پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی لەسێدارەدرانی پێشەوا و هاوڕێیانی!

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی لەسێدارەدرانی پێشەوا و هاوڕێیانی!
خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان!
ئازادیخوازانی ئێران!
ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٧٥ ساڵ بەسەر لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک‌کۆماری کوردستان و هاوڕێیانیدا تێدەپەڕێ. ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا لە بەرەبەیانیی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣٠ی مارسی ١٩٤٧ی زایینی پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی و سەدری قازی لەلایەن حکوومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە دران و بوونە سەرقافڵەی کاروانێک کە تا ئێستاش لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورددا هەر بەردەوامە.
پێشەوا قازی محەممەد لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ڕۆشنبیری کورد پەروەردە بوو و بنەماڵەکەیان جێگەی ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوو. زانایی و پێگەیشتوویی قازی محەممەد بووە هۆی ئەوەی کە ببێتە جێگەی ڕێزی خەڵک و جێی باوەڕی “کۆمەڵەی ژێکاف” و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە داوای لێبکرێ ببێتە ئەندامی ژێکاف. قازی محەممەدی نەمر لە ماوەیەکی کورتدا لە مەیدانی سیاسەتیشدا خۆی نیشاندا، “کۆمەڵەی ژێکاف”ی لە ڕێکخراوێکی داخراودا کردە حیزبێک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری خۆی تێدا ببیننەوە. پێشەوا حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند و ئەو حیزبە لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران ئەندامی لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆکردەوە.
قازی محەممەد بوو بە پێشەوای حیزبی دێموکرات و لە ماوەیەکی کورتدا و لە هەنگاوێکی بوێرانەدا لەو دەرفەتەی کە بۆ کورد هەڵکەوتبوو، یەکەمین کۆماری کوردستانی تێدا دامەزراند کە لەو کات و سەردەمەدا ئەم هەنگاوە بڕیارێکی ئازایانە و بیرێکی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانیی پێویست بوو کە پێشەوا و هاوڕێیانی بە لەخۆبوردوویی خەونی نەتەوەیەکی بندەست و بێ‌دەوڵەتیان وەدیهێنا. پێشەوا بوو بە سەرۆک کۆماری کوردستان و کۆمار بوو بە جێگەی هیواو ئومێدی خەڵکی کوردستان و نیشتمانپەروەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کۆماریان بە قیبلەی هیوا و ئاواتەکانیان زانی و هەموویان لە دەوری ئاڵای کۆمار کۆبوونەوە،کۆمار بوو بە ماڵی هەموو کوردێکی خاوەن هزر و بیری کوردایەتی و دامەزرێنەرانی کۆمار موژدەی قۆناغێکی دیکەی مێژوویان بە گەلی کورد دا.
پێشەوا قازی محەممەد لەگەڵ ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئایینی‌دا پەروەردە ببوو بەڵام سیاسەتمەدارێکی هەڵکەوتووی ئەو قۆناغە بوو کە توانی کورد لە نائومێدی ڕزگار بکا، وێرای نەبوونی ئەزموونی دەوڵەتداری توانی دەوڵەتێک دابمەزرێنێ کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێن، مافی هەموو کەمینە نەتەوەییەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان دەستەبەر بکا و لەو کات و سەردەمەدا ژنان شانبەشانی پیاوان بێنێتە مەیدانی سیاسەت و یەکەمین ڕێکخراوی ژنان دابمەزرێنێ و ئەم هەنگاوەشی لەنێو بنەماڵەکەی خۆیەوە دەست‌پێکرد. پێشەوا لە ماوەیەکی کەمدا توانی زمانی کوردی بکاتە زمانی ڕەسمی خوێندن و نووسین و چاپخانە و قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی پەرەپێبدا. ئەگەر چی ئەم قۆناغە پڕ لە شانازییەی کورد مەوداکەی کورت بوو بەڵام دەسکەوتی گەلێک مەزنی بۆ گەلێکی مەزن بە دیاری هێنا و تا ئێستاش ئەم ڕێگە و ڕێبازە هەر لە برەو و پەرەسەندن دایە.
دوای هێرشی لەشکری حکومەتی ئێران بۆ سەر ئازەربایجان و کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد بۆ پێشگیری لە خوێنڕژانی خەڵکی کوردستان خۆی کردە قەڵغان و ڕەوانەی بەندیخانەکانی حکومەتی سەرکوتکەری پاشایەتی کرا. پێشەوا وەک چۆن لە کاتی سەرۆک کۆمارییدا ئازایانە کۆماری کوردستانی دامەزراند، هەروا بوێرانەش لە بەندیخانە و بێدادگاکانی حکومەتی پەهلەویدا دیفاعی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی کرد و بەسەربەرزییەوە گیانی خۆی فیدای خەڵکی کورد و نیشتمانەکەی کرد.
حکومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی وەک زۆر لە زاڵمانی دیکەی جیهان پێیوابوو بە لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی دەتوانێ بیروهزری مافخوازانەی گەلی کورد لەنێو بەرێ و خەڵک بێدەنگ و ملکەچی دەسەڵاتیان بکا.دوژمنانی کورد هەمیشە ئەو هەڵە گەوریان دووبارە و چەند بارە کردۆتەوە و ویستوویانە سەری کورد لێبدەن بۆ ئەوەی خەڵکی کورد دەستەمۆ بکەن بەڵام مێژوو نیشانی‌داوە کە بە کوشتن و تێرۆر و لە سێدراەدانی هەر ڕێبەرێکی کورد، کورد بە گوڕتر لە جاران خۆی ڕێکخستۆتەوە و هاتۆتەوە مەیدان و ڕێبەر و بلیمەتێکی‌تر بۆتەوە پێشەنگی ئەم کاروانە.
دوای ٧٥ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی‌دا، وەک دەبینین بیر و ئەندێشەی پێشەوا هەر لە برەو و بەرەپێشچوون‌دایە، ڕۆڵەکانی گەلی کورد لەنێو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستاندا لەگەڵ دوژمن مەیدانداری دەکەن و بست بە بستی خاکی کوردستان یادگار و مەزارگەی ڕۆڵەیەکی کوردە کە لە پێناو مافەکانی گەلەکەیدا تێکۆشاوە یان گیانی خۆی بەختی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەی کردووە.

ژنان و پیاوان، کوڕ و کچ شانبەشانی یەکتر چ لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا و چ لە نێوخۆی وڵاتدا لەژێر زەبر و زەنگی داگیرکەردا خەریکی خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشانن. بە لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی و زۆر تێکۆشەر و سەرکردەی دیکەی کورد، کورد نەک هەر نەبەزیوە بەڵکوو شێلگیرتر لە جاران لە مەیداندا ڕاوەستاوە و پێناسە و کەسایەتی و نیشتمانی خۆی پاراستوە و ڕۆژ بە ڕۆژ چرای خەباتی کورد درەوەشاوەتر دەبێ و ئەم کاروانە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێ.
لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە و لە حەفتاوپێنجەمین ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی‌دا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پەیمان لەگەڵ ڕوحی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلی کورد نوێدەکاتەوە و بەڵێن دەدا کە بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی کۆمار لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بێ و لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە هیوا و ئومێدەوە بۆ گەیشتن بە مافەکانمان و بەربەرەکانی لەگەڵ دژمن شانبەشانی یەکتر و بێ جیاوازی بیروبۆچوون وێڕای حیزبە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم خەباتە درێژە پێبدەن و بە یەکیەتیی و یەکگرتوویی بەرەو لووتکەی سەرکەوتن هەنگاو بنێن.
سڵاو لە ڕوحی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل
مردن و نەمان بۆ دوژمنانی کورد و بە هیوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیک و فیدرال لە ئێران‌دا.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
٢٩ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی