کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید
ژنێکی نیشتمانپەروەر و دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی دایە مریەم، لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی دایە مریەم، هاوژینی کۆچکردوو مام عەزیزی عەزیزی خەڵکی گوندی بێورانی خوارێی ناوچەی سەردەشت و دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی حەمە عەزیز عەزیزی و ڕەسوڵ عەزیزی بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە مریەم ژنێکی بە جەرگ و ئازا بوو و لە بەرانبەر ناخۆشی و کارەساتەکانی ژیاندا هەردەم بە ورە و خۆڕاگر بوو.
لەگەڵ ئەوەی کە هەموو ژیانی سەختی و ئاوارەیی و دەربەدەری بوو بەڵام هەمیشە بە هیواوە سەیری داهاتووی دەکرد و ئارەزووی وەدیهاتنی ئاواتی کوڕە شەهیدەکانی و ئامانجەکانی گەلەکەی و شادبوونەوە بە زێد و نیشتمان بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی دایە مریەم، سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەریزیان وسەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.