵگە قوربانی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و خوێندکارانی کورد وەک کەمینەی نەتەوەیی و هەروەها ئایینزاش لە ئێراندا، لەگەڵ هەڵاواردنێکی چەند قات بەرەوڕوون و ڕۆژانە بە بیانووی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکان بە هۆی بیروڕای پێشکەوتنخوازانەیان، بە ئەستێرەدارکردن، دەرکردن لە زانکۆ، زیندان و ئێعدام لەلایەن حاکمانی ئەم سیستمە بەرەوڕوو دەەبنەوە و دەرفەت و بەستێنی چالاکی بۆ خوێندکاران نەخوڵقاوە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە خوێندکاران وەکوو توێژی پێشەنگی کۆمەڵگە، ئەرکی بەرەوپێشبردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان لەسەر شانە و نابێت سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لەسەر ڕێگای چالاکییەکانیان لەمپەر بێت.

لەم پێناوەدا و دوابەدوای تاوتوێکردنی هەلومەرجی جیهانی، ناوچەیی و کوردستان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر بارودۆخی هەنووکەیی لە ئێران و کوردستاندا، سێ ڕێکخراوی خوێندکاریی کوردستان (یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد و کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆژھەڵات) پێمان وایە ئیستا زیاتر لە هەموو کاتێک، یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی خوێندکاری کە هەمووکات وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و پێشەنگ کاریگەریی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی بزووتنەوە پێشڕەوەکان لە ئێران و کوردستان هەبووە، بۆ لایەنی بەکردەوەییکردنی پلانی هاوبەش بۆ کاری داهاتوومان بگوازینەوە.
هەر بۆیە بە پێویستی دەزانین لە پێناو گەشەپێدانی چالاکییەکان و بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و هاوکاریی لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای کاری هاوبەش، بۆ دروستکردنی ناوەندێکی هاوکاریی لەژێر چەتری پلاتفۆرمێکی هاوبەش هەوڵ بدەین و دەست هاوکاری و یارمەتی بۆ لای سەرجەم ڕێکخراوە خوێندکارییە ئازادیخوازەکانی کوردستان و هەموو خوێندەڤانان و خوێندکارە ئازادیخواز و دێموکراتەکان ڕادەکێشین.
شایانی باسە، لە پێکهێنانی ئەم بەرەیە بۆ کاری هاوبەش، بەرپرسایەتیی زیاتر لەسەر شانی توێژی خوێندکاری کۆمەڵگە وەکوو توێژی پرسیارخولقێن و ڕادیکاڵ لە سەرووی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دادەنێت، هەر بۆیە خوێندکاران لە ئاستی ئەم بەرپرسایەتییە دەبێت هەنگاوی جیدی بۆ کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان، قەڵەمبەدەستان، ڕووناکبیران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەڵبگرن؛ لەبەر ئەوەی کە کاری هاوبەش پێش بە بەریەککەوتنی مەترسیدار دەگرێت و هەم ڕێخۆشکەری قۆناغێکی گەورەتر و پیرۆزتر بە ناوی یەکگرتوویی و یەکبوونە و پێش بە ناتەبایی و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کورد دەگرێت و بەهێزتر دەتوانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان تێبکۆشین و هەروەها بە هێزەوە لە دۆخی هاوکێشە سیاسییەکان لە نەزمی جیهاندا ڕووبەڕوو بێتەوە و ببێتە ڕۆژەڤی بابەتە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەنگاوێکی گرینگ بۆ داهاتووی کورد و کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵبگرێت.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
کۆمەڵەی خوێندکارانی ڕۆژھەڵات