ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆنگرەی هیوا، پێنجەمین کۆنگرەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان

ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆنگرەی هیوا، پێنجەمین کۆنگرەی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
کۆنگرەی پێنجەمی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕۆژەکانی ٢ و٣ و٤ی بانەمەڕی ساڵی ٢٧٢٢ ی کوردی لە شاری وێسترۆسی وڵاتی سوئێد بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و نوێنەری ئەندامان لە ژێر ناوی “کۆنگرەی هیوا” و بە دروشمی “یەکگرتوویی هەوێنی سەرکەوتنمانە” بەسترا .
بە شێک لە ئەندامان لە ڕێگای ئۆنلاینەوە بەشداری کۆنگرەکە بوون. کۆنگرە دوای ئەوەی کە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە بە خێرهاتنی بەشدارانی کۆنگرەی کرد و ڕیزی بەرنامەکانی چەند ڕۆژی کۆنگرەی پێشکەش بە بەشدارانی کۆنگرە کرد بە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و دوای سرودەکە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە ڕەوانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان کرایەوە و ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا گیرا.
کۆنگرە بە پێشکەش کردنی ڕاپورتی ناوەندی سەرکردایەتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن بەڕێز کاک ئەمیر قازی، سکرتێری پارتی دەستی پێکرد و پاشان دوای ڕا و بۆچونی ئەندامانی کۆنگرە و باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر ئەو بابەتە لە لایەن ئەندامانەوە پەسند کرا.
لەدوای ڕاپورتی سەرکردایەتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان پەیامی پارت و لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان خوێندرانەوە کە بەبۆنەی کۆنگرەی پێنجەمی پارتی سەربەخۆیی کوردستانەوە پێشکەش کرابوون. جێگای ئاماژەیە کە پەیامەکان تژی بوون لە هیوای سەرکەوتن و ڕێنوێنی و ئاموژگاری و هاوفیکری لە پێناو سەرکەوتن و گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجاری، کە کۆنگرە لە دڵەوە سپاسی کردن.
بڕگەیەکی تری کۆنگرە باس و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بوو سەبارەت بەو هەل و مەرجە ئاستەمەی وا ئێستا جیهان و مرۆڤایەتیی پێدا تێپەڕ دەبێت و شوێن، پێگە و هەڵوێستی ئێمەی کورد لەو ئاڵوگۆڕانەدا. هەروەها پێدا چوونەوەیەک بە مێژووی ڕابردو و تایبەتمەندیەکانی خەباتی کوردایەتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەستنیشان کردنی ئەو فاکتەرانەی کە وا هۆکار بوون و ڕۆڵ و کاریگەریان لە بە ئامانج نەگەیشتی خەباتی نەتەوەی کورد بە گشتی هەبووە. کۆنگرە توانی بە پێی توانا هۆ و دەرەنجامەکان دیاری بکات و چەند پێشنیاز و پرۆژە بۆ ڕیگاچارە بخاتە ڕوو و تاو توێیان بکات. ئەم لێکدانەوەیە بە زوویی دێتە بەر دیدی هاونیشتمانیانی بەرێز.
بڕگەیەکی تری کۆنگرە تایبەت بوو بە ڕەخنە و پێشنیازەکان لە کار و شێوەی بەڕیوەبەری و دەرەنجامەکانی لە سەر خەباتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان.
بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرە تایبەت بوو بە مانیفێستی ڕزگاری بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و پێداچوونەوە و هەوڵدان بۆ زیاتر بە ئەوڕۆیی کردن و پەسەند کردنی.
دیاریکردنی پلان و پڕوژە بۆ کار و چالاکیەکانی داهاتووی پارتی و ڕێنوێنی و ڕاسپاردەکانی بەشداران بۆ سەرکردایەتی داهاتووی پارتی بەشێکی تری کاری کۆنگرە بوو.
لە بڕگەی کۆتاییدا ئەندامانی نوێی سەرکردایەتی پارتی سەربەخۆیی کوردستان هەڵبژێردران و کۆنگرە هیوای سەرکەوتنی لە بەڕیوەبەری پارتی تا کۆنگرەی داهاتوو بۆ خواستن. بە خۆشیەوە کۆنگرە لە ئەتموسفێرێکی دۆستانەی پڕ لە هیوا بە ڕزگاری یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستاندا کۆتایی پێهات .
سەرکەوێ خەبات بۆ رزگاری یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٥ی بانەمەڕی 2722ی کوردی
۲٥ی ئاوریلی ۲٠۲۲