ڕێزنامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

ڕێزنامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

بەڕێزان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٧٥ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی تی‌دەپەڕێ. لەم بۆنەیەدا لەگەڵ ناردنی سڵاو بۆ ڕەوانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرقافڵەی شەهیدان و وێڕای ڕیزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانمان، ڕێز و ئەمەگناسیی خۆمان ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی شەهیدانی حیزب و گەل دەکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بە سەرمایەی مەعنەویی جووڵانەوەی کورد دەزانێ و وەک قەڵای قایمی باوەڕ و پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لێیان دەڕوانێ.
جووڵانەوەی دێموکراتیک و مافخوازانەی کورد لە ئێران لە مێژووی نیزیکی خۆیدا نیزیک بە هەشت دەیەیە هەوڵی دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی ئەو گەلە دەدات و ویستوویەتی بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە بە ویستە ڕەواکانی بگا. بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە نەک هەر گوێی لێ نەگیراوە، بەڵکوو بە شەڕ، سەرکوت، تێرۆر و پەت و سێدارە و بەندیخانە وەڵامی دراوەتەوە. بەڵام گەلی کورد بۆ ستاندن و دابینکردنی مافە ئینسانییەکانی و وەدیهێنانی ئامانجە بەرز و ڕەواکانی لەبەرانبەر حاکماندا چۆکی دانەداوە، ئەگەرچی بەداخەوە لەم ڕێگەیەدا قوربانیی زۆری داوە. لە پێناو ئەو مافە ڕەوایانەدا هەزاران کەس لە ڕۆڵەکانی ئەو خاک و نیشتمانە لە سەنگەری خەباتدا شەهید بوون و گەڵێک قارەمان و تێکۆشەری گەلەکەشمان لە کۆڕی خەباتگێڕاندا هەتا سەر و دوا هەناسەی ژیانیان خەباتیان کرد و سەربەرزانە سەریان ناوەتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، (ڕۆژی شەهیدانی کوردستان) و لە ٧٥ ساڵەی شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەددا، بە ئیمان بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان و درێژەدان بە ڕێبازەکەیان کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە، پەیمانی وەفا و ئەمەگناسی لەگەڵ شەهیدان نوێ دەکاتەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان لەسەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە بەردەوام دەبێت.
تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازە پیرۆزە لە سەنگەری خەبات و بەردەوامیی ئەم جووڵانەوەیەدا لەگەڵ ڕوحی شەهیدان و لەگەڵ ئێوە بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە کە تا سەر درێژەدەری ڕێبازەکەیان بن و ڕیگەی ڕۆڵە شەهیدەکانتان ون نەکەن و ئەو خەباتە بە مەنزڵگەی سەرکەوتن بگەیەنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی