ئامە گیان ڕووحت شاد و یادەکانت لە دڵمان دا هەردەم زیندووە.

ئامە گیان ڕووحت شاد و یادەکانت لە دڵمان دا هەردەم زیندووە.
لە ساڵی ١٩٧٤ی زائینی‌یەوە ماڵی خاڵە شێخە دێگەیی و خزمانی دێگە و دادە ئامینە دەناسم، ئامینە شووشە کچی گەورە پیاوی گەلەکەمان خاڵە شێخە دێگەیی بوو، بە بنەماڵە هاتووچۆمان هەبوو و لە مێژ ساڵە بنەماڵەکەمان بە گشتی تێکەڵاوی یەکترن و لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکان دا بە یەکەوە بووین، گەورەیی دایە فاتمە و خاڵە شێخە و مام خدر کاریگەری زۆری لە سەر کەسایەتی باجە ئامینە هەبووە و هەر بۆیەش وەک کەسێکی دیاری بنەماڵە هەم براکانی و هەم دایک و باوک و مام و ئامۆژن و پوور و خاڵ و بە گشتی خزمان بە چاوی ڕێزەوە ڕوانیویانەتە ئامینە شووشە.
ئەم نووسینە ناتوانێ باس لە هەموو ژیانی پڕ سەروەری باجە ئامینە بداتەوە.
باجە ئامینە کەسایەتی‌یەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، دوای ئەوە کە ژیانی هاوبەشی لەگەڵ گەورە پیاوی گەلەکەمان و سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی کورد لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا نەمر کاک جەلیل گادانی پێکهێنا، لەو کاتەوە کەسایەتی کاک جەلیلیش وەک کەسایەتی بنەماڵەکەی کاریگەری لەسەر باجە ئامینە دانا و هێندەی دیکە بوو بە خۆشەویستی گشت لایەک.
باجە ئامینە خاتوونێکی جێی باوەر و متمانە، ژنێکی مێهرەبان، دەم بە خەندە و میواندووست و خۆشەویست بوو، ژیانی تەژی لە دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، ئەوەندەی لە توانای دابوو خزمەتی بە گەلەکەی و کاک جەلیل و هەموو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە دەیناسین کرد و ژنێکی ڕووخۆش، مشوورخۆر و بەوەفا و ئەمەگدار بوو، لەگەڵ گشت لایەک لەسەرخۆ و هێمن بوو، لە کاری هەرەوەزی دا پێشەنگ بوو، ماڵەکەی هەمیشە لە میوان و لە ڕێبواران و لەو کەسانەی کە سەردانی بەرێز کاک جەلیل یان دەکرد جمەی دەهات. باجە ئامە هیچ کات هەوڵی نەدا خۆ لە دەر و جیران و نەهامەتی‌یەکانی شۆڕش بدزێتەوە و بەردەوام لەگەل ئەو خەڵکە ژیا کە لەگەڵ بەرێز کاک جەلیل دەژیان.
ڕووحت شاد ئامە گیان یاد و ناوت هەردەم لە دڵان دا زیندوو دەمێنێتەوە.
بە بۆنەی کۆچی دوایی تۆی خۆشەویست سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی خاڵە شێخە دێگەیی و خوشک و براکانی و بنەماڵەی تێکۆشەری بەرێز گادانی و گشت خزمان و ناسیاوان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی تۆی ئازیزتر لە گیان دەزانم ، هیوادارم کە جێگات بەهەشت بێ و خزمان بە گشتی تەمەن درێژ بن.

حەمەڕەسووڵ کەریمی